هەرێمی کوردستان
سەرۆک وەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان، بەڵێن دەدات لە دوای سوێندخواردنەکەی، هەرێمى کوردستان بەهێزتر بکات و چاکسازیی لە هەموو سێکتەرەکان ئەنجام بدات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - پەرلەمانی کوردستان، لە گەڵ متمانەدان به مەسرور بارزانی وەک سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، متمانەی به وه زیرەکانی کابینەی نۆیەمیشدا.
لەگەڵ سوێندخواردنەکەیدا، مەسرور بارزانی، بەڵێنیدا کە کوردستان بەهێزتر بکات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا باشتر بکات و سەرچاوە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش هەمەچەشن بکات.
سەرۆک وەزیران گوتی: "لە دوای ئەیلوولی 2018 هەوڵەکانمان بە ئامانجی پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر بووە، ئەرکی من ئێستا ئەوەیە لەگەڵ هەموو پارتە سیاسی و لایەنە جیاوازەکانی نەتەوەکەمان بە یەکەوە کاربکەین، بۆ ئەوەی بتوانین حکوومەتێکی بەهێز پێکبهێنین کە خزمەتی خەڵک بکات نەک بە پێچەوانەوە، ئێمە ناتوانین سەرکەوتووانە حکوومەتێکی بەهێز پێکبهێنین، ئەگەر رێگا بدەین ناکۆکی بچووک لەیەکمان جیا بکاتەوە".
سەرۆک وەزیران داوای کرد هەماهەنگییەکی گەشەسەندووتر و بنیاتنەرانەتر لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دروست بکرێت.
راشیگەیاند، هەولێر و بەغدا ئاسایش و خۆشگوزەرانییەکیان دەوێت کە لەسەر رێزلە یەکتر گرتن و پێکەوە کارکردن بناغەی بەستبێت. ئەمەش بە مسۆگەرکردنی بەشی خۆمان دەبێت لە داهاتی حکوومەتی فیدراڵ لە رێگای چارەسەرکردنی هەموو ئەوناکۆکیانەی لە سەر داهاتدا هەیە، کە دابینکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
لەبارەی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە پشتبەستنی لە رادەبەدەر بە نەوت و گازدا، بەڵێنیدا کە پێداچوونەوە بە کەرتی گشتی بکات و گەشەی پێ بدات.
هەر لەو بارەیەوە مەسرور بارزانی گوتی: "دەبێت دڵنیایی بدەین کە حکوومەتەکەمان بەشێوەیەکی تەواو روون (شەفاف) و بەرپرسیارانە خزمەتی خەڵکەکەی دەکات. ئەمەش لە رێگای مسۆگەرکردنی داهاتە گشتییەکان بۆ دانەوەی قەرزەکان، پێشکەشکردنی چاکسازیی نوێ کە رێگا بە گەشەی بازرگانی بدات، راکێشانی وەبەرهێنەری بیانی و گەشەدان و پێشخستنی ژێرخانێکی نوێ دەبێت".
سەرۆک وەزیران داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد پشتگیریی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بکەن و پاڵپشتی چاکسازییەکانی بکەن، هەروەها یارمەتی پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستان بدەن وەک لانەیەک بۆ خەڵکانی ئاوارە و ستەملێکراو.
لەوبارەیەوە سەرۆک وەزیران رایگەیاند: "ئەمڕۆ، نزیکەی یەک ملیۆن و 250 هەزار ئاوارەی عێراقی لە هەرێمی کوردستان دەژین و 275 هەزاری دیکەش لە وڵاتانی دەوروبەر، روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. ئێمە هیواخوازین هاوڕێ و هاوپەیمانەکانمان بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان . ئێمەش وەک هەمیشە وەک ناوچەیەکی ئارام و مەڵبەندی لێبوردەیی و یەکتر قبووڵکردن دەمێنینەوە لەو ناوچە ناسەقامگیرییەی جیهان ".
دەقی وتاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان،
بەڕیزان ئەندامانی پەرلەمان،
خۆم بە خۆشحاڵ و بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەگەل هاوکارانم لەبەردەم ئەم پەرلەمانە بەڕیزە، کە دەستکەوتی خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمانە، متمانەمان پێ بەخشرا وسوێندی یاساییمان خوارد.
ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خۆراگریی گەلەکەمان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدایک بوو، کە بەڵگەیەکی دیکەی ئیرادەی سیاسیی هێزە کوردستانییەکانمانە، لە پابەندبوون بە پرۆسەی دیموکراسیی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات.
لێرەدا بە پێوستی دەزانم ستایشی هاوڵاتیانی کوردستان بکەم, کە لە ٣٠/٩/٢٠١٨ لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا بەشداربوون و دەنگیان داو و سوپاسیان دەکەین کە لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی هێزەسیاسییەکان، لەگەڵمان پشوودرێژ بوون .
لەمرۆژەدا بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینم ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی بکەم کە بە ڕابەرایەتی جەنابیان گیانی بەرگری و خۆراگری لە هەرێمدا بەرز و بەهێز ماوەتەوە و بەو هۆیەشەوە توانیومانە لە هەموو ئاستەکاندا بەرگەی سەختییەکان بگرین و ئیرادەی گەلەکەمان بەسەر خواستی ناحەزان سەرخەین.
هەر لێرەدا سوپاس و رێزم ئاراستەی کابینەی هەشتەم، بە تایبەت برای بەریزم کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم، کە لە رۆژە سەختەکانی ڕابردوودا لە خزمەتی هاوڵاتیان و نیشتمان بەردەوام بوون و دەسکەوتی بەرچاویان بۆ خزمەت و گوزەرانی هاوڵاتیان هەبووە.
بەڕێزان سەرۆکایەتی پەرلەمان وسەرجەم پەرلەمانتارانی کوردستان، سوپاسی ئێوەی نوێنەرانی گەل دەکەم، کە متمانەتان بە خۆم و جێگری سەرەکوەزیران و وەزیرە بەرێزەکانی هاوکارم بەخشی. بێگومان بە هەموو توانایەکمان هەوڵ دەدەین لە ئاست ئەم متمانەیە بین.
پلان و ئامانجەکانمان بۆ خزمەتی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی کار رێکخستووە، کە نەخشەرێگای سەرەکی و گشتیمان دەبێت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەک بڕگەی دووەمی وتارەکەم دەیخەمە ڕوو.
بەڕیزان، زۆربەی حیزب و لایەنەکانەکانی بەشداربووی ئەم کابینەیە لە ماوەکانی ڕابردوودا بە دروشم و وتاری جۆراوجۆر، باسیان لە پێویستیی خزمەتێکی باشتری هاوڵاتیان کردووە، هیوادارین ئەم بەڵین و دروشمانە لەم کابینەیەدا بکرێنە کردار و جێبەجێ بکرێن، چونکە ئەم کابینەیە ئەرکی خزمەتی هاولاتیان لە پێش هەموو کار و ئەرکەکانی دیکەی دادەنێت و خۆی بە خزمەتکاری هاونیشتمانیان دەزانێت. بۆیە لای ئێمە هاوڵاتی میحوەری سەرەکی دەبێت و ئامانجی گەورەمان خزمەتکردنیانە بەبێ جیاوازی.
چاوەڕوانیی زۆر لەم کابینەیە دەکرێت، هەوڵ دەدەین لە ئاست ئەم چاوەڕوانییە بین، لەهەمانکاتدا هیوادارم جەماوەری خۆشەویستمان واقعبین بن و کۆسپ و کێشە و گرفتە کەڵەکەبووەکان بەرچاو بگرن، چونکە تێپەڕاندنی ئەم کۆسپ و تەگەرانە بە شەو و ڕۆژێک ناکرێت و دەبێت هەموومان پشتیوان و هاوکاری یەکتر بین.
دەمانەوێت لە سەرەتاوە لەگەل هاوڵاتیانی خۆمان ڕاستگۆ و شەفاف بین و واقعی دۆخەکە لەبەرچاو بگرین، بەڵام لە هەمانکاتدا بەڵێنی ئەوە دەدەین کە ئەوەی لە توناماندا بێت درێغی ناکەین و لە پێناو چارەسەریی بنەڕەتیی گرەفتەکان وخزمەتی گەل و وڵات هەموو هەوڵ و توانایەکمان دەخەینە گەڕ.
بەرێزان بە پێی هەموو ڕاپرسییەکان، خواستی یەکەمی هاوڵاتیانمان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە. خواستی یەکەمی منیش لەم کابینەیەدا ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە. گەندەڵی دیاردەیەکی ترسناکە، بەڵام نەبووەتە کەلتور و لە تواناماندایە بە پاڵپشتیی ئیرادەی هاوڵاتیان و هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، لە ماوەیەکی کەمدا ئەم دیاردەیە بەرێژەیەکی بەرچاو بەرتەسک و بچووک بکەین. ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا بۆ بەرەنگاریی گەندەڵی نراون بەرز دەنرخێنین و لەمەولاش بە هیچ جۆرێک بەرامبەر بە گەندەڵکاران و سەرپێچیکەران نەرمی نانوێنین و دەبێت خواستی هاوڵاتیان بەجێ بگەیەندرێت.
بەڕێزان، ئەندامانی پەرلەمان و جەماوەری خۆشەویستی کوردستان، هەموو ئەم وەزیرە بەڕیزانەی هاوکارم، کە لە لایەن حیزبەکانیانەوە پێشنیار کراون، ئێستا دوای ئەوەی متنانەیان پێ درا و سوێندی یاساییان خوارد، بوون بە وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە مەولا ئەجندا و بەرنامەی حکومەتی هەرێم جێبەجێ دەکەن و هیچ وەزارەتێک یان وەزیرێک ناتوانێت و ڕێگەی پێنادرێت لە دەرەوەی بەرنامەی حکومەت رەفتار بکات. وەزیرە بەڕێزەکان سەر بە هەر لایەنێک بن، پێویستە بزانن وەزارەتەکانیان هی هەموو خەلکی کوردستانە و نابێ بەرژەوەندییە تایبەتی و حیزبییەکان باڵ بەسەر هیچ وەزارەت یان دامودەزگایەکی حکومیدا بکێشێت. ئەم حکومەتە کارو چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی لەهەر بستێکی کوردستاندا دەبێت و حکومەتی هەمووانە.
بەڕێزان، حکومەتێکمان وەرگرتووە کە چەندین ملیارد دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە کەڵەکەبووی ڕەوشی ناڵەباری داراییی دۆخێکی نەخوازراوە و دەبێت هاوڵاتیانی ئازیزمان و هەموو دڵسۆزان لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بزانن، کە بەشی زۆری ئەم قەرزانە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، ئەویش بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەیەک، کە موچە و مافی هاوڵاتیانی هەرێم بووە. ئەم ڕەوشە داراییە لە دەسپێکدا کابینەکەمان ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی دارایی دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین بە پێی بەرنامەی کارمان ئەم دۆخە تێپەڕینین.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژەیەک بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەین. بەڕیز عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ بە کردەوە نیازپاکیی خۆی بۆ چارەسەریی کێشەکان پێشانداوە، کە جێگەی پێزانینە، بۆیە دەبێت هەردوولامان سوود لەو کەشە ئیجابییە وەرگرین و بە پێی دەستور هەنگاو بۆ چارەسەریی گشت کێشە هەڵواسراوەکان بنێین. لێرەدا دڵنیایی دەدەین کە ئەرکی هەرە لەپێشینەمان کارکردن دەبێت بۆ ئەوەی زەمینەیەکی لەبارتر برەخسێنین، تاکو دانوستانەکان بەرهەمدارتر بکرێن و بەکردەوە ئەنجامەکان ببینین. بۆ دەرخستنی نیازپاکیشمان لە ماوەیەکی نزیکدا دوای جێگیربوونی کابینەی نوێ سەردانی بەغدا دەکەین و هاوکار و هاوهەڵوێستی ئەو هێزانە دەبین، کە خوازیاری سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراق و هەرێمی کوردستانن. کوردستانێکی بەهێز هەوێنێک دەبێت بۆ عێراقێکی فیدرالیی بەهێز و پێشکەتوو .
لە کۆتاییدا داوای هاوکاری و پشتگیری لە هاوڵاتیانی کوردستان دەکەم، تاکو بتوانین پێکەوە ڕووبەڕووی گرفتەکان ببینەوە و بەرنامەی کاری حکومەت بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان جێبەجێ بکەین.
خوا پشتیوان بێت، بەردەوام دەبین لە هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ وەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی باب و باپیرانمان و پابەند و بەرپرسیار دەبین لە خەباتێکی سەردەمیانە، تا گەیشتن بەو قۆناغەی کە ئاواتی شەهیدانمان و هەموو تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان و هاوڵاتیانی خۆراگری کوردستان بووە.
ئەمەی لێرەدا دەیخەینەڕوو تەنها هێلە گشتییەکانی کارنامەی حکومەتە و تیایدا ئامانجی گەورەمان هەڵگرتووە و ئیرادەیەکی بەهێزیشمان هەیە بۆ جێبەجێکردنیان، بەڵام دەمانەوێت زۆرترین کار و کەمترین گوتارمان هەبێت.
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران: کۆنگرەی ناودارانی کورد هەلێکی باشە بۆ ئاشتەوایی
ناس کورد- شەهرام عەزیز // نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران پێیوایە لەئێستادا کێشەی دەسەڵاتدارانی ئێران و کوردانى ئەو وڵاتە کەمبووەتەوە، بەڕێوەچوونی مەراسیمی هاوشێوەی کۆنگرەی ناودارانی کوردیش لە ئێران، بە هۆکارێک دەزانێت بۆ زیاتر بەرەو ئاشتەوایی ڕۆشتن، بەڵام بەرپرسى حیزبێکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ڕایەکى پێچەوانەى هەیە.
.
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2019، لە شاری سنە کۆنگرەی ناودارانی کورد، بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی ناوداری کورد بەڕێوەچوو.
.
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بە ناس کوردی ڕاگەیاند، ئەو کۆنگرەیە زیاتر کۆنگرەیەکی فەرهەنگییە وەک لەوەی سیاسی بێت، وتیشی: “لە ئێستادا هەموو بابەتێک پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە و بەڕێوەچوونی ئەو جۆرە کۆنگرانەش، دەکرێت ببنەهۆی زیاتر چەسپاندنی ئاشتەوایی لەنێوان حیزبە کوردییەکان و دەسەڵاتدارانی ئێران”.
.
“ئامادەبوونی نوێنەری ڕابەڕی شۆڕشی ئێران و جێگری دووەمی حەسەن ڕۆحانی، هاوکات ‘مامۆستا مەزهەری خالقی’ خۆی لە خۆیدا گرنگی خۆی هەیە بۆ پەیوەندی هەردوو نەتەوەکە لە ئێراندا”، نازم دەباغ واى وت.
.
ئاماژەی بەوەشکرد: “دۆزی کورد لە ئێراندا تەنها بە ئاشتی چارەسەر دەبێت و لەئێستاشدا بە خەباتی چەکداری هیچ نەتەوەیەک ناگات بە مافەکانی، بەڵکو پێویستە کوردی ڕۆژهەڵات و دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵبدەن لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن”.
.
ئەو بەپرسەى حکومەتى هەرێم لە تاران، بە پێویستیشی زانى، لە هەر سێ پارچەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکور چاو لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بکرێت، دەشڵێت، ئێستا کوردی ڕۆژهەڵات پێویستیان بە خەباتى چەکداریی نییە و پێویستە بە گفتوگۆ هەوڵبدەن مافەکانیان بەدەستبهێنن.
کۆنگرەی ناودارانی کورد، بۆ یەکەمجارە لە شاری سنە بەڕێوەدەچێت و تیایدا 30 کەسایەتی و ناوداری کورد خەڵات دەکرێن، کە دیارترینیان هونەرمەند مەزهەری خالقییە، کە دوای نزیکەی 38 ساڵ دووبارە گەڕایەوە ئێران و لە کۆنگرەکەدا بەشدارە.
نازم دەباغ: هەرێمی کوردستان نایەوێت لایەنگری ئەمریکا یان ئێران بکات
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند، هەرچەندە فشارەکانی ئەمریکا ئێران بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتربون بۆ ئەوەی لایەنگری لایەنێکیان بکەن، بەڵام هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە لایەنگری هیچ یەکێک لەو دو دەوڵەتە.
"حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی کە هەیەتی خۆی بێلایەن راگرتوە"
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە خەندان-ی راگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی کە هەیەتی خۆی بێلایەن راگرتوە، لایەنگری ئەوەش نییە کە هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لەو دوژمنایەتییەی کە لەناوچەکەدا هەیە، بەهیچ شێوەیەک رێگا نادرێت خاکی هەرێم بەکاربێت بۆ دژایەتی هیچ لایەنێک".
" ئەو بازرگانییەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا بەڕێوەدەچێت پەیوەندی بە نەوتەوە نییە"
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بازرگانییەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا بەڕێوەدەچێت پەیوەندی بە نەوتەوە نییە، کە ئەمریکا لەو بوارەدا سزای بەسەر تاراندا سەپاندوە، لەهەمانکاتدا وڵاتی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، بەتایبەت لە روی ئابورییەوە، بۆیە کارێکی ئاسان نییە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت پەیوەندییە ئابوری و سیاسییەکانی خۆی لەگەڵ ئێراندا بپچڕێنێت.
كێشەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران گەیشتوەتە لوتکە، دوای ئەوەی دو هەفتە لەمەوبەر واشنتن بە مەبەستی "هۆشداریدان بە ئێران"، كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەبراهام لینكۆڵن و چەند فڕۆكەیەكی جۆری B-52ی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست كرد.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رونیکردەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و هەولێر و سلێمانی جەختدەکەنەوە، پەیوەندییەکانیان بەردەوام دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەغدا و داواش دەکەن نەکەونە ژێر فشارەوە بۆ راگرتنی پەیوەندییەکانیان.
"حکومەتی هەرێم دەبێت بێلایەن بێت و لە چوارچێوەی عێراقدا هەربڕیارێک بدرێت پابەند بێت پێوەی"
دەباغ باسی لەوەشکرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بێلایەن بێت و لە چوارچێوەی عێراقدا هەربڕیارێک بدرێت پابەند بێت پێوەی".
"پێشبینی دەکەم و ئومێد دەکەم، کە جەنگ رونەدات"
لەبارەی ئەگەری رودانی جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئێران، نازم دەباغ دەڵێت، "پێشبینی دەکەم و ئومێد دەکەم، کە جەنگ رونەدات، پشتبەستوش بە لێدوانی بەرپرسانی هەردو وڵات شەڕ رونادات، بەڵام ئەگەر جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئێران روبدات، هەرێمی کوردستان و عێراقیش پریشکی بەردەکەوێت".
http://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=71545&babet=1&relat=7196
مەترسی لەسەر گەشتكردن بۆ ئێران دروستبووە ؟
نەوا-كاروان مەحمود // نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیانی هەرێم لە ئەگەری ئەنجامدانی گەشتكردن بۆ ئێران و ئەوەش دەڵێت: " هەمووان دڵنیایی ئەوە دەدەن شەڕ لەنێوان ئەمریكاو كۆماری ئیسلامی ئێران روونادات".
نازم عومەر دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ئەوەی كە دەبینرێت لەئێستادا هەمووان دڵنیایی ئەوە دەدەن شەڕ لەنێوان ئەمریكاو كۆماری ئیسلامی ئێران روونەدات و بەپرسانی ئیرانیش جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەوەش گرتنەبەری رێگەی ئاشتییەو ئەو لێدوانانە هاندانێكن لەوبارەیەوە.
ئەوەشی وت: "پێم وانییە مەترسی هەبێت لەسەر هاتوچۆ و گەشتكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران چونكە ئەو شوێنانەی كە دەكەونە بەرئامانجی موشەكەكان ئەگەر شەڕەكە روبدات زۆر دوورە لە شوێنی هاتوچۆی هاووڵاتیان و ئەوانەشی لەوێن".
نازم عومەر دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران راشیگەیاند، "وەكو خۆم گەشبینم بەوەی كە شەڕ ڕوونادات، لە پشتی پەردەش وەكو دەوترێت رەنگە سیاسەت ئاوس بێت بە زۆر شت كە رەنگە بیری لێنەكرێتەوە".
ئێران تا چەند ڕۆڵی هەیە لە ڕوداوەکانی هەرێمی کوردستاندا؟ وتووێژی نازم دەباغ لەگەڵ تەلەڤزیۆنی NRT
Media
دوایین هەواڵەکان
- «سەلام رشدی» لهگهڵ «سەفین دزەیى» بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە کۆبووه
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد