هەرێمی کوردستان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك كۆماری توركیا کرد
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ٢ـی ١١ـی ٢٠١٥ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە ڕەجەب تەییب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا كرد.
لەم پەیوەندییەدا سەرۆك بارزانی بە بۆنەی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەلبژاردنەکانی تورکیا، پیرۆزبایی لە سەرۆك كۆماری توركیا كرد و هیوای ئەوەیشی خواست كە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ببێتە هۆی سەقامگیریی تورکیا و ناوچەکە و بەرەوپێشچوونی توركیا لە گشت بوارەكاندا و بەدی هاتنی ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتییان و سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی سوید دەكات
ڕۆژی سێشەممە 3ـی 11ـی 2015 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی سوید كرد كە پێكهاتبوو لە خاتوو مارگۆت واڵسترۆم وەزیری دەرەوە و پیتێر هۆڵدڤیست وەزیری بەرگری و خاتوو ئانیكا مۆلین هێڵگێرن باڵیۆزی سوید لە عێراق.
لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی سوید ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كرد لە شەڕی دژی داعش و پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان لەشەڕی دژی تیرۆریستان و هەروەها هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش دووپاتكردەوە و ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ئێوە بۆ جیهان و مرۆڤایەتی شەڕ دەكەن و جیهان بەچاوی ڕێزەوە سەیری سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە دەكات. وەزیری دەرەوەی سوید وێڕای ئاماژەدان بە مەترسییەكانی تیرۆر هێمای بەوەدا كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ تێكشكاندنی تیرۆر پێویستی بە یەكڕیزی و یەكدەنگی هەیە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا وەزیری بەرگریی سوید ئاماژەی بەوەدا كە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە سەرەتا داعش ڕیشەكێش بكرێت و لەشەڕی دژی تیرۆریستاندا هەتا سەركەوتن لەگەڵ پێشمەرگە دەبن و هاریكاری سەربازی و تەندروستی و مەشق و ڕاهێنان پێشكەشی پێشمەرگە دەكەن.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی شاندی میوان و حكوومەت و گەلی سویدی كرد كە پاڵپشتی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانن و لە ڕۆژانی تەنگانەیشدا وڵاتی سوید باوەشی بۆ هاووڵاتیانی كورد كردووەتەوە. سەرۆك بارزانی وێڕای دووپاتكردنەوەی ئەوەی كە پێویستە ئەولەوییەتی سەرەك شەڕی داعش بێت، باسیشی لە مەترسییەكانی تیرۆر كرد كە هەڕەشەیە بۆ هەموو لایەك و ڕووبەڕووبوونەوەیشی ئەركی هەموو وڵاتێكە و بۆ چارەسەركردنی تیرۆر پێویستە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر بدۆزرێنەوە و نەهێڵدرێن و تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەنجام و دەرهاوێشتەكانی تیرۆر نەكرێت و لە چارەكردنی هۆكارەكانیشدا دەكرێ چارەسەری سیاسی یەكێك بێت لە ڕێگەكانی ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی تیرۆر.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان و هەروەها دۆخی مافەكانی مرۆڤ و ئافرەتان كرا و هەردولا جەختیان لە پێویستیی قووڵتركردنی پێكەوەژیان و بنەماكانی مرۆڤسالاری و پتەوتركردنی دیموكراسی كردەوە.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولرەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.
پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی كۆچی دوایی خولێخۆشبوو ئەحمەد چەلەبی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە هەواڵی كۆچی دوایی سیاسەتمەدار و كەسایەتی تێكۆشەری عێراقی و سەرۆكی كۆنگرەی نیشتیمانی عێراق ئەحمەد چەلەبی زۆر خەمبار بووم. لەدەست دانی كەسایەتییەكی مەزنی وەك ئەحمەد چەلەبی خەسارەتێكی گەورەیە بۆ گەلانی عێراق. خوالێخۆشبوو ئەحمەد چەلەبی دۆستێكی نزیكی شەخسی من و دۆستی گەلی كوردستان بوو و ڕۆڵی لە هەوڵدان بۆ بنیاتنانی دیموكراسی و دژایەتیكردنی دیكتاتۆری و زوڵم هەرگیز لە بیر ناكرێت.
ئەو پەیوەندییە مێژووییەی كە خوالێخۆشبوو لەگەڵ گەلی كوردستاندا هەیبوو و پاڵپشتیكردنی لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان هەمیشە لە یادمان دەمێنێتەوە و هەموو كات بە ڕێز و بەرزییەوە یادی خوالێخۆشبوو ئەحمەد چەلەبی دەكەینەوە.
بە لەدەستدانی زۆر خەمبارین و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان بە خانەوادە بەڕێزەكەیان و ئازادیخوازان و تەواوی گەلانی عێراق و كوردستان ڕادەگەیێنین.
انا لله و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
3ـی 11ـی 2015
سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە پارتە براوەكانی هەڵبژاردنەكانی توركیا دەكات
ڕۆژی دووشەممە 2ـی 11ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە جیا پەیامی پیرۆزبایی سەركەوتن لە هەڵبژاردنی ئاراستەی هەر یەك لە ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) و كەمال قلیچدار ئۆغلو سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (CHP) و سەلاحەدین دەمیرتاش ھەڤسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان(HDP) كرد و تێیدا پیرۆزبایی لە سەرۆك و سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی ئەو سێ پارتەی توركیا كرد بە بۆنەی سەركەوتنیان لە هەڵبژاردنەكانی توركیا.
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كونسوڵی گشتی كوێت كۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ د.عومەر ئەحمەد ئەلکەندەری کونسوڵی گشتی دەوڵەتی کوەیت لە هەرێمی کوردستان، باسی لەو قەیرانانە کرد کە هەرێمی کوردستان ڕوبەڕووی بووەتەوە و ڕایگەیاند، لە ئێستادا چارەسەری کێشە ئابوریەکان لە پیشینەی کارەکانمان دەبێت و هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی کوردستان لەو تەنگەژە سیاسی و ئابوریەی تێیکەوتوون ڕزگار بکەین.
ئەوەشی دوپات کردەوە هاوکاری و پاڵپشتی وڵاتانی دراوسێ بۆ هەرێمی کوردستان لە ئێستادا گرنگی تایبەتی هەیە و هەموو هەوڵێکی دڵسۆزانە بەرز دەنرخێنین بۆ چارەسەری قەیرانەکان.
لە کۆتایدا بەریز کونسوڵی گشتی دەوڵەتی کوەیت دیاری تایبەتی وڵاتەکەی پێشکەش بە بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ هەر هاوکاری و پاڵپشتیەك کە پێویست بکات بۆ هەرێمی کوردستان.
پارێزگاى ههولێر و پاریس پهیوهندى دهبهستن
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29/10/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو ئانا هیدالگۆ سەرۆكی شارەوانیی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا خاتوو هیدالگۆ دڵخۆشیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە فەڕەنسا لە هەموو قۆناغەكاندا پشتگیری له دۆزی كورد كردووه و لە پشتگیرییەكانیشیان بەردەوام دەبن بەتایبەتی كه ئێستا هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی دڕندەترین گرووپی تیرۆرستیی جیهان بووەتەوە، سەرسامیی خۆیشی بەرامبەر قارەمانیهتیی و نەبەردیی پێشمەرگە لە دژی تیرۆرستانی داعش پیشان دا. ههروهها ئاماژەى بەوە دا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانی لە كاتێكی كورتدا پێشكەوتنێكی بەرچاو لە هەموو بوارەكاندا بهێنێتە ئاراوە و لەم بارەیەشەوە ڕۆڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاند.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هەوڵ و هەنگاوەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاند كە سەرباری قەیرانی دارایی و ئابووری، پێشوازیان لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كردووە و بە باشترین شێوە خزمەتیان كردوون و دووپاتی كردەوە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ باشتركردنی ژیانی ئاوارە و پەنابەران، هاوكاریی زیاتر پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكات. هەروەك ئاشكرای كرد كە دەكرێ پەیوەندییەكی تایبەت لە نێوان پارێزگای هەولێر و پاریس هەبێت بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموون و شارەزاییی شارەوانیی پاریس وەربگیرێت و لەمبارەیەشەوە ئامادەییی خۆی بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك دەربڕی.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیران سوپاسی ئەو سەردانە و تێبینی و سەرنجەكانی شارەداری پاریس كرد و باسی لە پشتگیری و هاوكارییەكانی فەڕەنسا بۆ گەلی كورد لە كاتە سەختەكاندا كرد و هیوای خواست دروستكردنی پەیوەندیی نێوان پارێزگای هەولێر و پاریس بكەوێتە سەر ڕێچكەی خۆی. هەروەك باسی لە گرفتەكانی ناوخۆ و پرسی ئاوارەكان و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و بارودۆخی ناوچەكە لە هەموو ڕوویهكەوە كرد.
لەبارەی پەیوەندییە ئابوورییەكانیشەوە، بەرێزیان جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی فەڕەنسا دەكات بۆ ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و پێشخستنی بواری ئابووری لە هەرێمی كوردستان و بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ئاسانكارى و هاوكارییەك پێشكەش دەكەن، هەروەك بوونی قوتابخانە فەڕەنسییهكانی لە هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند كە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و سەركەوتوو كارەكانیان ئەنجام دەدەن.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد