هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

په‌یامی نێچیرڤان بارزانی بۆ كۆچی دواییی یاشار كه‌مال

کۆچی دواییی نووسەری گەورە و ناوداری کورد مامۆستا یاشار کەمال، زۆر خەمبار و دڵتەنگی کردین. یاشار کەمال قەڵەمێکی مەزن و داهێنەرێکی ناودار و پێشکەوتنخواز بوو، نەک بە تەنها بۆ کورد و گەلانی تورکیا، بەڵکوو دەنگی ژیاندۆستی و  ویژدانی زیندووی سەردەمەکەی بوو، بانگی ئاشتی و پێکەوەژیان و برایی و ئازادی بوو. هەموو بەرهەمە ناوازەکانی و هەموو ئەو خەڵاتە سەنگینانەی پێی بەخشرا بوون، گەواهیی جوانیی ئەو پەیامە مرۆڤدۆستانەی ئەم نووسەرە مەزنەن، کە  ماوەی زیاتر له‌ نیو سەد هه‌وڵی ده‌دا بە گوێی مرۆڤایەتیدا، بدات.

کۆچی دواییی ئەم داهێنەرە  پێشکەوتنخوازەی کورد، زیانێكی گەورەیە بۆ سەرجەم دنیای پێشکەوتنخواز و ئازاد، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە بیر و پەیامی توندڕەوی و مەرگ و تاریكی، بە دڕندانەترین شێوە  هەوڵی ناشیرینکردنی ژیان و سڕینەوەی بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی دەدەن، ئەم سەردەمەی کە لە هەموو کاتێك زیاتر پێویستی بە دەنگ و ڕەنگی وەک یاشار کەمال هەیە.

بە ناوی  خۆمان و حکوومەت و گەلی کوردستانەوە، پرسه‌ و سەرەخۆشی ئاڕاستەی گەلی کوردستان و هەموو دۆستانی پەیامی ئاشتی و جوانی و ئازادییەکەی یەشار کەمال دەکەین. سەرەخۆشیی تایبەتیشمان بۆ خانەوادەی بەڕێزی  بەهەشتی یەشار کەمال، کە هەمیشە دەنگی ئاشتی و ئازادی و پێکەوەژیان و پێشکەوتنخوازی بووە بۆ هەمو پێکهاتە جیاجیاکانی وڵاتەکەی و گەلانی ناوچەکە و ته‌واوی جیهان.

نێچیرڤان بارزانی
2015/3/1

په‌یامی كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی بۆ كۆچی دوایی رۆماننووسی گه‌وره‌ی كورد یه‌شار كه‌مال

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ هه‌واڵی كۆچی دوایی رۆماننووسی گه‌وره‌ی كورد یه‌شار كه‌مالم بیست و له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ژاندمی و دڵگرانی كردم، لێره‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی و خه‌مباری خۆم ئاراسته‌ی گه‌لی كورد و خانه‌واده‌ی یه‌شار ده‌كه‌م.

ئاشكرایه‌ له‌ پاڵ خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری گه‌لی كوردمان، نووسه‌ران و رۆشنبیرانی كورد له‌ رێگای نووسین و هه‌ڵوێسته‌كانیان هه‌وڵیانداوه‌ دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان به‌ جیهان بناسێنن و داكۆكی له‌ مافه‌ ره‌واكانمان بكه‌ن.

رۆماننووسی گه‌وره‌ یه‌شار كه‌مال له‌ ته‌مه‌نی پڕ به‌خشش و دوور و درێژی خۆیدا و له‌ دوو توێی به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌كانی هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ پرسی گه‌لی كورد به‌ جیهان بناسێنێ‌ و هه‌وڵه‌ جیهانییه‌كان بخرێنه‌گه‌ڕ بۆ گه‌یشتنی كورد به‌ ئاواته‌كانی.

له‌ كۆتاییداو له‌م كات و ساته‌ خه‌مگینه‌دا، وێڕای خه‌مباری و دڵگرانیمان ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ له‌ده‌ستدانی یه‌شار كه‌مال كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی خسته‌ نێو ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی گه‌له‌كه‌مان و ئه‌سته‌مه‌ له‌ مێژوودا یه‌شار كه‌مالێكی تر دووباره‌ بێته‌وه‌.

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی كۆچی دوایی یاشار كەمال

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی ڕۆماننوسی ناوداری كورد یاشار كەمال زۆر خەمبار بووم. هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە و نووسین و ڕۆمانەكانی یاشار كەمال كە دەرخەری واقعی كۆمەڵایەتی و سیاسی و كێشە و گرفتەكان و مەزلوومییەتی مرۆڤی كورد بوون، وەك گەنجینەیەكی بەهادار بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.

پەیام و هەڵوێستەكانی ئەم پیاوە مەزنە دژی چەوسانەوەی گەلان و، ڕەنگدانەوەی گیانی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیانی گەلی كورد بوون. لەدەستدانی یاشار كەمال زیانێكی گەورەیە بۆ گەلی كوردستان. بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشی لە گەلی كوردستان و ناوەندە فەرهەنگییەكان و ئەدەبدۆستان دەكەم و ڕۆحی خواڵێخۆشبوویش بە بەهەشتی بەرین شاد بێت.

انا لله و انا الیه راجعون

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

1ـی 3ـی 2015

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆك و دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكات

ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عەزیز شێخ ڕەزاسەرۆكی دەزگا و دەستەی كارگێڕیی دەزگایخێرخوازییبارزانی كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان و ئاستی ئەو هاوكارییە مرۆڤییانە خرایە بەر باس كە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە خێرخوازەكان پێشكەشی ئاوارەكان كراوە. هەروەها شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبارەی جموجۆڵ و چالاكی و هاوكارییە مرۆڤییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چەند مانگی ڕابردوو، ڕاپۆرتی چالاكییەكانیان خستەڕوو كە بریتی بوو لە هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەرانی ڕۆژئاوا و خوشك و برا ئێزیدییەكان لە چیای شنگال و كەمپەكان و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان لە خانەقین هەتا زاخۆ و باشووری عێراق و گەیاندنی هاوكاری و كەلو پەل و خۆراك و پێداویستیی دیكە بۆ كۆبانێ و هەروەها گەیاندنی خۆراك و كەلوپەلی پێویست بۆ برا پێشمەرگەكان لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە ماندووبوون و ئەرك و كاری ڕۆژانەی ستاڤی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی كرد كە لە ماوەی ڕابردوو و لە قەیرانەكان و هاتنی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر و ئاوارە ڕۆڵێكی زۆر باشیان بینیوە لە یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو و پێشمەرگەكان و بە ئەركێكی پیرۆزی وەسفكرد و هیوای بەردەوامیی و سەركەوتنیانی بۆ خواست لە ئەرك و كارەكانیاندا. هەر لەم دیدارەدا بە مەبەستی ئەنجامدانی كاری باشتر و یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو، سەرۆك بارزانی ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خستەڕوو.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد

ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نیكۆلای ملادینۆڤ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە كۆتایی بە ئەرك كارەكانی لە عێراق هاتووە سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و كورتەیەكی لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەڵوێستی لایەن و پێكهاتەكانی عێراق لەمەڕ پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر خستەڕوو و داوایشی كرد بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە سیاسی و ئەمنییەی عێراقی گرتووەتەوە هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە دیالۆگ و لێكتێگەییشتن و هەماهەنگیی نێوانیان بەردەوام بن.

پەیوەست بە پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی لەوە كردەوە كە دیدار و سەردانی شاندەكانی هەردوولا یارمەتیدەدەر دەبێت بۆ چارەكردنی كێشەكان هەروەها ئاماژەیشی بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق كە بەردەوام پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان كردووە و لە هەمانكاتیشدا سەرۆك بارزانی هۆكارێك بووە بۆ لەیەكتر نزیككردنەوەی پێكهاتەكانی عێراق و ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوانیان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كارە تازەكەی و وێڕای ئاماژەدان بە دیداری خۆی و سەرۆك وەزیرانی عێراق لە شاری میونیخ ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسیی و حكوومەتی نوێی عێراق بدات و لەم ڕوویەشەوە هەنگاوی ناوە.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانو ئاشتەوایی نیشتیمانی پێویستە نییەتی لایەنەكان بۆ نەهێشتنی كێشەكان هەبێت و كولتووری كاری پێكەوەیی و شەراكەتیش باڵادەست بێت.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و تەحەدییاتی بەردەم ئاییندەی گەلانی ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

 

 

 

 

سەرۆکی پەرلەمان لە پەرلەمانی سوید: گرنگە سوود لە ئەزموونی پەرلەمانی و دیموکراتی سوید وەربگرێت

د.ویسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "وڵاتی سوید بۆ ئێمە گرنگە، چ لە ڕووی ئەزموونی دیموکراسی و پەرلەمانییەوە، چ لەڕووی پێکهاتەی دانیشتوانەکەیەوە، کە ژمارەیەکی زۆر ڕەوەندی کوردی لەم وڵاتەدا نیشتەجێن و ئێستا هاوڵاتی سوید، بەشدارن لە پڕۆسەی بەڕیوبردنی وڵاتدا، بەتایبەتیش ئێستا چەندین پەرلەمانتار و چالاکوانی و کەسایەتی سیاسی دیار لەم وڵاتەدا کوردن، ئەمەش ئاماژەی تێکەڵاوبوونی ڕەوەندی کوردییە لەگەڵ کۆمەڵگەی سویدیدا، گرنگە بۆ ئێمە سوود لە ئەزموونی پەرلەمانی و دیموکراتی سوید وەربگرین.
ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەمیانی دواهەمین وێستگەی سەردانی شاندی پەرلەمانی کوردستان هات بۆ پەرلەمانی سوید و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سۆشیال دیموکرات و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان و تۆڕی پەیوەندی سویدی کوردستانی لە پەرلەمانی سوید.
لە دانیشتنەکاندا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندی یاوەری،باسیان لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و شەڕی دژ بە تیرۆرستان و پەیوەندی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەند و قەیرانی دارایی و ئاوارەکان کرد چەند پرسێکی تریان کرد.
پەرلەمانتارانی سوید لەبارەی پرسە جیاوازو گەرمەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان پرسیاریان لە شاندی پەرلەمانی کوردستان دەکرد.
لەبارەی پرسی پەیوەندی نێوان پەرلەمانی سوید و پەرلەمانی کوردستان، هەردولا ئەم پەیوەندییەیان بە پێویستییەکی گرنگ دانا، چونکە پەیوەندی نێوان هەردوو گەلی سوید و کوردستان مێژوویەکی دورودرێژی هەیە.

پەڕەى 211 لەکۆى 342 پەڕەدا
شیوه نمایشی سایت:
  • Font size:
  • Decrease
  • Reset
  • Increase