هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سه‌رۆك وه‌زيران كازمى، پيرۆزبايى له‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌كات

 به‌يانيى رۆژی يه‌كشه‌ممه‌ 2021/3/21 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌ به‌ڕێز مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵه‌وه‌ پێگه‌يشت.

له‌ په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زيران كازمى پيرۆزباييى جه‌ژنى نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى تازه‌ى كوردى له‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد و هيواى جه‌ژنێكى ئارام، سه‌ركه‌وتن و ساڵێكى خۆشى بۆ به‌ڕێزيان و گه‌لى كوردستان خواست.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى سه‌رۆك وه‌زيران كازمى كرد بۆ په‌يوه‌ندى و پيرۆزبايييان و هيواى ئارامى و سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و تێپه‌ڕاندنى قه‌يرانه‌كانى بۆ عێراق خواست.

 

سه‌رۆك وه‌زيران كازمى، پيرۆزبايى له‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌كات - The Presidency of the Kurdistan Region - Iraq (gov.krd)

 

په‌يامى نه‌ورۆزيى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى

 كوردستانييانى خۆشه‌ويست..

جه‌ژنى نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى تازه‌ى كوردى له خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان و ئه‌نفالكراوان، گه‌لى كورد و ته‌واوى كوردستانييان له‌ وڵات، له‌ هه‌نده‌ران، له‌ هه‌ر كوێ بن، له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منييه‌كان، به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ پيرۆز ده‌كه‌م، له‌ هه‌موو ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌ش پيرۆز بێت كه‌ جه‌ژنى نه‌ورۆز ده‌گێڕن، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

پيرۆزباييى تايبه‌ت، سوپاس و پێزانين بۆ ته‌واوى تيمه‌ پزيشكى و ته‌ندروستييه‌كان و هه‌موو ئه‌و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديدارانه‌ كه‌ بۆ ساڵى دووهه‌م له‌ به‌ره‌ى پێشه‌وه‌دان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤيدى نۆزده‌ و گيان و سه‌لامه‌تيى هاووڵاتييان ده‌پارێزن. ئه‌وان خزمه‌تێكى گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، ده‌ستى ماندوونه‌بوونيان ده‌گوشم.

به‌ ڕێزه‌وه‌ يادى هاوكارانيان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌م پێناوه‌دا گيانيان به‌خشى، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ به‌و په‌تايه‌ گيانيان له‌ ده‌ست دا. هاوخه‌مى خێزان و كه‌سوكاريانم. هيواى سه‌لامه‌تى و زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ هه‌موو تووشبووان ده‌خوازم. سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ پێشمه‌رگه‌ و ئاسايش و زێره‌ڤانى و فرياكه‌وتن و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ جێبه‌جێكردنى ڕێكاره‌كانى خۆپارێزيدا، هاوكار و پشتيوانن.

ئازيزان..

نه‌ورۆز جه‌ژنى پيرۆزى نه‌ته‌وه‌يى و هێماى سه‌ركه‌وتن و ژيانه‌وه‌ و ئازاديى گه‌لى كورده‌. ساڵ و سه‌ره‌تايه‌كى نوێيه‌، وه‌ك هه‌ميشه‌ ئومێد و هێز و وره‌مان پێده‌به‌خشێت. با هه‌موومان له‌ سه‌ره‌تاى‌ نوێدا‌ به‌ خۆماندا بچينه‌وه‌، سوود له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌رگرين و به‌خشنده‌ و لێبورده‌ بين. با هه‌موومان به‌ ئومێد و گه‌شبينييه‌وه‌ بۆ ئاينده‌يه‌كى گه‌شتر بڕوانين. هه‌موو هێز و توانامان يه‌كبخه‌ين، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين، شان بده‌ينه‌ به‌ر و سه‌ختييه‌كان تێپه‌ڕێنين.

سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوون، ژيان و گوزه‌رانێكى باشتر بۆ هاووڵاتييان، مسۆگه‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستان، يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييمان لێ ده‌خوازێت. ده‌بێ كۆتايى به‌ ململانێ و ناكۆكييه‌كانى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى كوردستان بێت كه‌ هه‌رگيز له‌ زيان و لێكترازانى زياتر، هيچى ديكه‌ى بۆ كوردستان لێ به‌دينه‌هاتووه‌.

با هه‌موومان، با هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان له‌خۆبورده‌ بين، بۆ ئاينده‌يه‌كى باشترى كوردستان پێكه‌وه‌ كار بكه‌‌ين و‌ ديموكراسى و ئازادى بپارێزين. هه‌ر له‌م پێناوه‌دا دواى جه‌ژن هه‌موو لايه‌نه‌كان بانگهێشتى كۆبوونه‌وه‌يه‌كى هاوبه‌ش له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م.

كوردستانييانى ئازيز..

بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ و كێشه‌كانى عێراق به‌گشتى، دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هاوكار و يارمه‌تيده‌ر ده‌بێت، له‌پێناو سه‌قامگيرى و ئاشتى و داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ وڵات، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات. ده‌بێ هه‌مووان ئه‌وه‌ باش بزانن كه‌ چاره‌سه‌ريى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ، كليلى ئارامى و سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتنى عێراقه‌.

ئێمه‌ بۆ هه‌موو چاره‌سه‌رێكى دوور له ‌خۆسه‌پێنى ئاماده‌ين كه‌ مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌ل و پێكهاته‌كانى عێراق، تايبه‌تمه‌ندى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان مسۆگه‌ر بكات، سيسته‌مى فيدراڵى و پره‌نسيپ و بنه‌ماكانى هاوبه‌شى و سازان و هاوسه‌نگيى ڕاسته‌قينه‌ بپارێزێت. داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ين، پشتيوان و هاوكار بن له‌ چاره‌سه‌ره‌كردنى كێشه‌كانى عێراق.

هه‌ر له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى و لانه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و يه‌كترقبووڵكردن له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ كاركردن و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌رده‌وام ده‌بێت. له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌ها و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، په‌ره‌ به‌ په‌يوه‌ندى و هاريكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جيهان ده‌دات. به‌ هه‌موو توانايه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جيهان ڕووبه‌ڕووى تيرۆر و توندڕه‌وى ده‌بينه‌وه‌.

هه‌ر له‌و بۆنه‌يه‌دا داوا له‌ هاووڵاتيانى ئازيز ده‌كه‌م له‌ گه‌شت و سه‌يراندا هه‌موو ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى و ياساكانى هاتوچۆ به‌ ته‌واوه‌تى ڕه‌چاو بكه‌ن و خۆيان و سروشتى جوانى كوردستان بپارێزن. خواى مه‌زن كوردستان و كوردستانييان بپارێزێت. جه‌ژنى نه‌ورۆز له‌ هه‌مووتان پيرۆز بێت، هيوادارم هه‌موومان جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتوو له‌ كه‌ش و دۆخێكى باشتردا بكه‌ينه‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/3/20

 

په‌يامى نه‌ورۆزيى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى - The Presidency of the Kurdistan Region - Iraq (gov.krd)

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران: وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشتی کردم

"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران گوتی: وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، بە بیانووی بڵاوبوونەوەی پووڵی بیرەوەریی سەردانی پاپ بۆ هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی کردم.

بە پێی ڕاپۆڕتی ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێران بە گێڕانەوە لە "شەفەق نیووز"، "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایگەیاند: وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، بۆ ئاراستە کردنی هەندێک ڕوونکردنەوە سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی پووڵی بیرەوەریی سەردانی پاپ فڕانسیس بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، بانگهێشتی کردم. 

"نازم دەباغ" لە وتووێژێکدا کە لە ماڵپەڕیی فەرمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران بڵاوکراوەتەوە، گوتی: ئێرانییەکان پێیان ڕاگەیاندم ئەوە لە بەرژەوەندیی سیاسەتی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا نییە و ئەم بابەتە دەستدرێژیی کردنە بۆ سەر خاکی وڵاتی ئێران.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بە بەرپرسانی ئێرانیم ڕاگەیاند کە ئەم کارە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی نەکراوە، بەڵکوو لە لایەن هەندێک لە هونەرمەندانەوە ئەم شتەیان بە وەزارەتی پەیوەندیدار لە کوردستان پێشنیار کردوووە.

دەباغ جەختی کردەوە: وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، ڕوونکردنەوەکەیان قەبووڵکرد؛ بەڵام گوتیان کە لەمبارەیەوە پەیامێک بۆ دەوڵەتی عێراق دەنێرین. لەڕاستیدا ئەم کارە ئەنجامدرا و وتەبێژیی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەم بابەتەی لە ڕێگای دەزگاگانی ڕاگەیاندنەوە ڕاگەیاند.   

بە بۆنەی سەردانی پاپ بۆ هەرێمی کوردستان، وێنەی پووڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە کە لەم خەریتەیەدا بەشێک لە خاکی ئێران، وەکوو "کوردستانی گەورە" ناسێندرابوو. 

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دوای بڵاوبوونەوەی ئەم وێنەیە، جەختیانکردەوە کە ئەم پووڵە چاپنەکراوە و پلانێکە کە لە لایەن هونەرمەندێکەوە پێشنیار کراوە. هەرێمی کوردستان پابەندە بە یاسای بنەڕەتی عێراق و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و پاراستنی خاکی وڵاتانی ناوچەکە.

"سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، سەبارەت بەم کارەی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستانی عێراق گوتی: ڕوون و ئاشکرایە ئەوەی کە لە کەشووهەوای گشتییدا بڵاوکرایەوە بە پێچەوانەی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

گوتیشی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە تەنیشت ناڕەزایەتی دەربڕینی خۆی سەبارەت بەم بابەتە، خوازیاریی کۆکردنەوە و چاکسازیی ئەم هەنگاوە بەدوور لە برایانەن.

 

لینکی هەواڵ:

https://www.isna.ir/news/99122519152/نماینده-اقلیم-کردستان-عراق-وزارت-خارجه-ایران-من-را-احضار-کرد

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى ژاپۆن کۆبووەوە

 سەرۆک نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ حکوومەت و گەلى ژاپۆن دووپات کردەوە کە هەمیشە لە چوارچێوەى هاوکارى و یارمەتییەکانیاندا بۆ عێراق، یارمەتیى هەرێمى کوردستانیان داوە و ساڵانێکى درێژە ئاژانس و ڕێخکراوە حكوومی و ناحکوومییەکانى ژاپۆن لە هەرێمى کوردستان کاران و بە ئەنجامدانى کار و پرۆژەى خزمەتگوزارى لە بوارەکانى ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆدا، هاوکاریى هەرێمى کوردستان دەکەن.

بەیانیى ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/17 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز سوزوکى کۆتارۆ باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا هاوکاری و یارمەتییەکانى ژاپۆن بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان، بەتایبەتى ئەو هاوکارییانەى لە ڕێگەى ڕێکخراوە حكوومی و ناحکوومییەکانى ژاپۆنەوە پێشکەش دەکرێن، برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمى کوردستان و عێراق لە گەڵ ژاپۆن، دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى ژاپۆنى لە هەرێمى کوردستان، لێکەوتەکانى پەتاى کۆڤید_19، هەڕەشەکانى تیرۆر، دۆخى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و چەند پرسێکى جیى بایەخى هاوبەش، تاوتوێ کران.

بەڕێز باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق وێڕاى ستایشکردنى دۆخى ئارام و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەى بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت، هەروەها سوپاسى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ ئه‌و ئاسانکارییانەى پێشکەش بە ئاژانسەکان و ڕێکخراوە حكوومی و ناحکوومییەکانى ژاپۆن دەکرێت و دووپاتى کردەوە کە وڵاتەکەى لە هاوکاریکردن و یارمەتیدانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت و بەپێى بوارە پێویستەکان پڕۆژە و کارى خزمەتگوزارى ئەنجام دەدات.

لە کۆبوونەوەکەدا کە خاتوو ناگایاما یۆشیکۆ بەرپرسى نووسینگەى کوسولگەریى ژاپۆن لە هەولێر ئامادەى بوو، دۆخى ئاوارە و پەنابەران خرایە بەر باس و هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێ ئاوارەکان بە خواست و ئارەزووى خۆیان بگەڕێنەوە شوێنەکانیان پاش ئەوەى ئارامى و خزمەتگوزارى و دەرفەتى کاریان بۆ دابین دەکرێت.

لە کۆتاییدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بەبۆنەى تەواوبوونى ئەرک و کارەکانییەوە، سوپاسى خاتوو ناگایاما یۆشیکۆ بەرپرسى نووسینگەى کوسولگەریى ژاپۆنى لە هەولێر کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست.

 

نازم دەباغ بۆ ڕۆژنامەی تێهران تایمز: کوردستانی گەورە لە ئێستادا خەونێکی گونجاو نییە

تاران ـ "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە ئاماژە بەوەی کە ئایدیای "کوردستانی گەورە" لە ئێستادا خەونێکی گونجاو نییە، جەختی کردەوە کە ئەم ئایدیایە وەکوو خەونێکی دوور لە هزرە.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ئینگلیزی "تێهران تایمز" گوتی: "خەریتەی کوردستانی گەورە" شایەد خواستی تاک تاکی گەلی کورد بێت، بەڵام جێبەجێکردنی و هەروەها یەکێتی هەموو کوردەکان لە ئێستادا گونجاو نییە و زیاتر وەکوو خەونێک دەچێت؛ چونکە جوگرافیای کوردستان، بەسەر چوار وڵاتی ناوچەکە لەوانە: عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا دابەشبووە.

ڕۆژی چوارشمەمە 4ی مارسی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین نموونەی لەو پووڵە پێشنیار کراوانە ئاشکرا کرد کە بە بۆنەی سەردانی پاپ لە سەرەتای ئەم مانگەدا چاپ کران. دەگوترێت کە یەکێک لەم پووڵانە خەریتەیەکی لەسەر دیزاین کراوە کە هەندێک پارێزگاکانی ئێران، تورکیا، سووریا و عێراقی لە خۆگرتووە.

ئەم پووڵە، لە ناوچەکەدا؛ بۆتە هۆی ناکۆکی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە. ئەم پووڵە، بە بۆنەی سەردانی چوار ڕۆژەی پاپ بۆ عێراق، بڵاوکراوەتەوە کە لە ڕۆژی سێیەمی خۆیدا سەردانی هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقی کرد. دەقی چاوپێکەوتنی "نازم دەباغ" لە خوارەوەدا هاتووە:

 

هەڵوێستی ڕەسمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەو پووڵانەی کە بە بۆنەی سەردانی چوار ڕۆژەی پاپ فڕانسیس بۆ عێراق، هەرای ناوەتەوە، چییە؟

سەبارەت بەو پووڵانەی کە لەم دوایانەدا بڵاوبۆتەوە، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە بەرپرسانی کورد، ڕوونکردنەوەیان داوە کە ئەم پووڵانە پێشنیاریی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و ئەم پڕۆژەیە جێبەجێی ناکریت. لەڕاستیدا، دیزاینی پووڵەکە لە لایەن هەندێک لە هونەرمەندانی مەسیحی و کریستیانی کوردستان بە وەزارەتی گواستن و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیار کرابوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پەسەند نەکرا.

"جووتیار عادڵ" وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بنەڕەتی و یەکێتی جوگرافی عێراقە. هەر بەم پێیە، ئەمە هەنگاوێکی تاکڕەویانەیە کە لە لایەن هەندێک کەس جێبەجێی کراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە بەرپرسانی کوردەوە نییە و بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی باروودۆخی جوگرافی و سیاسی هەرێمی کوردستان؛ ئەم پڕۆژەیە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند نەکراوە.

 

سەبارەت بە هۆکار و پێشهاتە سەرەکییەکانی کردەوەیەکی لەم چەشنە بە چ شێوەیەک بیردەکەنەوە؟

ئێمە لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و هەندێک لە پارتە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە و هەروەها وڵاتی ئێرانەوە کاردانەوەمان بینی. حکومەتی تورکیا ئەم کردەوەیەی سەرکۆنە کرد و وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێرانیش، هەڵوێستی تارانی بە دەوڵەتی عێراق ڕاگەیاند. هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیا سەبارەت بەم پووڵە، نا’ڕەزایەتی خۆیان بە دەوڵەتی عێراق ڕاگەیاند و ئەم دژایەتیانە وەبیرهێنەرەوەی ئەو ڕووداوانە بوو کە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ڕوویاندا و وڵاتانی دراوسێی و هەروەها وڵاتانی جۆراوجۆری جیهانیش لەم بارەیەوە، دژایەتی خۆیان دەربڕیی.

حکومەت و پارتە سیاسییەکانی تورکیا، بڵاوبوونەوەی ئەم پووڵەیان سەرکۆنە کرد و "سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە هەڵوێستی تاران بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی ئەم پووڵە، ڕوونکردنەوەیدا.

لە لایەکی دیکەوە من لەوبڕوایەدام کە لە باروودۆخی ئێستادا دەبێت زیاتر چاودێریی بکەین و تەنیا لە چوارچێوەی یاسای بنە’ڕەتی عێراق، پێوشوێنی ماف و ئامانج و پێداویستییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بگرین. دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە بە پەسەندبوون و پشتیوانی وڵاتانی دراوسێی و هاوکاریی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، دەتوانین گرفتەکانی خۆمان چارەسەر بکەین. لە لایەکی دیکەشەوە، دەوڵەتی عێراق بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، دەبێت پابەندی یاسای بنە’ڕەتی ئەم وڵاتە بێت؛ ئەگەر هەمووی ئەم خاڵانە ڕچاوبگیرێت، خەڵکی کوردستان هەست دەکەن کە لە وڵاتی عێراقدا شەریک و هاوبەشن.

خەریتەی "کوردستانی گەورە" هەندێک لە ناوچەکانی وڵاتانی ئێران، تورکیا و سووریای لە خۆگرتووە. ئاکامی ئایدیایەک لەم چەشنە لەسەر پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دراوسێکانی خۆی بە چ شێوەیەک دەبێت؟ بەتایبەت ئەوەی کە ئەم ئایدیایە لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی جیدیی بۆتەوە؟    

"خەریتەی کوردستانی گەورە" شایەد خواستی تاک تاکی گەلی کورد بێت، بەڵام جێبەجێکردنی و هەروەها یەکێتی هەموو کوردەکان لە ئێستادا گونجاو نییە و دەتوانم بڵێم زیاتر وەکوو خەونێک دەچێت؛ چونکە جوگرافیای کوردستان، هەر وەکوو بۆخۆتان ئاماژەتان پێکرد بەسەر چوار وڵاتی ناوچەکە لەوانە: عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا دابەشبووە. هەر کام لەم وڵاتانە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. ئەمڕۆکە، ئێمە ڕووبەڕووی باروودۆخی هەستیار بووینەتەوە کە دەبێت گرفتەکانی خۆمان چارەسەر بکەین و مافەکان و هەروەها ئاسایشی کوردەکان لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەی کە تیایدا دەژین؛ دابین بکەین و بەو دەسکەوتانە بگەین کە مافەکانی کوردەکان و ئاسایشی ئەوان لە ناوچەکەدا پارێزراو بێت. کوردەکان شەریکی ئێستای حکومەتی عێراقن و هەروەها هاوڵاتی برایانی شیعە و سوننە و عەڕەبی خۆمانین.

 

لە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت حکومەتی ناوەندی عێراق؛ کام لایەن، بەرژەوەندیی ئەوتۆی هەیە؟   

کەسانێک کە بەشوێن تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدان، زۆربەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەم گرژیانەدا دەبیننەوە. ئەم کەسانە بە گەورەکردنەوەی گرفتەکان یا گرژییەکانی نێوان کوردەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا و تەنانەت حکومەتی ناوەندی عێراق، دەیانەوێت لە ئاویی ڵێڵ ماسی بگرن و بەو شێوەیەی کە بۆخۆیان پێویستیان پێیەتی کەڵکی ئەوتۆی لێوەرگرن. بە قەبووڵکردنی باروودۆخی ئێستا، ڕێبەران و خەڵکی کوردستان نابێت ئیزن بدەن؛ دوژمنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، لە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان کەڵک وەربگرن و ببنە هۆی شڵەژاویی و دڵەڕاوکێی کوردەکان. کوردەکان لە چوار وڵاتی ناوچەکە لەوانە: عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا بوونیان هەیە، هەر بەم پێیە ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتانە بەیەکترییەوە بەستراوەتەوە و دراوسێی یەکترین. ئەوە بەم مانایەیە کە ڕچاوگرتنی هێمنی و ئاسایش و هەروەها جوگرافیای ئەم وڵاتانە بۆ کوردەکان بایەخی تایبەتی هەیە کە هیچ کامیان نابێت دەست لە کارووباری یەکترییەوە وەربدەن.

ئێمە دەبێت لە هەر چەشنە دەستێوەردانێک لە کارووباریی ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە خۆمان بپارێزین، چونکە یەکێتی خاک و سەرهەڵدانی ئەم وڵاتانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگای بایخە و گرینگی خۆی هەیە.

 

وتووێژ لە: محەمەد مەژاری

 

لێنکی چاوپێکەوتن:

https://www.tehrantimes.com/news/459086/Greater-Kurdistan-an-impossible-dream-KRG-representative

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی بودجەی هەرێم دەکات

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 2021/3/9 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 کرد.


لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەبوو، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 و داتای خەرجی و داهاتی خەملێنراوی وەزارەتەکان کرا. جەخت لەوە کرایەوە کە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە، پێویستە هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێن و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و کورتهێنان و خەرجی ڕاستەقینە ببەستێت بەئامانجی برەودانی زیاتر، بە شەفافیەت لە دارایی گشتی هەرێمی کوردستان.


لە کۆبوونەکەدا هەروەها ، دوا پەرەسەندنەکانی پڕۆژی یاسای بودجەی حکومەتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 تاووتوێ کرا کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، دەنگی لە سەر بدرێت.


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە ، بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە هەلپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لە نێویشیاندا بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێم، لە سەر بنەمای دەستوور .


سەرۆکی حکومەت هیوای خواست، لایەنە عێراقییەکان ، پێشوازی و پشتیوانیی لە بانگەوازی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ مستەفا کازمی بکەن، لە پێناو چارەسەرکردنی ڕیشەییانەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ .

 
 
 
 
 
 
 

 

پەڕەى 15 لەکۆى 267 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی