ئێوارەی ئەمڕۆ پێنشەممە ٢٦ـی ٢ـی ٢٠١٥ لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرەتا سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد، دواتر کورتەیەکی لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەورووپا و بەشداریی لە کۆنفڕانسی میونخ پێشکەش کرد و ڕوونی کردەوە کە ئێستا هەموو جیهان بەچاوی ڕێزەوە دەڕواننە کوردستان و پێشمەرگە و ئازایەتی و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە بۆ هەموومان مایەی شانازیین. سەرۆک بارزانی ڕوونیشی کردەوە کە ڕێزگرتن لە کوردستان و ئازایەتیی پێشمەرگە هەر لەسەر ئاستی بەرپرسانی ئەو وڵاتانەدا نییە بەڵکوو خەڵکی ئەو وڵاتانەش ئێستا کوردستان و پێشمەرگە وەک تاکە هێزێک دەناسن کە توانیویەتی تەلیسمی داعش بشکێنێت.

دواتر سەرۆک بارزانی بە وردی باسی ڕەوشی بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و قەیرانی دارایی کرد و سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانی کرد کە بە یەکڕیزی و تەباییان، پشتیوانی پێشمەرگە بوونە و تەئکیدی کردەوە کە بۆ ئێستا و داهاتووشمان هیچ چەکێک هێندەی یەکڕیزیمان کاریگەر نییە و ئەوەی سەرکەوتنمان مسۆگەر دەکات ئەو یەکڕیزییەیە و نابێ ڕێگە بدەین ناحەزان بەهیچ شێوەیەک درز بخەنە ڕیزەکانمان. سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە وێڕای تەحەدیاتی بەردەممان، ئاییندەیەکی ڕوون لەبەردەم خەڵکی کوردستانە.

دواتر، بەڕێز دکتۆر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان، ڕاپۆرتێكی لەبارەی ڕێككەوتنی حكوومەتی هەرێم و بەغدا پێشکەش کرد و بە تێروتەسەلی وردەكارییەكانی هەناردەكردنی نەوتی بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ڕوون کردەوە و، بەڕێز دکتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندان ڕوونکردنەوەی پێویستی لەبارەی وردەکارییەکانی کێشەی دارایی پێشکەش کرد.

دواتر سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان وێڕای پێزانینیان بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە و ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و ناردنی سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان، پشتیوانیی خۆیان بۆ سیاسەتی نەوت و سەربەخۆیی ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و تەئکیدیان کردەوە کە خەڵکی کوردستان بە یەکڕیزی و یەک ئیرادەییەوە داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خۆی دەکات. تەئکیدیشیان کردەوە کە ئەو ئێستا گەلەکەمان خاوەنی بڕیار و ئیرادەی خۆیەتی و ئەوە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی چەندین ساڵەی گەلەکەمانە و لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری نابین.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە هەروەها جەختیشیان کردەوە کە لەم دۆخەی ئێستادا پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان زیاتر بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی مامەڵە لەگەڵ ڕەوشەکەدا بکەن و وەک پێشمەرگە بەرگری لە مافەکانی گەلەکەیان بکەن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا سەرۆک بارزانی وەڵامی سەرنج و تێبینییەکانی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەی دایەوە.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی