لە دووەمین ڕۆژی سەردانیدا بۆ میرنشینە یەكگرتووەكانی عەرەبی ’’ئیمارات’’، نیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ 2015/2/10، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، لە لایەن به‌ڕێز شێخ محەممەد بن ڕاشد ئال مەكتووم، جێگری سەرۆكی ده‌وڵه‌ت، سه‌رۆك وەزیران و حاكمی میرنشینی دوبەیەوە، پێشوازییان لێكرا.

لە دیدارێكدا به‌ڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سوپاسی به‌ڕێزیانی كرد بۆ بانگهێشتكردنی بۆ لوتكەی حكوومی لە دوبەی، بەڕێز شێخ محەممەد بن ڕاشد ئال مەكتووم - یش خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەشداریی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لوتكەی حكوومیدا دەربڕی.

لە دیدارەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ئیمارات كرا و هەردوولا خواست و ئامادەییی خۆیان بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان لە بوارە جیاكانی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و كەلتووری و كۆمەڵایەتیدا، دووپات كردەوە.

تاوتوێكردنی دوایین ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بەتایبەتی  و گرنگیی پێكهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی تیرۆر، به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو. لە كۆتاییدا بەڕێز شێخ محەممەد بن ڕاشد ئال مەكتووم، پەرتووكێكی خۆی بە دیاری پێشكەش بە به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی كرد.

دوای دیدارەكە بەڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوەری، بەشدارییان لە دانیشتنی سەرەكیی ئەمڕۆی لوتكەی حكوومیدا كرد، كە تیایدا بەڕێز شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، باسێكی تێروتەسەلی دەربارەی چۆنیەتیی گەشەسەندنی ئابووریی ئیمارات و دامه‌زراندنی ژێرخانی ئه‌و وڵاته‌، هەر لە ڕۆژی دامەزرانی دەوڵەتەوە تا ئێستا پێشكەش كرد، كە بۆتە یەكێك لە ئابوورییە پێشكەوتووەكانی ناوچەكە و جیهان.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی