ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی 7ـی 2014 دوای گەییشتنی سەرۆك بارزانی بۆ ئەنكارای پایتەختی توركیا ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆشكی سەرۆكایەتیی توركیا بەڕێز عەبدولا گویل سەرۆك كۆماری توركیا پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

 

لە كۆبوونەوەیەكدا كە وەزیری دەرەوەی توركیا و وەزیری ناوخۆی ئەم وڵاتە و ژمارەیەك گەورە بەرپرس و ڕاوێژكاری حكوومەتی توركیا ئامادەبوون، سەرۆك كۆماری توركیا سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ هاتنی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ توركیا نیشاندا و بەگەرمی بەخێرهاتنی كردن. سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و بە تایبەت موسڵ و ناوچەكانی دیكە سەرۆك كۆماری توركیا نیگەرانیی خۆی ڕاگەیاند و جەختی لەوە كردەوە كە عێراق پێویستی بە حكوومەتێكی دیموكراتی و سیستەمێكی فیدڕاڵی هەیە كە مافی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بپارێزێ و هیوایشی خواست كە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی پارلەمانی عێراق سەركەوتوو بێت و حكوومەتی تازە پێكبهێندرێت. هەر لەم دیدارەدا سەرۆك كۆماری توركیا پشتیوانیی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

 

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك كۆماری توركیای كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە بەڕێزیان و شاندی یاوەری كراوە و جەختی لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردەوە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە ڕاشكاوی بارودۆخی تازەی عێراق لە دوای ڕووداوەكانی موسڵ شێكردەوە و ڕایگەیاند كە لەماوەی شەو و ڕۆژێكدا هەرێمی كوردستان دراوسێیەكی نوێی بۆ پەیدا بوو و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە بارودۆخی تازە واقعێكی زۆر جیاوازی هێناوەتە كایەوە باسی پێویستیی گۆڕانكاری كرد لە عێراقدا و ئەوەی خستەڕوو كە گۆڕینی كەسەكان كاریگەر نابێت ئەگەر بێتوو ئەو فەرهەنگە سیاسییەی لە بەغدا باڵادەستە نەگۆڕدرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستە بەرچاو كە هەرێمی كوردستان دە ساڵ هەوڵی دا بۆ ئەوەی دیموكراسی لە عێراقدا بچەسپێت بەڵام ئەوەی لە عێراقدا ڕوویدا هەر هەمووی دژی ئەو دەستوورە بوو كە خەڵكی عێراق دەنگی پێدابوو و نموونەی زۆر ڕوونی پێشێلكردنی دەستوور لە لە لایەن بەغداوە بینراو و لە دەستووری عێراقیشدا بە ڕوونی هاتووە كە پابەندبوون بە دەستوور یەكپارچەیی عێراق دەپارێزێت. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی ڕوونكردەوە كە لەگەڵ هەموو ئەو پێشێلكارییانە هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات كە پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەربگرێت و ئەو سەركەوتنەیش بە دانانی پۆست و دەموچاوی تازە نییە بەڵكو دەبێ فەرهەنگی دژە دیموكراسی لە عێراقدا نەمێنێت و لە سیستەمی حوكمڕانیی عێراقدا گۆڕانی ڕیشەیی ئەنجام بدرێت. لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدەین بارودۆخی خۆمان باشتر بكەین و خۆمان بنیات بنێین و خاكی خۆمان لە هەڕەشەكان بپارێزین و لە هەمانكاتیشدا حیساب بۆ مەترسییەكانی تیرۆر لەسەر عێراقیش دەكەین.

 

شایانی باسە لە كۆتایی ئەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری توركیا كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵییان ئەنجامدا.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی