ئەمڕۆ هەینی، ١٧ـی٧ـی٢٠١٥، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پیرۆزبایی جەژن و ئاگاداربوون لە بارودۆخی هێزی پێشمەرگە و بەسەركردنەوەی بەرەكانی شەڕ، سەردانی هەرسێ میحوەری مەخموور-گوێڕ و باشوور و ڕۆژئاوای کەرکووکی کرد.

لەم سەردانەدا سەرەتا سەرۆك بارزانی سەردانی میحوەری مەخموور-گوێڕێ کرد و لەلایەن بەرێز سیروان بارزانی سەرپەرشتیاری میحوەرەکە و فەرماندە و پێشمەرگەکانی ئەو میحوەرە بەگەرمی پێشوازیی لێ کرا. سەرۆک بارزانی سەنگەرەکانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگەی بەسەر کردەوە و پیرۆزبای جەژنی لە فەرماندە و پێشمەرگەکان کرد و دەستخۆشیی لێ کردن کە بەهۆی ئازایەتی و گیانفیدایی ئەوانەوە هەموو جیهان بەچاوی ڕێزەوە سەیری كوردستان دەكات و گەلەکەشمان بە ئاسوودەیی جەژن دەگێڕێت.

دواتر سەرۆک بارزانی بەمەبەستی پیرۆزبایی جەژن و بەسەركردنەوەی بەرەكانی شەڕ لە میحوەرەكانی باشوور و ڕۆژئاوای کەرکووک، هێزەکانی پێشمەرگەی لەو دوو میحوەرە بەسەر کردەوە و لەلایەن بەڕێزان محەمەد حاجی مەحموود سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگە لە میحوەرەکانی کەرکووک و دکتۆر کەمال کەرکووکی بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک و دوبز و وەستا ڕەسوول بەرپرسی میحوەری چواری باشووری کەرکووک، بەگەرمی پێشوازییان لێ کرا.

دواتر لە كۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە لەو دوو میحوەرە سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە بەگەرمی پیرۆزبایی لە هێزی پێشمەرگە و فەرماندەکان کرد و ڕایگەیاند کە هاتووم تا جەژنتان لێ پیرۆز بکەم و سوپاستان بکەم بۆ ئەو خۆڕاگری و قارەمانێتییەی پێشانتان داوە و ئەو گیانفیدایی و لەخۆبووردووییەی ئێوە بۆ ئەوەیە گەلەکەمان بە ئاسوودەیی بژیت.

سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی پێشمەرگە زۆر پیرۆزە و پەیوەستە بە مان و نەمانی میللەتێک و و ئەوەیش بۆ ئێوە شانازییەکی گەورەیە و سڵاوی بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدانە نارد كە بە خوێنی خۆیان خاكی كوردستانیان پاراستووە.

سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە و دوابڕیاریش لای گەلە و حزبەکان ئامرازن بۆ خزمەتکردنی گەلەکەمان و بەرژەوەندیی باڵای گەل و نیشتیمان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە و وێڕای جیاوازیی لە بۆچوونەکان و ئەگەر ناکۆکییەکیش هەبێت، ئەوە گەل بڕیاری کۆتایی دەدات نەک حزبێک.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا جەختی کردەوە کە گەلەکەمان قوربانی زۆری داوە و پێویستە کۆتایی بە نەهامەتییەکانی بێت و ڕایگەیاند کە دەبێ بەدەستی خۆمان ئەو مافە وەدەست بهێنین و چاوەڕێی هیچ لایەک نەکەین، جەختیشی کردەوە كە یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگە و تێكەڵبوونی خوێنی پێشمەرگەكانمان لە سەنگەری بەرگری بنەمای یەكڕیزیی گەلەكەمانە و دەبێ ئەوە بۆ سیاسییەكانیش وەك ڕێگە پێشاندەرێك بێت بۆ یەكڕیزی و برایەتی و بە هیچ شێوەیەكیش نابێ بارودۆخی سیاسیی و ناوخۆیی كوردستان كاریگەریی لە سەر پێشمەرگە هەبێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرپەرشتیار و فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد کە هەمیشە لەگەڵ پێشمەرگەیە و بۆنە و جەژنەکانی لەگەڵ پێشمەرگە دەبێت، دواتریش سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی ڕەوشی بەرەکانی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان خستتەڕوو.

پاشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممه‌ له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی ساڵی تازه‌ی 2015دا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان میحوەری گوێڕ ـ مەخمووری به‌ره‌كانی جه‌نگی دژی تیرۆرستانی داعشی بەسەر كردەوە.

لە كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا لەگەڵ به‌ڕێزان فەرمانده‌ی گشتیی میحوه‌ره‌كه‌ و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌و میحوه‌ره‌، له‌ نزیكه‌وه‌ دوایین پێشهات و بارودۆخی بەرەكانی شەڕی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا تاوتوێ‌ كرد و تیشك خرایە سەر سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌م دوو ڕۆژه‌ی ڕابردووی پێشمه‌رگه‌ له‌و سنووره‌، كه‌ توانرا ناوچه‌یه‌كی فراوانی ئه‌و سنووره‌ له‌ تیرۆرستانی داعش پاك بكرێته‌وه‌ و زیانی زۆریان پێ بگه‌یه‌نرێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ دوایین داتا و زانیاری له‌سه‌ر پێشڕه‌وییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ئازادكردن و پاككردنه‌وه‌نه‌ی ئه‌و سنووره‌ له‌ تیرۆرستان، بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕوون كرایه‌وه‌.

دواتر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە یاوەریی فەرماندە سه‌ربازییه‌كانی ناوچەكە؛ هێڵەكانی پێشەوەی پێشمەرگەی بەسەر كردەوە و لە وتەیەكدا ڕایگەیاند كە بۆ دەستخۆشیكردن لە سەركەوتنەكانی ئەم چەند ڕۆژانەی دوایی لە میحوەرەكە و ناوچەكانی دیكەی كوردستان سەردانی ئەو سنوورەی كردووە و بە بۆنەی سەری ساڵی تازەوە، پیرۆزبایی لێكردن و هیوای خواست ساڵی 2015 بۆ پێشمەرگە و خانەوادەكانیان و تەواوی گەلی كوردستان، ساڵی سەركەوتن و كۆتاییهاتن و لەناوبردنی یەكجارەكیی تیرۆر و تیرۆرستان بێت و ئاشتی و سەقامگیری و ئاوەدانی بگەڕێتەوە ناوچه‌كه‌ و عیراق و هەرێمی كوردستان. هەروەها باسی لە ڕۆڵی جوامێرانە و قارەمانانەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كرد، كە ڕۆژانە له‌ هه‌موو به‌ره‌كاندا سەركەوتنی گەورەتر تۆمار دەكەن و تیرۆرستان لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دوور دەخەنەوە.

ە درێژەی گوتەكەیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی بۆ خانەوادەی شەهیدە قارەمانەكان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە پێشمەرگە قارەمانەكان مه‌ردانه‌ لەپێناو پاراستنی خەڵك و دەستكەوتەكانی كوردستاندا، هەر لە كۆبانێوە تا شەنگال و جەلەولا و سەعدیە بە گیان و خوێنی خۆیان بەرگری دەكەن و قوربانی دەدەن و له‌ شه‌ڕێكدا شەهید دەبن، كه‌ به‌ زۆری به‌سه‌ر خه‌ڵك و هه‌رێمی كوردستاندا سه‌پێنراوه‌. له‌ وه‌ڵامی ڕۆژنامه‌نووسانیشدا ڕایگه‌یاند كه‌ حكوومه‌ت كار بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و به‌نیشتیمانیكردنی ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات ڕه‌وشی ژیانیان باش بكات.

 

 

 

 

بە مەبەستی بەسەركردنەوەی بەرەكانی شەڕ و هەڵسەنگاندنی مەیدانیی دۆخ و گوزەرانی پێشمەرگە و لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ئامادەكاری و ئەو ڕێوشوێنە سەربازییانەی كە لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بۆ بەرگریكردن و هێرشبردن لەدژی تیرۆریستان گیراونەتەبەر، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ـی ١١ـی ٢٠١٤ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێڵەكانی پێشەوەی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی لەدژی تیرۆریستان لە هەردوو میحوەری مەخموور و گوێڕ بەسەرکردەوە.


لەم سەردانەدا کە هەریەک لە بەڕێزان مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەریق جەبار یاوەر و فەریق شێروان عەبدولڕەحمان یاوەری سەرۆک بارزانی بوون، لەلایەن بەڕێز سیروان بارزانی سەرپەرشتیاری هەردوو میحوەرەکە و بەڕێزان قادر قادر بەرپرسی میحوەری گوێڕ و نەجات عەلی بەرپرسی میحوەری مەخموور، پێشوازییان لێ کرا. دواتر سەرۆک بارزانی لەنزیكەوە سەنگەرەكانی پێشمەرگەی لە میحوەری گوێڕ بەسەر كردەوە و لەگەڵ پێشمەرگەكان دوا. فەرماندە و پێشمەرگەکانی میحوەری گوێڕ وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵییان کە جارێکی تر سەرۆک بارزانی لەسەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە دەبینن، بەڕێزیان لە لە چۆنییەتیی ئامادەكارییەكانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و هێرشكردن بۆ سەر تیرۆریستان ئاگادار كردەوە و باسی ئەو سەرکەوتنانە کرا کە دوای ئازادکردنی گوێڕ، گوندەکانی زممارە عەبدوڵڵا و زممارەسابیر و تەلخێم و بنکەکانی سەر چیای قەرەچوخ و چەندین شوێنی گرینگی تر ئازادکراون. سەرۆک بارزانی دەستخۆشیی ئەو سەرکەوتنانەی لە هێزی پێشمەرگە کرد و سوپاسی خۆڕاگرییانی كرد و داوای لێ كردن بە وریایی و چاوكراوەیی سەنگەرەكانیان و خاكی كوردستان بپارێزن.

دواتریش سەرۆک بارزانی سەردانی میحوەری مەخمووری کرد و سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە هێڵەكانی پێشەوە بەسەرکردەوە. لەو سەردانەیشدا بە وردی باسی ئامادەکارییەکانی پێشمەرگە و ئەو سەرکەوتنانەیش کرا کە دوای ئازادکردنی مەخموور لەو میحوەرە وەدەست هاتوون و جگە لە گوندەکانی ڕواڵە و گلگامێشە و گرەسۆر و سیرمە و پونگینە، ناحیەی باقرت و حەڤدە گوندی سەربەو ناحیەیە ئازادکراون.

سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە بۆ دووەمجارە بۆ پیرۆزایی سەرکەوتن و ئاگاداربوون لە ڕەشی پێشمەرگە قارەمانەکان هاتۆتە ئەو میحوەرە و دەستخۆشیی سەرکەوتنەکانی لە پێشمەرگەکان کرد و سوپاسی خۆڕاگرییانی کرد کە گیانی خۆیان خستۆتە سەردەست بۆئەوەی گەلەکەمان بە ئازادی و ئارامی بژییت و دڵنیای کردنەوە کە تیرۆریستان ورەیان ڕووخاوە و لە شکستی بەردەومدان و لە هیچ شوێنێک ناتوانن خۆیان لە بەرانبەر ورەی پۆڵایینی پێشمەرگە ڕابگرن. هەروەها تەئکیدی کردەوە لە سایەی ئازایەتیی پێشمەرگە قارەمانەکان و خۆڕاگریی گەلەکەمان، کوردستان هەر لە سەرکەوتن و پێشکەوتندا دەبێت.

 

 

 

 

بە مەبەستی بەسەركردنەوەی بەرەكانی جەنگ و هەڵسەنگاندنی مەیدانیی دۆخ و گوزەرانی پێشمەرگە و لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ئامادەكاری و ئەو ڕێوشوێنە سەربازییانەی كە لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگە بۆ بەرگریكردن و هێرشبردن لەدژی تیرۆریستان گیراونەتەبەر ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی 8ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەردانی هێڵەكانی پێشەوەی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەدژی تیرۆریستان لە میحوەری مەخموور و گوێڕ و خازر كرد.


لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی لە هەر سێ میحوەری مەخموور و گوێر و خازر لەنزیكەوە سەنگەرەكانی پێشمەرگەی بەسەر كردەوە و لەگەڵ پێشمەرگەكاندا دوا و لە چۆنییەتیی ئامادەكارییەكانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و هێرشكردن بۆ سەر تیرۆریستان ئاگادار كرایەوە و لەلایەن فەرمانە و بەرپرسە سەربازییەكانی ئەم میحوەرانە وردەكاریی پلانەكان و ئامادەیی پێشمەرگە لەڕووی ورە و چەك و ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستن و تێشكاندنی دوژمن خرایە ڕوو و، سەرۆك بارزانییش فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەی لە ڕێنوێنی و پلانە گشتییە سەربازییەكان و دۆخی سیاسی و سەربازیی و پشتگیریی وڵاتان و دۆستان ئاگادار كردەوە.

هەر لەم بەسەر كردنەوانەدا سەرۆك بارزانی لە هەر سێ میحوەری مەخموور و گوێڕ و خازر وتەی پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و تێیدا دەستخۆشی و سوپاسی خۆڕاگریی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد و داوایشی لێ كردن كە ڕێگە بە هیچ جۆرە كەموكوڕییەك نەدەن و بە وریایی و چاوكراوەیی سەنگەرەكانیان و خاكی كوردستان بپارێزن بە جۆرێك كە دوژمن بیر لەوە نەكاتەوە كە بتوانێ خاكی كوردستان داگیر بكات. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە مێژووییبوونی ئەم قۆناغە و هەستیاریی ئەركی هێزەكانی پێشمەرگە كرد بە تایبەت كە هەموو دونیا ئێستا بە ڕێز و پێزانینەوە چاوی لە هێز و هیمەتی پێشمەرگەیە و پێشمەرگە بووەتە جێگەی ئومێدی هەموو جیهان چونكە شەڕی تیرۆر دەكات ئەو تیرۆرەی كە هەڕەشەیە لەسەر هەموو مرۆڤایەتیی و جیهان.

سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ئەو شەڕی ئێستا پێشمەرگە دەیكات شەڕێكی تازە و شێوازەكانی جیاوازن لە شەڕەكانی دیكە، ئاماژەی بەوەدا ئەو دوژمنەی پێشمەرگە شەڕی لەگەڵ دەكات دوژمنێكە كە هیچ ئاییندەی نییە و لە جیهاندا مەقبووڵ نییە و ئەگەر ئەو دوژمنە لەسەر دەستی گەلی كوردستان تێكبشكێندرێت ئەوە دەبێتە سەروەرییەكی مەزن بۆ كوردستان. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە هەر سێ میحوەری مەخموور و گوێڕ و خازر خستەڕوو كە لەوە دڵنیایین كە ئەم بارودۆخە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان كۆتایی دێت و كوردستان سەردەكەوێت و دەبێ هەموومان بیر لە سەركەوتنی گەلی كوردستان بكەینەوە و كار بۆ ئەم سەركەوتنە بكەین.

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ گەلی كوردستان رایدەگەیێنێ كە هێزی پێشمەرگە لەپێشڕەویدایە و ، بە تەواوی تیرۆریستان تێكدەشكێنن ، لەبەرئەوەش پێویست ناكات خەڵك تووشی دڵەڕاوكێ ببێت .

ئەمەش دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانییە:

پەیامێك بۆ گەلی كوردستان

گەلی خۆشەویست و خۆڕاگری كوردستان دڵنیادەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەپێشڕەویدایە لە بەرەی شنگالدا، هەروەها لەبەرەی جەلەولا و مەخمووردا چەكدارە تیرۆریستییەكانی داعشی تێكشكاندوون .
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە باوەڕبوون بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەڵێندەداتە هەموو گەلی كوردستان كە ڕێگە نادات تیرۆریستان خاكی پیرۆزی كوردستان پیس بكەن و ، پێشكەوتنی ژیان لە كوردستان ڕابگرن .
داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەین كە بەهیچ شێوەیەك دڵەڕاوكێ نەیانگرێت و ، بە ئارامی لە شوێنەكانی خۆیان بمێننەوە و درێژە بە كار و ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن .
بەڵێندەدەینە گەلی كوردستان ، كە بە دەستێكی پۆڵاین لە تیرۆریستان دەدەین و ، ئەو مەترسییەی لەسەر گەلی كوردستان و ناوچەكەش هەیە لادەدەین . هەموومان دەبێ باوەڕمان بە پێشمەرگە هەبێت و پشتیوانی پێشمەرگە بكەین .
داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان و گەنجانی كوردستان دەكەین كە هەمیشە ورەبەرزبن ، دەبێ هەموومان باوەڕمان بە دۆزی رەوای خۆمان هەبێت ، ئێمە ئێستا بەرگریی لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەكەین لە بەرامبەر هێزێكی تیرۆریستی داگیركەردا ، ئەوەش ئەوپەڕی ورە بەرزی پێویستە ، بەتایبەتیش كە تیرۆریستان لەبەر زەبری پێشمەرگە كەوتوونەتە پەلەڤاژەی لەنێوچوونەوە.
بۆیەش داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەین كە ورەبەرز و ئارام بن .

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
6/8/2014

 

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی