د.ئومێد سەباح، گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەی واژۆ كردووە.
د.ئومێد سەباح بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "كاژێر 10ی سەرلەبەیانی هاوكات لەگەڵ ساڵیادی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی شەهید بەڕێز مەسعود بارزانی مەرسوومی فەرمانی هەرێمی بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهیدی واژۆكرد".
پێشتر بارزانی لە نووسراوێكی فەرمیدا داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد چاوەڕێی بەغدا نەكات و رێكارە كارگێڕییەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەستپێبكات.
لە نووسراوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتبوو، "لەبەر ئەوەی بە رای كۆمەڵێك یاساناس، بابەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید دەكەوێتە بازنەی سەڵاحیاتی ئیداریی هەرێمی كوردستان و هەروەها نەبوونی ئیستیجابەی پێویست لە لایەن بەغدا بۆ بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، بڕیارمان دا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات دەست بە رێوشوێنە ئیدارییەكانی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەی شەهید بكات بۆ ئەوەی داواكاریی خەڵكی قارەمانی ئەم دەڤەرە جێبەجێ بكرێت".
رۆژی 13ی ئەم مانگەش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی واژۆكرد‌و رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی كردەوە.
یەک شەممە, 16 ئازار 2014
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
خوشك و برایان و دانیشتوانی هەڵەبجەی شەهید
دوای ئەو قوربانیدانە مەزنەی ئێوەی سەربەرز بە كورد و كوردستانتان بەخشیوە بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە كەمترین خزمەتە كە لە ئاستی قوربانیدانی ئێوەی خۆشەویستدا بێت. كاركردن لەسەر مەسەلەی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە بە ئەركی خۆمان دەزانین و، ئێستا ئەم پرسە لای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵە. دڵنیاتان دەكەین كە بەردەوام دەبین بۆ سەرخستنی ئەم بابەتە گرنگە بە زووترین كات و ئەوەیان دەستكەوتێكە بۆ ئێوەی ئازیز و هەموو كوردستانییەك.
ئومێدەوارم ئێوەی خۆشەویست بواری ئەوە بە كەس نەدەن یاری بەم بابەتەوە بكات و كار بۆ نائومێدكردنی خەڵكی قارەمانی هەڵەبجەی شەهید بكات. چونكە لە ڕاستیدا پڕۆژەی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەی شەهید بابەتێكی نەتەوەیی و نیشتیمانییە و هەنگاوێكە بۆ خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی خۆڕاگری ئەم دەڤەرە و ئامانجی ئەوەیە هەڵەبجە ببێتە سەنتەری ئاشتی و ژیانێكی نوێ لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
3ـی 3ـی 2014
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 2014/1/21، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بانگهێشتی په‌رله‌مانی یه‌کێتی ئه‌وروپا گه‌یشته برۆكسل.، دواتریش له دانیشتنێكی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپادا له وتارێكدا سه‌رۆك بارزانی تیشكی خسته‌رسه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگ و ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌شی شیكرده‌وه.
له‌و کۆبوونه‌وه‌دا که ژماره‌یکی زۆر له په‌رله‌مانتاری ئه‌وروپا به‌شدار بوون و نزیکه‌ی یه‌ک کاتژمێری خایاند، له سه‌ره‌تادا سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان باسی گرنگی رۆلی یه‌کێتی ئه‌وروپای کرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که ده‌رفه‌تی زۆر هه‌یه بوهاوکاری له نێوان یه‌کێتی ئه‌وروپا و حکومه‌تی فیدرالی عێراق و هه‌روه‌ها له گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له بواره جیاجیاکاندا، به تایبه‌تی له رووی ئابوری و بازرگانی.
دوای وتاری سه‌رۆک مسعود بارزانی، ژماره‌یه‌ک له په‌رله‌مانتاری یه‌کێتی ئه‌وروپا راو و بۆچونیان له سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و عێراق خسته روو و زۆر به ئه‌رێنییه‌وه باسیان له رۆل و سه‌رکردایه‌تی ژیرانه‌ی سه‌رۆک بارزانی-یان کرد. هه‌روه‌ها پێشکه‌وتنه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له روی ئاسایش و سه‌قامگیری وگه‌شه‌کردنی ئابوری به‌رز نرخاند. دواتریش ژماره‌یه‌ک پرسیاریان ئاراسته‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمیان کرد.
ده‌قی وتاری سه‌رۆکی هه‌رێم:
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت سوپاسی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بكه‌م كه بۆ ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یان بانگهێشت كردین ، بێگومان ئه‌وروپا رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه و بوارێكی فراوانیش هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كار له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی و حكوومه‌تی هه‌رێمدا بكات بۆ پته‌وكردنی پێوه‌ندییه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا به تایبه‌تی له بواره‌كانی ئابووری و بازرگانیدا. ده‌زانین كه رێكه‌وتنێك له نێوان حكوومه‌تی عیراق و یه‌كێتی ئه‌وروپادا هه‌یه‌و هیوادارین هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی له‌م رێكه‌وتنه‌دا هه‌بێت و له‌لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپا و په‌رله‌مانی ئه‌وروپاوه بایه‌خی پێ بدرێت.
ده‌مه‌وێت به‌ڕێزتان له كورته‌یه‌ك له‌و كاره‌ساتانه ئاگادار بكه‌مه‌وه كه به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هاتوون ، گه‌لی كوردستان دووچاری ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر و هه‌ڵمه‌تی زۆر دڵڕه‌قانه بووه‌وه له‌لایه‌ن رژێمه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كان كه ده‌سه‌ڵاتی عیراقیان گرته ده‌ست، چه‌كی كیمیاییش دژی به ئافره‌تان و منداڵان به‌كارهێنراو كرده‌ی ئه‌نفالیش دژ به گه‌لی كورد ئه‌نجام دراو له ئاكامدا 182 هه‌زار كه‌س بێ سه‌روشوێن بوون ته‌نیا ته‌رمی نزیكه‌ی چوار هه‌زاریانمان ده‌ست كه‌وته‌وه له‌وانه‌ی له بیابانه‌كانی باشووری عیراقدا زینده به چاڵ كرابوون و كاری گه‌ڕان و پشكنینیش به‌رده‌وامه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی شوێن بزره‌كانی دیكه .
له چه‌ند ساتێكی كه‌میشدا پێنج هه‌زار هاووڵاتی شه‌هید بوون زۆربه‌یان ئافره‌ت و منداڵ بوون له ئاكامی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له شاری هه‌ڵه‌بجه به ته‌نیا .
خوشك و برایانی به‌ڕێز
ئێمه له هه‌رێمی كوردستان سیاسه‌ت و كولتووری لێبوورده‌یی و پێكه‌وه ژیان و قبووڵ كردنی ئه‌وی دیكه‌مان په‌یڕه‌وكردووه، له كاتی راپه‌ڕینه‌كه‌ی گه‌لی كوردستان له ئاداری ساڵی 1991 تۆڵه‌مان له‌و كه‌سانه نه‌سه‌نده‌وه كه زوڵمیان لێ كردین، هه‌روه‌ها پاش رووخانی رژێم له ساڵی 2003دا تۆڵه‌مان له‌و كه‌سانه نه‌سه‌نده‌وه كه خراپه‌یان به‌رانبه‌ر كردین، لاپه‌ڕه‌كی نوێمان له‌گه‌ڵ خۆمان و كه‌سانی دیكه‌دا كرده‌وه، ئه‌مه‌ش یارمه‌تی ده‌ربوو بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان بۆ بنیادنانی وڵاته‌كه‌مان و سووك كردنی باری سه‌ر شانی گه‌له‌كه‌مان ته‌رخان بكه‌ین .. له ئاكامی ئه‌و سیاسه‌ته‌دا هه‌رێمی كوردستان رێژه‌یه‌كی به‌رزی ئه‌من و سه‌قامگیری به خۆوه بینی ، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كی زۆر كۆمپانیای جیهانی له وڵاته جۆراوجۆره‌كانی جیهانه‌وه بێن بۆ وه‌به‌رهێنان له كوردستان. وه‌ك نموونه‌یه‌كی ساكار بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی ئه‌و په‌ره‌سندنه بزانن كه له كوردستان به‌دی هاتووه داهاتی تاك له كوردستان به‌ر له 2003 له 500 دۆلار كه‌متر بوو ئێستا له پێنج هه‌زار دۆلار تێپه‌ڕیوه.
ئێمه له سه‌ره‌تای رێگه‌داین بۆ بنیادنانی ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی دیموكراتی له كوردستان و پێویستمان به یارمه‌تی ئێوه هه‌یه تا ئه‌م ده‌زگایانه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی سه‌رده‌میانه‌و دروستانه بنیات بنێین. ئێمه پێویستمان به شاره‌زایی ئێوه هه‌یه‌و به هیواین پشتیوانی له مافه‌كانی گه‌لى كوردستان بكه‌ن.
هه‌روه‌ها داواتان لێ ده‌كه‌ین هه‌موو كۆشش و هه‌وڵتان بخه‌نه كار له پێناوى بڕیاردان له سه‌ر ئه‌و جینۆسایده‌ی به‌رانبه‌ر به گه‌لی كوردستان ئه‌نجام درا هه‌روه‌ها داوا له به‌ڕێزتان ده‌كه‌ین كار له‌گه‌ڵ لایه‌نه پَیوه‌ندیداره‌كاندا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌كی تایبه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا له هه‌رێمی كوردستاندا بكرێته‌وه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆى پته‌وبوونی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ئه‌وروپا له بواره‌كانی ئابووریدا.
هه‌روه‌ها داواتان لێ ده‌كه‌ین پشتیوانی له پرۆسه‌ی سیاسی له عیراق بكه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای پابه‌ندبوون به ده‌ستوور و دیموكراتی و فیدرالیزم و به گژداچوونی تیرۆریزم له عیراق و ناوچه‌كه به گشتی، به‌داخه‌وه‌ش تیرۆریزم بووه‌ته دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیدار هه‌ڕه‌شه له گه‌لان و وڵاتانی جیهان ده‌كات .
ئێمه‌ش زۆرمان به ده‌ستی تیرۆریزمه‌وه چه‌شتووه به‌ڵام له به‌گژداچوونی تیرۆریزم خۆڕاگرین چونكه هیچ رێگه‌یه‌كی دیكه نییه به گژداچوونی تیرۆریزم نه‌بێت . ئێمه كولتووری لێبوورده‌ییه‌مان پێڕه‌و كرد‌و رێگه‌مان به ئازادی ئایینی داوه‌و ئافره‌تیش رۆڵى خۆى ده‌بینێت له بنیادنانی كۆمه‌ڵه‌كه‌مان و ده‌زگاكانمان و ئه‌م سیاسه‌ته‌و ئه‌و ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌ى هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌تی ، ئه‌وه ئێستا میوانداری 250 هه‌زلار په‌نابه‌ر ده‌كه‌ین، زۆربه‌یان كوردی رۆژئاوان هه‌روه‌ها عه‌ره‌ب و مه‌سیحی و هی دیكه‌یان تێدایه، هه‌روه‌ها میواندارى 200 هه‌زار له برا عه‌ره‌به‌كانمان ده‌كه‌ین له ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق كه له ده‌ستى تیرۆریزم و بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌من و ئاسایش هاتوونه‌ته كوردستان .
نزیكه‌ى 10 هه‌زار خێزانی مه‌سیحی له كوردستان ده‌ژیان، وێڕاى ئه‌م خێزانانه‌یش 26 هه‌زار خێزانی دیكه هاتنه كوردستان و به هۆى تیرۆریزم و به هۆى ئه‌وه‌وه دووچارى كوشتن و تۆقین بووبوونه‌وه، ئێستا 15 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ی ناوچه‌ى ئه‌نباریشی هاته سه‌ر كه ره‌وشێكی دژوار به خۆوه ده‌بینێت.
ئێمه شانازى به‌وه‌وه ده‌كه‌ین كه هه‌رێمی كوردستان ببێته داڵده‌ى هه‌ر كه‌سێك په‌ناى بۆ ده‌هێنێت به‌ڵام له هه‌مان كاتدا له راستیدا بایه‌خی نێوده‌ڵه‌تی له رووى یارمه‌تیدانی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌وه له ئاستی پێویستدا نه‌بوو، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ره‌وشی په‌نابه‌ران له وڵاتانی دیكه له ناوچه‌كه‌دا.
هه‌رێمی كوردستان و كورد فاكته‌ری سه‌قامگیرین نه‌ك فاكته‌رى كێچه‌ڵ یان دروستكردنی كێشه، له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌خه‌ینه گه‌ڕ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه له عیراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و بنیادنانی ده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ت و پابه‌ندى ده‌ستورییش ده‌بین و له پێناوى هه‌ر هه‌موو ئه‌مه‌یشدا جارێكی دیكه داواتان لێ ده‌كه‌م ئێمه پێویستمان به پشتیوانی و یارمه‌تی ئێوه هه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕى سوپاسدا.
دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥/١٢/٢٠١٣، پڕۆژە یاساى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى شەهیدی به فه‌رمى ڕاده‌ستى سه‌رۆكی ئەنجوومەنی وه‌زیرانى عێراقى فیدرال کرد، ڕۆژی ٣١ـى کانوونی یەکەمی ٢٠١٣، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهیدی پەسند کرد. ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەستخۆشیی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەکەین بۆ پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیەی هەرێمی کوردستان و چاومان لەوەیە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بە زووترین کات ئەو پڕۆژە یاسایە پەسند بکات.
داوا لە سەرجەم فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین هەروەک چۆن رۆڵی نیشتیمانییان بینی لە ناساندنی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە وەک تاوانی جینۆساید، بەهەمان شێوە لە پرسی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەدا هەمان هەڵوێست دووبارە بکەنەوە و پشتیوانی ئەم داخوازیە رەوایەی خەڵکی هەڵەبجە بن.
لێرەوە داوا لە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین بێ جیاوازی، شاندی هاوبەش دروست بکەن و وەک یەک تیمی کوردستانی، بۆ زامنکردنی پشتیوانی بۆ یاساکە، لەگەڵ هەموو فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببنەوە.
هەڵەبجەی شەهید بووەتە هێمای قوربانیدان و مافی لەسەر کوردستان و عێراق و هەموو مرۆڤایەتی هەیە، بۆیە هیوادارین ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئاست ئەو متمانەیەدابن کە خەڵکی ئازیزی هەڵەبجە پێیان کردوون و بە دەنگی خۆیان لە دڵخۆشی خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەڵەبجەی شەهید بەتایبەتی بەشدار بن.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
٢/١/٢٠١٤
خه‌ڵكی كوردستان
خه‌ڵكی به شه‌ره‌فی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی خۆشه‌ویست...
به بۆنه‌ی ده‌رچووی بڕیاری به پارێزگابوونی شاری هه‌ڵه‌بجه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و ره‌وانه‌كردنی بڕیاره‌كه بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له دڵه‌وه گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به گشتی و خه‌ڵكی به شه‌ره‌ف و خۆڕاگری هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌م و لێره‌وه سه‌رجه‌م نوێنه‌رانی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ به‌زوویی ده‌رچوونی ئه‌م بڕیاره له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
ئه‌گه‌ر ساڵی رابردوو به كۆمه‌ڵێك رووداو و كاره‌ساتی ناخۆشدا تێپه‌ڕبووبین ئه‌وا خۆشترین بڕیاری ئه‌م ساڵه ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بوو له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه و نكۆڵیش له‌وه ناكرێ كه ئێمه‌و مانان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه‌و وه‌ك مافێكی هه‌ره سه‌ره‌تایی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ئه‌م هه‌وڵه‌ی داوه‌و وا ئه‌مڕۆش به دڵخۆشیه‌وه هه‌وڵه‌كانمان ئه‌نجامی ده‌بێ و هه‌ڵه‌بجه‌ی خۆشه‌ویست به پارێزگا ده‌بێ.
لێره‌وه‌و له‌میانی ده‌رچوونی ئه‌م بڕیاره گرنگه به پێویستی ده‌زانم ئه‌وه بڵێم كه هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان شایسته‌ی زۆر له‌وه زیاترن و ئه‌و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ی ئێمه بوو كه كورد‌و كێشه ره‌واكانی به دنیا ناساند و ئه‌مڕۆش خشتێكی تر ده‌خاته سه‌ر خه‌رمانی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان له عێراقی فیدرالدا.
له‌كۆتاییدا وێڕای دووباره پیرۆزباییم له خه‌ڵكی به شه‌ره‌ف و دڵسۆز‌و كوردپه‌روه‌ری هه‌ڵه‌بجه، ده‌ستخۆشی و پیرۆزبایی خۆشم ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه ده‌كه‌م كه رۆڵیان هه‌بووه‌و ده‌بێ له به‌ره‌و پێشبردنی ئه‌م كه‌یسه و ده‌رچوونی ئه‌م بڕیاره گرنگه مێژووییه.
دووباره پیرۆزه‌و با لێره‌وه هه‌موومان به‌ڵێنی زیاتر خزمه‌تكردنی هه‌ڵه‌بجه بده‌ین، چونكه هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان جگه له به پارێزگابوونیان شایسته‌ی باشترین خزمه‌تكردنن.
كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
1/1/2014
بە خۆشحاڵییەوە ڕۆژی سێشەممە ٣١ـى کانوونی یەکەم، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهیدی پەسند کرد و خواستێکی ڕەوای خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە هاتەدی کە ماوەیەکی زۆر بوو کارمان بۆی دەکرد.
بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی خۆڕاگری هەڵەبجەی شەهید دەکەم، خۆشحاڵم کە لە کۆتاییدا ئەو بەڵێنەی بە ئێوەم دابوو هاتەدی. لەماوەی ڕابردوودا هەوڵی زۆرمان دا بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئەو کارە ڕێوشوێنە یاساییەکانی تەواو بکات، هەربۆیە ڕۆژی سێشەممە 24/12/2013 لە نامەیەكی فەرمیدا بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوام کرد لە وردەكاریی ئەو رێوشوێن و هەنگاوانە ئاگادارم بكەنەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فێدراڵ بەمەبەستی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی شەهید گرتوویانەتەبەر، ئەوەبوو ڕۆژی 25/12/2013، پڕۆژە یاساى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى شەهید لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە به فه‌رمى ڕاده‌ستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدرال کرا.
ئەگەرچی وەدیهاتنی ئەم دەستکەوتە گرینگە بۆ شاری هەڵەبجەی شەهید ماوەیەکی زۆری پێ چوو، بەڵام دەبوایە ڕێکارە یاساییەکانی تەواو بکات و پڕۆژە یاساکە لە بەغدا پەسند بکرێت.
هەڵەبجەی شەهید سەمبولی قوربانیدانی گەلی کوردە و گرێی بەختی کوردی کردەوە و شایستەی ئەوەیە زۆرترین خزمەتی پێشکەش بکرێت. هیوادارم دوای ئەم بڕیارە گرینگە، شاری هەڵەبجە ببێتە شاری خۆشی و سەمبولی ئاشتی بۆ هەموو جیهان.
خەڵکی ئەو شارە ئازیزە ناخۆشیی زۆریان بینیوە و پێویستە برینەکانیان ساڕ‌ێژ بکرێت، بۆیە هیوادارم ئەو ئیدارە نوێیەی لەوێ دادەمەزرێت بە دڵی خەڵکی ناوچەکە بێت و خزمەتێکی شایستەیان پێشکەش بکات.
پیرۆز بێت لە هەڵەبجە، پیرۆز بێت لە کوردستان.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
١/١/٢٠١٤
دوای ئەوەی لە 25ى دیسه‌مبه‌رى 2013، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پڕۆژه یاساى به پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى به فه‌رمى ڕاده‌ستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى فیدرال نوورى مالیكى كرد، پاش ئه‌وه‌ى ئه‌ویش ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر نیشان دا و بڕیار درا بخرێته كارنامه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عیراقه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت و بنێردرێته په‌رله‌مانى عیراق، له دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقدا پرسی به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا، دواتر به زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاری به پارێزگابوونی درا.
د. خه‌یروڵا حه‌سه‌ن، وه‌زیری بازرگانی عیراق، رایگه‌یاند: له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا، به زۆرینه‌ی ده‌نگ ره‌زامه‌ندی درا له‌سه‌ر به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید و كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به‌رده‌وامه".
پێشتریش وه‌زیری بازرگانی عیراق رایگه‌یاندبوو، بڕیاره ئه‌مڕۆ دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ڕێوه‌بچێت و به‌پێی كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه، بڕگه‌ی یه‌كه‌م گفتوگۆكردن ده‌بێت له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای بودجه‌و بڕگه‌ی حه‌وته‌میش گفوگۆكردن ده‌بێت له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای به‌پارێزگاركردنی هه‌ڵه‌بجه.
ئه‌و وه‌زیره كورده، ته‌ئكیدیشكرده‌وه، كه بڕیاری به‌پارێزگاركردنی هه‌ڵه‌بجه له‌ده‌سه‌ڵاتی نوری مالیكی، سه‌رۆكی وه‌زیراندا نییه، ده‌بێت له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا وه‌ك هه‌ر پرۆژه‌یاسایه‌كی دیكه گفتوگۆی له‌باره‌وه بكرێت و پاشان بخرێته ده‌نگدانه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش مالیكی له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساكه نوسیویه‌تی، له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بخرێته‌ڕوو، به‌مانای گفتوگۆكردن له‌سه‌ری دێت.
جه‌ختیشیكرده‌وه، كه ئه‌وان وه‌كو وه‌زیره كورده‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، هه‌وڵی ته‌واوی خۆیان داوه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی دیكه رازی بكه‌ن به ده‌نگدان له به‌رژه‌وه‌ندی پرۆژه یاساكه.
ڕۆژی سێشەممە 24/12/2013 بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نامەیەكی فەرمیدا بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەكات لە وردەكاریی ئەو رێوشوێن وهەنگاوانە ئاگادار بكرێتەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فێدراڵ بەمەبەستی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی شەهید گرتوویانەتەبەر.
لەو نامەیەدا سەرۆك بارزانی بایەخدانی زیاتر بە هەڵەبجەی شەهید و بەپارێزگابوونی دووپات كردووەتەوە و جەختیشی لەسەر دابینكردنی خزمەتگوزاری و كەمكردنەوەی كێشەكانی خەڵكی شەهیدپەروەری هەڵەبجە و دەورووبەری كردووە.