نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ باڵیۆزى سوید له‌ عیراق كرد

  • چوار شەممە, 13 ت دووەم 2013

 

 

 

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ى نۆڤبه‌رى 2013، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ "لەیۆرگن لیندسترۆم" باڵیۆزی سوید لە عیراق و خاتوو "جیسیكا سڤارت" جێگری باڵیۆز و بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانە لە هەولێر و شاندێكی یاوەریان لە وەزارەتی دەرەوەی سوید كرد.

 

له‌ سه‌ره‌تاى دیداره‌كه‌دا باڵیۆزى سوێد له‌ عیراق پیرۆزبایى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستانى له‌ سه‌رۆك وه‌زیران كرد و به‌ڕێوه‌چوونى سه‌ركه‌وتوانه‌ى پرۆسه‌ى ده‌نگدانى به‌ پته‌وبوون و به‌ره‌وپێشچوونى دیموكراسى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا. لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌وه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان گرنگ و جێى بایه‌خه‌، سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى دیموكراسى و ئه‌نجامدانى سه‌ركه‌وتووانه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان و به‌ڕێوه‌چوونى ڕێكوپێكى ده‌نگدانه‌ و هیواى خواست هه‌ڵبژاردنى پارێزگاكانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ و به‌ ڕێكوپێكى به‌ڕێوه‌ بچن.


په‌یوه‌ندییه‌كانى سوێد له‌گه‌ل عیراق و هه‌رێمى كورستان و چۆنیه‌تیى پته‌وكردنیان به‌ تایبه‌تیش له‌و بوارانه‌دا كه‌ بۆ هه‌ردوولا جێى بایه‌خن، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانى نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند نراون، كار و پڕۆژه‌كانى كۆمپانیا سویدییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، ڕه‌وشى ئه‌منى و پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عیراق؛ لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوون.

ده‌رباره‌ى كار و پڕۆژه‌كانى كۆمپانیا سویدییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان خۆشحاڵه‌ به‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى به‌رچاوى كۆمپانیا سویدییه‌كان له‌ چه‌ندین بوارى جیادا له‌ هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كه‌ن و هیواى خواست ڕۆڵێكى كاراتر له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى كوردستاندا بگێڕن.


لاى خۆیه‌وه‌ باڵیۆزى سوید له‌ عیراق سوپاسى ئه‌و پێشوازى و كارئاسانییانه‌ى كرد كه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ كۆمپانیاكانى ووڵاته‌كه‌ى كراون‌ و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئارامى و سه‌قامگیریى ڕه‌وشى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان، زه‌مینه‌یه‌كى له‌بارى بۆ كار و ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌ و وه‌به‌رهێنان دروست كردووه‌ و بووه‌ته‌ هانده‌رێكى گه‌وره‌ بۆ هاتنى سه‌رمایه‌ى بیانى بۆ هه‌رێم، هه‌روه‌ها ستایشى ڕۆڵى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ ئه‌و دابینكردنى ئه‌و ئارامى و ئاسایشه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا سه‌قامگیره‌.


په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ووڵاتانى دراوسێى؛ لایه‌نێكى دیكه‌ى دیدارى نێچیرڤان بارزانى و باڵیۆزى سوید له‌ عیراق بوو، تیایدا سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌ پێشكه‌وتنى به‌رده‌وامى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر له‌گه‌ل ئه‌نقه‌ره‌ و تاران كرد و ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ پێشبینى باشتربوونى به‌رده‌وامیى په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانى و ئابوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ل هه‌ر یه‌كه‌ له‌ توركیا و ئێران و به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى ئاڵوگۆڕى بارزگانى له‌ نێوانماندا ده‌كه‌ین.


له‌ كۆتاییى دیاره‌كه‌دا هه‌ردوولا ڕه‌وشى سووریا و به‌رده‌وامیى شه‌ڕ و زیادبوونى گرژى و ئاڵۆزییه‌كان و كاریگه‌ریى پێشهاته‌ ئه‌منى و سه‌ربازییه‌كانى له‌سه‌ر ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌ گشتى و ووڵاتانى دراوسێى سووریا به‌ تایبه‌تى و هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ كێشه‌ى سووریا و ڕه‌وشى ئاواره‌كانى ئه‌و ووڵاته‌یان له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد.

 

 

 

 

Read کد خبر: 246
شیوه نمایشی سایت:
  • Font size:
  • Decrease
  • Reset
  • Increase