نێچیرڤان بارزانی و جه‌واد زه‌ریف ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان ئاشكرا كرد

K24 – هه‌ولێر: // سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف، دوای كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیان له‌ كۆنفرانسێكی میدیاییدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان خسته‌ڕوو.

پوخته‌ی وته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

خۆشحاڵم له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانیان بۆ عێراق، ئه‌م ئێواره‌ پێشوازیمان له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران و شاندی یاوه‌ری كرد، به‌خێر بێن بۆ هه‌رێمی كوردستان.

ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ بایه‌خی زۆره‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان ده‌ڕوانین. ئێران بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق دراوسێیه‌كی گرنگه‌. هه‌رێمی كوردستان هیچ كات هاوكاری ئێران له‌ رۆژگاره‌ سه‌خته‌كان له‌ یاد ناكات. ئێران هه‌میشه‌ وه‌ك دۆست و دراوسێ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ وه‌ستاوه‌. ئێستاش بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌ی دراوسێیه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای رێز و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی پێویستییه‌كی له‌ پێش و زۆر گرنگه‌.

هه‌رێمی كوردستان وێڕای په‌یوه‌ندییه‌كی دێرینی و مێژوویی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری جمووجۆڵێكی فراوانی بازرگانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی هه‌یه‌، فراوانكردنی هاوكاری و هاوبه‌شی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی له‌و بوارانه‌دا كه‌ پێویست و جێی بایه‌خی هه‌ردوولان و خواستێكی به‌رده‌وامی هه‌رێمی كوردستانه‌ و هه‌میشه‌ كارمان له‌سه‌ر كردووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بین.

 

له‌گه‌ڵ جه‌نابی وه‌زیر په‌یوه‌ندییه‌كان و دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی ناوچه‌كه‌ و پێگه‌ و رۆڵی گرنگی ئێرانمان له‌ هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ تاوتوێكرد، داكۆكیمان له‌ پێویستی سه‌قامگیری له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ر ئاشتیانه‌ی كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كان دووپاتكرده‌وه‌.

باسمان له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و كاریگه‌رییه‌كانی كرد، به‌ تایبه‌ت له‌ بواری ئابووریدا، هه‌روه‌ها كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر هاتووچۆی ده‌روازه‌كان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و چۆنێتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌ و ئه‌زموونی ئێران له‌و باره‌یه‌وه‌ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ كه‌ جێی بایه‌خی هه‌ردوولامان بوون تاوتوێكرد.

ده‌مه‌وێت سووپاسی به‌ڕێزان باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ به‌غدا و سه‌ركونسوڵگه‌ری ئێران له‌ هه‌ولێر و سلێمانی بكه‌م، كه‌ رۆڵێكی به‌رده‌وام و به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولادا.

دووباره‌ جه‌نابی وه‌زیر به‌خێربێیت بۆ هه‌رێمی كوردستان.

 

پوخته‌ی وته‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران

خوشك و برایانی خۆشه‌ویست له‌ هه‌رێمی كوردستان

برای خۆشه‌ویست و هاوڕێی خۆشه‌ویستم سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان،

زۆر سووپاس بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی له‌ هه‌ولێری زۆر جوان لێم كرا و سووپاست ده‌كه‌م و زۆر خۆشحاڵم بۆ جاری سێیه‌م له‌ ماوه‌ی به‌رپرسیارێتی ئه‌ودا، هه‌لم بۆ ره‌خسا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م.

بۆ ئێمه‌ وڵاتی عێراق، به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌، به‌ كه‌مینه‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه‌، وه‌ك دراوسێیه‌ك عێراق بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگه‌. ئێمه‌ داواكارین په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌مان هه‌بێت له‌گه‌ڵ عێراق. زۆر خۆشحاڵین، ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر نزیكی كولتووری و په‌یوه‌ندی خێزانی و خزم و كه‌سوكاریمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌. ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشی ئابووریمان له‌گه‌ڵ هه‌رێم و عێراق هه‌یه‌. په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ عێراق به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌كردندایه‌ و دڵخۆشین ته‌نانه‌ت كۆرۆناش نه‌یتوانی رێگری له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراق و به‌ تایبه‌تی هه‌رێم بكات. ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانمان به‌رده‌وام كراوه‌ بوون و ئێمه‌ ئاماده‌یی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌، به‌رامبه‌ر ئه‌و ڤایرۆسه‌ مه‌ترسیداره‌ له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانمان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ هاوكاری بكه‌ین و بتوانین ئه‌زموونی خۆمان له‌ خزمه‌ت دۆسته‌كانمان دانێین.

ئێمه‌ ئاماده‌ین گه‌شه‌ی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانمان بده‌ین. پڕۆژه‌ی درێژمه‌وداتر له‌ بواری پیشه‌سازی و رێگه‌ی ئاسنین و بواری وزه‌ له‌گه‌ڵ عێراق ئه‌نجام بده‌ین.

هیوادارین له‌ سه‌ردانی رۆژی سێشه‌ممه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ ئێران بتوانین زه‌مینه‌ی ئه‌و هاوكاریانه‌ به‌رفراوانتر بكه‌ین.

جارێكی دیكه‌ سووپاسی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و میواندارییه‌ و هیوادارم هه‌موو رۆژێك په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامتر و به‌هێزتر بێت. یادی شه‌هید سلێمانی ده‌كه‌ین، كه‌ رۆڵێكی باشی هه‌بوو له‌ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ چه‌كدار و پێشمه‌رگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌به‌رامبه‌ر داعشدا بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان هاوكار بوو. ئێمه‌ یادی ئه‌و به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنین و هیوادارین برایه‌تیمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ به‌رده‌وامی بمێنێته‌وه‌. جارێكی دیكه‌ سووپاستان ده‌كه‌م.

 

 https://www.kurdistan24.net/so/news/a28a79be-2a31-4fd6-b46a-e5187a7a9417

Read کد خبر: 2366

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی