نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران رایگەیاند، لە سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ تاران، ئێرانییەكان یەك داواكاری سەرەكییان دەبێت، ئەویش پاراستنی سنوورەكانییانە لەگەڵ عێراق، هەروەها سوودانیش ئامانجی خۆی هەیە.
نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ ئامانجی سەردانەكەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ تاران دوو خاڵە؛ یەكێكیان پەیوەندی بە عێراق و خودی محەممەد شیاع سوودانییەوە هەیە، ئەوەی دیكەشیان پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە.
نازم دەباغ گوتی: "ئەوەی پەیوەندی بە سوودانییەوە هەیە ئەوەیە ئێرانییەكان دڵنیابكاتەوە کە سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق رۆڵی ئێرانی لەلا گرنگە بۆ كاری پێكەوەیی لەگەڵ عێراق."
ئامانجی دووەمی سەردانەكەی بۆ تاران، بەپێی لێكدانەوەكانی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران، خواستی ئێرانییەكانە بۆ پاراستنی سنوورەكانی. دەباغ دەڵێت: "پێشتریش ئێران ئەو داواكارییەی هەبووە كە پێویستە عێراق كۆنتڕۆڵی سنوورەكانی لەگەڵ ئێران بكات، ئەمجارەش ئەو داواكارییەیان بەجیدیتر دەبێت."
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 29-11-2022 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
محەممەد جەمشیدی، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆککۆمارى ئێران بۆ کاروبارى سیاسى بە ئاژانسى دەنگوباسی ئیرناى وڵاتەکەى گوتووە: "محەممەد شیاع سوودانى لە کۆمەڵگەى سەعدئابادى کولتوورى و مێژوویی لە تاران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمارى ئێران کۆدەبێتەوە."
بەگوتەى ئەو بەرپرسەى ئێران لەو سەردانەدا سوودانى یاداشتنامەیەک بۆ پەرەپێدانى هاریکارى نێوان تاران و بەغدا لەگەڵ بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامیی ئێران واژوو دەکات.
سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران دوای کۆبوونەوەی شەوی رابردووی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بووە کە بە گوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە جەخت لە پاراستنی سەروەریی عێراق و نەکردنە ئامانجی وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی خاکی عێراقەوە کراوەتەوە.
ئێران لە گوشارەکانی بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە و داوایان لێدەکات هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران کە لە باشووری کوردستانن لە چەک دابماڵدرێن.
رۆژی دووشەممە 28-11-2022 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە لە بەشێکیدا هاتبوو: "سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و سهرۆك وهزيران سوودانى به تهواوى هاوڕا بوون و دووپاتيان كردهوه كه به هيچ شێوهيهك رێگه به هيچ جۆره ههڕهشه و كردهوەیەكى سهربازى له سنوورهكانى عێراق و ههرێمى كوردستانهوه بهرامبهر وڵاتانى دراوسێ نادرێت، بۆ ئهم مهبهستهش وهك ههميشه هاوكارى و يارمهتى پێشكهش به پهنابهران دهكهن، بهڵام رێگه به بوونى گرووپى چهكدار له ههرێمى كوردستان نادرێت."
https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iran/291120221