ئەمڕۆ هەینی 24ـی 1ـی 2014 له‌ پەراوێزی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی له‌ داڤۆس به‌ڕێز مەسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ "ئێراقلی گرۆپشپیلی" سەرۆك وەزیرانی جۆرجیا و شاندێكی یاوەری كە پێكهاتبوو لە وەزیرانی دەرەوە و ئابوریی وڵاتی جۆرجیا كۆبۆیەوه‌.

لەم‌ كۆبوونه‌وه‌یەدا، كە فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكانی ھەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یاوەری سەرۆك بارزانی بوون، په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و جۆرجیا و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی سیاسی عێراق باسكران.

لەم دانیشتنەدا سەرۆك وەزیرانی جۆرجیا ویستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی لە گەڵ ھەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە بواری ئابووری بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند. هەر پەیوەست بەم باسە هەر دوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو وڵات فراوان بكرێت و سەرۆك وەزیرانی جۆرجیا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشان دا كە لەپێناو گفتوگۆكردن لەسەر چۆنییەتی هاوكاری و پەرەپەپێدانی پەیوەندیی هەر دوولا شاندێكی تایبەت ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكەن.

 

 

 

 

 لە دووەم ڕۆژی بەشداریكردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی له‌ داڤۆس به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كارل بێڵت وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوید كۆبۆیەوه‌. له‌ دیدارێكدا، په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و سوید و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی سیاسی عێراق و بارودۆخی سوریا باسكران.

لەو كۆبونەیەدا وەزیری دەرەوەی سوید وێڕای باسكردنی سەردانی پێشووی بۆ ھەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی كە پەیوەندیەكانی نێوان وڵاتی سوید و هەرێمی كوردستان پەرەی سەندووە. وەزیری دەرەوەی سوید ئاماژەیشی بەوەدا كە بەر لە ھاتنی بۆ داڤۆس لە كۆبونەوەیەكدا لە شاری ستۆكهۆڵم ھانی كۆمپانیاكانی سویدی داوە كە بە مەبەستی وەبەرهێنان شاندی بازرگانی بۆ ھەرێمی كوردستان بنێرن.

دۆخی سیاسیی سووریا و دۆخی ئاوارەكانی سووریا لە ھەرێمی كوردستان و هەروەها ڕەوشی ئاساییشی عێراق و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبونەوەیە بوو.

هه‌ر لەم دانیشتنەدا هەردوولا گرینگی بەشداریكردنی وڵاتان لە كۆڕبەندی جیھانیی داڤوس بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندیی نێوان گەلان بە بەرز نرخاند.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ و هه‌ر له‌ په‌راوێزى كۆڕبه‌ندى جیهانیى ئابوورى له‌ داڤوس، به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا كۆبوونه‌وه‌ .

ڕۆژی پێنجشەممە 23ـی 1ـی 2014 له‌ په‌راوێزی كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی له‌ داڤۆس به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د داودئۆغلو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆبۆیەوە‌.

له‌ دیدارێكدا په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا و، دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها ڕەوشی سووریا خرانە بەر باس. لەم كۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر گرنگیی و بەردەوامیی ئەو دانوساندنانە كرایەوە كە لەسەر بابەتی هەناردنەكردنی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان لە نێوان هەر دوولادا لە ئارادایە.

لەم دیدارەدا قسە لەسەر كۆنفڕانسی ژێنێڤ 2 كرا و وەزیری دەرەوەی توركیا خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا كە هێزە سیاسییە كوردییەكانی سووریا لە چوارچێوەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەشداری كۆنفڕانسی ژێنێڤ 2 بوونە. پەیوەندییەكانی هەر دوولا و بارودۆخی سیاسیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوون و هەر دوو لا ئەوەیان دووپات كردەوە كە پێویستە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا لە بەرژەوەندیی عێراق بە گشتی بێت. سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش هەر دوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لەپێناو بەرەوپێشەوەبردنی دیموكراسی لە عێراق ئەم هەڵبژاردنە لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

  ڕۆژی چوارشەممە 22ـی 1ـی 2014 به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوەری گەییشتنە شاری داڤۆسی وڵاتی سویسڕا بە مەبەستی بەشداریكردنی لە كۆربەندی ئابووریی جیھانی ئەمساڵ و ھەر هەمان ڕۆژیش سەرۆك بارزانی چاوی بە مارك روت سەرۆك وەزیرانی ھۆلەندا كەوت.

لە دیدارێكدا كە بە یەكەم كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا لە پاش دیداری پارساڵی نێوانیان لە (25ی مانگی یەكی 2013) هەژمار دەكرێت هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان لەمەڕ پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوولا نیشاندا و بە تایبەتی ئاماژەش بە سەردانی وەزیری دەرەوەی ھۆلەندا بۆ شاری ھەولێر لە سێپتەمبەری 2013 درا كە خۆی لە خۆیدا ڕووداێكی گرنگ بوو لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی هۆڵەندا.

لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە ھەرێمی كوردستان زۆر بە پەرۆشەوە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هۆڵەندا دەڕوانێت و دواڕۆژی ئەم پەیوەندییەش زۆر گەشە.

باسكردنی دۆخی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوون و سەرۆك وەزیرانی ھۆلەندا لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە ئاگادارین كە ژمارەی زۆری پەنابەرەكان بارێكی قورسە لە سەر ھەرێمی كوردستان". لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پێشوازیكردنی 250 ھەزار پەنابەرانی سوریا ھەم ئەركێكی مرۆڤی و ھەم ئەركێكی نەتەوەییە، حكوومەت و خەڵكی ھەرێمی كوردستان لە یارمەتیدانی ئەم پەنابەرانە درێغی ناكەن. ھەروەها ھیوای خواست كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر بە ھانای ئەو پەنابەرانە بێت.

تەوەرەكی دیكەی ئەم كۆبونەوە تایبەت بوو بە پەیوەندیاكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، و لەمبارەیەوە سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند ئێستا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ڕێگەی دیالۆگ ھەیە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی عێراق لە نیسانی ئەمسال و ئاڵۆزییەكانی پارێزگاری ئەنبار دژایەتیكردنی تیرۆر خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی