هەرێم - ئێران

    هەرێم - ئێران

سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 2/5/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز د. محه‌مه‌د شه‌ریعه‌تمه‌داری، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق، ئاغای موقیمی پارێزگاری تاران، ئاغای شه‌هریاری پارێزگاری ئورمیه‌، ئاغای دانایی فه‌ر سه‌رۆكی په‌ره‌پێدانی بازرگانیی عێراق و ئێران و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسه‌ ژووره‌ بازرگانی و ئابوورییه‌كانی پارێزگا جیاجیاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، پێكهاتبوو.


له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و به‌شداریكردن له‌ كۆنفرانسی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، ده‌ربڕی. ئاماژه‌یان به‌‌ په‌یوه‌ندییه دێرینه‌كانی نێوان‌ هه‌رێمی كوردستان و ئێران كرد‌ و ئاماده‌ییی خۆیان بۆ په‌ره‌پێدانی‌ زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی ئابووری و پیشه‌سازی و بازرگانیدا، نیشان دا.

شاندی میوان ده‌سخۆشییان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ هه‌نگاوه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ ئێران خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ سه‌قامگیرییه‌كی ته‌واو له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری و بازرگانیدا نیشان دا، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌گشتی ده‌خوازن سه‌قامیگریی ئابووری له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت و له‌مباره‌یه‌وه‌ ئێران كه‌ خاوه‌ن ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌، ده‌توانێت هاوكاریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بێت.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی شاندی ئێرانی كرد بۆ به‌شداریكردنیان له‌ كۆنفرانسی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیه‌ ئابوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و هیوای خواست كۆنفرانسه‌كه‌ سوودی بۆ هه‌ردوولا هه‌بێت، هه‌روه‌ها سوپاسی به‌ڕێزان باڵیۆز و كونسولی كۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌موو ئه‌و دۆستانه‌شی كرد كه‌ هاوكار بوون بۆ به‌رەو‌پێشه‌وه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواره‌كانی زانستی و ئابووری و بازرگانی و چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌بوون.

 

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2/5/2018 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، د. محه‌مه‌د شه‌ریعه‌تمه‌داری، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، محه‌مه‌د شه‌یاح ئه‌لسوودانی، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی عێراق و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان و خاوه‌نكار و بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ شاری هه‌ولێر كۆنفرانسی په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد.

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا دوای پێشكه‌شكردنی چه‌ند وته‌یه‌ك له‌لایه‌ن ڕێكخه‌ران و ئاماده‌بووانی كۆنفرانسه‌كه‌وه‌، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و سه‌ره‌تا به‌ناوی خۆی و به‌ڕێزان محه‌مه‌د ئه‌لسوودانی، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی عێراق و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، به‌خێرهاتنی به‌ڕێز د. شه‌ریعه‌تمه‌داری وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و پارێزگاره‌كانی ئێران و به‌تایبه‌تی پارێزگاری ورمێ و باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ به‌غدا و هه‌موو به‌شداران و میوانانی كۆنفرانسه‌كه‌ی كرد.

به‌ڕێزیان ده‌ستخۆشی له‌ ڕێكخه‌ران‌، سكرتاریه‌تى ئه‌نجومه‌نى ئابووریى هه‌رێمى كوردستان، ژووره‌ بازرگانییه‌كانى هه‌‌رێمى كوردستان، لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز وه‌زیرى پیشه‌سازى و بازرگانى به‌وه‌كاله‌ت و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ كرد كه‌ به‌شداربوون له‌ ڕێكخستنی كۆنفرانسه‌كه‌دا كردووه‌ و هیوای خوات ببێته‌ هۆى هه‌‌ڵنانى هه‌‌نگاوى كاراتر بۆ په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق به‌‌شێوه‌یه‌كی گشتى و یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌ن.

دواتر باسی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران به‌‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌‌شى هه‌یه‌ و گرنگییه‌كى گه‌وره‌ به‌‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران ده‌دات، هه‌ر بۆیه‌‌‌ به‌‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌م كۆنفرانسه‌ ده‌ڕوانێت و پشتگیرى لێ ده‌كات و پشتگیریش له‌ هه‌‌ر كار و چالاكییه‌كى دیكه ده‌كات ببێته‌ هۆى په‌‌ره‌پێدان و به‌‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كان و له‌مباره‌یه‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان كاری به‌‌رده‌وامی كردووه‌.

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاشكرای كرد كه‌ قه‌باره‌ى ساڵانه‌ى ئالوگۆڕى بازرگانیى ‌نێوان هه‌‌رێمى كوردستان و ئێران ده‌گاته‌ 6,5 ملیار دۆلار كه‌ زیاتر له‌ 25%ى كۆى گشتیى هاورده‌كردنى هه‌‌رێمى كوردستان پێكده‌هێنێت، ئه‌مه‌ جیا له‌ فڕۆخانه‌كان و پارێزگاكانى خوارووى عێراق.

هه‌رل له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه هه‌رێمی كوردستان‌ 67%ى هاورده‌كردنى ئۆتۆمبیل له‌ سنووره‌كانى ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات و 359 كۆمپانیاى ئێرانى له‌ هه‌‌رێمى كوردستان لقیان هه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ بوارى بازرگانیدا كار ده‌كه‌ن، وێڕاى هه‌‌بوونى 135 كارگه‌ى ئێرانى له‌ هه‌‌رێمى كوردستان كه‌ سه‌دان ده‌رفه‌تى كاریان ڕه‌خساندووه‌ و كۆى ئه‌و چالاكییه‌ بازرگانییانه‌ش له‌ هه‌‌رسێ مه‌رزى سنووریى نێوده‌وڵه‌تیى په‌‌ڕوێزخان، حاجى ئۆمه‌ران و باشماخه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌رێن، له‌گه‌ڵ پێنج مه‌رزى دیكه‌ى لاوه‌كى كه‌ له‌ هه‌‌وڵدان هه‌‌ندێكیان بكرێنه‌ ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى.

به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد كه‌ حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابووریدا له‌گه‌ڵ ئێران، هه‌وڵ ده‌دات ناوچه‌یه‌كى بازرگانیى ئازاد له‌ مه‌رزى په‌روێزخان دروست بكرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌‌سته‌ حكوومه‌ت هه‌‌ندێ هه‌‌نگاوى كرده‌یى ناوه‌ و شوێنى تایبه‌‌تى بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و ناوچه‌یه‌ دابین كردووه‌، به‌‌ڵام پێویستی به‌ هه‌نگاوی كاراتر له‌ هه‌‌ردوولا، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عێراقه و هیوای خواست ئه‌م كۆنفرانسه‌ هاوكار بێت بۆ زه‌مینه‌خۆشكردن و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ گرفته‌كانى به‌‌رده‌م پڕۆژه‌كه‌ تاكو بتوانرێت بخرێته‌ سه‌ر ڕێچكه‌ى جێبه‌‌جێكردن.

سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆكانی ئه‌م دواییه‌ی نیوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بواره‌كانی ئابووری و بازرگانی، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد كه‌ گفتوگۆكان هه‌‌ندێ له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانى تایبه‌‌ت به‌‌ ده‌روازه‌ و مه‌رزه‌ سنوورییه‌كان و گومرك و بازرگانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر كردووه‌ و هه‌‌وڵى به‌‌رده‌وامیش له‌ هه‌‌ردوولا هه‌یه‌ ته‌واوى كێشه‌كانى ئه‌و بواره‌ به‌ زوویی چاره‌سه‌ر بكرێن.

به‌ڕێزیان ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ پاڵپشتییه‌كی دیكه‌ بۆ فراوانكردنى بازرگانى و چالاكییه‌ ئابوورییه‌كانى هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق به‌‌گشتى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیی ئێراندا و ده‌بێته‌ هانده‌رێك بۆ بازرگانان و خاوه‌نكاران و وه‌به‌رهێنه‌رانی هه‌‌رێم و عێراق له‌گه‌ڵ ئێران كه‌ ده‌رفه‌تى باشترى كار و بازرگانییان بۆ بڕه‌خسێت و قه‌باره‌ى ئالوگۆڕى بازرگانیى زیاد ببێت، كه‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ سه‌ركییه‌كانى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و كاری جددی و به‌رده‌وامی بۆ ده‌كات.

به‌ڕێزیان داوای له‌ كۆمپانیا، بازرگان، خاوه‌نكار و وه‌به‌رهێنه‌رانى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان و عێراقیش كرد بواره‌كانى ئالۆگۆڕى بازرگانى و سه‌رمایه‌گوزارى و كار و پڕۆژه‌ى هاوبه‌‌ش له‌نێوان خۆیاندا زیاتر و فراوانتر بكه‌ن و هه‌ر هاوكاری و ئاسانكارییه‌كیش پێویست بێت حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان بۆیان ده‌كات. دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ سنووری درێژى نێوان هه‌‌رێمى كوردستان و ئێران واى كردووه‌ دوو بازاڕى له‌یه‌كتر نزیك بن، بۆیه‌ ده‌كرێت زۆر زیاتر له‌وه‌ كه‌ ئێستا هه‌یه، بواره‌ بازرگانییه‌كانى نێوانیان هه‌‌مه‌جۆر و فراوانتر بكه‌ن.

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌ سه‌ر هاوكارییه‌كانی گه‌ل و كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و بیری هێنایه‌وه‌ كه‌ گه‌ل و كۆمارى ئیسلامى دۆستى دێرینى گه‌لى كوردستانن، له‌ ڕۆژانى ته‌نگانه‌دا ده‌رگایان له‌ په‌‌نابه‌‌رانى كوردستاندا كردۆته‌وه‌، داڵده‌ى داون و هاوكاریى كردوون، له‌ شه‌ڕى داعشیشدا یارمه‌تى پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌ كه‌ جێگه‌ی ڕێزی حكوومه‌ت و گه‌لی كوردستانه‌ و هه‌‌میشه‌ به‌‌ چاوى ڕێز و پێزانینه‌وه‌ سه‌یرى مێژووى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات، بۆیه‌ خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ هه‌‌میشه‌ په‌یوه‌ندیى باشیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌‌بێت به‌‌تایبه‌‌تى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابوورى، درێژخایه‌ن و ستراتیژى بن له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق سوود له‌ پسپۆڕی و شاره‌زاییه‌كانی ئێران له‌ بواره‌كانى پیشه‌سازى و كشتوكاڵیدا وه‌ربگیرێت.

له‌ كۆتاییدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان دووباره‌ به‌خێرهاتنی میوانان و به‌شدارانی كۆنفرانس و ده‌ستخۆشی له‌‌ ڕێكخه‌رانى كرد و هیوای خواست بۆ بره‌ودان و به‌‌ره‌وپێشبردنى زیاترى په‌یوه‌ندى و ئالۆگۆڕى بازرگانیى هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێراندا، كۆنفرانسه‌كه‌ ئه‌نجامى باشى لێ بكه‌وێته‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك ڕاسپارده‌ و پێشنیارى ئه‌رێنى پێشكه‌ش به‌‌ حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌ هه‌‌ردوولا بكات.

ده‌قی وتاری به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان:

ئاماده‌بووانى به‌‌ڕێز،
به‌یانیتان باش..

هه‌‌مووتان به‌‌خێر بێن بۆ كۆنفرانسى په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان. له‌ ده‌ستپێكردنی ئه‌م وته‌یه‌دا‌ ڕێگه‌م بده‌ن به‌ ناوی به‌ڕێز محه‌مه‌د ئه‌لسوودانی، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزای عێراق و به‌ ناوی خۆم و به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى، جیگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌خێرهاتنێكی گه‌رمی جه‌نابی دكتۆر شه‌ریعه‌تمه‌داری، وه‌زیرى پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بكه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ ته‌شریفی هێناوه‌ بۆ ئه‌م كۆنفرانسه‌ و زه‌حمه‌تی كێشاوه‌، به‌خێر بێت، سه‌رچاو.

به‌خێرهاتنی ئۆستاندارانی ئێران و به‌تایبه‌تی ئوستانداری ورمێ كه‌ دراوسێی ئێمه‌ن له‌ولا، به‌خێرهاتنێكی گه‌رمیان ده‌كه‌م كه‌ ئه‌وانیش ته‌شریفیان هێناوه‌ و لێره‌ ئاماده‌ن. به‌خێرهاتنی جه‌نابی باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كه‌م ئاغای مه‌سجدی، زۆر به‌خێر بێن (خیلی خوش امدید، متشكرم).

به‌ڕێزان..
ده‌ستخۆشى له‌ ڕێكخه‌رانى ئه‌م كۆنفرانسه‌، سكرتاریه‌تى ئه‌نجومه‌نى ئابووریى هه‌رێمى كوردستان، ژووره‌ بازرگانییه‌كانى هه‌‌رێمى كوردستان، لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها به‌ڕێز وه‌زیرى پیشه‌سازى و بازرگانى به‌وه‌كاله‌ت و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا به‌شدارن و ئه‌م كۆنفرانسه‌یان ڕێكخستووه‌، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن.‌ هیوادارم ببێته‌ هۆى هه‌‌ڵنانى هه‌‌نگاوى كاراتر بۆ په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق به‌‌شێوه‌یه‌كی گشتى و یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئه‌و كێشانه‌ی له‌ نێوانماندا هه‌یه‌ و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه‌‌.

حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران به‌‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌‌شییان هه‌یه‌ و پێویستییان به‌‌ هاریكاریى هاوبه‌‌شه‌، گرنگییه‌كى گه‌وره‌ به‌‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئێسلامى ده‌دات، بۆیه‌ به‌‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌م كۆنفرانسه‌ ده‌ڕوانێت و پشتگیرى لێ ده‌كات. پشتگیرى له‌ هه‌‌ر كار و چالاكییه‌كى دیكه‌ش ده‌كات كه‌ ئامانجى ئه‌وه‌ بێت و ببێته‌ هۆى په‌‌ره‌پێدان و به‌‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندیی ئابــوورى و بازرگانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران.

هه‌‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان به‌‌رده‌وام كارى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى په‌‌ره‌ به‌‌و په‌یوه‌ندییانه‌ بدات و فراوان و هه‌‌مه‌جۆریان بكات. قه‌باره‌ى ساڵانه‌ى ئالوگۆڕى بازرگانى له‌نێوان هه‌‌رێمى كوردستان و ئێراندا له‌ عێراقدا ده‌گاته‌ 6.5 ملیار دۆلار، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ 25%ى كۆى گشتیى هاورده‌كردنى هه‌‌رێمى كوردستان پێكده‌هێنێت، جگه‌ له‌ فڕۆخانه‌كان و پارێزگاكانى خوارووى عێراق.

هه‌‌رێمى كوردستان 67%ى هاورده‌كردنى ئۆتۆمبیل له‌ سنووره‌كانى ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات، هه‌روه‌ها (359) كۆمپانیاى ئێرانى له‌ هه‌‌رێمى كوردستان لقیان هه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ بوارى بازرگانیدا چالاكن و كار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ وێڕاى هه‌‌بوونى (135) كارگه‌ى ئێرانى له‌ هه‌‌رێمى كوردستان كه‌ سه‌تان ده‌رفه‌تى كاریان له‌ بواره‌ جیاكاندا ڕه‌خساندووه‌. كۆى ئه‌و چالاكییه‌ بازرگانییانه‌ى هه‌‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران له‌ هه‌‌رسێ مه‌رزى سنووریى نێوده‌وڵه‌تیى په‌‌ڕوێزخان، حاجى ئۆمه‌ران و باشماخه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌رێن، له‌گه‌ڵ پێنج مه‌رزى دیكه‌ى لاوه‌كى كه‌ هه‌‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌‌ندێك له‌وانه‌ش بكرێنه‌ ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى.

حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان هه‌‌وڵى جددى داوه‌ و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابووریدا له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران، ناوچه‌یه‌كى بازرگانیى ئازاد له‌ مه‌رزى په‌روێزخان دروست بكرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌‌سته‌ حكوومه‌ت هه‌‌ندێ هه‌‌نگاوى كرده‌یى ناوه‌ و شوێنى تایبه‌‌تى بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و ناوچه‌یه‌ دابین كردووه‌، به‌‌ڵام هێشتا له‌ هه‌‌ردوولا، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عێراقیش هه‌‌نگاوى كاراتر بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پێویسته.

هیوادارین ئه‌م كۆنفرانسه‌ هاوكار بێت بۆ زه‌مینه‌خۆشكردن و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ گرفته‌كانى به‌‌رده‌م پڕۆژه‌كه‌ و بتوانین بیخه‌ینه‌وه‌ سه‌ر ڕێچكه‌ى جێبه‌‌جێكردن.

به‌‌ڕێزان،
گفتوگۆكانى ئه‌م دواییه‌ى حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدرال، هه‌‌ندێ له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانى تایبه‌‌ت به‌‌ ده‌روازه‌ و مه‌رزه‌ سنوورییه‌كان و گومرك و بازرگانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر كردووه‌، گفتوگۆ و هه‌‌وڵى به‌‌رده‌وامیش له‌ هه‌‌ردوولا هه‌یه‌ كه‌ ته‌واوى كێشه‌كانى ئه‌و بواره‌ به‌ زوویی چاره‌سه‌ر بكرێن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هاوكار و پاڵپشتێكى دیكه‌ بۆ فراوانكردنى بازرگانى و چالاكییه‌ ئابوورییه‌كانى هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق به‌‌گشتى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیی ئێراندا.

ڕێكخستنه‌وه‌ى كار و چالاكییه‌ بارزگانى و ئابوورییه‌كان له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدرال له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، ده‌بێته‌ هانده‌رێك بۆ بازرگانان و خاوه‌نكاران و وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئێران كه‌ ده‌رفه‌تى باشترى كار و بازرگانییان بۆ بڕه‌خسێت و قه‌باره‌ى ئالوگۆڕى بازرگانیى ئێران له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق زیاد ببێت كه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ سه‌ركییه‌كانى ئێمه‌یه‌ و كارى جددی و به‌رده‌وامی بۆ ده‌كه‌ین.

لێره‌وه‌، ئه‌م كۆنفرانسه‌ به‌‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانم كه‌ داوا له‌ كۆمپانیاكان، بازرگانان، خاوه‌نكاران و وه‌به‌رهێنه‌رانى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق بكه‌م، بواره‌كانى ئالۆگۆڕى بازرگانى و سه‌رمایه‌گوزارى و كار و پڕۆژه‌ى هاوبه‌‌ش له‌نێوان خۆیاندا زیاتر و فراوانتر بكه‌ن، حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستانیش وه‌ك هه‌‌میشه‌ هه‌‌موو هاوكارى و پشتگیرى و ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات.

هه‌‌رێمى كوردستان سنوورێكى درێژى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران هه‌یه‌ و دوو بازاڕى له‌یه‌كتر نزیكن، بۆیه‌ ده‌كرێت زۆر له‌وه‌ زیاتر كه‌ ئێستا هه‌یه، هه‌‌موو بواره‌ بازرگانییه‌كانى نێوانیان هه‌‌مه‌جۆر و فراوانتر بكه‌ن.

گه‌ل و كۆمارى ئیسلامیى ئێران دۆستى دێرینى گه‌لى كوردستانن، له‌ ڕۆژانى ته‌نگانه‌دا ئێران ده‌رگاكانى به‌‌سه‌ر په‌‌نابه‌‌رانى كوردستاندا كردۆته‌وه‌، داڵده‌ى داون و هاوكاریى كردوون، هه‌روه‌ها له‌ شه‌ڕى داعشدا یارمه‌تى پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ جێگه‌ی ڕێز و پێزانینى هه‌میشه‌ییی حكوومه‌ت و گه‌لی كوردستانه‌ له‌ عێراقدا. گه‌لى كوردستان ئه‌و ڕۆژانه‌ له‌بیر ناكات و هه‌‌میشه‌ به‌‌ چاوى ڕێز و پێزانینه‌وه‌ سه‌یرى مێژووى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات.

ئێران دراوسێیه‌كى گرنگه‌ بۆ هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق‌، ده‌رفه‌تى كار و بازرگانى و هاوكارى و هه‌‌ماهه‌‌نگى له‌ زۆر بوارى دیكه‌شدا له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌، بۆیه‌ چاومان له‌وه‌یه‌ هه‌‌میشه‌ په‌یوه‌ندیى باشمان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌‌بێت.

پێمان وایه‌ و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان، به‌‌تایبه‌‌تى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابوورى، درێژخایه‌ن و ستراتیژى بن له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران. هه‌‌رێمى كوردستان و عێراقیش له‌ زۆر بوارى دیكه‌دا، به‌‌تایبه‌‌تیش له‌ بواره‌كانى پیشه‌سازى و كشتوكاڵیدا پێویستییان به‌‌ پسپۆڕى و شاره‌زایى و ئه‌زموونه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى ئێران هه‌یه‌. كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین و پلانمان هه‌یه‌ كه‌ له‌و بوارانه‌دا هاوكار بین و هه‌‌موو ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ین.

له‌ كۆتاییدا، دووباره‌ هه‌موو لایه‌كتان به‌‌خێر بێن، ده‌ستخۆشى له‌ ڕێكخه‌رانى ئه‌م كۆنفرانسه‌ ده‌كه‌م و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم. هیوادارم بۆ بره‌ودان و به‌‌ره‌وپێشبردنى زیاترى په‌یوه‌ندى و ئالۆگۆڕى بازرگانى له‌نێوان هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێراندا، ئه‌نجامى باشى لێ بكه‌وێته‌وه‌ و له‌و پێناوه‌دا كۆمه‌ڵێك ڕاسپارده‌ و پێشنیارى ئه‌رێنى پێشكه‌ش به‌‌ حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌ هه‌‌ردوولا بكه‌ن.

جارێكی تر زۆر به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاو، دووباره‌ به‌خێر بێی ئاغای شه‌ریعه‌تمه‌داری كه‌ ئه‌مڕۆ ته‌شریفتان هێناوه‌.

زۆر سوپاس

 

ئێواره‌ى رۆژی سێشه‌ممه‌ 1/5/2018، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ئیره‌ج مه‌سجدى، باڵیۆزى كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ عێراق كرد كه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنفرانسى په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر، بانگهێشت كراوه‌.

له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ڕێز مورته‌زا عیبادى، سه‌ركونسولى كونسلخانه‌ى ئێران له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بوو، هه‌ردوولا په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێرانیان تاتوێ كرد و تیشكیان خسته سه‌ر كۆنفرانسه‌كه‌، كه‌ له‌لایه‌ن ژووره‌ بازرگانییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ساز كراوه‌ و بڕیاره‌ سبه‌ى چوارشه‌ممه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ بچێت.

 

 گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان سلێمانی و تاران دەستپێدەكاتەوەو چاوەڕوانیش دەكرێت لەم هەفتەیەكدا كارەكان كۆتایی بێت، فڕۆكەخانەی سلێمانیش دەڵێت لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەی گەشتەكان رێكدەخات لەپەیوەندیدان.

نازم دەباغ  نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران بە PUKmediaی راگەیاند: بڕیاری سیاسی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی نێوان ئێران و فڕۆكەخانەی سلێمانی دراوەو تەنها كاری كۆمپانیان ماوە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان.

وتیشی: چاوەڕوان دەكرێت تا رۆژی سێ شەممەی داهاتوو بڕیاری كۆمپانیای بواری فڕۆكەوانی بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكانیش دەربچێت، چونكە كۆمپانیاكانی بواری گەشتوگوزار پێویستیان بەتەواوكردنی كارەكانیانە كە بوارەكانی خزمەتگوزاری گەشتە ئاسمانییەكان دەگرێتەوە.

لای خۆشیەوە تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە PUKmediaی راگەیاند: هەموو ئامادەكارییەكمان كردوە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان و 24 سەعات فڕۆكەخانە بۆ گەشتەكان ئامادەیە.

وتیشی: ئەو كۆمپانیایەی گەشتەكان رێكدەخات لەگەڵ لەسەر هێڵین، بەڵام ئەوان چاوەڕوانی بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆكەوانی ئێرانن، چونكە ئاسمانی ئێران بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستاندا داخراوە.

 

 "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێ، ئاسۆی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ساڵی تازەدا داهاتوویەکی باش پێش بینی دەکات. 

"نازم دەباغ" لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری "ئینساف نیووز" سەبارەت بە پێش بینی خۆی لە پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ساڵی نوێدا گوتی: پێش بینی دەکەم کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو لایەکەوە بەرەوپێشەوە بچێت. بە تایبەت لە ساڵی تازەدا و دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ریفڕاندۆم، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە کە پەیوەندییەکانی وەکوو حاڵەتی یەکەم جار و تەنانەت باشتر لە پێشووش بگەڕێنێتەوە.  

گوتیشی: چونکە ئێمە مێژوو، جوگرافی، فەرهەنگ و دینی هاوبەشمان لەگەڵ ئێراندا هەیە و هەروەها ڕابردوویەکی هاوبەشی زۆریشمان بۆ هاوکاریی پێکەوە هەیە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەمانە من چاوەڕوان دەکەم کە ئینشااڵڵە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەو باشتربوون بڕوات و گەشەی زیاتر بستێنێت.  

دەباغ لە کۆتایی گوتی: بە بۆنەی ساڵی نوێی و بەهاری تازە و نەورۆزە پیرۆزبایی و رێزیی تایبەتی خۆم ئاراستەی خەڵکی ئێران و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەم. ئینشااڵڵە کە لە پێناو ئاسایش و هێمنییەکی تەواودا ژیانێکی ئاسوودەیان هەبێت.

 

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە كۆماری ئیسلامی ئێران رایدەگەیەنێت سەردانی پارێزگاری هەولێر بۆ پارێزگای ئورمیە بەمەبەستی چالاككردنەوەی پەیوەندییەكانیانە و دەڵێت "یان بەشێك بێت لەو سیاسەتەی كە حكومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان بیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئاساییتر بكەن".
 
لەم هەفتەیەدا نەوزاد هاودی، پارێزگاری هەولێر و شاندێكی یاوەری سەردانی پارێزگای ئورمیەیان لە كۆماری ئیسلامی ئێران كرد، نازم دەبباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران بە وێستگە نیوزی راگەیاند، ئەو سەردانە گەڕانەوەیە بۆ باشتركردنەوەی ئەو پەیوەندییانەی كە كاتی خۆی پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگای ئورمیە هەیبوو بۆ چالاككردنەوەی بوارەكانی ئابووری.
 
دەربارەی ئەوەی بۆچی لەو سەردانە تەنها پارێزگاری هەولێر هاتووە، لە كاتێكدا سلێمانی و هەولێریش پارێزگاریان هەیە، دەبباغ وتی "پەیوەندی بە چالاكی پارێزگاكان خۆیان هەیە، هەروەها بەهۆی ئەوەی مەرزی هاوبەشیان هەیە، پاشان پارێزگارەكان چەند هەوڵ دەدەن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران نوێ بكەنەوە".
 
ناوبراو وتیشی "یاخود ئەوەش بەشێك بێت لەو سیاسەتەی كە حكومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان بیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئاساییتر بكەن".
 
ئەو سەردانەی پارێزگاری هەولێر لە كاتێكدایە ماوەیەك لەمەوبەر شاندی حكومەتی هەرێمیش بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی ئێرانییان كرد، دەوترێت پارتی دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاسایی بكاتەوە.
 

 

نوێنەری حكومەتی هەرێم وتی "بەدڵنیاییەوە پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی هەرێم لە دوای ریفراندۆمەوە لە هەوڵێكی جددییدا بوون بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران ئاسایی بكەنەوە".

 

پەڕەى 33 لەکۆى 53 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی