لە چوارچێوەی سەردانەكەی رۆژی سێشەممە 17ـی 2ـی 2015 بۆ كەركووك، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێز كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم لەگەڵ پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك، وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆك بارزانی سوپاسی هێزی پێشمەرگەشی كرد كە لە سایەی قوربانیدانی ئەوان خەڵكی كەركووك لە ئاسایش و ئارامیدا دەژین و جەختی لەوە كردەوە كە بڕیاردان لە چارەنووسی كەركووك لە لایەن خەڵكی شارەكە خۆیەوە دەبێت.

دواتر سەرۆك بارزانی لە وتەیەكیدا بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە سەردانی شاری كەركووك و كۆبوونەوە ی لەگەڵ پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە شاری كەركووك نموونەی پێكەوەژیانی و تەبایی و برایەتی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بێت، هەروەها داواشی كرد كە كەشوهەوای برایەتی و پێكەوەژیان لە كەركووك بپارێزرێت و لەو پێناوەشدا سەرۆك بارزانی پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ پارێزگاری كەركووك و ئەنجوومەنی پارێزگا راگەیاند.

سەبارەت بە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش، ئەوەی بۆ ئامادەبووان روونكردەوە كە هێشتا تیرۆریستان هەڕەشەن بۆ سەر عێراق و ناوچەكە، بەڵام خەڵكی شاری كەركووكیشی دڵنیاكردەوە كە بەهیچ شێوەیەك رێگا نادرێت تیرۆریستانی داعش بگەن بە شاری كەركووك و بە هێزی پێشمەرگە بە هەموو هێز و توانایەكییەوە بەرگری لە كەركووك و پێكهاتەكانی دەكات و رایشیگەیاند پێویستە ئیرادەی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لە كەركووك بەهێز بكرێت و كەركووك لە بەرامبەر هەڕەشە و قەیرانەكان خۆڕاگر بێت.

سەرۆك بارزانی هێمایشی بەوەدا كە هەموومان بەیەكەوە پارێزگاری لە كەركووك دەكەین و داواشی لە خوشك و برایانی مەسیحی دانیشتووی كەركووك كرد كە بیر لە كۆچكردن و بەجێهێشتنی كەركووك نەكەنەوە و ئیرادەی مانەوەیان بەهێز بیت و ئاماژەی بەوەدا كە تیرۆریستانی داعش هیچ ئاییندەیەكیان لە ناوچەكە نییە و بارودۆخ و گوزەرانی خەڵك بۆ دۆخی ئاسایی خۆی دەگەڕێتەوە.

لە بەرامبەردا، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سوپاسی سەرۆك بارزانییان كرد و خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو سەردانە دەربڕی و سوپاسی پەرۆشی سەرۆك بارزانییان كرد بۆ بارودۆخی كەركووك. هەروەها پێزانینیشیان بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە هەبوو و جەختیشیان لە برایەتی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كەركووك كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەدا، بارودۆخی ناو شاری كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەر و هەروەها ئەو ناوچانەی كە لەژێر داگیركاری تیرۆریستانی داعشدان تاوتوێكرا.

ئەمرۆ سێشەممە 17ـی 2ـی 2015، لە چوارچێوەی سەردانی بۆ شاری كەركووك، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كە لە لایەن تیرۆریستانی داعش بە دیل گیراون، كۆبووەوە.

لەو دیدارەدا، كەسوكاری پێشمەرگە بەدیل گیراوەكان داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد كە هەموو هەوڵەكان بخرێتە گەر بۆ ئازادكردنی دیلەكان و زانینی راست و دروستی چارەنووسی رۆڵەكانیان كە لە لایەن داعشەوە بەدیل گیراون. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ئەو دیدارە كە لەخەم و ئازارەكانیان كەم دەكاتەوە.

سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا، هاوخەمی و هاوسۆزی خۆی بۆ كەسوكاری پێشمەرگە بەدیلگیراوەكان نیشاندا و گوتی" كە ڕۆڵە و كوڕەكانتان ڕۆڵە و ئازیزی ئێمەن و كەسوكاری ئەوان كەسوكاری ئێمەن، لەم شەڕەدا كە شەڕی مان و نەمانە، دەبێت چاوەڕوانی هەموو شتێك و كارەساتێك و قوربانیدانێك بكەین، لەوانە لەدەستدانی ئازیزان و شەهیدبوونی كەسوكارمان، بەڵام گرنگ ئەوەیە كەئیرادەمان بمێنێت و نەشكێت و ئیرادەی دوژمن بشكێنین".

سەرۆك بارزانی پێشمەرگە بەدیلگیراوەكانی بە قارەمان و فیداكار وەسف كرد و ئەوەشی خستەڕوو كە هەموو رێگایەك دەگیرێتە بەر بۆ ئازادكردنیان و داواشی لە كەسوكاری پێشمەرگەكان كرد كە سەبر و تەحەمولیان هەبێت و گوێ بە پرۆپاگەندەكان نەدەن و هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەیشی بەوەدا كە گەلی كوردستان و پێشمەرگە خاوەنی ئەخڵاق و رەوشتی بەرزن و لەبەرامبەر ئەو دوژمنە بێ ڕەوشت و بێ پرەنسیپە.

رەوشتبەرزیی خۆیان دەپارێزن. هەروەها ئەوەشی بۆ كەسوكاری پێشمەرگەكان شی كردەوە كە ئەو پێشمەرگانە هێشتا لەژێر دەستی تیرۆریستاندان و ئامادەین هەموو شتێك بكەین بۆ گەڕاندنەوەیان و تیرۆریستانیش بەرپرسن لە ژیانیان و ئەگەر هە شتێك بەسەر پێشمەرگەكان بێت ئەوە تیرۆریستانی داعش و ئەوانەی پاڵپشتیانن لێی بەرپرسن و بە توندترین شێوە باجەكەی دەدەن.

لە بەشێكی ئەو دیدارە، بەڕێز كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا پشتگیری وتەكانی سەرۆك بارزانی كرد و ئەوەشی بە ئامادەبووان راگەیاند كە لەگەڵ عەشیرەتەكان و خەڵكی ناوچەكە لە پەیوەندیدان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پێشمەرگانەی لە لایەن تیرۆریستانی داعش بە دیلگیراون.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی