سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆبووەوە

  • سێ شەممە, 17 شوبات 2015

لە چوارچێوەی سەردانەكەی رۆژی سێشەممە 17ـی 2ـی 2015 بۆ كەركووك، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێز كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم لەگەڵ پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك، وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆك بارزانی سوپاسی هێزی پێشمەرگەشی كرد كە لە سایەی قوربانیدانی ئەوان خەڵكی كەركووك لە ئاسایش و ئارامیدا دەژین و جەختی لەوە كردەوە كە بڕیاردان لە چارەنووسی كەركووك لە لایەن خەڵكی شارەكە خۆیەوە دەبێت.

دواتر سەرۆك بارزانی لە وتەیەكیدا بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە سەردانی شاری كەركووك و كۆبوونەوە ی لەگەڵ پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە شاری كەركووك نموونەی پێكەوەژیانی و تەبایی و برایەتی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بێت، هەروەها داواشی كرد كە كەشوهەوای برایەتی و پێكەوەژیان لە كەركووك بپارێزرێت و لەو پێناوەشدا سەرۆك بارزانی پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ پارێزگاری كەركووك و ئەنجوومەنی پارێزگا راگەیاند.

سەبارەت بە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش، ئەوەی بۆ ئامادەبووان روونكردەوە كە هێشتا تیرۆریستان هەڕەشەن بۆ سەر عێراق و ناوچەكە، بەڵام خەڵكی شاری كەركووكیشی دڵنیاكردەوە كە بەهیچ شێوەیەك رێگا نادرێت تیرۆریستانی داعش بگەن بە شاری كەركووك و بە هێزی پێشمەرگە بە هەموو هێز و توانایەكییەوە بەرگری لە كەركووك و پێكهاتەكانی دەكات و رایشیگەیاند پێویستە ئیرادەی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لە كەركووك بەهێز بكرێت و كەركووك لە بەرامبەر هەڕەشە و قەیرانەكان خۆڕاگر بێت.

سەرۆك بارزانی هێمایشی بەوەدا كە هەموومان بەیەكەوە پارێزگاری لە كەركووك دەكەین و داواشی لە خوشك و برایانی مەسیحی دانیشتووی كەركووك كرد كە بیر لە كۆچكردن و بەجێهێشتنی كەركووك نەكەنەوە و ئیرادەی مانەوەیان بەهێز بیت و ئاماژەی بەوەدا كە تیرۆریستانی داعش هیچ ئاییندەیەكیان لە ناوچەكە نییە و بارودۆخ و گوزەرانی خەڵك بۆ دۆخی ئاسایی خۆی دەگەڕێتەوە.

لە بەرامبەردا، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سوپاسی سەرۆك بارزانییان كرد و خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو سەردانە دەربڕی و سوپاسی پەرۆشی سەرۆك بارزانییان كرد بۆ بارودۆخی كەركووك. هەروەها پێزانینیشیان بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە هەبوو و جەختیشیان لە برایەتی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كەركووك كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەدا، بارودۆخی ناو شاری كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەر و هەروەها ئەو ناوچانەی كە لەژێر داگیركاری تیرۆریستانی داعشدان تاوتوێكرا.

Read کد خبر: 1205

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی