پێشنیوه‌ڕى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 28ى ئۆكتۆبه‌رى 2014، به‌ڕیز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز "یان ئیلیاسۆن" جێگرى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه له به‌ڕێزان نیكۆلاى میلادینۆف نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌گكرتووه‌كان له عیراق و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانى UN پێكهاتبوون.
له دیدارێكدا به‌ڕێز ئیلیاسۆن سه‌رسامیى خۆى به پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه كه هه‌ر له یه‌كه‌م بینینى دیمه‌نه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه، ئه‌و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون و پێشكه‌وتنانه‌ى دێنه به‌رچاو، سه‌ره‌نجى مرۆڤ ڕاده‌كێشن و مایه‌ى شانازین. هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان نیشان دا، كه پێشوازییان له زیاتر له ملیۆنێك و پێنجسه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر كردووه. پرسه و سه‌ره‌خۆشیى خۆى و نه‌ته‌وه یهكگرتووهكانیشى پێشكه‌ش به خانه‌واده و كه‌سوكارى شه‌هیدانى پێشمه‌رگه كرد و ئاماژه‌ى به‌وه دا پێشمه‌رگه بوێرانه شه‌ڕى دژى تیرۆر ده‌كات كه مایه‌ى ده‌ستخۆشى و پێزانینى هه‌مووانه.
تاوتوێكردنى پێشهاته‌كانى جه‌نگى دژى تیرۆر و بارودۆخى كۆبانێ و ناردنى هێزى پشتیوانیى پێشمه‌رگه بۆ شاره‌كه و هه‌وڵدان بۆ پاككردنه‌وه‌ى ناوچه‌كانى عیراق له تیرۆرستانى داعش، به‌شێكى دیكه‌ى دیدار بوو، تیایدا جه‌خت له‌وه كرایه‌وه كه كێشه‌كه ته‌نیا به ڕێگه‌چاره‌ى سه‌ربازى و له ڕێگه‌ى هێزه‌وه چاره‌سه‌ر نابێت، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ ڕێكارى سه‌ربازى، ده‌بێ له چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى و به دۆزینه‌وه‌ى ڕێگه‌ى چاره‌ى سیاسیش، هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عیراق بدرێت و پرۆسه‌ى سیاسى به شیویه‌ك بكه‌وێته ڕێ، كه هه‌موو پێكهاته‌كان تیایدا هاوبه‌ش بن و نوێنه‌رایه‌تیى هه‌مووان بكات.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌ڕێز جێگرى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى له پرۆسه‌ى سیاسیى عیراقدا به سه‌ره‌كى و به‌رز نرخاند و به‌شداریكردنى هه‌رێمى كوردستانى له حكوومه‌تى تازه‌ى عیراقدا به گرنگ و كاریگه‌ر له قه‌ڵه‌م دا، ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد كه هه‌بوونى عیراقێكى ئارام، بۆ هه‌رێمى كوردستانیش پێویسته. لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان پشتگیرى له حكوومه‌تى به‌ڕێز عه‌بادى ده‌كات و ده‌خوازێ شانسێكى بداتێ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو كێشه‌كان له ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێن. هه‌روه‌ها سوپاسى ڕۆڵى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانى كرد كه له كاتى پێكهێنانى حكوومه‌تى تازه‌ى عیراقدا، هه‌وڵى لێكنزیككردنه‌وه‌ى هه‌ولێر و به‌غداى دا.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر پێشهاته‌كانى جه‌نگى دژى تیرۆر و ڕوونى كرده‌وه كه پێشمه‌رگه له هێڵى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕدایه كه شه‌ڕێكى قورسه و له جیاتى هه‌موو ئازادیخوازانى جیهان، له دژى تیرۆر ده‌جه‌نگێت، دووپاتیشى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان پێویستى به هاوكارى و یارمه‌تیى زیاترى سه‌ربازى و مرۆییى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه و دووباره سوپاسى سه‌ردانى به‌ڕێز جێگرى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و شانده یاوهرهكهى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،
میوانه ئازیزه‌کان،
ئێواره‌تان باش و هه‌موو لایه‌کتان زۆر به خێر بێن..
خۆشحاڵ و به‌خته‌وه‌رم که له‌گه‌ڵ ئێوه‌ی به‌ڕێز، له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا پێکه‌وه ده‌بینه شاهیدی سه‌رکه‌وتنێکی دیکه‌ی کوردستان، شاهیدی هه‌ڵنانی ههنگاوێکی دیکه‌ی گه‌وره و گرنگی کوردستان به‌ره‌و جیهان، که ناساندنی قه‌ڵای مێژوویی و دێرینی هه‌ولێره وه‌ک شوێنه‌وارێکی جیهانی و به‌شێک له که‌له‌پووری مێژوویی و که‌لتووریی مرۆڤایه‌تی و دونیا.
ناساندن و جێگیربوونی ناوی قه‌ڵای هه‌ولێر له لیستی جیهانیی شوێنه‌واره مێژووییه‌کانی دنیادا، سه‌ربه‌رزی و شانازییه‌کی گه‌وره‌یه بۆ هه‌ولێر و کوردستان و هه‌موو عیراق، ته‌نانه‌ت بۆ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ڕووداوێکی گرنگ و پڕ به‌هایه.
قه‌ڵای هه‌ولێر، ئه‌و شوێنه‌یه به درێژاییی زیاتر له شه‌ش هه‌زارى ساڵی ته‌مه‌نی، ڕه‌گه‌کانی له قووڵاییی مێژوودا داکوتاوه، ده‌یان شارستانی و ده‌سه‌ڵاتی جیاجیای ئیمپراتۆر و شا و سه‌رکرده‌کانی جیهان و ناوچه‌که‌ی به‌ڕێ کردووه و، له هه‌موو چاخ و سه‌رده‌مێکدا هه‌میشه بۆ پاراستنی هه‌ولێر و خه‌ڵکه‌که‌ی وه‌ک قه‌ڵغانێک بووه. هه‌ره ترسناکترین هێز و سوپای داگیرکه‌رانی تێک شکاندووه و، خۆی وه‌ک هه‌میشه سه‌ربه‌رز و سه‌رفراز له ناوجه‌رگه‌ی ئەم شارە خۆشەویستەدا ماوه‌ته‌وه.
له مێژووی نزیکیشدا قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌یان که‌سایه‌تیی ناودار و لێهاتووی له هه‌موو بواره‌کاندا بۆ کوردستان پێگه‌یاندووه و، شێوازی ژیان و که‌لتوور و که‌له‌پووری قه‌ڵا، بۆته به‌شێکی دیار و سه‌ره‌کیی پێکهاته‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووریی هه‌ولێر، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کردووه که قه‌ڵای هه‌ولێر، یان وه‌ک هه‌ولێرییان پێی ده‌ڵێن "قه‌راتی هه‌ولێرێ" له سه‌دان شیعر و گۆرانی و، له ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی دیار و به‌رچاوی هه‌بێت. بۆیه مافی هه‌ولێر و هه‌ولێرییان و ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستانه که ئه‌مڕۆ شانازی به‌م ده‌ستکه‌وته‌وه بکه‌ن و سه‌ربڵند بن به‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌چێته ڕیزی شوێنه‌واره مێژووییه‌كانی جیهانی و ده‌بێته موڵکی ته‌واوی مرۆڤایه‌تی.
هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا ده‌مه‌وێ له دڵه‌وه سوپاس و پێ‌زانین و ده‌ستخۆشیی خۆم و حکوومه‌ت و خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان پێشکه‌ش بکه‌م بۆ ڕێکخراوی یوونسکۆی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، کۆمیسیۆنی باڵای نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر و به‌تایبه‌تى سه‌رۆکی کۆمسیۆنه‌که به‌ڕێز کاک "دارا یه‌عقووبی" و هاوکارانی، که له پرۆسه‌ی ناساندنی قه‌ڵادا وه‌ک شوێنه‌وارێکی جیهانی زۆر ماندوو بوون. بۆ ده‌سته‌ی شوێنه‌واره‌کانی عیراق، نێرده‌ى هه‌میشه‌ییى عیراق له یوونسکۆ، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی له نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی قه‌ڵادا به‌شدارن و بەتایبەتی سوپاسی پارێزگاری خۆشەویستی هه‌ولێر و هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کان و ئه‌و وڵاتانه‌ش دەکەم، که ده‌نگیان بۆ قه‌ڵای هه‌ولێر دا، تاکوو بچێته لیستی شوێنه‌وارى جیهانییه‌وه.
هه‌روه‌ها له‌م بۆنەیەدا ڕێگەم بدەن بە ناوی خەڵکی کوردستان، بە ناوی خەڵکی هەولێرەوە به‌خێرهاتنێکی گه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕێکخراوی یوونسکۆی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان خاتوو "ئیرینا باکۆڤا" بکه‌م، که له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا ئاماده‌یه و له‌م که‌یسه‌دا هاوکارییه‌کی زۆری کردووه. سوپاسی ده‌که‌ین و زۆر به خێر بێن بۆ کوردستان و بۆ عیراق.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،
ڕاسته ئێمه ئێستا له ڕێوڕه‌سمێکی که‌لتووریی گرنگداین و سه‌رکه‌وتنێکی دیکه‌ی کوردستان پیرۆز ده‌که‌ین، به‌ڵام له ڕۆژێکی ئاوادا ناکرێت باس له بارودۆخی وڵات و ناوچه‌که نه‌که‌ین، که به‌ره‌نگاری تیرۆرێکی دڕنده‌ی تاریک و ڕه‌وشێکی سه‌خت بۆته‌وه. ڕه‌وش و بارودۆخێکی وا که کوردستان بۆته هێڵی پێشه‌وه‌ی جه‌نگی هاوپه‌یمانیه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی له دژی تیرۆر و، پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کانی کوردستان ئێستا له جیاتی هه‌موو جیهان و مرۆڤایه‌تی، به‌رگری له خاک و خه‌ڵکی کوردستان و جیهان و له نرخ و به‌هاکانی دنیای ئازاد ده‌که‌ن و، ڕۆژانه له‌و پێناوه‌دا شه‌هید و بریندار ده‌بن. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خوشک و براکانیان بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ، پێکه‌وه تێده‌کۆشن و به‌رگری ده‌که‌ن. سڵاو و ڕێزمان بۆ هەموو ئەو قارەمانانە کە ئەمڕۆ لە بەرەکانی شەڕدا بۆ بەرگری لە وڵات و خاک و نیشتیماند، شەونخوونی دەکەن.
له‌م بارودۆخه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و یه‌کڕیزیی نیشتمانیی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کان و خه‌ڵک و پێکهاته‌کانی کوردستاندا، که وه‌ک هه‌میشه مه‌رجی یه‌که‌می هه‌موو سهرکهوتنێکمانه، پشتگیری و هاوکاریی دۆستانمان له جیهان و ناوچه‌که‌ش، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه، که به‌رگرییه‌کی نه‌به‌ردانه ده‌کات و به ڕۆحییه‌تى "یان کوردستان یان نه‌مان" له سه‌نگه‌ردایه، ده‌ستپێشخه‌ری بخاته‌وه ده‌ستی خۆی و ڕۆژانه له پێشڕه‌ویدا بێت و ڕۆژ له دوای ڕۆژ شکست به تیرۆریستان بێنێت.
بۆ سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌تر و شکستی زیاتری تیرۆریستانیش، پێشمه‌رگه پێویستی به چه‌کی قورس و ڕاهێنان و هاوکاریی زیاتری دۆستان و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به گشتی هه‌یه. هه‌ر لێره‌وه دووباره سوپاسی هاوپه‌یمانان و هه‌موو ئه‌و دۆستانه ده‌که‌ین که له ڕووی سه‌ربازی و مرۆییه‌وه پشتگیری و هاوکارییان کردووین و بە دڵنیاییەوە چاوه‌ڕێی هاوکاریی زیاتریان لێ ده‌که‌ین.
لایه‌نێکی دیکه‌ی سه‌ختیی بارودۆخه‌که ئه‌وه‌یه له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه حکوومه‌تی فیدرالی عیراق بودجه و مووچه‌ی کارمه‌ندانی هه‌رێمی کوردستانی بڕیوه و له سیاسه‌تێکی هه‌ڵه‌ی دۆڕاودا، قووتی خه‌ڵکی کوردستانی کردووه‌ته کارتێکی فشار، بۆ ئه‌وه‌ی له ناکۆکی و کێشه سیاسییه‌کاندا له دژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به کاری بهێنێت، ئه‌مه‌ش به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی گوایه هه‌رێمی کوردستان به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نه‌وتی فرۆشتووه! که له هه‌موو ڕاستییه‌که‌وه دووره و دواى بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له لایه‌ن به‌غداوه، ئینجا حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستى به فرۆشتنى نه‌وت کردووه.
به‌ڵام خۆڕاگریی هاووڵاتیانی کوردستان و به‌رگه‌گرتنی بێ بودجه‌یی و بێ مووچه‌یی، شکستی به سیاسه‌تی ئه‌وانه هێنا که له ئه‌نجامی هه‌ڵه و مامه‌ڵه و سیاسه‌ته چه‌وته‌کانیان، هه‌موو عیراقیان تووشی کاره‌ساتێکی سیاسی و ئه‌منی و سه‌ربازی کرد.
لێره‌وه پڕ به دڵ سوپاس و پێ‌زانین بۆ هاووڵاتیان و کارمه‌ندان و ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان دووپات ده‌کەمه‌وه که به‌رگه‌یان گرتووه و ده‌گرن، سوپاسی خاوه‌نکار و کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ران ده‌که‌ین، که وێڕای نه‌بوونی بودجه‌ش ده‌ستیان له کار هه‌ڵنه‌گرت و له پرۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوردستان و ئه‌نجامدانى کار و پرۆژه‌کان به‌رده‌وام بوون.
هه‌ر لێره‌وه دەمەوێ به هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان بڵێم: دوای هه‌وڵ و کۆششێکی زۆر، حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی دارایی بەردەوام دەبێت وهیوادارە له داهاتوویه‌کی نزیکدا ئه‌و قه‌یرانه چاره‌سه‌ر ببێت. هه‌روه‌ها دووباره هه‌موو کارمه‌ندان و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان دڵنیا ده‌که‌مه‌وه که هیچ مووچه‌یه‌کیان نافه‌وتێت و هه‌مووان ته‌واوی مووچه‌کانیان وه‌رده‌گرن.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،
وه‌ک چۆن له هه‌رێمی کوردستان، یه‌کێتی و یه‌کڕیزیمان پاراست و هه‌موومان پێکه‌وه حکوومه‌تمان پێکهێنا، زۆر پێداگیریمان له‌وه کرد که به هه‌مان شێوه هه‌مووان پێکه‌وه به‌شداری له حکوومه‌تی تازه‌ی عیراقی فیدرالدا بکه‌ین. دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه که هه‌رێمی کوردستان خوازیاری ئه‌وه‌یه و ئاماده‌یه هه‌موو کێشه و گرفته‌کان له ڕێگه‌ی دیالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌ماى تێگه‌یشتن له واقیعى کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکات.
ئێمه ئه‌م به‌شدارییه له حکوومه‌تی تازه‌ی عیراقدا به ده‌رفه‌تێک ده‌بینین بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بێته پێشه‌وه و، بگه‌ینه چاره‌سه‌رێک که سوودی بۆ ته‌واوی عیراق هه‌بێت و له به‌رژه‌وه‌ندیی ههموولایەکدا بێت. عیراقێک که بتوانێت سوود له هه‌ڵه‌کانی پێشوو وه‌ربگرێت و به شێوه‌یه‌ک ڕه‌فتار بکات که وڵات له‌و کاره‌ساته‌ی تێیکه‌وتووه، ڕزگار ببێت.
لێرەوە دووباره به‌خێرهاتنی هه‌موو لایه‌کتان ده‌که‌م، پڕ به دڵ پیرۆزبایی له خه‌ڵکی کوردستان و شاری خۆشەویستی هه‌ولێر ده‌که‌م که قه‌ڵاکه‌ی ئیتر ده‌بێته به‌شێک له که‌لتووری مرۆڤایه‌تی و موڵکی هه‌موو جیهان. دڵنیام که ئاسۆ ڕووناکه و سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌تر به‌ڕێوه‌یه. ئێواره‌یه‌کی خۆش بۆ هه‌موو لایه‌ک، بە خێر بێن بەسەرچاو.
زۆر سوپاس.
سه‌ربه‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 22ى ئۆكتۆبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز "سێر ریچارد ئۆتهوێى" سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانى به‌ریتانیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد، كه له ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانى لیژنه‌كه پێكهاتبوون.
له دیدارێكدا، شانده‌كه ده‌ستخۆشییان له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ ئه‌و ئارامى و سه‌قامگیرى و پێشكه‌وتنانه‌ى له هه‌موو بواره‌كاندا هاتوونه‌ته دى، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینان بۆ حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستان ده‌ربڕى كه وێڕاى هه‌بوونى كێشه‌ى بودجه و سنورداریى تواناكان، باوه‌شیان بۆ ئه‌و ژماره زۆره‌ى ئاواره و په‌نابه‌ران كردووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها دوایین سه‌ردانى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی‌یان بۆ به‌ریتانیا به سه‌ركه‌وتوو و ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند و داوایان كرد كۆمیته‌ى هاوبه‌شى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولا كارا بكرێت.
په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، كێشه‌كانى بودجه و مووچه و پرسى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، گرنگیى به‌شداریكردنى سوننه له پرۆسه‌ى سیاسیى عیراق، ڕۆڵى هاوپه‌یمانان له جه‌نگى دژى تیرۆردا، هه‌روه‌ها بارودۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران و پێویستیى هاوكاریكردنیان له لایه‌ن حكوومه‌تى فیدرالیى عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، ڕه‌وشى كرێكاران و كارى سه‌ندیكایى و مافه‌كانى مرۆڤ و مافى ئافره‌تان له كوردستان، چه‌ند ته‌ورێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوون.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌ریتانیا دووپات كرده‌وه بۆ هاوكارییه سه‌ربازى و مرۆییه‌كانى و ڕوونى كرده‌وه كه ڕاسته ئێستا له شه‌ڕى دژى تیرۆردا ده‌ستپێشخه‌رى كه‌وتووه‌ته ده‌ستى پێشمه‌رگه، به‌ڵام بۆ نه‌هێشتنى مه‌ترسیى تیرۆر، پێشمه‌رگه پێویستى به چه‌كى قورس و ڕاهێنان و هاوكاریى زیاتر هه‌یه. ده‌رباره‌ى ئاواره‌كانیش جه‌ختى له‌و كرده‌وه كه وێڕاى هه‌موو كێشه‌كان، هه‌رێمى كوردستان له هاوكاریكردنیان به‌رده‌وام ده‌بێت. هه‌روه‌ها حكوومه‌ت به‌رده‌وام كار بۆ پێشخستنى كارى سه‌ندیكایى و ڕێكخراوه‌یى ده‌كات. له كۆتاییشدا داكۆكى خواستى پێشخستنى په‌یوه‌ندیى دوولایه‌نه كرایه‌وه.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز خۆسێ مارییا فێررێ باڵیۆزى ئیسپانیا له عیراق كرد كه جارى یه‌كه سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.
له دیدارێكدا ڕه‌وشى ئێستاى عیراق و بارودۆخى ئه‌منى له به‌غدا و ناوچه‌كانى دیكه‌ى وڵات و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆرستانى داعش له‌سه‌ر ناوچه‌كه به گشتى تاوتوێ كرا و، به‌ڕێز باڵیۆزى ئیسپانى نیگه‌رانیى خۆى له پێشهات و نائارامییه‌كان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه وێڕاى خراپیى ڕه‌وشى ئه‌منى و نائارامى له زۆر شوێنى عیراق، كه‌چى ئه‌م چه‌ند ڕۆژانه‌ى دوایى كه له هه‌ولێر بووه، بارودۆخێكى ته‌واو جیاواز و ئارامى و ئاسایش و سه‌قامگیرى بینیوه، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستخۆشى له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا دروستبوونى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له دژى تیرۆر و ڕۆڵى ئیسپانیا له‌و هاوپه‌یمانییه‌دا باس كرا و، تیشك خرایه سه‌ر گرنگیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه‌وه. له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز باڵیۆزى ئیسپانى ڕوونى كرده‌وه كه په‌رله‌مانى وڵاته‌كه‌ى دانیشتنێكى تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌م پرسه ساز ده‌كات و پشتگریى ئیسپانیاى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عیراق له جه‌نگى دژى تیرۆردا دووپات كرده‌وه.
له دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا داكۆكییان له خواستى دوولایه‌نه بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه سیاسى و ئابوورییه‌كان كرده‌وه و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه دا كه هه‌رێمى كوردستان به گرنگییه‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ل ئیسپانیا ده‌ڕوانێت، هه‌روه‌ها هیواى خواست ئیسپانیا ڕۆڵى خۆى له جه‌نگى دژى تیرۆردا بگێڕێت و له پرسى ئاواره و په‌نابه‌رانیشدا هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكات. به‌ڕێز باڵیۆزى ئیسپانیش جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه په‌ره به په‌یوه‌ندییه بازرگانى و سیاسییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ده‌ن و كۆمپانیا و سه‌رمایه‌دارانى ئیسپانیا هان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ڕوو بكه‌نه هه‌رێمى كوردستان و كارى تیادا بكه‌ن.
پرسى به‌شداریكردنى هه‌رێمى كوردستان له حكوومه‌تى تازه‌ى عیراقدا و گرنگیى ئه‌و به‌شداریكردنه بۆ پرۆسه‌ى سیاسى و ئێستا و داهاتووى عیراق، به‌شێكى دیكه‌ى گفتوگۆى هه‌ردوولا بوو.
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2ى ئۆكتۆبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز د. گێرد مویله‌ر وه‌زیرى هه‌ماهه‌نگیى ئابوورى و په‌ره‌پێدانى ئه‌ڵمانى كرد.
له دیدارێكدا وه‌زیرى ئه‌ڵمانى ڕوونى كرده‌وه كه بۆ له‌نزیكه‌وه ئاگاداربوون له ڕه‌وش و بارودۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه و سوپاس و پێزانینى ئه‌ڵمانیاى پێشكه‌ش به حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان كرد كه هاوكاریى ئاواره‌كانیان كردووه و داڵده‌یان داون. هه‌روه‌ها به‌رخودان و به‌رگریى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانى به قاره‌مانانه و مایه‌ى ڕێز و پێ‌زانین له قه‌ڵه‌م دا.
جه‌خیشى له‌وه كرده‌وه ئه‌ڵمانیا كه پێشتریش هاوكاریى سه‌ربازى و مرۆیى پێشكه‌ش به هه‌رێمى كوردستان كردووه، له‌و هاوكاریانه به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌ها وڵاتانى دیكه‌ى ئه‌ورووپاش هان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن. باسیشى له دیدارى خۆیان له‌گه‌ڵ چه‌ند ئافره‌تێكى قوربانیى ده‌ستى داعش كرد و دووپاتى كرده‌وه كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و تاوانه‌ى داعش وه‌ك جینۆساید له جیهاندا بناسرێن.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران سوپاسى سه‌ردانه‌كه‌ى كردن، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانى بۆ خه‌ڵك و حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا دووپات كرده‌وه بۆ ئه‌و هاوكارییه سه‌ربازى و مرۆییانه‌ى پێشكه‌شیان كردوون، ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانى ئه‌ڵمانیا و وڵاتانى دیكه؛ شوێنى خۆیان گرتووه و به‌و هۆیه‌وه ئێستا هاوسه‌نگیى سه‌ربازى گۆڕاوه و ده‌سپێشخه‌رى كه‌وتووه‌ته ده‌ستى پێشمه‌رگه‌وه.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران تیشكى خسته سه‌ر هێرشه‌كانى تیرۆرستانى داعش و بهئامانگرتنى پێكهاته ئایینییه‌كانى وه‌ك مه‌سیحى و ئێزدى له هه‌رێمى كوردستان و ڕوونى كرده‌وه كه به‌م هۆیه‌وه به داخه‌وه بێبڕوایى له‌ناو ئه‌و پێكهاتهكانهدا دروست بووه و زۆریان ده‌یانه‌وێت زێد و خاكى خۆیان جێ بهێڵن، بۆیه ده‌بێ یه‌كه‌م جار شوێنه‌كانیان ئازاد بكرێنه‌وه و دواتر بپارێزرێن. ئه‌وه‌شى خسته ڕوو كه باش ده‌بێت كۆنفرانسێكى نێوده‌وڵه‌تى ده‌رباره‌ى ئاواره‌كان و به‌سه‌رهاتیان و هاوكاریكردنیان ببه‌سترێت. دووباره سوپاسى سه‌ردانى به‌ڕێز وه‌زیرى ئه‌ڵمانى كرد.
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ 27ى ئه‌یلوولى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له هه‌ردوو كۆنگرێسمانى ئه‌مه‌ریكى به‌ڕێزان "ئاده‌م كینزنگهر" و جۆرج هۆڵدینگ" كرد.
له دیدارێكدا كۆنگرێسمانان خۆشحاڵیى خۆیان به پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان نیشان دا و، دووپاتیان كرده‌وه هه‌رێمى كوردستان سوودێكى زۆر باشى له‌و ده‌رفه‌ته وه‌رگرتووه كه دواى ڕووخاندنى ڕ‌ژێمى دكتاتۆریى به‌عس هاتۆته ئاراوه و، ئه‌زموون و پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆ حكوومه‌ت و گه‌لى ئه‌مه‌ریكا نموونه‌ى سه‌ركه‌وتنن، بۆیه ئه‌مه‌ریكا هه‌رگیز پشت له هه‌رێمى كوردستان ناكات و هه‌میشه هاوكارى ده‌كات، به تایبه‌تیش كه ئێستا له جیاتى هه‌موو جیهانى ئازاد، له جه‌نگێكدا كه ئه‌مه‌ریكا سه‌رپه‌رشتى ده‌كات، زۆر ئازایانه ڕووبه‌ڕووى تیرۆر بووه‌ته‌وه.
كۆنگرێسمانان هه‌روه‌ها باسیان له ڕه‌وش و بارودۆخى مرۆییى ئاواره‌كان له هه‌رێمى كوردستان كرد و سوپاسى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانیان كرد بۆ به‌هاناوه‌چوون و حه‌واندنه‌وه‌ى ئاواره و په‌نابه‌ران، كه له هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى عیراق و سووریاش، ڕوویان له هه‌رێمى كوردستان كردووه و له‌مباره‌یه‌وه هیچ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كى نه‌كردووه. جه‌ختیشیان له‌وه كرده‌وه كاتێك گه‌ڕانه‌وه ئه‌مه‌ریكا داوا ده‌كه‌ن پشتگیریى باشتر له هه‌رێمى كوردستان و هاوكاریى زیاترى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به شێوه‌یه‌كى باشتر هاوكاریى ئاواره و په‌نابه‌ران بكات.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، خۆشحاڵیى خۆى به سه‌ردانیان بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و سوپاسى ئه‌مه‌ریكا و كۆنگرێس و خه‌ڵكى ئه‌مه‌ریكى كرد كه هه‌ر له سه‌ره‌تاى ڕاپه‌ڕینه‌وه پشتگیری‌یان له هه‌رێمى كوردستان كردووه. ده‌رباره‌ى جه‌نگى دژى تیرۆریش، دووپاتى كرده‌وه ئه‌مڕۆ هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو پاراستنى ئاشتى و دیموكراسى و پێكه‌وه‌ژیان، ڕووبه‌ڕووى هێزێكى دڕنده‌ى تاریك بووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌مه‌ریكاى كرد كه هاوكاریى سه‌ربازیى پێشمه‌رگه ده‌كات و جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه كه پێشمه‌رگه پێویستى به هاوكارى و پشتگیریى زیاتره. ئاماژه‌ى به ڕه‌وشى ئاواره‌كانیش دا و داواى كرد ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئاوڕى جددیتر و زیاتریان لێ بده‌نه‌وه و هاوكارییان بكه‌ن.
ده‌رباره‌ى به‌شداریى هه‌رێمى كوردستان له حكوومه‌تى نوێى عیراقدا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه هه‌رێمى كوردستان خوازیارى ئه‌وه‌یه هه‌موو كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عیراق چاره‌سه‌ر بكات و به بڕیارى بهشداریكردنیشى له حكوومه‌تدا، ده‌رفه‌تێكى به سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز عه‌ببادى داوه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان. له كۆتاییى دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌مه‌ریكا تاوتوێ كران و، هه‌ردوولا داكۆكییان له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان و به‌رزكردنه‌وه‌ى زیاترى ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كان كرده‌وه.
د.یوسف محه‌مه‌د سادق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، داوا ده‌كات حكومه‌تی هۆڵه‌ندا هاوكاری هه‌رێمی كوردستان بكات له‌رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش، چونكه ئه‌مڕۆ پێشمه‌رگه و هه‌رێمی كوردستان به نوێنه‌رایه‌تی دونیا شه‌ڕی دژه تیرۆر ده‌كات له‌پێناو پاراستنی به‌ها مرۆییه‌كان. ئه‌م وتانه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له میانی سه‌ردانێكیدا هات بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا كه ئه‌مرۆ ١٠ی ئه‌یلول به‌رێوه‌چوو تیایدا به‌یاوه‌ری شاندێك له‌په‌رله‌مانتارانی یه‌زیدی و مه‌سیحی و كه‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی تری په‌رله‌مان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندایان كرد و له‌لایه‌ن فرانس تیمه‌رمان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و چه‌ند گه‌وره به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه پێشوازییان لێكرا.
له‌میانی دانیشتنێكدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان تیشكی خسته سه‌ر بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و شه‌ڕی تیرۆر‌و ئاواره‌بوونی سه‌دان خێزانی كورد و یه‌زیدی و مه‌سیحی و عه‌ره‌ب، له ناوچه‌كانی تره‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان. سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق ٨ مانگه موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی نه‌ناردووه وقه‌یرانێكی دارایی له هه‌رێمی كوردستاندا درووستبووه، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته لانه‌ی ئارامی زیاتر له ملێونێك ئاواره، بۆیه پێویسته هۆڵه‌ندا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هاوكارمان بن له‌و بواره‌دا."
له‌به‌شیكی تری وته‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا كرد، پشتیوانی هه‌رێمی كوردستان بن بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و دیموكراسی و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ."
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا: سورین له‌سه‌ر پاراستنی كوردستان سه‌قامگیریی كوردستان فاكته‌ری ئارامی ناوچه‌كه‌یه
له‌به‌رامبه‌ر وته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، دوای به‌خێرهێنان، فرانس تیمه‌رمان وه‌زیری ده‌وه‌ی هۆڵه‌ندا وتی " سورین له‌سه‌ر پاراستنی كوردستان، چونكه سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان، فاكته‌ری ئارامی ناوچه‌كه‌یه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا هه‌رچی به‌وان بكرێت هاوكاری هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و هه‌مو بژارده‌كان له به‌رده‌میاندا كراوه‌یه ته‌نانه‌ت بژارده‌ی سه‌ربازیش بۆ پارێزگاری له هه‌رێمی كوردستان.
پێویسته بوترێت ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و شاندی یاوه‌ری به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی بارودۆخی شنگاله به دامه‌زراوه به‌رپرسه‌كانی ولاتی هۆله‌نداو رۆژی 7ی ئه‌یلول ده‌ستی پێكرد.
نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 6ى ئه‌یلوولى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز "برونۆ ساكۆمانى" باڵیۆزى كه‌نه‌دا له عیراق كرد.
له دیدارێكدا باس له دوایین سه‌ردانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى كه‌نه‌دا بۆ هه‌رێمى كوردستان كرا و به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ردانه‌كه‌ى به سه‌ركه‌وتوو له قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها سوپاس و پیزانینى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ كه‌نه‌دا دووپات كرده‌وه كه ڕۆڵێكى گرنگى هه‌بووه له بوارى هاوكاریكردنى مرۆییى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى قه‌یرانى مرۆیى و به‌هاناوه‌چوونى ئاواره‌كان و، یه‌كێك له‌و وڵاتانه بوو كه هه‌ر زوو له‌سه‌ر ئه‌م پرسه هاته پێشه‌وه، هه‌روه‌ها پشتگیریى هه‌رێمى كوردستانى له جه‌نگى دژى تیرۆردا كردووه.
هه‌ردوولا باسیان له هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆستانى داعش كرد و تشكیان خسته سه‌ر دروستبوونى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له دژى داعش و، له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆك وه‌زیران پێشوازى له دروستكردنى ئه‌و هاوپه‌یمانییه نێوده‌وڵه‌تییه كرد كه به ده‌ستپێشخه‌ریى ئه‌مه‌ریكا له لایه‌ن وڵاتانى ئه‌ندامى په‌یمانى ناتۆوه، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش هاتۆته ئاراوه. هه‌روه‌ها هیواى خواست كه له زووترین كاتدا ده‌ره‌نجامى دروستبوونى ئه‌و هاوپه‌یمانییه نێوده‌وڵه‌تییه به شێوه‌یه‌كى كاراى كرده‌یى له سه‌ر ئه‌رز ببینرێت.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز باڵیۆزى كه‌نه‌دا له عیراق ده‌ستخۆشى له پێشمه‌رگه كرد كه له هه‌موو به‌ره‌كاندا ڕووبه‌ڕووى تیرۆرستان بوونه‌ته‌وه و به تایبه‌تى ئه‌م ڕۆژانه‌ى دوایى سه‌ركه‌وتنى به‌رچاویان به ده‌ست هێناوه. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش ڕایگه‌یاند كه هه‌رێمى كوردستان شانازى به پێشمه‌رگه‌وه ده‌كات و داواى كرد كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به هه‌موو جۆرێك هاوكاریى پێشمه‌رگه بكات بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به باشترین شێوه به‌ره‌نگارى تیرۆر ببێته‌وه.
له كۆتاییى دیداره‌كه‌دا باس له په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى دووقۆڵیى هه‌رێمى كوردستان و كه‌نه‌دا كرا و، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران سوپاسى به‌ڕێز باڵیۆزى كه‌نه‌داى له عیراق كرد كه ڕۆڵێكى دیارى له په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولادا گێڕاوه. لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز باڵیۆزى كه‌نه‌دا ڕایگه‌یاند بۆ پته‌وكردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كان، سه‌ره‌تاى ساڵى تازه شاندێكى بازرگانى و ئابووریى كه‌نه‌دى سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش هاتنى شانده‌كه‌ى له بارودۆخێكى وه‌هادا به سهرهدانێكى گرنگ و كاریگه‌ر له قه‌ڵه‌م دا.
دوایین هەواڵەکان
- «نازم ده‌باغ» له‌گه‌ڵ خاتوو «مایرا کوپێرز» جێگری نوێنەری «یونامی» لە تاران دیداریی کرد
- سه‌ركۆمارى توركيا به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه
- پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی‌دا
- نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێ نيشتمان كۆكهرهوهى هه‌موومان بێت
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له باڵيۆزى فه‌ره‌نسا كرد
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له باڵيۆزى به‌ريتانيا كرد
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
- عەباس غەزالی: نووسین و چاپکردنی "فەرھەنگیی زارەکیی موکریان" شانازییەکی بێ پایانە
- پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز