دواڕۆژ: دەربارەی ئاڵۆزیەكانی ماوەی رابردووی ناوچه سنوورییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان "نازم عومه‌ر ده‌باغ" نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران دەڵێت: "له‌ڕاستیدا ئه‌م کێشه‌‌یه، کێشه‌ی ئه‌مڕۆ نییه و چه‌ند ساڵ جارێک رووده‌دات، به‌ڵام رووداوی ئه‌م جاره به پێی ئاڵوگۆڕه‌کان و بارودۆخی ئێستای ناوچه‌که‌ و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پێشوو".

 

"نازم دەباغ" نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران لە دیدارێكدا كە لە لایەن نووسینگەی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لە تاران بۆ دواڕۆژ نێردراوە، دەڵێت: "کۆماری ئیسلامی ئێران چه‌ندین مانگ پێشتر په‌یامی بۆ ئێمه ناردووه که زانیارییان هه‌یه لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردستان هه‌وڵی چالاکی سه‌ربازی ده‌ده‌ن و هێزه‌کانیان بۆ چالاکی سه‌ربازی له کۆماری ئیسلامی ئێران کۆده‌که‌نه‌وه، کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادارییان کردینه‌وه به پێی راگه‌یاندنه‌کانی "رووداو" و "کوردستان ٢٤" له گواستنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره ده‌نگوباس و  چالاکییانه‌دا که په‌یامێکی تێدابووه بۆ ئێران، بۆیه کۆماری ئیسلامی ئێران، جارێکی دیکه په‌یامی نارده‌وه که هه‌ر چالاکییه‌کی سه‌ربازی هێزه کوردییه‌کان له‌ ناو ئێران ئه‌نجام بدرێت ئێمه به‌رپه‌رچدانه‌وه‌مان ده‌بێت و شوێنه‌کانیان له هه‌ر شوێنێکی هه‌رێمی کوردستان بێت بوردومان ده‌که‌ین".

 

نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران دەشڵێت: "ئەوەی لێره‌دا پێویسته باسی بکه‌ین ئەوەیە كە رێککه‌وتنی نێوان حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌روه‌ها حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هێز و لایه‌نه‌ ئێرانییه‌کانی ناو هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌ر له ساڵی ١٩٨٦ که ئه‌و کاته وه‌کوو لایه‌نه سیاسییه‌کان و به تایبه‌ت یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کانی ئێرانی چ کورد و چ فارس باسی لێوه‌ کراوه ‌و رێککه‌وتین نه ئێران له ناو خاکی هه‌رێمی کوردستان و له ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتیی نیشتمانیی په‌لاماری هێزه ئێرانییه‌کان بدات و نه هێزه ئێرانییه‌کان له سنووره‌کانی ئێمه په‌لاماری ئێران بده‌ن، ئه‌و رێککه‌وتنه له‌و سه‌رده‌مه‌دا جێبه‌جێ‌کرا و به‌رده‌وام بوو تا پێکهاتنی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و رێککه‌وتنه‌که گواسترایه‌وه بۆ ناو سیستمی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، تا ئێستاش حکوومه‌ت و حزبه‌کانیش سوورن و دڵنیاییان داوه که پێویسته ئه‌م رێککه‌وتنه رێزی لێبگیردرێت و مافه سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌‌نگییه‌کانی لایه‌نه سیاسییه‌کان له هه‌رێمی کوردستان بپارێزرێت. پێویست ده‌کات باسی ئه‌وه‌ش بکه‌م که کڕۆکی ئه‌م رێککه‌وتنه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بیروبۆچوونه‌کانی جه‌نابی مام جه‌لال له‌و سه‌رده‌مه‌دا".

 

دەیشڵێت: "به پێی ئه‌زموونی رابردوو، هه‌میشه له‌م کاتانه‌دا حکوومه‌تی هه‌رێم توانیوییه‌تی کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات و لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردی ئێرانی، پابه‌ندی خۆیان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و رێزگرتن له بنه‌ماکان ئه‌نجامداوه و وه‌ڵامی ئه‌رێنییان بووه بۆ چاره‌سه‌رکردن. به‌ڵام ئه‌مجاره هه‌ست ده‌که‌ین بیروڕای جیاجیا هه‌یه چ له نێو لایه‌نه‌که خۆی و چ له نێوان لایه‌نه جیاوازه‌کان، به تایبه‌تی له که‌شی ئارامدا ئه‌وانه‌ی دوورن له مه‌یدان، به شێوه‌یه‌کی دیکه بیر ده‌که‌نه‌وه‌و پێیانوایه دژایه‌تی جووڵانه‌وه‌که‌یان ده‌کرێت، نازانن ئێمه وه‌كوو حکومه‌‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی میلله‌تی کورد له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌‌یه‌کی گشتیدا له‌به‌رچاو ده‌گرین و نامانه‌وێت به کاری که‌م شته‌ گه‌وره‌کان تووشی شکست بکه‌ین.  

 

"نازم عومەر دەباغ" دەڵێت: "هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه که هه‌موو سه‌رکرده‌کان ده‌یکه‌ن، که به‌داخه‌وه شیوازی ئیشکردنمان له ناو هێزه سیاسییه‌ ئه‌ساسییه‌کان بێ متمانه‌یی پێوه دیاره ته‌نانه‌ت له‌ناو که‌سایه‌تییه‌کانی یه‌ک حزب و لایه‌نیشدا. له ‌ناو لایه‌نێکی سیاسیدا که‌سێک به‌رپرسه ناوێرێت کورسییه‌که‌ی خۆی به‌جێبێڵێت چونکه پێیوایه له‌مه‌ودوا که‌س حه‌سێبی بۆ ناکات و ته‌نانه‌ت زه‌ربه‌شی لێده‌ده‌ن. بۆیه پێویسته ئه‌م متمانه له‌ناو یه‌کێتی و پارتی و گۆڕان دروست بێت که مه‌ترسییان بۆ داهاتووی یه‌کتریی نه‌بێت. وه‌کو وڵاتانی رۆژئاوایی، بارودۆخه‌که ده‌گۆڕدرێت و ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌کان له سه‌رووی هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی دیکه‌وه بێت. کاتێک له رۆژئاوا لایه‌نه‌كان حوکم ده‌ستاوده‌ست ده‌که‌ن رێز له یه‌کتر و به‌رنامه‌و پلانی یه‌کتر ده‌گرن".

 

لە كۆتایی دیدارەكەیشیدا نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران دەڵێت: "هیوادارم سه‌رکرده‌کانمان ئه‌وه‌نده بیرتیژتر بن که ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌ستی پێده‌که‌ین ئه‌وان به کرده‌وه هه‌نگاویان بۆ نابێت. له رابردوودا له ١٩٨٤ له "سورداش" جه‌نابی مام جه‌لال بانگه‌وازیی ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتیی راگه‌یاند، ئه‌مه یه‌ک لایه‌نه بوو له کاتێکدا جه‌نابی کاک مه‌سعود و خوالێخۆشبوو "ره‌سوڵ مامه‌ند" و سه‌رکرده‌کانی‌تر، به ده‌نگ بانگهێشتنه‌که هاتن و به‌رنامه‌ی ئاشته‌وایی گشتیی به‌رهه‌مه‌که‌ی دروستکردنی به‌ره‌ی کوردستانیی و راپه‌ڕین و حکومه‌ت بوو، واتا هه‌موو داخوازییه‌کان وه‌کوو خۆی جێبه‌جێ ناکرێت، پێویستی به لێبورده‌یی هه‌یه له داخوازییه‌کان و له ده‌سه‌ڵاته‌کان".

نازم دەباغ بۆ رووداو: وەڵامی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران نەرم و دۆستانەیە

رووداو- هەولێر /لە لایەن سەرباز سیامەند 2/7/2016: "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران رایدەگەیێنێ: "هەڕەشەکانی سەردار سەلامی پەیامی فەرمی ئێرانە، بەڵام بەرپرسانی ئێران بەمنیانگوت، مەبەستمان هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو مەبەستان ئەو لایەنانەیە هێرشەکان ئەنجام دەدەن."

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران بە (تۆڕی میدیایی رووداوی) راگەیاند: "ناکرێت بڵێین هەڕەشەکانی سەردار سەلامی هی ئێران نییە، چونكە سەردار سەلامی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانە. بەیانەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی سەردار "حوسێن سەلامی"یە. زمانی بەیاننامەكە دۆستانەیە و هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر بەردەوامی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ ئێران دەكاتەوە."

"نازم دەباغ" زۆرتر گوتی: "خۆم سەردانی بەرپرسانی ئێرانم کردووە و سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەردار سەلامی لەگەڵیان کۆبوومەتەوە. ئەوان گوتیان مەبەستمان هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو مەبەستمان ئەوانەیە کە هێرشەکان ئەنجام دەدەن."

 

ناوبراو گوتیشی: "بەیانەكەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی ئەو قسانەیە كە سەردار سەلامی كردوونییەتی. بەیانەكەی حكوومەتی هەرێم بەراورد بە قسەكانی ئەو، نەك هەر نەرمە، بەڵكو زۆر نەرمترە. هەرێمی کوردستان لەم بەیاننامەیەدا داوایکردووە بەردەوامی بە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بدرێت."

نازم دەباغ: ئێمە داوای ڕەچاوکردنی ڕەوشی هەرێمین نەک داوای دەستبەرداربوون لە خەبات و تێکۆشان

 ده‌نگی کوردی ئه‌مه‌ریکا: هه‌رێمه‌ کوردیـیه‌کان / گفتوگۆکان: 3ی مانگی حه‌وت 2016 / Balen Salihجێگری سەرکردەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەڵێت: ماوەیەکە چەند لایەنێکی چەکدار لە هەوڵێ تێکدانی باری ئاسایشی ئێراندان.

"حوسەین سەلامی" لەو ڕاگەیاندنەیدا داوا لە کاربەدەستانی کورد دەکات لە هەرێمی کوردستان کە پابەندی ڕێککەوتنەکانیان بن و ئاگاهیش دەدات کە ئێران بۆردومانی هەر شوێنێک دەکات گەر ببێتە سەرچاوەیەک بۆ مەترسی ئاسایشی لەسەر ئێران.

"نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵێت: ئەم ڕاگەیاندنەی سەلامی بە ڕژدی وەرگیراوە و وەک لە ڕاگەیاندنەکەی حکوومەتی هەرێمدا ئاماژەی پێکراوە "هیچ هەڕەشەیەکی ناهەق لە هیچ کەسێک قەبوڵ ناکات" و دەشڵیت لە هەمان ڕاگەیاندنی حکومەتی هەرێمدا هاتووە کە پێویستە تەواوی کێشەکان لە ڕێگای دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن.

 

ئایا لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە بەشێک لەو دیالۆگە؟

"نازم ده‌باغ" دەڵێت: تا ئێستا وتووێژ و دانووستاندنەکان وەها بەڕێوەچوون کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا کردووە و لە لایەکی تریشەوە هەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتدا کردووە و وەک دەڵێت حکوومەتی هەرێم وەک دوو لایەن ئەژمار دەکرێت، یەکەمیان لایەنێکی سەرەکی لە دانووستاندنەکاندا و دووهەمیشیان وەک ناوبژیوانێک.

 

ئایا ئێران جارێکی دیکه هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەنێت بۆ بۆردومان کردنی ئەو شوێنانەی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێن؟

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵیت: بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستیدان زۆرینە لەو بڕوایەدان پارێزگاری لە ڕەوشی ئاسایشی هەرێم بکرێت بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستادا کە هەرێم لە چەند قەیرانێکدایە وەک شەڕی داعش و قەیرانی بڕینی بودجە و دەشڵێت هەر بۆیە ئیتر پێویست ناکات کێشە و گرفتی تر بۆ هەرێم زیاد بکرێت و ئەمەش وەک دەڵێت "سەپاندنی تیادا نییە بەڵکو ڕێککەوتنە" ئاماژەش بەوە دەکات هەرچییەک دەیڵێت ڕای حکوومەتی هەرێمن نەک ڕای خۆی بن.

 

لە وەڵامی پرسیارێکی "بەڵێن ساڵح" سەبارەت بە هەبوونی بنکە سەربازیەکانی تورکیا لە ناو خاکی هەرێمدا ئایا ئێرانییەکان هیچ پەیامێکیان پێداوە؟

 

"نازم عومەر دەبا‌غ" دەڵێت بەڵێ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندان جار ئەم دۆسێیەیان باسکردووە و دەڵێن بۆچی ڕێگە بە پایگا و سەربازگە و تۆپخانەی تورکیا دەدرێت، بەڵام کاتێک ئێران ئاگاهیەک دەدات لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕێککەوتن هەن دەکەونە ئەم هاوار هاوار کردنە.

چوار شەممە, 06 تەمموز 2016 20:07

بۆ ئه‌و پێنووسانه‌ی که زوڕناژه‌نی شه‌ڕی نێوان لایه‌نه‌کان و دروستکردنی قه‌یرانی‌ترن بۆ هه‌رێمی کوردستان

له‌م رۆژانه‌دا زۆر ده‌نگی نه‌شاز ده‌بیستین، به تایبه‌تی دوای ئه‌و رووداوانه‌ی ئه‌خیری تۆپبارانه‌کانی مه‌حکوم‌کراوی ئێران و ئه‌و قوربانیانه‌ی له‌دوای چالاکی سه‌ربازی له‌ناو کۆماری ئیسلامی روویدا. ئێمه خۆمان به نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان زانیوه له پرۆسه‌ی سیاسی و دپلۆماسی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئێراندا. کاری دڵسۆزانه‌و دروست له‌م بواره‌دا گه‌یاندنی په‌یامی راست و دروستی لایه‌نه‌کانه و ئارامکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌ له دروستبوونی شه‌ڕ و دروستبوونی قه‌یرانی تازه.

مێژووی رابردوو ده‌یسه‌لمێنێت و له داهاتووش زیاتر به‌ده‌ر ده‌که‌وێت که رێگای راست و دروست، رێگای سیاسه‌تی ژیرانه‌و ورده. ئه‌وانه‌ی له پێناو گیرفان پڕکردن و پاراستنی پله‌و پایه و دروستکردنی قه‌یران له‌دوای قه‌یران‌دا یان ئه‌وانه‌ی له رێگای ئاشتی و سیاسه‌ت و نه‌رم و نیانی ده‌یانه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌ل بپارێزن و قه‌یران و کێشه‌کانی چاره‌سه‌ر بکرێت، ئه‌من و ئاسایش به‌رقه‌رار بێت له پێناوی خوشگوزه‌رانی گه‌له‌که‌ی، یان نوسینی ژه‌هراوی و قسه‌ی ئه‌وانه‌ی که وه‌کو تووتی قسه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌و وه‌کو نه‌عامه‌ش سه‌ریان ده‌خه‌نه ناو لمه‌وه‌و که خه‌ڵک نابینن به‌ڵام خه‌ڵک ده‌یانبینێت، زوڕناژه‌نی و له‌ناوبردن و برسی‌کردنی خه‌ڵک له پێناوی پارێزگاری له‌و پله‌و پایه‌ی به ناحه‌ق وه‌ریانگرتووه که به‌داخه‌وه له‌م رۆژانه گوێبیستی ده‌ها ناونیشانی به‌ناو سه‌رکردایه‌تی و راوێژکار و سیاسه‌تمه‌دار و چاودێری سیاسی ده‌بین، که لێکدانه‌وه‌و بیروڕای سه‌یر و سه‌مه‌ره ده‌ڵێن له که‌ناڵه‌کان و رۆژنامه‌کاندا، بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ به‌ڵگه مێژووییه‌کان و رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌کانی ئه‌م گه‌له که له ئه‌نجامی سیاسه‌ته ناڕاسته‌کانی لایه‌ن و ئه‌م جۆره سیاسه‌تمه‌دار و راوێژکارانه و دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌کانی گه‌لی کورد به‌سه‌ریاندا هاتووه، پرسیار ئه‌وه‌یه له‌جیاتی ئه‌وه‌ به دوای ئه‌وه‌دا بگه‌ڕین نوێنه‌ری حکومه‌ت کێیه بۆ ناپرسن نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی میلله‌ت کێیه؟ هێز و دڵسۆزی به‌رپرس له‌م گه‌له کێیه؟ کێیه کێشه‌کانی ئه‌م گه‌له به‌سته‌زمان و فیداکاره چاره‌سه‌ر ده‌کات؟ کێیه بژێوی و مافه‌کانی ئه‌م گه‌له دابین ده‌کات؟ کێشن ئه‌وانه‌ی گیرفانییان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌م گه‌له پڕ ده‌که‌ن؟ قه‌ڵه‌مه‌کان و هۆکاره‌کانی راگه‌یاندن ده‌که‌نه که‌ره‌سته‌ی قوڵکردنه‌وه‌ی کێشه‌کان و دروستکردنی قه‌یران، ئۆمێد ده‌که‌م بۆ ئه‌وانه‌ی به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێن کێ نوێنه‌ری حکومه‌ته به‌دوای ئه‌وه‌شدا بگه‌ڕێن کێ نوێنه‌ری گه‌له و له‌ کام په‌رله‌مان چاره‌نوسی گه‌له‌که‌ی دیاری ده‌کات و به‌دوای ئه‌وه‌دا بگه‌ڕێت کێ نوێنه‌ری حکومه‌تێکه که حکومه‌تی هه‌موو پێکهاته‌کانی کوردستانه؟ کام په‌رله‌مانیش چاودێره له‌سه‌ر ئه‌م حکومه‌ته؟ ئۆمێد ده‌که‌م ئه‌م وڵامه به‌ند بێت، بۆ ناسینی زانینی راستییه‌کان.

دونیا به‌س ئه‌مڕۆکه نییه، دونیای رابردوو، دونیای ئێستا، ئاینده‌شه. ناشمانه‌وێت بکه‌وینه بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه مێژووییه‌کان. کێ خه‌باتی بۆ کورد کردووه و کێ نوێنه‌ری کورد بووه و ناتوانن که‌سیش بێ‌تاوان بکه‌ن، ئه‌‌وه‌ی که سه‌ره‌وه‌ری زۆر بێت هه‌ڵه‌شی هه‌بووه. ئٶمێد ده‌که‌م هه‌موو راستگۆ بین له‌گه‌ڵ دروشمه‌کانمان، دروشمی سه‌رفرازی و سه‌رکه‌وتن بۆ کورد، دروشمی یه‌کڕیزی و ته‌بایی.

 

نازم عومه‌ر ده‌باغ

نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران

K24 - هه‌ولێر:"نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كوردستان 24، له‌ باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی جێگری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران رایگه‌یاند: هه‌ڕه‌شه‌كه‌ هی هه‌موو ئێران نییه‌، به‌ڵام ده‌بێت قسه ‌و هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت.

راشیگه‌یاند: هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێت كه‌ كه‌ناڵه‌كانی رایگه‌یاندن، به‌تایبه‌تیش كوردستان 24 پڕۆپاگه‌نده‌ی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌.

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران، له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێم رایگه‌یاند: ئه‌وان وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم ناتوانن حه‌ق به‌ هیچ لایه‌نێك به‌حه‌ق دانانێن كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ حكوومه‌تی كوردستان بكات.

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی پێشتر له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، گوایه‌ حه‌قی به‌ ئێرانداوه هه‌ڕه‌شه‌ بكات، ره‌تیكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنێك پێشتر، نابێت رێگه‌ به‌ كه‌س بدرێت خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران به‌كاربهێندرێت.

هه‌روه‌ها گوتی: "ئێران به‌ پێی ئه‌و گوتانه‌ی ئه‌مڕۆ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی چوارشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان گوتویانه‌، به‌ڵێندراوه‌ هه‌موو لایه‌ن چاره‌سه‌ریی ئه‌و كێشانه‌ بكه‌ن و به‌ڵێنیانداوه‌ پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كان بن".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند" به‌ڵێنیش دراوه‌ رێگه‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك نادرێت خاكی هه‌رێمی كوردستان له‌ دژی كۆماری ئیسلامی ئێران و هیچ وڵاتێكی دیكه‌ی دراوسێ، به‌كاربهێنرێت.

 

به‌رده‌وامبوونی چالاكی چه‌كداری له ‌ناو كۆماری ئیسلامی ئێران، واتا به‌رده‌وامبوونی چالاكی له‌ ناو خاكی ئێران، واتا به‌رده‌وامی بۆردوومانكردنی ئه‌و شوێنه‌ سنوورییانه‌ی ئه‌وانه‌ی لێوه‌دێت.

لە قۆناغى گەیشتن بە ڕیککەوتن لە بوارى وزەوە بۆ قۆناغى هەڕەشەکردن لە یەکتر، بە جۆرێک حکوومەتى هەرێمی کوردستان هەڕەشەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێرانى بە هەڵوێستێکى نەگونجاو بینى و قبوڵی نەکرد.

مانگى رابردوو چەند پێکدانێک لە نێوان پێشمەرگەکانى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران، کە بارەگانى سەرەکییان لە ناو خاکى هەرێمى کوردستانە لەگەڵ سوپاى پاسداران لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان روویدا.

دواى توندبوونەوەى پیکدادانەکانیش، "حوسێن سەلامى" جێگرى فەرماندەى سوپاى پاسدارانى ئێران، ئاماژەى بە جموجوڵى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران کرد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و پەیامێکى هەڕەشە ئامێزى ئاڕاستەى بەرپرسانى هەرێم کرد.

جێگرى فەرماندەى سوپاى پاسدارانى ئێران، هەڕەشەى وێرانکردنى هەرێمى کوردستانى لە حکومەتى هەرێم و خەڵکى هەرێم کرد و، وتى: هەر شوێنێک ببێتە سەرچاوەى هەڕەشە لە دژى حکومەتەکەیان ئەوا بەبێ لە بەرچاوگرتنى هیچ تێبینیەک و بە دڵنیاییەوە وێرانى دەکەن، کە مەبەستى بارەگانى حیزبى دیموکراتى کوردستانی ئێران بوو لە کۆیە.

چەند کاتژمێریک دواى ئەم لێدوانە، حکومەتى هەرێم لە ڕاگەیەنراویکدا وەڵامى وتەکانى جێگرى فەرماندەى سوپاى پاسدارانى دایەوە و ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە قبوڵ ناکەن و نابێت بە هیچ شێوەیەک  ئەو زمانە بەرامبەر هەرێمى کوردستان بەکاربهێنریت.

لە کۆبونەوەیەکیشدا "فەلاح مستەفا" بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى هەرێم لەگەڵ هەر دوو کونسوڵگەریى ئێران لە هەولێر و سلێمانى داوایکرد، ئێران خاکى هەرێم و خەڵکەکەى نەکاتە ئامانجى هیچ هەڕەشە و هێرشێک.

هاوکات جیگرى کونسولى گشتى ئێران لە کۆبونەوەکەدا وتى: ئێران هێرش دەکاتە سەر هەر خاڵێک کە ببێتە مایەى هەڕەشە بۆ سەر ئێران و، ئەوەشى بە مافێکى سروشتى خۆیان زانى.

هەروەها "نازم دەباغ" نوینەرى حکومەتى هەرێم لە تاران بە "ئێن.ئار.تى" وت: لێدوانەکاتى نێوان ئێران و هەرێم، کاریگەرییەکى ئەوتۆى نابێت لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران.

لە بەرامبەر تۆپبارانکردن و بۆردومانکردنى ناوچە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان، لە لایەن ئێران و تورکیاوە، تا ئیستاش حکومەتى عێراق بێدەنگە هیچ هەڵوێستێکى لەو بارەیەوە دەرنەبڕیووە.

 

ئەم لێدوانانەى بەرپرسانى تاران و هەولێر لەسەر یەکتر، لە کاتکدایە کە هەر دوو لا لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى ڕێککەوتنامەیەک لە بوارى وزەدا و ڕاکێشانى بۆریى نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران.

نازم دەباغ نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران سەبارەت بە بەیاننامەی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان لە کاردانەوە بە وتەکانی سەردار سەلامی وتی: زمانی بەیاننامەکە دۆستانەیە و هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتە سەر بەردەوامیی پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ ئێران.

"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران لە دیمانەیەک لەگەڵ هەواڵنێری "مێهر" ئاماژەی دایە پاژەکانی ئەم بەیاننامەیە کە وەک کاردانەوەیەک بووە بە قسەکانی دوێنێ سەردار سەلامی.

بە گوێرەی ئەم راپۆرتە، نازم دەباغ لە وڵام بە پرسیارێک سەبارەت بە زمانی بەیاننامە بلاوکراوەکەی هەرێمی کوردستان، وتی: ئەم بەیاننامەیە زمانێکی دۆستانەی هەیە و توند نییە.

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران زیادی کرد: هەرێمی کوردستان لەم بەیاننامەیەدا داوای کردووە کە بەردەوامیی بدرێت بە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران.

وتیشی: لەو بەیاننامەیەدا جەخت کراوە کە کێشەکانی نێوان هەرێم و ئێران دەبێ لە ڕێگای دانوستان و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت.

"نازم دەباغ" هەروەها وتی: هەرێمی کوردستان لەم بەیاننامەیەدا وێڕای بە ئیجابی وەسف کردنی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وەفدەکانی ئێران، داوای کرد پەیوەندییەکان بەردەوام بێت وەک رابردوو.

ڕاشیگەیاند لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان پێبەندە بە بەڵێنەکانی و ڕێگری دەکات لە هەر جۆرە کردەوەیەکی سەربازی دژی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی ئێران کە لە خاکی ئەم هەرێمەوە بکرێت.

ئەوەشی وت کە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە کە زنجیرە کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێم و بەرپرسانی ئێرانی بەردەوام بێت هاوشێوەی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنج شەمە.

"نازم دەباغ" ئەوەی ڕاگەیاند کە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لەوە تۆکمەیە کە بە وتەدان یان بە بەیاننامەیەک تێک بچێت.

 

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران جەختیشی کردە سەر پێداگری هەرێم بۆ زەروورەتی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەکانی ڕابردوو لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بە تەوەرەکانی چارەسەریی سیاسی قەیرانە دوو لایەنەکان، جێگیرکردنی پاوەجێی لە سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان و ڕێگری لە ئەنجام دانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

یەک شەممە, 03 تەمموز 2016 05:22

"نازم دەباغ" له‌گه‌ڵ "هاچیمە ئویدا" راوێژکاری سیاسی و قونسووڵی ژاپۆن لە ئێران دیداریی کرد

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران له‌گه‌ڵ"هاچیمە ئویدا" راوێژکاری سیاسی و "کەیجی سوزوکی"  قونسووڵی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە ئێران کۆبۆوە.

ئەمرۆ یەکشەمە رێکەوتی ٣/٧/٢٠١٦ "هاچیمە ئویدا" راوێژکاری سیاسی و "کەیجی سوزوکی"  قونسووڵی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانیان کرد و لە لایەن "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران و "سۆران عه‌لی ئه‌مین" بەرێوبەریی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنەکەدا دوو لایه‌ن به‌تایبه‌تی باسیان لەبارەی باروودۆخی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان کرد و به گشتیی له‌سه‌ر رووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی عێراق ئاخاوتنیان کرد. 

له درێژه‌دا "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران تێروانینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لەسەر باروودۆخەکان بۆ شاندی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە ئێران روونکردنەوە و بەتایبەت ته‌ئکیدی له‌سه‌ر رۆڵی پێشمەرگە قارەمانەکانی ھەرێمی کوردستان لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان کرد و باسی لە چاوەڕوانی هەرێمی کوردستانی کرد لە دۆستەکانی لە بواره‌کانی ئابووریی و سیاسیی و بوارە جیاوازەکاندا.

له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا "هاچیمە ئویدا" دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هاوکاربووە و لە داهاتووشدا له هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام دەبێت.

راوێژکاری سیاسی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە کۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسی نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری تارانیکرد بۆ ئەو سەرنج و روونکردنەوانە و هیوای خواست کە پەیوەندییەکانی نێوان دوو لایه‌ن  توندوتۆڵتر بکرێت و حکوومەتی ژاپۆن له‌وه‌ زیاتر هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات لەشەری دژیی تیرۆر و یارمه‌تی به‌خشین بە ئاوارەکان.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران له‌گه‌ڵ"سه‌لاح البه‌نای" قونسووڵی میرنشینی کوێت لە کۆماری ئیسلامی ئێراندیداریی کرد.

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢/٧/٢٠١٦ "سه‌لاح البه‌نای" قونسووڵی میرنشینی کوێت لە کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران و هەر یەک لە "سۆران عه‌لی ئه‌مین" و "سەلام عارف روشدی" ئەندامانی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنەکەدا "سه‌لاح البه‌نای" لەبەر تازە دەستبەکاربوونی لە کۆماری ئیسلامی پێی خۆشبوو سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات و لە نزیکەوە خۆی بە نوێنەریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تارانبناسێنێت. 

له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا قونسووڵی میرنشینی کوێت لە تاران، پرسیاری لەبارەی بارودۆخی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شەڕیی داعش کرد. 

"نازم دەباغ" سەرکەوتنی بۆ "سه‌لاح البه‌نای" لە کارە تازەکەیدا خواست و باروودۆخەکەی بۆ روونکردەوە و بەتایبەت رۆڵی پێشمەرگە قارەمانەکانی هەرێمی کوردستان به‌رز نرخاند لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستاندا.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانله به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا باسی پەیوەندییە دیڕینەکان و تازەی نێوان هەرێمی کوردستان و میرنشینی کوێتی کرد و باسی لە چاوەڕوانی هەرێمی کوردستان کرد لە دۆستەکانی لەو بارودۆخەی ئێستا‌دا.

لە کۆتاییدا "سه‌لاح البه‌نای" هیوای خواست کە پەیوەندییەکانی نێوان دوو لایه‌ن توندووتۆڵتربێت و حکوومەتی میرنشینی کوێت زیاتر هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت لەشەریی دژی تیرۆر و داڵدەدانی ئاوارەکانی ناوەڕاستی عێراق.

چوار شەممە, 29 حوزەیران 2016 04:24

نازم ده‌باغ له تاران له‌گه‌ڵ محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود دیداریی کرد

جه‌ماوه‌رنیوز:مامۆستا "نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران له‌گه‌ڵ به‌رێز "محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود" که‌سایه‌تی ناسراویی کورد کۆبۆوه.

ئێواره‌ى رۆژى 23ى حوزه‌یرانى 2016، به‌رێز"محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود" به‌ ئاماده‌بونى "مه‌لا لوقمان" به‌ر‌پرسى مه‌کته‌ب و ژماره‌یه‌ک له ‌ئه‌ندامانى مه‌کته‌بى په‌یوه‌ندییه‌کانى تارانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ شوێنى تایبه‌تى خۆى له‌ تارانى پایته‌ختى ئێران چاویکه‌وت به‌ مامۆستا "نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ کۆمارى ئیسلامى ئێران.

له‌ دیدارێکدا باس له‌ ره‌وشى سیاسى ئه‌مڕۆى کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ کرا و تیشک خرایه‌ سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ى ناوچه‌که ‌و عێراقى گرتۆته‌وه‌،  ئه‌و گۆڕانکارى و رووداوانه‌ش باسیان لێوه‌کرا که‌ له‌ ماوه‌ى رابردوو روویانداوه ‌و تا هه‌نووکه‌ به‌رده‌وامیان هه‌یه‌، کاریگه‌ریى رووداوه‌کانى ناوچه‌که‌ش له‌سه‌ر پرۆسه‌ى سیاسى عێراق شیکرانه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش مه‌ترسى هێرش و په‌لاماردانه‌کانى چه‌کدارانى داعش و ئه‌و گۆرانکاریانه‌ى له‌ ئاینده‌دا روبه‌رووى ناوچه‌که‌ ده‌بێته‌وه‌.

له‌ به‌شێکى ترى دیداره‌که‌دا به‌رێز "محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود" به‌گرنگییه‌وه‌ باسى قاره‌مانێتى و تواناى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانى کرد که ‌له ‌ئێستادا به‌و توانا که‌مه‌وه‌ به‌ره‌نگارى گه‌وره‌ترین هێزى تیرۆرستان بۆته‌وه‌ که‌ له ‌برى هه‌موو جیهان شه‌ڕه‌ ده‌کات، ئه‌مه‌ش مایه‌ى سه‌رفرازیى و شانازیه‌ بۆ گه‌لى کورد که ‌خاوه‌نى پێشمه‌رگه‌یه‌ که ‌له ‌ئێستادا هه‌موو جیهان شانازى پێوه‌ده‌که‌ن نه‌ک ته‌نها گه‌لى کورد.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا باس له‌ دۆخى سیاسى و ئابوورى و ئاوه‌دانى هه‌رێمى کوردستان کرا و ته‌ئکید له‌سه‌ر هه‌وڵدانى زیاتر کرایه‌وه‌ له‌پێناو نه‌هێشتنى قه‌یرانى دارایى و ئابوورى که‌ هه‌رێمى کوردستان روبه‌روى بۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و بۆشاییه‌ ساسیه‌ى گۆڕه‌پانى هه‌رێمى گرتۆته‌وه‌ به‌پێویستیش زاندرا هه‌مولایه‌ک کۆتایى به‌ کێشه‌کان بهێنن له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌نجوومه‌نێکى نیشتمانى کۆببنه‌وه ‌و سود له‌و گۆرانکارییه‌ى ناوچه‌که‌ وه‌ربگرن.

 

له ‌لاى خۆیه‌وه‌ مامۆستا "نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ ئێران رۆڵى به‌رێز "محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود" و حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستانى به‌رز نرخاند له‌روبه‌روبونه‌وه‌ى دوژمنان ، که ‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م شه‌ڕه‌ نه‌خوازراوه‌ له‌ به‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ بوون و پارێزگاریان له‌ خاکى کوردستان کردووه‌ له‌و پێناوه‌شدا چه‌ندین فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ى قاره‌مانى شه‌هید و بریندار بووه‌، ههر‌وه‌ها جه‌ختیشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ له‌ئێستادا هێزه‌ کوردییه‌کان پێویستیاین به‌ یه‌کریزیی و ته‌باى هه‌یه‌ له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى سه‌رجه‌م مافه‌کان و گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیى گه‌له‌که‌مان.

پەڕەى 98 لەکۆى 210 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی