نێچيرڤان بارزانى و ئيمانوێل ماكرۆن دۆخى عێراق و ناوچه‌كه تاوتوێ ده‌كه‌ن
سه‌رۆك ئيمانوێل ماكرۆن خۆشحاڵيى خۆى به ديدارى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌ربڕى و سوپاسى كرد كه وێڕاى ئه‌و دۆخه سه‌خته‌ى كۆرۆنا دروستى كردووه سه‌ردانى پاريسى كرد، هه‌روه‌ها به‌رده‌واميى پێكه‌وه‌كاركردن و پشتگيريى فه‌ره‌نساى له چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيدا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه.
پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2021/3/30 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له كۆشكى ئێليزێ له پاريس، له‌لايه‌ن به‌ڕێز ئيمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه پێشوازى لێكرا.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌يان به‌گشتى تاوتوێ كرد و له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كانى داعشدا، جه‌ختيان له په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كان و هاوكارى و هاوبه‌شيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا كرده‌وه، هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى هه‌بوونى تێگه‌يشتنى هاوبه‌ش بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه.
سه‌رۆك ماكرۆن باسى له دوايين سه‌ردانى قه‌داسه‌تى پاپا فره‌نسيس بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه بيستوويه‌تى سه‌ردانه‌كه مايه‌ى خۆشحاڵيى پاپا بووه و به ڕووداوێكى گرنگى له قه‌ڵه‌مدا. لاى خۆيه‌وه سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه سه‌ردانى پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كاريگه‌ريى ئه‌رێنى له‌سه‌ر هه‌موو پێكهاته‌كانى وڵات هه‌بووه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيريى سه‌رۆك ماكرۆن و فه‌ره‌نسا له كاته سه‌خته‌كاندا بۆ گه‌لى كوردستان دووپات كرده‌وه و ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستانى بۆ كاركردن و هاريكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ربڕى له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق و دابينكردنى ئارامى و سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها هاوكاريى فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و پێكه‌وه‌كاركردن و هاوبه‌شيى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراقی له پرۆسه‌ى سياسيدا بۆ چاره‌سه‌رى به گرنگ و پێويست زانى.
مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو كه تيايدا جه‌خت له كرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق له ناوچه‌كانى مادده‌ى 140ى ده‌ستوور كرايه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بۆشاييى ئه‌منى دروست نه‌بێت و له‌لايه‌ن داعشه‌وه نه‌قۆزرێته‌وه. له‌مباره‌يه‌وه سه‌رۆك ماكرۆن هاوڕا بوو كه داعش هێشتا مه‌ترسييه‌كى جددييه و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت.
دوايين پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆڤيد_19 له فه‌ره‌نسا و عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ڕێكاره‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، دۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران له كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و پێويستييان به هاوكارى و يارمه‌تييه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و چۆنيه‌تيى گه‌ڕانه‌وه‌يان بۆ شوێنه‌كانيان، دۆخى ئێزدييان له ناوچه‌ى شه‌نگال و كريستيانان له ده‌شتى نه‌ينه‌وا، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى مايه‌ى بايه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه بوون.
نێچيرڤان بارزانى و ئيمانوێل ماكرۆن كۆده‌بنه‌وه
به بانگهێشتى فه‌رميى به‌ڕێز ئيمانوێل ماكرۆن سه‌ركۆمارى فه‌ره‌نسا، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى فه‌ره‌نسا ده‌كات و سبه‌ى سێشه‌ممه 2021/3/30 له كۆشكى ئه‌ليزێ له پاريس له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن كۆده‌بێته‌وه.
هه‌ردوو سه‌رۆك بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا، دۆخى عێراق، هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه به‌گشتى، په‌تاى كۆڤيد_19 و لێكه‌وته‌كانى، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى، گرنگيى هاوكارى و هاوبه‌شيى هه‌مه‌لايه‌نه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش تاوتوێ ده‌كه‌ن.
نێچیرڤان بارزانى: د. كەمال مەزهەر زەحمەتێكی زۆری كێشا تا ڕاستییەكانی مێژووی كورد و كوردستان ڕۆشن بكاتەوه
بەیانیى رۆژی چوارشەممە 2021/3/24 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەشدارى لە ڕێوڕەسمى پێشوازى لە تەرمى خوالێخۆشبوو د. کەمال مەزهەردا کرد کە لە هەولێر لەلایەن ئەکادیماى کوردییەوە ڕێکخرابوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە بەڕێزان نوێنەرانى سەرۆک وەزیران و سەرکۆمارى عێراقى فیدراڵ، وەزیرى ڕۆشنبیریى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هاوسەر و خانەوادەى خوالێخۆشبوو د. کەمال مەزهەر و ژمارەیەک لە نووسەران و ڕۆژشنبیران ئامادەى بوون، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى دانانى تاجەگوڵینە لەسەر تەرمى خوالێخۆشبوو، وتارێکى لەبارەى کار و بەرهەمەکانى د. کەمال مەزهەرەوە پێشکەش کرد، ئەمە دەقەکەیەتى:
به‌یانیتان باش..
به‌ڕێز عوسمان ئەلغانمى، وه‌زيرى ناوخۆى عێراق و نوێنه‌ری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران مسته‌فا كازمی
به‌ڕێز نوێنەرى سه‌رۆك كۆمار
ئامادەبووانی بەڕێز،
نووسەران و ڕۆشنبیرانی خۆشەویست،
خاتوو شەهلا تاهیر حەیدەری، هاوسه‌رى خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر د. كەمال مەزهەر،
بنەماڵە و كەسوكاری به‌ڕێزيان..
بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ ڕێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی د. كەمال مەزهەر، ئه‌و مێژوونووسه گه‌وره‌يه‌ى كه زۆر لێكۆڵینەوەی گرنگ و به‌هادارى لەسەر مێژووی گه‌لى كورد و ناوچه‌كه نووسیوه، لەبەرئەوەش مافی خۆی بوو لە كاتی كه ژیانیدا، ئێستا و له داهاتووشدا ڕێزی لێ بگرین. سوپاستان ده‌كه‌م كە هەمووتان ئەمڕۆ لێره لەگەڵماندا بەشدارن.
د. كەمال مەزهەر، لەدایكبووی كەركووکە. كەركووكیبوون ئاسان نییە، چونكە بەداخەوە كەركووكیبوون بە درێژایيی دەیان ساڵی ڕابردوو بۆ كوردی كەركووك، واتە ژیانێکى سەخت و هەست نەکردن بە ئارامى و ڕووبەڕووبوونەوەى بەردەوامى نکۆڵیکردن لە ماف و هەبوونت لەسەر خاک و زێدى ڕەسەنى خۆت. د. كەمال مەزهەر لە کتێبەکەیدا (كركوك و توابعها) ئەوەی بە شارەكەی كراوە و ڕاستییەكانی مێژووی كەركووكی بە بەڵگەوە ڕوون كردووەتەوه.
د. كەمال مەزهەر، زانایەك بوو لە بواری مێژووی كوردستان و ناوچەكه‌دا، زەحمەتێكی زۆری كێشا و شەونخوونییەكی زۆری كردووه بۆ ئەوەی ڕاستییەكانی مێژووی كورد و كوردستان و ناوچەكە لە هەزاران بەڵگەنامەدا دەربهێنێت و ڕووداوەكان پێكەوە گرێبدات و مێژووی كوردستان ڕۆشن بكاتەوه.
ئەو مرۆڤە ماندوو و بەرهەمدارەی ئەمڕۆ هەموومان بۆ ڕێزگرتنى لێرەدا كۆبووینەتەوە، خاوەنی دەیان لێكۆڵینەوە و كتێبە لەسەر مێژووی كوردستان، سەرپەرشتيی سەدان لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی لە بواری مێژوودا كردووە، لە زانكۆكاكانی عێراق وانەی داوه‌ته هەزاران قوتابی.
د. كه‌مال مه‌زهه‌ر مێژوونووسێكه، هەمیشە لە هەوڵی ساغكردنەوەی پەیوەندیی گەلان و میللەتاندا بووه. دەیویست ئەوە بسەلمێنێت كە گەلان پێكه‌وه ئاشته‌وان و كێشەیان لەگەڵ یەكتردا نییە، هێندەی ئەوەی حكوومەتەكان و سیاسەتی هەڵەیان، كێشە بۆ میللەتان دروست دەكەن.
وەك زانایەكی كورد، ویستی مێژوو وەك بوارێكی زانستی، بکاتە پردێكی پەیوەندی لەنێوان گەلانی ناوچەكەدا و ڕەگوڕیشەی پێكەوەژیان و دراوسێیەتيی ئەم گەلانە بكاتە پێوەر بۆ پێویستیی گه‌لان بە یەكتر، نەك ئەو ململانێ سیاسییەی گەلانی ناوچه‌كه‌ى لێك دوور دەخستنەوە و لەیەكتری دەكردن بە دوژمن.
توانی زانستی مێژوو لە كوردستان و عێراق بە شێوەیەكی ئەكادیمی بسەلمێنێت و خۆی لە گێڕانەوەی بێ بنەما و سەرچاوەی باوەڕپێنەكراو بپارێزێت و مێژوو وەك زانستێكی جێگەی متمانە بۆ گەیشتن بە ڕاستیی ڕووداوەكان بسەلمێنێت. ئەوەش دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ مێژوو، ئينجا بۆ گه‌لان و نەتەوەكان تا خۆیان لە بڕیاری پێشوەختە بپارێزن و گێڕانەوەی ئاسایی نەكەنە پێوەر بۆ حوكمدان بەسەر یەكتردا.
خۆشەویستیی د. كەمال مەزهەر بۆ كورد و كوردستان، وايكرد كه هەرگیز نەچووە چوارچێوەی چاوپۆشین لە هەڵە و كەمتەرخەمییەكانی كورد و سەركردەكانى، بەڵام هەرگیز بۆ جارێكیش پاشەكشەی لە هەڵوێستەكانی لە ئاست دۆزی ڕەوای كورددا نەكرد و پەیوەندیی خۆی بە خەباتی ڕەوای میللەتەكەیەوە نەپساند.
لە بواری بزاڤی كۆمەڵایەتیشدا ئەو كاتێك قسەی لەسەر ئافرەت لە مێژوودا كرد، هێشتا بزووتنەوەی ژنان لە دنیادا ساوا بوو، بەتایبەتی لە كوردستان. ئەو بەوەی ژنانی وەك پێكهاتەیەكی گرنگی كۆمەڵایەتی ده‌بينى و باسى لە ڕۆڵ و پێگە و گرنگییان لە كۆمەڵگەدا ده‌كرد، جگە لەوەی بەرپەرچی هەر بۆچوونێكی كۆنەخوازانەی ده‌رباره‌ى ژنان ده‌دایه‌وه، ئاواش زەمینەسازی كرد بۆ ئەوەی ئافره‌ت لە كۆمەڵگەی كوردستاندا ڕێزلێگیراوانە تەماشا بكرێت.
ئامادەبووانی بەڕێز..
كورد و گه‌لى كوردستان به‌گشتى لەژێر چەوسانەوەیەكی هەمەلایەنەدا بووە. لەگەڵ تێكدان و وێرانكردنی كوردستاندا، مێژووی كوردستانیش زۆر شێوێندراوە و ون كراوە. پێشمەرگە بە گیان و ژیانی خۆی، گه‌لى كوردستانی لە نەمان پاراستووە، ڕۆشنبیران و نووسەران و زانایانی كوردیش، سه‌ختى و ناخۆشيی یه‌كجار زۆریان چەشتووە بۆ پاراستنی زمان و كولتووری كورد و تۆماركردن و ساخكردنەوەی مێژووی كوردستان. لەبەر ئەوەش ڕۆشنبیران و نووسەرانی کورد کە بە قەڵەم و وشە خزمەتى گەل و وڵاتیان کرد، شایانی ڕێزگرتنێكی تایبەتن.
ڕۆشنبیران و نووسەرانی كورد، بە درێژایيی مێژووی شۆڕشەكانی كوردستان هێنده‌ى دەزگای زۆر گەورەی دەوڵەتی و نیشتمانی، ڕۆڵیان گێڕاوە بۆ هوشیاركردنەوە و پاراستنی زمان و ڕۆشنبیريی كوردی. بە ئیمکاناتى زۆر كەم ئەوەیان كردووە، بەڵام چونكە دڵسۆزی و باوەڕ و توانایان زۆر بووە، توانیویانە ئەوە بكەن. سەرەڕای هەموو ڕێگرییەكان و كەميی ئیمکانیات، هەمیشە بزووتنەوەی ڕۆشنبیريی كوردستان كارا و كتێبخانەی كوردی ئاوەدان بووه.
دوای ساڵى 2003 د. كه‌مال مه‌زهه‌ر زۆر به په‌رۆشه‌وه دەیویست لە شوێنێكی ئارام بەردەوام بێت لە لێكۆڵینەوە، بۆیە هەموو پشتگيرى و ئاسانكارییەكمان بۆ كرد تا ئه‌رشيف و كتێبخانە ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ى بهێنێته هەولێر، بەڵام بەداخەوە نەخۆشی ده‌رفه‌تى نه‌دا كه هەموو ئەوەی خۆی دەیویست و مه‌به‌ستى بوو، تەواوی بكات.
ئێمە لێره بۆ دوايين جار ماڵئاوایی لەم زانا و میژوونووسە گه‌وره‌يه‌ی كورد دەكەین كە کار و بەرهەمەکانى مایەى شانازین. به خزمەتی به‌رچاوى چەندين ساڵەی لە زانكۆ و پەیمانگەكانی عێراق، وەك ناوێكی دیار و درەوشاوە بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە، نەوەكانی داهاتووش به دڵنیایییەوە سوود لە بەرهەمەكانی وەردەگرن، گەلی كوردستان و نوخبە و ناوەندی ئەكادیميش لە عێراق، به شێوه‌یه‌كی گشتی هەمیشە شانازی پێوە ده‌كه‌ن.
زۆر سوپاسى ئه‌كاديماى كوردى ده‌كه‌م بۆ سازدان و ڕێكخستنى ئه‌م ڕێوڕه‌سمه. گيانى د. كه‌مال مه‌زهه‌ر شاد بێت و سەرەخۆشی له خاتوو شەهلا تاهیر حەیدەری هاوسه‌رى، هەموو بنەماڵە به‌ڕێزه‌كه‌ی ده‌كه‌م و هه‌روه‌ها سه‌ره‌خۆشی له گەلی كوردستان و له گه‌لی عێراق ده‌كه‌م.
دیسانه‌وه به خێر بێن..
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بانگهێشتى فه‌رميى قه‌ته‌ر ده‌كرێت
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى خۆشحاڵيى خۆى به بڕيارى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى قه‌ته‌ر له هه‌ولێر ده‌ربڕى و به ده‌رفه‌تێكى باشتر بۆ بره‌ودانى زياتر به په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر و هه‌رێمى كوردستانى له قه‌ڵه‌مدا و دووپاتى كرده‌وه كه ئارامى و سه‌قامگيرى و ياساى هانده‌رى وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمى كوردستان، زه‌مينه‌يه‌كى له‌بار بۆ كه‌رتى تايبه‌ت و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له هه‌رێم و له‌وێشه‌وه بۆ هه‌موو عێراق ده‌ڕه‌خسێنێت.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2021/3/24 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له به‌رپرسان ئاماده‌ى بوون، بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و گرنگيى هاريكارى و هاوبه‌شى له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌دا، ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى قه‌ته‌رى له هه‌رێمى كوردستان و عێراق، دوايين پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤيد_19 و هه‌نگاوه‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش تاوتوێ كران.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، بانگهێشتنامه‌يه‌كى فه‌رميى به‌ڕێز شێخ خالد بن خه‌ليفه بن عه‌بدولعه‌زيز ئال سانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى قه‌ته‌رى بۆ سه‌ردانى ده‌وحه قبووڵ كرد و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودانى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى له ته‌واوبوونى ڕێكاره‌كانى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى قه‌ته‌ر له هه‌ولێر كرد.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به ڕۆڵى گرنگيى قه‌ته‌ر و سه‌ركردايه‌تييه‌كه‌ى له ناوچه‌كه‌دا كرد و خۆشحاڵيى خۆى بۆ هه‌نگاوه‌كانى ئاساييبوونه‌وه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ وڵاتانى كه‌نداو ده‌ربڕى و هيواى خواست هه‌مووان پێكه‌وه بتوانن هاوبه‌شى، هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى باشتر له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌دا بكه‌ن.
سه‌رۆك وه‌زيران كازمى، پيرۆزبايى له سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌كات
به‌يانيى رۆژی يه‌كشه‌ممه 2021/3/21 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنى له به‌ڕێز مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵه‌وه پێگه‌يشت.
له په‌يوه‌ندييه ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زيران كازمى پيرۆزباييى جه‌ژنى نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى تازه‌ى كوردى له سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد و هيواى جه‌ژنێكى ئارام، سه‌ركه‌وتن و ساڵێكى خۆشى بۆ به‌ڕێزيان و گه‌لى كوردستان خواست.
لاى خۆيه‌وه سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى سه‌رۆك وه‌زيران كازمى كرد بۆ په‌يوه‌ندى و پيرۆزبايييان و هيواى ئارامى و سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و تێپه‌ڕاندنى قه‌يرانه‌كانى بۆ عێراق خواست.
په‌يامى نه‌ورۆزيى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى
كوردستانييانى خۆشه‌ويست..
جه‌ژنى نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى تازه‌ى كوردى له خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان و ئه‌نفالكراوان، گه‌لى كورد و ته‌واوى كوردستانييان له وڵات، له هه‌نده‌ران، له هه‌ر كوێ بن، له پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و هێزه ئه‌منييه‌كان، به گه‌رمى و له دڵه‌وه پيرۆز ده‌كه‌م، له هه‌موو ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌ش پيرۆز بێت كه جه‌ژنى نه‌ورۆز ده‌گێڕن، هه‌موو ساڵێك به خۆشى.
پيرۆزباييى تايبه‌ت، سوپاس و پێزانين بۆ ته‌واوى تيمه پزيشكى و ته‌ندروستييه‌كان و هه‌موو ئه‌و لايه‌نه په‌يوه‌نديدارانه كه بۆ ساڵى دووهه‌م له به‌ره‌ى پێشه‌وه‌دان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤيدى نۆزده و گيان و سه‌لامه‌تيى هاووڵاتييان ده‌پارێزن. ئه‌وان خزمه‌تێكى گه‌وره ده‌كه‌ن، ده‌ستى ماندوونه‌بوونيان ده‌گوشم.
به ڕێزه‌وه يادى هاوكارانيان ده‌كه‌ينه‌وه كه له‌م پێناوه‌دا گيانيان به‌خشى، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌بير ده‌هێنينه‌وه كه به‌و په‌تايه گيانيان له ده‌ست دا. هاوخه‌مى خێزان و كه‌سوكاريانم. هيواى سه‌لامه‌تى و زووچاكبوونه‌وه بۆ هه‌موو تووشبووان ده‌خوازم. سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ پێشمه‌رگه و ئاسايش و زێره‌ڤانى و فرياكه‌وتن و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له جێبه‌جێكردنى ڕێكاره‌كانى خۆپارێزيدا، هاوكار و پشتيوانن.
ئازيزان..
نه‌ورۆز جه‌ژنى پيرۆزى نه‌ته‌وه‌يى و هێماى سه‌ركه‌وتن و ژيانه‌وه و ئازاديى گه‌لى كورده. ساڵ و سه‌ره‌تايه‌كى نوێيه، وه‌ك هه‌ميشه ئومێد و هێز و وره‌مان پێده‌به‌خشێت. با هه‌موومان له سه‌ره‌تاى نوێ‌دا به خۆماندا بچينه‌وه، سوود له هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌رگرين و به‌خشنده و لێبورده بين. با هه‌موومان به ئومێد و گه‌شبينييه‌وه بۆ ئاينده‌يه‌كى گه‌شتر بڕوانين. هه‌موو هێز و توانا‌مان يه‌كبخه‌ين، پێكه‌وه كار بكه‌ين، شان بده‌ينه به‌ر و سه‌ختييه‌كان تێپه‌ڕێنين.
سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوون، ژيان و گوزه‌رانێكى باشتر بۆ هاووڵاتييان، مسۆگه‌ركردنى مافه ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستان، يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييمان لێ ده‌خوازێت. ده‌بێ كۆتايى به ململانێ و ناكۆكييه‌كانى لايه‌نه سياسييه‌كانى كوردستان بێت كه هه‌رگيز له زيان و لێكترازانى زياتر، هيچى ديكه‌ى بۆ كوردستان لێ به‌دينه‌هاتووه.
با هه‌موومان، با هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان له‌خۆبورده بين، بۆ ئاينده‌يه‌كى باشترى كوردستان پێكه‌وه كار بكه‌ين و ديموكراسى و ئازادى بپارێزين. هه‌ر له‌م پێناوه‌دا دواى جه‌ژن هه‌موو لايه‌نه‌كان بانگهێشتى كۆبوونه‌وه‌يه‌كى هاوبه‌ش له سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م.
كوردستانييانى ئازيز..
بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ و كێشه‌كانى عێراق به‌گشتى، دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه كه هه‌رێمى كوردستان هاوكار و يارمه‌تيده‌ر ده‌بێت، له‌پێناو سه‌قامگيرى و ئاشتى و داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ وڵات، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات. ده‌بێ هه‌مووان ئه‌وه باش بزانن كه چاره‌سه‌ريى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ، كليلى ئارامى و سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتنى عێراقه.
ئێمه بۆ هه‌موو چاره‌سه‌رێكى دوور له خۆسه‌پێنى ئاماده‌ين كه مافه ڕه‌واكانى گه‌ل و پێكهاته‌كانى عێراق، تايبه‌تمه‌ندى و مافه ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان مسۆگه‌ر بكات، سيسته‌مى فيدراڵى و پره‌نسيپ و بنه‌ماكانى هاوبه‌شى و سازان و هاوسه‌نگيى ڕاسته‌قينه بپارێزێت. داوا له كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ين، پشتيوان و هاوكار بن له چاره‌سه‌ره‌كردنى كێشه‌كانى عێراق.
هه‌ر له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه كه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه به فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى و لانه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و يه‌كترقبووڵكردن له ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه. له كاركردن و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌رده‌وام ده‌بێت. له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌ها و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، په‌ره به په‌يوه‌ندى و هاريكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه و جيهان ده‌دات. به هه‌موو توانايه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ جيهان ڕووبه‌ڕووى تيرۆر و توندڕه‌وى ده‌بينه‌وه.
هه‌ر له‌و بۆنه‌يه‌دا داوا له هاووڵاتيانى ئازيز ده‌كه‌م له گه‌شت و سه‌يراندا هه‌موو ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى و ياساكانى هاتوچۆ به ته‌واوه‌تى ڕه‌چاو بكه‌ن و خۆيان و سروشتى جوانى كوردستان بپارێزن. خواى مه‌زن كوردستان و كوردستانييان بپارێزێت. جه‌ژنى نه‌ورۆز له هه‌مووتان پيرۆز بێت، هيوادارم هه‌موومان جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتوو له كه‌ش و دۆخێكى باشتردا بكه‌ينه‌وه.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2021/3/20
په‌يامى نه‌ورۆزيى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى - The Presidency of the Kurdistan Region - Iraq (gov.krd)
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران: وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشتی کردم
"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران گوتی: وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، بە بیانووی بڵاوبوونەوەی پووڵی بیرەوەریی سەردانی پاپ بۆ هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی کردم.
بە پێی ڕاپۆڕتی ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێران بە گێڕانەوە لە "شەفەق نیووز"، "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایگەیاند: وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، بۆ ئاراستە کردنی هەندێک ڕوونکردنەوە سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی پووڵی بیرەوەریی سەردانی پاپ فڕانسیس بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، بانگهێشتی کردم.
"نازم دەباغ" لە وتووێژێکدا کە لە ماڵپەڕیی فەرمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران بڵاوکراوەتەوە، گوتی: ئێرانییەکان پێیان ڕاگەیاندم ئەوە لە بەرژەوەندیی سیاسەتی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا نییە و ئەم بابەتە دەستدرێژیی کردنە بۆ سەر خاکی وڵاتی ئێران.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بە بەرپرسانی ئێرانیم ڕاگەیاند کە ئەم کارە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی نەکراوە، بەڵکوو لە لایەن هەندێک لە هونەرمەندانەوە ئەم شتەیان بە وەزارەتی پەیوەندیدار لە کوردستان پێشنیار کردوووە.
دەباغ جەختی کردەوە: وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، ڕوونکردنەوەکەیان قەبووڵکرد؛ بەڵام گوتیان کە لەمبارەیەوە پەیامێک بۆ دەوڵەتی عێراق دەنێرین. لەڕاستیدا ئەم کارە ئەنجامدرا و وتەبێژیی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەم بابەتەی لە ڕێگای دەزگاگانی ڕاگەیاندنەوە ڕاگەیاند.
بە بۆنەی سەردانی پاپ بۆ هەرێمی کوردستان، وێنەی پووڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە کە لەم خەریتەیەدا بەشێک لە خاکی ئێران، وەکوو "کوردستانی گەورە" ناسێندرابوو.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دوای بڵاوبوونەوەی ئەم وێنەیە، جەختیانکردەوە کە ئەم پووڵە چاپنەکراوە و پلانێکە کە لە لایەن هونەرمەندێکەوە پێشنیار کراوە. هەرێمی کوردستان پابەندە بە یاسای بنەڕەتی عێراق و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و پاراستنی خاکی وڵاتانی ناوچەکە.
"سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، سەبارەت بەم کارەی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستانی عێراق گوتی: ڕوون و ئاشکرایە ئەوەی کە لە کەشووهەوای گشتیی‌دا بڵاوکرایەوە بە پێچەوانەی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
گوتیشی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە تەنیشت ناڕەزایەتی دەربڕینی خۆی سەبارەت بەم بابەتە، خوازیاریی کۆکردنەوە و چاکسازیی ئەم هەنگاوە بەدوور لە برایانەن.
لینکی هەواڵ:
https://www.isna.ir/news/99122519152/نماینده-اقلیم-کردستان-عراق-وزارت-خارجه-ایران-من-را-احضار-کرد
سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى ژاپۆن کۆبووەوە
سەرۆک نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ حکوومەت و گەلى ژاپۆن دووپات کردەوە کە هەمیشە لە چوارچێوەى هاوکارى و یارمەتییەکانیاندا بۆ عێراق، یارمەتیى هەرێمى کوردستانیان داوە و ساڵانێکى درێژە ئاژانس و ڕێخکراوە حكوومی و ناحکوومییەکانى ژاپۆن لە هەرێمى کوردستان کاران و بە ئەنجامدانى کار و پرۆژەى خزمەتگوزارى لە بوارەکانى ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆدا، هاوکاریى هەرێمى کوردستان دەکەن.
بەیانیى ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/17 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز سوزوکى کۆتارۆ باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا هاوکاری و یارمەتییەکانى ژاپۆن بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان، بەتایبەتى ئەو هاوکارییانەى لە ڕێگەى ڕێکخراوە حكوومی و ناحکوومییەکانى ژاپۆنەوە پێشکەش دەکرێن، برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمى کوردستان و عێراق لە گەڵ ژاپۆن، دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى ژاپۆنى لە هەرێمى کوردستان، لێکەوتەکانى پەتاى کۆڤید_19، هەڕەشەکانى تیرۆر، دۆخى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و چەند پرسێکى جیى بایەخى هاوبەش، تاوتوێ کران.
بەڕێز باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق وێڕاى ستایشکردنى دۆخى ئارام و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەى بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت، هەروەها سوپاسى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ ئه‌و ئاسانکارییانەى پێشکەش بە ئاژانسەکان و ڕێکخراوە حكوومی و ناحکوومییەکانى ژاپۆن دەکرێت و دووپاتى کردەوە کە وڵاتەکەى لە هاوکاریکردن و یارمەتیدانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت و بەپێى بوارە پێویستەکان پڕۆژە و کارى خزمەتگوزارى ئەنجام دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا کە خاتوو ناگایاما یۆشیکۆ بەرپرسى نووسینگەى کوسولگەریى ژاپۆن لە هەولێر ئامادەى بوو، دۆخى ئاوارە و پەنابەران خرایە بەر باس و هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێ ئاوارەکان بە خواست و ئارەزووى خۆیان بگەڕێنەوە شوێنەکانیان پاش ئەوەى ئارامى و خزمەتگوزارى و دەرفەتى کاریان بۆ دابین دەکرێت.
لە کۆتاییدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بەبۆنەى تەواوبوونى ئەرک و کارەکانییەوە، سوپاسى خاتوو ناگایاما یۆشیکۆ بەرپرسى نووسینگەى کوسولگەریى ژاپۆنى لە هەولێر کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست.
نازم دەباغ بۆ ڕۆژنامەی تێهران تایمز: کوردستانی گەورە لە ئێستادا خەونێکی گونجاو نییە
تاران ـ "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە ئاماژە بەوەی کە ئایدیای "کوردستانی گەورە" لە ئێستادا خەونێکی گونجاو نییە، جەختی کردەوە کە ئەم ئایدیایە وەکوو خەونێکی دوور لە هزرە.
"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ئینگلیزی "تێهران تایمز" گوتی: "خەریتەی کوردستانی گەورە" شایەد خواستی تاک تاکی گەلی کورد بێت، بەڵام جێبەجێکردنی و هەروەها یەکێتی هەموو کوردەکان لە ئێستادا گونجاو نییە و زیاتر وەکوو خەونێک دەچێت؛ چونکە جوگرافیای کوردستان، بەسەر چوار وڵاتی ناوچەکە لەوانە: عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا دابەشبووە.
ڕۆژی چوارشمەمە 4ی مارسی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین نموونەی لەو پووڵە پێشنیار کراوانە ئاشکرا کرد کە بە بۆنەی سەردانی پاپ لە سەرەتای ئەم مانگەدا چاپ کران. دەگوترێت کە یەکێک لەم پووڵانە خەریتەیەکی لەسەر دیزاین کراوە کە هەندێک پارێزگاکانی ئێران، تورکیا، سووریا و عێراقی لە خۆگرتووە.
ئەم پووڵە، لە ناوچەکەدا؛ بۆتە هۆی ناکۆکی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە. ئەم پووڵە، بە بۆنەی سەردانی چوار ڕۆژەی پاپ بۆ عێراق، بڵاوکراوەتەوە کە لە ڕۆژی سێیەمی خۆیدا سەردانی هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقی کرد. دەقی چاوپێکەوتنی "نازم دەباغ" لە خوارەوەدا هاتووە:
هەڵوێستی ڕەسمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەو پووڵانەی کە بە بۆنەی سەردانی چوار ڕۆژەی پاپ فڕانسیس بۆ عێراق، هەرای ناوەتەوە، چییە؟
سەبارەت بەو پووڵانەی کە لەم دوایانەدا بڵاوبۆتەوە، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە بەرپرسانی کورد، ڕوونکردنەوەیان داوە کە ئەم پووڵانە پێشنیاریی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و ئەم پڕۆژەیە جێبەجێی ناکریت. لەڕاستیدا، دیزاینی پووڵەکە لە لایەن هەندێک لە هونەرمەندانی مەسیحی و کریستیانی کوردستان بە وەزارەتی گواستن و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیار کرابوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پەسەند نەکرا.
"جووتیار عادڵ" وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بنەڕەتی و یەکێتی جوگرافی عێراقە. هەر بەم پێیە، ئەمە هەنگاوێکی تاکڕەویانەیە کە لە لایەن هەندێک کەس جێبەجێی کراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە بەرپرسانی کوردەوە نییە و بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی باروودۆخی جوگرافی و سیاسی هەرێمی کوردستان؛ ئەم پڕۆژەیە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند نەکراوە.
سەبارەت بە هۆکار و پێشهاتە سەرەکییەکانی کردەوەیەکی لەم چەشنە بە چ شێوەیەک بیردەکەنەوە؟
ئێمە لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و هەندێک لە پارتە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە و هەروەها وڵاتی ئێرانەوە کاردانەوەمان بینی. حکومەتی تورکیا ئەم کردەوەیەی سەرکۆنە کرد و وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێرانیش، هەڵوێستی تارانی بە دەوڵەتی عێراق ڕاگەیاند. هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیا سەبارەت بەم پووڵە، نا’ڕەزایەتی خۆیان بە دەوڵەتی عێراق ڕاگەیاند و ئەم دژایەتیانە وەبیرهێنەرەوەی ئەو ڕووداوانە بوو کە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ڕوویاندا و وڵاتانی دراوسێی و هەروەها وڵاتانی جۆراوجۆری جیهانیش لەم بارەیەوە، دژایەتی خۆیان دەربڕیی.
حکومەت و پارتە سیاسییەکانی تورکیا، بڵاوبوونەوەی ئەم پووڵەیان سەرکۆنە کرد و "سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە هەڵوێستی تاران بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی ئەم پووڵە، ڕوونکردنەوەیدا.
لە لایەکی دیکەوە من لەوبڕوایەدام کە لە باروودۆخی ئێستادا دەبێت زیاتر چاودێریی بکەین و تەنیا لە چوارچێوەی یاسای بنە’ڕەتی عێراق، پێوشوێنی ماف و ئامانج و پێداویستییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بگرین. دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە بە پەسەندبوون و پشتیوانی وڵاتانی دراوسێی و هاوکاریی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، دەتوانین گرفتەکانی خۆمان چارەسەر بکەین. لە لایەکی دیکەشەوە، دەوڵەتی عێراق بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، دەبێت پابەندی یاسای بنە’ڕەتی ئەم وڵاتە بێت؛ ئەگەر هەمووی ئەم خاڵانە ڕچاوبگیرێت، خەڵکی کوردستان هەست دەکەن کە لە وڵاتی عێراقدا شەریک و هاوبەشن.
خەریتەی "کوردستانی گەورە" هەندێک لە ناوچەکانی وڵاتانی ئێران، تورکیا و سووریای لە خۆگرتووە. ئاکامی ئایدیایەک لەم چەشنە لەسەر پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دراوسێکانی خۆی بە چ شێوەیەک دەبێت؟ بەتایبەت ئەوەی کە ئەم ئایدیایە لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی جیدیی بۆتەوە؟
"خەریتەی کوردستانی گەورە" شایەد خواستی تاک تاکی گەلی کورد بێت، بەڵام جێبەجێکردنی و هەروەها یەکێتی هەموو کوردەکان لە ئێستادا گونجاو نییە و دەتوانم بڵێم زیاتر وەکوو خەونێک دەچێت؛ چونکە جوگرافیای کوردستان، هەر وەکوو بۆخۆتان ئاماژەتان پێ‌کرد بەسەر چوار وڵاتی ناوچەکە لەوانە: عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا دابەشبووە. هەر کام لەم وڵاتانە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. ئەمڕۆکە، ئێمە ڕووبەڕووی باروودۆخی هەستیار بووینەتەوە کە دەبێت گرفتەکانی خۆمان چارەسەر بکەین و مافەکان و هەروەها ئاسایشی کوردەکان لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەی کە تیایدا دەژین؛ دابین بکەین و بەو دەسکەوتانە بگەین کە مافەکانی کوردەکان و ئاسایشی ئەوان لە ناوچەکەدا پارێزراو بێت. کوردەکان شەریکی ئێستای حکومەتی عێراقن و هەروەها هاوڵاتی برایانی شیعە و سوننە و عەڕەبی خۆمانین.
لە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت حکومەتی ناوەندی عێراق؛ کام لایەن، بەرژەوەندیی ئەوتۆی هەیە؟
کەسانێک کە بەشوێن تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدان، زۆربەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەم گرژیانەدا دەبیننەوە. ئەم کەسانە بە گەورەکردنەوەی گرفتەکان یا گرژییەکانی نێوان کوردەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا و تەنانەت حکومەتی ناوەندی عێراق، دەیانەوێت لە ئاویی ڵێڵ ماسی بگرن و بەو شێوەیەی کە بۆخۆیان پێویستیان پێیەتی کەڵکی ئەوتۆی لێوەرگرن. بە قەبووڵکردنی باروودۆخی ئێستا، ڕێبەران و خەڵکی کوردستان نابێت ئیزن بدەن؛ دوژمنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، لە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان کەڵک وەربگرن و ببنە هۆی شڵەژاویی و دڵەڕاوکێی کوردەکان. کوردەکان لە چوار وڵاتی ناوچەکە لەوانە: عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا بوونیان هەیە، هەر بەم پێیە ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتانە بەیەکترییەوە بەستراوەتەوە و دراوسێی یەکترین. ئەوە بەم مانایەیە کە ڕچاوگرتنی هێمنی و ئاسایش و هەروەها جوگرافیای ئەم وڵاتانە بۆ کوردەکان بایەخی تایبەتی هەیە کە هیچ کامیان نابێت دەست لە کارووباری یەکترییەوە وەربدەن.
ئێمە دەبێت لە هەر چەشنە دەستێوەردانێک لە کارووباریی ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە خۆمان بپارێزین، چونکە یەکێتی خاک و سەرهەڵدانی ئەم وڵاتانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگای بایخە و گرینگی خۆی هەیە.
وتووێژ لە: محەمەد مەژاری
لێنکی چاوپێکەوتن:
https://www.tehrantimes.com/news/459086/Greater-Kurdistan-an-impossible-dream-KRG-representative
شارپرێس: // نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئێران لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە بانگهێشتده‌كرێت لەبارەی ئەو پوولەی نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەرەو داوای ڕونکردنەوەی لێدەکرێت، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمیش ده‌ڵێت:"ئێرانیەکان پێیان وتم نامانەوێت زۆر قسە لەسەرئه‌وه بكه‌ین، بەڵام ئەوە لەسودی ئەمڕۆی حکومەتی هەرێم نییە".
نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لەكۆمارى ئیسلامى ئێران لەلێدوانێکی تایبەتدا بەشارپرێسى ڕاگه‌یاند، "لەسەر بابەتی ئەو پولەی لەبەردەم پاپا فره‌نسیسدا نمایشکراو نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەربوو لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بانگکرام‌و لەلایەن بەرپرسی دۆسیەی عێراقەوە قسەم لەگەڵ کراو داوای ڕونکردەوەیان لێکردم".
سەبارەت بەچۆنیتی مامەڵەی بەرپرسانی ئێران لەسەر ئه‌و پرسه، ده‌باغ ده‌ڵێت:"زۆر بەڕێزەوە بانگهێشتیان کردین‌و پرسیاریان لێ‌کردین؛ داوای ڕونکردنەوەیان کرد".
ئه‌وه‌شى وت:"ئێرانیەکان پێیانڕاگەیاندم نایانەوێت زۆر قسە لەسەر ئەو بابەتە بكرێت، بەڵام ئەوە لەسودی سیاسەتی ئەمڕۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە، ئەو بابەتە دەستدرێژیکردنەسەر خاکی ئێرانە، بۆیە پێمانخۆشە ڕونکردنەوە بدەن".
نوێنەره‌كه‌ى حکومەتی هەرێم لەتاران باسی لەوەشکرد، "لەبەرامبەر داوای ڕونکردەوەکەدا بەوەزارەتی دەرەوەی ئێران، وتمان ئەوەی کراوە کاری حکومەتی هەرێم نییە، بەڵکو گروپێکی هونەرمەند بۆ دەربڕینی هەست‌و بۆچونی خۆیان هەستاون بەوکارەو ئەو شتەیان پێشنیازکردوە بۆ وەزارەتێکی تایبەت".
دەباغ ئه‌وه‌شى وت:"بەوەزارەتی دەرەوەی ئێرانم وت، وتەبێژی حکومەتی هەرێمیش ئەوەی ڕەتکردۆتەوە کە پڕۆژەی حکومەت بێت، بەڵکو ئەوە پێشنیازێک بوە لەلایەن چەند کەسێکەوە لەوەزارەتێک، حکومەتی هەرێمیش دوپاتیکردۆتەوە کە پابەندە بەدەستوری عێراق بەڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ".
سه‌باره‌ت به‌وەڵامی بەرپرسانی ئێرانیش بۆ ڕونكردنه‌وه‌كه‌ى، نازم دەباغ وتى:"وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕونکردنەوەکەیان قبوڵکرد، بەڵام وتیشیان پەیام بەعێراق دەدەین، ئەوەبوو وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە باسی لەوەکرد".
نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌تاران ئاماژه‌ى بەپەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو تاران كرد‌و ڕایگه‌یاند، "پەیوەندییەکان ئاسایین‌و ڕێزێکى زۆر لەنێوان هەردولادا هەیە، بەڵام گلەیی‌و گازندە لەهەندێک کاتدا دەکرێت، ئەوەش کاتێک ڕوداوێک ڕودەدات یان هەڵوێستێک دروستدەبێت، بەڵام ئێمە وەک هەرێم هیچ کات خوازیاری ئەوەنین لەسەر هیچ بابەتێکی لەو شێوەیە گرژیی‌و ناکۆکی دروستبێت لەنێوان ئێمەو تاران‌دا".
https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=187377
More...
دوایین هەواڵەکان
- په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مه‌نسوور یاقووتی وه‌ک له‌ده‌ست چونی یاقووتێکی گرانبه‌هایه
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگریی هۆڵه‌ندا کۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا كۆبوونه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد