نازم دەباغ بۆ ڕۆژنامەی تێهران تایمز: کوردستانی گەورە لە ئێستادا خەونێکی گونجاو نییە

تاران ـ "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە ئاماژە بەوەی کە ئایدیای "کوردستانی گەورە" لە ئێستادا خەونێکی گونجاو نییە، جەختی کردەوە کە ئەم ئایدیایە وەکوو خەونێکی دوور لە هزرە.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ئینگلیزی "تێهران تایمز" گوتی: "خەریتەی کوردستانی گەورە" شایەد خواستی تاک تاکی گەلی کورد بێت، بەڵام جێبەجێکردنی و هەروەها یەکێتی هەموو کوردەکان لە ئێستادا گونجاو نییە و زیاتر وەکوو خەونێک دەچێت؛ چونکە جوگرافیای کوردستان، بەسەر چوار وڵاتی ناوچەکە لەوانە: عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا دابەشبووە.

ڕۆژی چوارشمەمە 4ی مارسی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین نموونەی لەو پووڵە پێشنیار کراوانە ئاشکرا کرد کە بە بۆنەی سەردانی پاپ لە سەرەتای ئەم مانگەدا چاپ کران. دەگوترێت کە یەکێک لەم پووڵانە خەریتەیەکی لەسەر دیزاین کراوە کە هەندێک پارێزگاکانی ئێران، تورکیا، سووریا و عێراقی لە خۆگرتووە.

ئەم پووڵە، لە ناوچەکەدا؛ بۆتە هۆی ناکۆکی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە. ئەم پووڵە، بە بۆنەی سەردانی چوار ڕۆژەی پاپ بۆ عێراق، بڵاوکراوەتەوە کە لە ڕۆژی سێیەمی خۆیدا سەردانی هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقی کرد. دەقی چاوپێکەوتنی "نازم دەباغ" لە خوارەوەدا هاتووە:

 

هەڵوێستی ڕەسمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەو پووڵانەی کە بە بۆنەی سەردانی چوار ڕۆژەی پاپ فڕانسیس بۆ عێراق، هەرای ناوەتەوە، چییە؟

سەبارەت بەو پووڵانەی کە لەم دوایانەدا بڵاوبۆتەوە، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە بەرپرسانی کورد، ڕوونکردنەوەیان داوە کە ئەم پووڵانە پێشنیاریی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و ئەم پڕۆژەیە جێبەجێی ناکریت. لەڕاستیدا، دیزاینی پووڵەکە لە لایەن هەندێک لە هونەرمەندانی مەسیحی و کریستیانی کوردستان بە وەزارەتی گواستن و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیار کرابوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پەسەند نەکرا.

"جووتیار عادڵ" وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بنەڕەتی و یەکێتی جوگرافی عێراقە. هەر بەم پێیە، ئەمە هەنگاوێکی تاکڕەویانەیە کە لە لایەن هەندێک کەس جێبەجێی کراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە بەرپرسانی کوردەوە نییە و بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی باروودۆخی جوگرافی و سیاسی هەرێمی کوردستان؛ ئەم پڕۆژەیە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند نەکراوە.

 

سەبارەت بە هۆکار و پێشهاتە سەرەکییەکانی کردەوەیەکی لەم چەشنە بە چ شێوەیەک بیردەکەنەوە؟

ئێمە لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و هەندێک لە پارتە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە و هەروەها وڵاتی ئێرانەوە کاردانەوەمان بینی. حکومەتی تورکیا ئەم کردەوەیەی سەرکۆنە کرد و وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێرانیش، هەڵوێستی تارانی بە دەوڵەتی عێراق ڕاگەیاند. هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیا سەبارەت بەم پووڵە، نا’ڕەزایەتی خۆیان بە دەوڵەتی عێراق ڕاگەیاند و ئەم دژایەتیانە وەبیرهێنەرەوەی ئەو ڕووداوانە بوو کە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ڕوویاندا و وڵاتانی دراوسێی و هەروەها وڵاتانی جۆراوجۆری جیهانیش لەم بارەیەوە، دژایەتی خۆیان دەربڕیی.

حکومەت و پارتە سیاسییەکانی تورکیا، بڵاوبوونەوەی ئەم پووڵەیان سەرکۆنە کرد و "سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە هەڵوێستی تاران بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی ئەم پووڵە، ڕوونکردنەوەیدا.

لە لایەکی دیکەوە من لەوبڕوایەدام کە لە باروودۆخی ئێستادا دەبێت زیاتر چاودێریی بکەین و تەنیا لە چوارچێوەی یاسای بنە’ڕەتی عێراق، پێوشوێنی ماف و ئامانج و پێداویستییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بگرین. دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە بە پەسەندبوون و پشتیوانی وڵاتانی دراوسێی و هاوکاریی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، دەتوانین گرفتەکانی خۆمان چارەسەر بکەین. لە لایەکی دیکەشەوە، دەوڵەتی عێراق بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، دەبێت پابەندی یاسای بنە’ڕەتی ئەم وڵاتە بێت؛ ئەگەر هەمووی ئەم خاڵانە ڕچاوبگیرێت، خەڵکی کوردستان هەست دەکەن کە لە وڵاتی عێراقدا شەریک و هاوبەشن.

خەریتەی "کوردستانی گەورە" هەندێک لە ناوچەکانی وڵاتانی ئێران، تورکیا و سووریای لە خۆگرتووە. ئاکامی ئایدیایەک لەم چەشنە لەسەر پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دراوسێکانی خۆی بە چ شێوەیەک دەبێت؟ بەتایبەت ئەوەی کە ئەم ئایدیایە لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی جیدیی بۆتەوە؟    

"خەریتەی کوردستانی گەورە" شایەد خواستی تاک تاکی گەلی کورد بێت، بەڵام جێبەجێکردنی و هەروەها یەکێتی هەموو کوردەکان لە ئێستادا گونجاو نییە و دەتوانم بڵێم زیاتر وەکوو خەونێک دەچێت؛ چونکە جوگرافیای کوردستان، هەر وەکوو بۆخۆتان ئاماژەتان پێکرد بەسەر چوار وڵاتی ناوچەکە لەوانە: عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا دابەشبووە. هەر کام لەم وڵاتانە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. ئەمڕۆکە، ئێمە ڕووبەڕووی باروودۆخی هەستیار بووینەتەوە کە دەبێت گرفتەکانی خۆمان چارەسەر بکەین و مافەکان و هەروەها ئاسایشی کوردەکان لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەی کە تیایدا دەژین؛ دابین بکەین و بەو دەسکەوتانە بگەین کە مافەکانی کوردەکان و ئاسایشی ئەوان لە ناوچەکەدا پارێزراو بێت. کوردەکان شەریکی ئێستای حکومەتی عێراقن و هەروەها هاوڵاتی برایانی شیعە و سوننە و عەڕەبی خۆمانین.

 

لە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت حکومەتی ناوەندی عێراق؛ کام لایەن، بەرژەوەندیی ئەوتۆی هەیە؟   

کەسانێک کە بەشوێن تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدان، زۆربەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەم گرژیانەدا دەبیننەوە. ئەم کەسانە بە گەورەکردنەوەی گرفتەکان یا گرژییەکانی نێوان کوردەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا و تەنانەت حکومەتی ناوەندی عێراق، دەیانەوێت لە ئاویی ڵێڵ ماسی بگرن و بەو شێوەیەی کە بۆخۆیان پێویستیان پێیەتی کەڵکی ئەوتۆی لێوەرگرن. بە قەبووڵکردنی باروودۆخی ئێستا، ڕێبەران و خەڵکی کوردستان نابێت ئیزن بدەن؛ دوژمنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، لە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان کەڵک وەربگرن و ببنە هۆی شڵەژاویی و دڵەڕاوکێی کوردەکان. کوردەکان لە چوار وڵاتی ناوچەکە لەوانە: عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا بوونیان هەیە، هەر بەم پێیە ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتانە بەیەکترییەوە بەستراوەتەوە و دراوسێی یەکترین. ئەوە بەم مانایەیە کە ڕچاوگرتنی هێمنی و ئاسایش و هەروەها جوگرافیای ئەم وڵاتانە بۆ کوردەکان بایەخی تایبەتی هەیە کە هیچ کامیان نابێت دەست لە کارووباری یەکترییەوە وەربدەن.

ئێمە دەبێت لە هەر چەشنە دەستێوەردانێک لە کارووباریی ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە خۆمان بپارێزین، چونکە یەکێتی خاک و سەرهەڵدانی ئەم وڵاتانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگای بایخە و گرینگی خۆی هەیە.

 

وتووێژ لە: محەمەد مەژاری

 

لێنکی چاوپێکەوتن:

https://www.tehrantimes.com/news/459086/Greater-Kurdistan-an-impossible-dream-KRG-representative

Read کد خبر: 2499

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی