کۆنفرانسی "ئابووریی هەرێمی کوردستان دوای کۆرۆنا" بە بەشداری مەسرور بارزانی سازدەکرێت
بە بەشداری "مەسرور بارزانی" سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی "ئابووریی هەرێمی کوردستان دوای کۆرۆنا" لەلایەن ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ئەمەریکاوە رێکدەخرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ئەمەریکا، کۆنفرانسەکە لە رۆژانی 23 و 24ـی 11-2020 بە شێوەی ئۆنڵاین بە بەشداری بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیا ئەمەریکیانەی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن، رێکدەخرێت.
لە کۆنفرانسەکەدا تاوتوێی: چۆنییەتی پەرەپێدانی گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، هەلی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، گرنگیپێدان بە ئاسایشی خۆراک، ئاییندەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق لە بواری وزە دەکرێت.
بەگوێرەی راگەیاندراوێکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، "مەسرور بارزانی" سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوڕێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، تێبینی و خواستی بەشداربووان تۆمار دەکات و، بەشداری لە گفتوگۆکاندا دەکات.
"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی "ژیان" گوتی: پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەمیشە باش بووە و بەرەو باشتربوونیش ڕۆیشتووە.
تەلەڤیزیۆنی ژیان: لە 3ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئەمەریکا بەڕێوەچوو، بەڵام تا ئێستا لە لایەن "دۆناڵد تڕامپ" پشتڕاست نەکراوەتەوە، هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا پەیوەندیی بە وڵاتانی ئەورووپی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها ناوچە هەرێمایەتییەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە؛ بە تایبەتی وڵاتێکی وەکوو ئێران کە لە سەردەمی "دۆناڵد تڕامپ"دا ئەمەریکا لە ڕێککەوتەنامەی 1+5 کشایەوە و چەند ساڵێک دەبێت کە ئابڵۆقەی ئابووریی لەسەر ئەم وڵاتە هەیە. لەمەبەدواوە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لەگەڵ یەکتری چۆن دەبێت؟ و هەروەها کاریگەرییەکانی ئەم هەڵبژاردنانە لەسەر هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بە چ شێوەیەک دەبیت؟ لەسەر ئەم بابەتانە لەگەڵ "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، گفتووگۆ دەکەم. زۆر سپاست دەکەم مامۆستا کە میوانمانی.
"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران: سپاس بۆ ئێوەش، داوای سەرکەوتنان بۆ دەخوازم.
ژیان: با لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە دەستپێبکەین، ئێران بە شێویەکی گشتیی چۆن دەڕوانێتە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ئێران، لەسەر ئەم هەڵبژاردنانە سەرنجی چییە؟
نازم دەباغ: دیارە مەسەلەی ئەو هەڵبژاردنانە شتێکی نوێی نییە و بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی هەر وڵاتێکی هەڵبژاردن هەیە و هەموو هەڵبژاردنەکانیش بە کەسانی تازە دەسپێردرێت یا ئەوەی کە بۆ خولی دووهەمیش هەڵدەبژێردرێنەوە. کە لە خولی پێشووی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا "دۆناڵد تڕامپ" هەڵبژێردرا و لەم خولەشدا "جۆ بایدێن" دەستنیشانکرا و سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لێرەدا هەر سەرۆک کۆمارێک دێتە سەرکار، دوو جۆر سیاسەت هەیە، سیاسەتێک هەیە کە بە مەلەفی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ڕووی سیاسەت و ئیستراتیجی لەگەڵ وڵاتانی دیکە چەسپێندراوە، دیارە نیسبەت بە ئێرانیش بە هەمان شێوە. بۆیە من پێموایە هەڵبژاردنی "جۆ بایدێن" لە ئەمەریکا مومکینە شتێکی ئەوتۆ نەگوڕێت لەو سیاسەتەی کە ئێران بەرانبەر بە تڕامپ و هەروها برانبەر بە "جۆ بایدێن" ڕچاویی دەکات، بەڵام پێشبینی دەکرێت کە کەسانی تازە، سیاسەتی نوێی و جێبەجێکاریی ئەم وڵاتانە دەبینن؛ بۆیان هەیە شێوازیی سیاسەتەکەیان شێوازێکی نەرمتربێت یا باشتربێت لەویدیکە. کوماری ئسلامی ئێران لەو ڕوانینەوە دەڕوانێتە سیاسەتی ئەمەریکا کە سیاسەتێکی نەگۆڕیی هەبێت، بەڵام بۆی هەیە شێوازیی کارپێکردنی بەو یاسا و بڕیارانەی کە هەیە لەگەڵ ئەوەی پێشووی خۆی جیاواز بێت.
ژیان: یانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێی وایە کە بە هەڵبژاردنی "جۆ بایدێن"، سەرۆک کۆماری نوێ ئەم وڵاتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا ئاسایی بکاتەوە؟
نازم دەباغ: کۆماری ئیسلامی ئێران، پێی باشە "جۆ بایدێن" بە سیاسیەتێکی تازەوە و مامەلەکردن لەگەڵ ئێران، بێتەپێشێی. واتە ئەگەر بێتە پێشێی و شێوازیی تازەی هەبێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 1+5 کە کاتی خۆی ئەمەریکا لە سەردەمی "باڕاک ئۆباما" ڕێککەوتوون و واژۆی لەسەر کردووە، هەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەو ئەساس و بنەمایە، واتە "بەرجام" کە پێکەوە بوویان و جارێکی دیکە وتووێژی لەسەر بکرێتەوە بۆ شێوازیی جێبەجێی کردن و لە لایەکی دیکەشەوە بۆ پتەوکردنی جێبەجێکردنەکە. واتە چاوەڕوانی سیاسەتی تازە دەکرێت، ئەگەر نا بە پێی ڕاوبۆچوونەکانی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێیان وا نییە تا نەکەوێتە کاری جێبەجێیکردن ئەو دەنگە بدەن کە "جۆ بایدێن" لە تڕامپ باشتر بێت یا خود تڕامپ لە "جۆ بایدێن" خرابتر بێت. بەڵام ئەوەی کە لە "جۆ بایدێن" دەبیندرێت بە پێی ئەو سیاسەت و پەیوەندیانەی کە لەگەڵ زۆرینەی سەرۆک کۆمارەکان و سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی دنیا و بە تایبەتی ئەورووپا کردوویەتی، کە شەریکێکی گرینگی ئەمەریکان کە تڕامپ لە سەردەمی خۆیدا ئەوانی تا ڕادەیەک خستبۆ ئەولاوە، بەڵام ئێستاکە دەکرێت ئەو هاوکارییە کە هەموو لەگەڵ یەکتری نیشانی دەدەن، بتوانن لەسەر ئەو بنەمایە بۆ چەسپاندنی ئەمن و ئاسایش لە دنیادا و بە هاوکاریی یەکتری کاربکەن. هەمووشمان دەزانین کە ئەورووپا بە گشتیی تا ئێستا کە لە ڕێککەوتنی "بەرجام" و وتووێژەکانی 1+5 و ئەو ئەنجامەی کە بەدەستیانهێنا داواکارە کە هەر دوولا پابەندبن و جێبەجێی بکەن.
ژیان: ئەگەر بە فەرمی ڕاگەیێندرا کە "جۆ بایدێن" سەرۆک کۆماری ئەمەریکایە، ئەم هیوایە لە ناو دەسەڵاتدارانی ئێراندا هەیە کە ڕێکەوتەنامەی "بەرجام" جارێکی دیکە زیندوو بکرێتەوە یا چ بابەتێکی دیکە هەیە کە پەیوەست بێت بە بەرژەوەنییەکانی ئێران بۆ ئەوەی کە لەگەڵ ئەمەریکادا تاوتوێی بکەن؟
نازم دەباغ: ئەوەی کە من هەستی پێدەکەم کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ڕێککەوتندایە بەڵام لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنەی کە پێشتر ئەنجامدراوە و هەروەها دەکرێت هەموو لایەک پێی پابەندبن. کە تا ئێستاش ئەو پابەندبوونە لە لایەن ئەورووپاشەوە دڵنیایی پێدەدرێت کە پێویستە جێبەجێی بکەن. دیسان دەڵێمەوە ئێران، هیچ کاتێک ئومێدی لەو ئامانجانە نەبڕیوە کە لە ڕۆژگارێکدا بتوانێت ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێی بکرێت، بەڵام تەسلمیش نەبووە. بەو هەموو خواستە و بەو هەموو گوشار و سەختییەی کە تڕامپ لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردیی و دەریشکەوت هەموو ئەو گوشارانەی کە دەیکات مومکینە تا ڕادەیەک هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە زەرەرمەند بن یا تووشی ئەزییەت بن، بەڵام نەیانتوانی ئەوەی کە مەبەستیان بوو چۆک بە کۆماری ئێسلامی ئێران دابدەن بۆ هەموو خواستەکانی خۆیان و ئێران جێبەجێی بکات. واتە باشترین ڕێگا کە لە لایەن زۆر لایەنەوە جەختیشی لەسەر دەکرێتەوە، وتووێژکردن لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر، نەک لەسەر بنەمای مەرج سەپاندن بەسەر یەکتریدا. کە تا ئەم ساتە کۆماری ئیسلامی ئێران مەرجەکان ڕەتدەکاتەوە.
ژیان: ئێستا هیوای ئەوە ماوە کە ئەو ڕێککەوتنە تازە بکرێتەوە یا بەربەستی نوێی دروست بوون؟ بۆ نموونە لە ماوەکانی ڕابردوودا ئەو هێرشانەی کە دەکرانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، ئەمەریکا ئێرانی بەم کارە تۆمەتبار دەکرد. ئەمانە نەبوون بە بەربەستی نوێی بۆ ئەوەی کە جارێکی دیکە ئێران و ئەمەریکا لەسەر مێزی گفتووگۆ دابنیشنەوە؟
نازم دەباغ: نا من بە پێچەوانەی دەبینم، مومکینە زۆریەک لەو گوشار و ڕووداوانە کە لە ناوچەکە ڕوودەدات جاری واهەیە دەبێت هۆکارێکی دیکە بۆ سیاسەتێکی تازە و بە گشتیش "جۆ بایدێن" جەخت دەکاتەوە و دەڵێت؛ پێویستە ئێمە ئەمەریکا بخەینەوە ئەو دۆخەی جاران کە پلە و پایە و گرینگی و ڕۆڵیشی لە چەسپاندنی ئەمن و ئاسایش لە دنیادا هەبێت و خۆشتان دەزانن یەکێک لە کێشە گەورەکان کە لە نێوان ئێران و ئەمەریکا گرینگە ئاڵووگۆڕیی تاوان لە یەکتریدا دەکەن بۆ مەسەلەی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکەدا. واتە ئەگەر ئەوان بیانەوێت ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە و دنیاش تا ڕادەیەک ئەوەی کە پەیوەندیی بەو دروشمەوە هەیە یا بەو تاوانانەیە کە دەخەنە وەباڵی یەکتریی ئەوەی کە ئێران دەیەوێت شۆڕشی ئیسلامی هەناردەی دەرەوە بکات کە واتە ئێران دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی ئەم ڕێگایە بگرێت لەو کارە تیرۆریستیانەی ئەنجام دەدرێت و تاوانەکەشی دەخرێتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام کوردەواریی خۆمان دەڵێت چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت واتە هەم ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپی و هەروەها ئێران، دەبێت هەموویان لەو ئاستە بن کە بتوانن ئەم کەشووهەوایە بڕەخسێنن کە بە نییەتێکی خاوێنەوە دەتوانن جارێکی دیکە ئەمن و ئاسایش بۆ ناوچەکە و خەڵکی ناوچەکە بگەڕێننەوە و هەموو پێکەوە پارێزگاریی بکەن لە چەسپاندنی ئەو ئەمن و ئاسایشەدا.
ژیان: ئەگەر باس لە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەیت، ئێستاکە پەیوەندییەکانی دوو لایەن چۆنە؟
نازم دەباغ: پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەمیشە باش بووە و بەرەو باشتربوونیش ڕۆیشتووە، دیارە بە پێی هەندێک باروودۆخ، جاری واهەیە عادەتەن بەرز و نزمییەک وەکوو هەموو پەیوەندییەکی وڵاتانی دنیا لەگەڵ یەکتریدا دێتە پێشێی. بەڵام ئەوەی کە نەگۆڕاوە ئەوەیە کە جەختکردنەوە و دڵنیاییدان بەوەی کە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی یەکپارچەیی عێراق و دەستووری هەمیشەیی ئەم وڵاتەدایە و بە گرینگیش دەزانرێت، لەو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و ... .
ژیان: یانی ئێستا هاتووچۆکردن لە نێوان شاندەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێراندا بوونی هەیە؟ وەفدەکانیان سەردانی یەکتریی دەکەن؟
نازم دەباغ: بەڵێ سەردانی یەکتریی دەکەن و لە نزیکەوە ئێمە وەکوو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لە زۆر کات و بواردا زۆر جار، پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ڕاوێژ و هاتووچۆی لەگەڵ یەکتریی بکەین و هەروەها بەرپرسانی تایبەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەی کە من بیانبینم زووبەزوو لە گەشت و سەفەردان بۆ هەرێمی کوردستان. جگە لەوش، هەر وەکوو چۆن هەرێمی کوردستان لە تاران نوێنەری هەیە و هەموو لایەنە سیاسییەکانیشی تێدایە هەر بەم پێیەش کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی کونسوڵخانەی هەیە و ئەو کونسووڵخانانە لەگەڵ داموودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی لایەنە سیاسییەکان لە پەیوەندیدان.
ژیان: تا ئەو کاتەی کە "قاسم سلێمانی" فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لە ژیاندا مابوو، باس لەوە دەکرا کە پەیوندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان زۆر باش بوو، ئێستاکە کە ئەو نەماوە، "ئیسماعیل قائانی" لە جیاتی ئەو هاتۆتە سەر کار، پەیوەندییەکانیان چۆنە؟ ئایا پێتان وایە "ئیسماعیل قائانی" توانیبێتی هاوشێوەی "قاسم سلێمانی" لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەڵسووکەوت بکات؟
نازم دەباغ: من پێموایە ئاڵووگۆڕێکی ئەوتۆ ناکرێت، چون لێرە کەسەکان وەکوو فاکتەرێکی ئەساسی کە ڕۆڵ دەبینن لە چوارچێوەی ئەو بەرنامە و سیاسەتەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران، بە سەرپەرەشتی رێبەری ئەم وڵاتە و هەروەها دەزگا تایبەتمەندییەکانی دیکە بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەو ڕۆڵە دەبینن و ئاغای "ئیسماعیل قائانی" لە دەسەڵات و پەیوەندییەکانی شتێکی کەم نییە لە سەردار "قاسم سلێمانی" کە ڕاستە بە هۆی تەمەن و کارکردنی دۆستایەتی و پەیوەندییەکانی ئەو لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بوو، بەڵام ئەوەی من پێدەزانم ئەویش کەمتر نییە و سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەو سەردانەشیدا کە ماوەیەکی زۆر دوور نییە و لە مانگی ڕابردوودا ئەنجامدرا بانگهێشتی زۆر یەک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، لەوانە: سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و کەسانی دیکەشی کردووە کە لە کاتێکی دیاریکرا و گونجاودا بۆیان هەیە کە سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن.
ژیان: ئەو سەردانانەی کە باست کرد "ئیسماعیل قائانی" هاتۆتە هەرێمی کوردستان، زیاتر بە چ مەبەستێک بووە؟
نازم دەباغ: ئاغای "ئیسماعیل قائانی" کە هاتۆتە هەرێمی کوردستان هەم لە ڕێگای بەغداوە و هەمیش بە ڕاستەوخۆ هاتۆتە هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی بە هەموو ئەو بابەتانە هەیە کە لە عێراقدا تێپەڕدەبێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە و هەر وەکوو لە ڕابردووشدا کراوە کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان پێویستیان بە ڕاوێژ و ئاڵووگۆڕیی و بیرووڕا گۆڕینەوە هەبووە، بۆیە لە زۆر کاتدا لە جیاتی پەیام ئاڵووگۆڕ بکرێت، بەڵکوو ڕاستەوخۆ نوێنەرە تایبەتەکانیان یا خۆیان سەردانی بەغداد و هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەمبارەیەوە لەگەڵ یەکتریی وتووێژیان کردووە. تا ئێستاکەش ئەوەی کە من گوێبیستی بووم، هەر دوولا ڕازییبوون لەم سەردانانەی کە کراوە.
ژیان: تێڕوانینی "ئیسماعیل قائانی" بۆ هەرێمی کوردستان چۆنە؟
نازم دەباغ: تێڕوانینی ئەو هەمان تێڕوانینی ڕابردووە بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێبازەی کە لە ڕابردوودا هێڵی بۆ کێشراوە و ئەویش لەسەریی دەڕوات بۆ جێبەجێیکردنی.
ژیان: پەیوەندیی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لەمساڵدا چۆنە؟ پێتان وایە کە لەچاو ساڵانی ڕابردوودا ئەم پەیوەندییە هەڵکشاوە یا داکشاوە؟
نازم دەباغ: پەیوەندیی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لەمساڵدا هەم هەڵکشاوە و هەمیش داکشاوە، ئەگەر بێینە سەر ڕوانگە و دیدی ئیستراتیجی لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕووی لە هەڵکشان بووە، بەڵام هەر وەکوو بۆخۆتان دەزانن پەتای کۆڕۆنا گرفتێکی هێناپێشێ کە هۆکارێکی خراپ بوو بۆ کەمکردنەوە و داکشانی چالاکییە بازرگانی، سیاسی، فەرهەنگی، هونەریی و زۆر یەک لە چالاکییەکان، چونکە هاتووچۆکردن لە بەرەوپێشەوەچوونی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا فاکتەرێکی گرینگە. هەر وەکوو دەزانن ئەو هاتووچۆکردنەش لە قۆناغێکی دیارییکراودا سەخت بوو و ئێستاکەش جارێکی دیکە گرفتی بۆ دروست بووە، بەڵام خۆشبەختانە دەتوانین بڵێین کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆشی بێت هەوڵی جیدیداوە بۆ ئەوەی کە چالاکییەکان ڕانەوەستێت و بەڵکوو بەردەوام بێت و هاتووچۆکانیش لە ڕووی بازرگانی، چارەسەریی نەۆخۆش و پێداویستییەکان، بەردوام بێت و دەتوانم بڵێم لە قۆناغێکی دیاریکراودا ژمارەی ئەو کاڵایانەی کە لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بۆ باشووری عێراق ڕوویشتووە لە هەڵکشاندا بووە و لە داکشاندا نەبووە.
ژیان: هیچ ئامارێکت لایە بڕی قەبارەی بازرگانی لەمساڵدا لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دیاریی بکات؟
نازم دەباغ: ئەگەر بمەوێت وەکوو خۆی قسە بکەم ئاماریی ڕاست و دروستمان لانییە، چونکە مەبەستمان نەبووە بە دواداچوونی بۆ بکەین و بزانین، زۆر جاریش هەیە ئەم ئامارە، زۆربەی لە خاڵە سنوورییەکانەوە قسەی لەسەر دەکرێت. چونکە بە شێوەیەکی گشتیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، دوو جۆر کاریی بازرگانی هەیە، یەکەمیان ئەو بازرگانییەی کە لە لایەن کۆمپانیا جێی متمانە و باوەڕپێکراوەکان و لە ڕێگای تڕانزیت و بازرگانی فەرمی ئەنجامدەدرێت، ڕێگایەکی دیکەش هەیە کە لە ڕێگای پیلەوەرەوە واتە دانیشتوانی سنوورەوە کە بە شێوازیی تایبەت بە خۆیان و لە ڕێگای کۆڵبەرەوە ئەنجامی دەکەن و ڕێگەپێدراوە. بۆیە ئەگەر مەبەست بێت دەبێت هەر دووکیان کۆبکەیتەوە و ئەو کاتە دەبێت ئامارێکی نیسبی. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەی کە بۆی دەچم و وەکوو خۆم لێکدانەوەی بۆ بکەم مومکینە ئەمساڵەکە لەگەڵ ئەو کێشانەی کە باسمان کرد، تا ئێستا زیاتر لە 3 میلیارد دۆلار بێت.
ژیان: ئەگەر باسی کێشەکانی عێراق بکەین، لە ئێستادا عێراق یاسای قەرزیی پەسەندکردووە، قەرز دەکات بۆیە کەوتۆتە قەیرانێکی داراییەوە، بۆچوونی ئێران چییە لەسەر ئەو کێشانەی کە بەسەر عێراقدا تێپەڕ دەبێت؟
نازم دەباغ: دیارە عێراقیش وەکوو هەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەشەوە و هەروەها وەکوو هەموو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بە هۆی زۆر هۆکارەوە لەوانە قەیرانی دارایی کێشەی هەبووە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتیانی خۆی، عێراقیش وەکوو پێی دەچێت نزیکەی دوو مانگ دەبێت مووچەی نەداوە، لە دابەزینی نرخی نەوت و هەروەها شێوازیی کارکردن، بۆیە ناچاردەبێت وڵاتێک بیهەوێت ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی خۆی دابین بکات، بە دڵنیاییەوە بەدوای ڕێگەچارە دەگەڕێت و ئەمڕۆکە یەکێک لەو ڕێگەچارەیە ئەوەیە کە پەڕڵەمانی عێراق یاسایەکی دەرکرد بۆ ئەوەی دەسەڵات بدات بە حکومەتی عێراق کە قەرز بکات واتە دابینکردنی پێداویستی و بژێویی خەڵک خۆی لە خۆیدا ڕەنگدانەوەی بۆ چالاکی ئابووری دەبێت کە بۆخۆتان ئێستاکە ئەگەر سەرنجی بدەنێی ئەو ڕۆژانەی کە باس لەو یاسا تازەی قەرز وەرگرتن دەکرێت کە بوودجەی هەرێمی کوردستانی کەوتۆتە ناوەوە تا سنوورێک هەست بە ڕەنگدانەوەی دەکەی لەسەر شێوازیی کارکردن و چالاکی بازرگانی و تەنانەت دەتوانین بڵێین جووڵەی بازرگانیشی لە هەرێمی کوردستان دامرکاندووە.
ژیان: هەر چەندە ئێران لە قەیرانی دارایی دایە و لە ئێستاشدا قەیرانی دارایی کەوتۆتە حکومەتەکەی کازمییەوە، ئەوەی کە لە ڕابردوودا دەگوترا ئێران دەست دەخاتە ناو کارووباریی عێراقەوە، ئایا پێت وایە لە ئێستاشدا جارێکی دیکە دەستێوەردان دەکات لە کارووبارەکانی عێراق؟ چونکە لە پەڕڵەماندا هەوڵێک هەیە بۆ لابردنی سەرۆکی پەڕڵەمان.
نازم دەباغ: من نازانم مەسەلەی دەستێوەردان بەو مانایەی جەنابت باسی دەکەی من بەڵگەم لەلا نییە کە بڵێم ئێران لە کارووباریی عێراق دەستێوەردان دەکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە عێراق لە قۆناغێکدایە حەسوودی پێنابردرێت و کێشە و گرفتی زۆرە و چاویشی لەوە هەیە کە کەسێک دەستی بگرێت و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاوکاریی و ڕێنمایی بکات. ئەمە بەشێکییەتی، بەشێکی دیکەشی باسمان کرد کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەر کێشە و گێروگرفتێکی هەبێت ئەوەی کە بیریی لێدەکاتەوە کە یەکەم لە ناوخۆی چارەسەریی بۆ بدۆزێتەوە و دووهەم بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت کە فاکتەرەکانی دەورووبەریی خۆی هەوڵبدات بگونجێنێت لەگەڵ باروودۆخی ناوخۆی بۆ ئەوەی کە ئەویش سوودی لێوەربگرێت، واتە لە عێراق ئەگەر کێشەیەک هەبێت و ئەو کێشەیە بە قەرز چارەسەر بکرێت وەکوو ئەوەی کە باسمانکرد بوونی داهاتی هاوڵاتیان کە مووچەیە بازاڕ زیندوو دەکاتەووە. کە بازاڕیشی زیندوو کردەوە عێراق لەو وڵاتانە نییە بەرهەمی ئەوەندە زۆر بێت بتوانێت کەلووپەلی ناوخۆی بۆخۆی کەڵکی لێوەربگرێت و هاوڵاتیانی سوودی لێببینن، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ هێنانی کەلووپەل لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، کە یەکێک لەو وڵاتانەی کەلووپەل بۆ عێراق دەنێرێت، ئێران و ئەویدیکەش تورکیایە. بۆیە من پێموایە لەو چوارچێوەیەدا مومکین خاونی پێشنیاربێت و ئەو پێشنیارانە هۆکاربێت بۆ بووژاندنەوەی ژێرخان و بواریی ئابووریی لە عێراقدا.
ژیان: ناوبەناو ئێران ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان تۆپباران دەکات، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، سەبارەت بەو تۆپبارانەوە هیچ نیگەرانی خۆی گەیاندووە؟ ئێرانیش کە تۆپبارانەکان دەکات بۆخۆی بیانوویەکی هەیە و دەڵێت بە هۆی جمووجۆڵی هێزە ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێرانە. ئەوانیش هێچ نیگەرانییەکیان بە ئێوە گەیاندووە؟
نازم دەباغ: لە کاتی خۆیدا زۆرمان قسە لەسەر ئەوە کردووە، بەڵام دەتوانم بڵێم خۆشبەختانە ئەمساڵ لە هەموو ساڵێک کەمتربووە، بە پێچەوانەوە لە هەموو ساڵەکان زیاتر تورکیایە، بۆیە مەسەلەی نیگەرانی دروستبوون لە نائارامی لە سنوورەکان بە دڵنیاییەوە هەر دوولا پەرێشان دەکات هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەم کۆماری ئیسلامی ئێران. چونکە بوونی کێشەی نائەمنی و شەڕ و پێکدادان و تۆپباران، هۆکارێک دەبێت بۆ سستی چالاکی ئابووریی و هاتووچۆکردن، بۆیە هەر دوولا بە پەرۆشەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەن.
ژیان: ئەو بیانووەی ئێران یانی بە دروست دەزانن کە دەڵێن جمووجۆڵی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانە بۆیە تۆپباران دەکەین؟
نازم دەباغ: من هەموو هۆکارێک بە دروست دەزانم کە زەرەر لە ئاسایشەکەم بدات و ئەو مەسەلەیە تەنیا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران نییە و من ناتوانم لێرەوە بڵێم ئێران حەقە ئەوە دەکات، ئێمە هەمیشە داوای ئەوە دەکەین کە کۆماری ئیسلامی ئێران بتوانێت لە ڕێگای سیاسی و کفتووگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کێشە سنوورییەکان وەلاوەبنێن و لایەنە سیاسییەکانی ئێرانیش کە لە هەرێمی کوردستان ژیان بەسەر دەبەن و لەوێی کار و چالاکیان هەیە، ڕچاویی باروودۆخی هەرێمی کوردستان بکەن. هەر وەکوو چۆن ئێستاکە تورکیا دوادا دەکات، وڵاتانی دنیاش داوا دەکەن، کە واتە لە کاتێکدا ئەگەر بەڕاستی شێوەیەکی بەرچاو لە چالاکییەکان بۆ دژایەتی کۆماری ئیسلامی لە سنوورەکان نەبێت، ئەو کاتە ئێران ماف بە خۆی دەدات وڵامدانەوەی هەبێت. بەڵام ئەگەر چالاکییەکان نەبێت و ئێران لە خۆیەوە پەلاماریی دێیەکانی هەرێمی کوردستان بدات و ببێتە مایەی دەربەدەریی خەڵکی مەدەنی ئێمە ئەوە مەحکووم دەکەین.
ژیان: پێتان وایە ئێران لە خۆیەوە وادەکات یا بیانوویەکی هەیە بۆ ئەوەی کە بیکات؟
نازم دەباغ: تا ئێستا ئەوەی ئێمە بیستوومانە ئەوەی کە تۆ پێی دەڵێی بیانوو ئێمە پێی دەڵێین هۆکار، چونکە بیانوو ئەوەیە شتێک نەبێت و بەڵام بیکەی بە بیانوو، بەڵام هۆکار شتێک ڕوودەدات، بۆ نموونە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی ڕوودانی مەسەلەیەک دەکرێت کە فڵانی و فڵانی لە سنوورەکان خۆ دەردەخەن و چالاکی ئەنجام دەدەن و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو بەڵگانە، دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئێران دەڵێت من تۆپباران دەکەن. بەڵام تا ئێستا ئەوەی کە ئێمە پێمانزانیوە گلەیی دوولایەنە هەبووە، گلەیی هەبووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چالاکی هەندێک لایەن بۆ ورووژاندنی تۆپبارانکردن کە هیچ سوودێکی لێنابەن، بێجگە لەوەی کە هەرێمی کوردستان و دێیەکانی هەرێمی کوردستان زەرەمەندبوون. بەڵام من ئەم مەسەلەیەی کە جەنابت دیورووژێنی دەتوانم بڵێم مومکینە پێویست نەکات، چونکە ماوەیەکی یەگجا زۆرە ئێمە وەکوو نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، ئەو هەواڵ و پەیامانەمان پێنەگەیشتووە، بڵێین لایەنێکی سیاسی کوردی ئێرانی لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، چالاکی ئەنجامداوە و بۆتە هۆکاریی تۆپبارانکردن. بەڵام بۆ نموونە ناوەناوە و لە هەندێک شوێندا دەبینین ڕودواو هاتۆتە پێشێ و مومکینە لە ڕێگای ڕۆیشتندا لە یەک هەڵپڕژابن یا تووشی یەکتربووبن، ببێتە مایەی ئەوەی کە تەقە و پێکدادان ببێت و تۆپباران بکرێت. خۆشبەختانە دەتوانم بڵێم لەچاو ساڵانی پێشوو زۆر زۆر کەمە.
ژیان: ناو بە ناو هێزە ئەمنییە چەکدارە ئێرانییەکان لەسەر سنوور، تەقە لە کۆڵبەرانی کورد دەکەن، ئەم کێشانە بە کوێی گەیشتوون، هیچ قسە لەمبارەیەوە دەکرێت؟
نازم دەباغ: حەقیقەتێک هەیە کە دەبێت ئێوە بیزانن، ئەو حەقیقەتەی کۆڵبەر چییە و ڕێگای کۆڵبەر لە چ شوێنێکە؟ دیارە ئێمە لەگەڵ ئەوە نین، هیچ هاوڵاتییەک لە ڕێگای بژێویی ژیانی خۆیدا بە گوللە بگوژرێی و ڕێگای لێبگیرێت. بەڵام یاسایەک داندراوە کە پێی دەگوترێت "یاسای کۆڵبەریی" و ئەگەر بێیە سنوورەکان ئەو ڕێگایە بە چاویی خۆت دەیبینی، نە کەسێک و نە 10 کەس و نە 100 کەس، بەڵکوو بە هەزاران کەس لە بەیانییەوە تا ئێوارێی لەو ڕێگایەوە بە شاخەکاندا بە کۆڵ کاڵا دێنن بۆ ئەودیو و بۆئەمدیو، بەڵام هەندێک ڕێگا هەیە، کە پێی دەگوترێت ڕێی قاچاخ، قاچاخ بە مانای ئەوەیە لەو ڕێباز و ڕێیە لادەدات کە بۆی داندراوە، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە سەر سنوورەکان و لەو شوێنانە پۆلیسی ئەمنی و هێزی ئینترازمی داناوە و کەمینی هەیە، کەمین بۆ کێی؟ بۆ ئەو کەسانەی کە بە قاچاخ لەو شوێنانە هاتووچۆ دەکەن، جا چ بۆ چالاکی بیەوێت بێت بۆ ئێران، جا چ بۆ هێنانی شتی قاچاخ بێت، بەڵام سنووری فەرمی نییە، بۆیە کە دەنگیان دەدەن و تەقەی لێسازدەبێت، لە ئەنجامدا ئەو کەسانە بە بێتاوانی دەکوژرێن، یا هەندێکیش هەیە ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ ئەو کاڵایەی کە بە کۆڵێوەیەتی کاڵای قاچاخە، واتە ئەو شتەی کە ئەو ناتوانێت بە کۆڵ بە ڕێگا دیاریکراوەکەدا بیهێنێت، بۆخۆی دەچێت بە کۆڵ بە لاڕێیەکەدا دەیهێنێت. بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا کوشتنی کۆڵبەر لە پێناویی دابینکردنی بژێویی ژیانی خۆیدا کارێکی ڕەوا نییە، بەڵام ئومێدیش دەکەین و داواکاریشین کۆڵبەرەکانیش هەوڵبدەن، کە خۆیان نەدەنە ئەو ڕێگایانە و جارێکیشی دیکە دەیڵێم، یەکەم کۆڵبەرەکان کارتیان هەیە، دووهەمیشیان ئەکەر سەیربکەی، ئێوارێی دادێی بە ڕێچکە و بە هەزاران کۆڵبەر بەدوای یەکتریی دەکەون و بارەکانیان دەهێنن و بارەکانیشیان لە ناو شارەکانی ئێران دەفرۆشن. واتە کۆڵبەریی سەرەکی ڕێی لێنەگیراوە، بەڵام ئەو کۆڵبەرەی کە بە ڕێگا قاچاخەکەدا دەڕوات ڕێی لێگیراوە.
ژیان: ماوەی 21 ساڵە جەنابت نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانی، زۆربەی نوێنەرەکانی حکومەتی هەرێم لە وڵاتان گۆڕدراون، چۆنە تا ئێستا لەو پۆستەدا ماویتەوە؟
نازم دەباغ: سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەم، کە تا ئێستا ئەو متمانەیەیان بە من هەبووە، کە توانیومە وەکوو نوێنەرێک کار بکەن، چونکە جیاوازیی هەیە، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ڕێکخستنی پەیوەندییەکاندا نوێنەرایەتییەکی تایبەتمەندە، توانیمانە تا ئێستا هۆکاربین بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پتەوکردنی پەیوەندییەکان. هەر لە کاتێکیشدا پێویست بکات بگوڕدرێم و ئەو ئەرکەی کە لەسەر شانمە وەکوو پێویست لە خزمەت نەتەوەکەم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنم، ئەوە تەمەنم بۆتە 72 ساڵ، مومکینە پێمەوە دیارنەبێت؛ بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوە هەر وەکوو ئاماژەت پێدا 21 ساڵە لە تارانم و نزیکەی 35 ساڵیشە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دواییش حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەم، بە دڵنیاییەوە ئەگەر حیزبەکەم گلەیی لێمهەبوایە، یان حکومەتەکەم لێم ناڕازیی بوایە یا تەنانەت حکومەتەکە و حیزبەکەشم لێم ڕازیی بێت، ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران لێم ناڕازی بێت کە کەسێک بم مایەی کێشە و گرفت بوومایە و نەمتوانایە کێشەکان چارەسەر بکەم، بە دڵنیاییەوە دەیتوانی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بکات کە نوێنەرەکەتان بگوڕن.
ژیان: زۆر سپاست دەکەم مامۆستا "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، کە میوانمان بووی.
نازم دەباغ: منیش زۆر سپاستان دەکەم.
لینکی چاوپێکەوتن:
https://www.facebook.com/ZhyanMedia/videos/3511896862234560/
وهزيرى دهرهوهى توركيا سهرهخۆشى له سهرۆكى ههرێمى كوردستان دهكات
ئێوارهى رۆژی پێنجشهممه 19/11/2020 بهڕێز نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كورستان، پهيوهندييهكى تهلهفۆنى له بهڕێز مهولوود چاوشئۆغلو وهزيرى دهرهوهى توركياوه پێگهيشت.
تيايدا بهڕێز چاوشئۆغلو بۆ كۆچى دواييى خوالێخۆشبوو د. فرسهت سۆفى، پارێزگارى ههولێر، سهرهخۆشى له سهرۆك نێچيرڤان بارزانى، ههرێمى كوردستان و خێزان و كهسوكارى خوالێخۆشبوو كرد و هاوخهميى خۆى بۆ لهدهستدانى دهربڕى.
بهڕێز سهرۆكى ههرێمى كوردستانيش سوپاسى بهڕێز وهزيرى دهرهوهى توركياى كرد بۆ پهيوهندى و هاوخهمييان.
https://presidency.gov.krd/mevlut-cavusolu-condoles-the-president-of-the-kurdistan-region/
گرینگی ڕۆڵی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە هەرێمی كوردستان دووپاتی لێ كرایەوە
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ 19ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020 سەفین دزەیى بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت پێشوازى لە خاتوو نادین ماینزا كرد کە وەک کۆمسیاری دەزگاى لێکۆلینەوەى ئازادى ئایینى لە ئەمەریکا کاری کردووەو ئێستا بەسەردانێکی تایبەت بۆ پشتگیری ئازادی ئاینی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە،
لەم دیدارەدا باس لە چەند پرسێکی پەیوەست بە ئازادی ئایینی کرا وخاتوو نادین پوختەیەکى پێشکەشکرد لەسەر کاروچالاکى دەزگاى لێکۆڵینەوەى ئازادى ئاینى ئەمەریکا لە عیراق و هەرێمى کوردستان.
هاوكات سوپاسى حکومەتى هەرێمى کوردستانىیشی کرد کە زۆر بە باشى فرە نەتەوەیى و ئایینى و ئیتنیەکانى پاراستووە سەربارى ئەوەش پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆرى ئاوارە و پەنابەران کردووە.
بەرپرسى پەیوەندییەکانی دەرەوە باسى لە فرەنەتەوەیى و ئایینى و پاراستنى مافى پێکهاتە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستانى کرد، هەروەها سەردانى ناوبراوی لەئەمریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان بە گرنگ وەسفکرد.
هاوکات ئاماژەى بە گرنگى پاراستنى پێکهاتە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان کرد .
دواتر هەردولا تیشکیان خستە سەر گرینگى واژووکردنى رێکەوتنامەى ئاسایى کردنەوەى بارودۆخى شنگال وگرینگى چارەسەر کردنى بارودۆخى ئیزیدیەکان و تیشكیشیان خستە سەربارودۆخى عیراق و هەرێمى کوردستان بەگشتى.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان و نوێنەرى سکرتێرى UN لە عێراق کۆبوونەوە
سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لە گرنگیى ڕۆڵى نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لە هاوکاریکردنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵى عێراق بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان کردەوە و لەگەڵ خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هاوڕا بوون کە بۆ ئارامى و سەقامگیریى عێراق، دەبێ کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا چارەسەر بکرێن.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 18/11/2020 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە نوێنەرى تایبەتى سکرێترى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق خاتوو جینین پلاسخارت کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا سەرەتا خاتوو پلاسخارت، بۆ کۆچى دواییى خوالێخۆشبوو د. فرسەت سۆفی، پارێزگارى هەولێر، سەرەخۆشى لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و خانەوادەى خوالێخۆشبوو کرد و هاوسۆزى و هاوخەمیى خۆى لەگەڵیان دەربڕى، ئینجا دۆخى عێراق بەگشتى، بارودۆخى ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان، دوایین ڕێککەوتنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵى عێراق لەبارەى شەنگالەوە، هەڵبژاردنە پێشوەختەکانى داهاتووى عێراق و دوایین پێشهاتەکانى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و پەتاى کۆڤید_19یان تاوتوێ کرد.
لەبارەى ڕێککەوتنى هەردوو حکوومەتى هەرێم و فیدراڵەوە بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى شەنگال کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە پشتگیرى لێکراوە، هەردوولا هاوڕابوون کە ڕێککەوتنەکە گرنگە و هاوکارى و هەماهەنگیى لایەنە پەیوەندارەکانى دەوێت بۆ ئەوەى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، هەروەها جەختیان لە پێویستیى عێراق بە ئارامى و سەقامگیرى کردەوە. سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵى گرنگى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەڕوانێت و ستایشى کارە مرۆییەکانى لە شەنگال کرد.
دەربارەى کەمپەکانى ئاوارە و پەنابەرانیش لە هەرێمى کوردستان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان پشتگیرى لە گەڕانەوەى خۆویستانەى ئاوارەکانى عێراق بۆ شار و ناوچەکانیان دەکەنەوە و ڕوونى کردەوە بەڕێوەبردنى کەمپەکان و دابینکردنى خزمەتگوزارییەکانى وەک پەروەردە و تەندروستى و ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکانى دیکە، تێچوویەکى زۆر لەسەر هەرێمى کوردستان دەکەون، هەردوولاش هاوڕا بوون کە دەبێ زەمینەسازیى دروست لەڕووى دابینکردنى ئارامى و ئاسایش و خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ گەڕانەوەى خۆویستانەیان بکرێت.
دۆخى سیاسى و ئەمنیى عێراق، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و چەند پرسێکى جێى بایەخى هەردوولا، تەورێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.
کۆربەندی ئابوری هەرێمی کوردستانی دەستپێکرد و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای CWC کۆربەندی ئابوری هەرێمی کوردستانی لە ڕێگای وێبینارەوە دەستپێکرد و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لەو کۆڕبەندەدا کە بۆ یەکەمین جارە بەڕێوەدەچێت و بڕیاروایە ساڵانە بەردەوام بێت، ڕۆشنایی دەخرێتە سەر تەحەدیاتەکان کە ڕووبەڕووی ئابوری هەرێم دەبنەوە، هاوکات هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم باس دەکرێن بۆ هەمە چەشن کردنی ئابوری و داهاتی هەرێم، وە چۆنیەتی ڕێگەخۆشکردن بۆ هێنانی سەرمایەدارانی بیانی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و زاڵ بوون بەسەر کێشەکان. کۆڕبەندەکە بە ژمارەیەك ووتار لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەریتانیا دەستیپێکرد.
سەرەتا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە تەحەدیاتە ئابوریەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرد، وهەنگاو و پلانەکانی حکومەتی هەرێمی خستە ڕوو بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتانە بەمەبەستی بنیادنانی ئابوریەکی بەهێز لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت.
هەروەها بە گرنگیەوە باسی لە پڕۆسەی چاکسازی کرد و بە هەنگاوێكی گرینگی وەسفکرد بۆ هێنانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.
هاوكات ئاماژەی بە پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا داو ووتی کەوا باشترکردنی پەیوەندیەکانمان بە گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا کارە هەرە سەرەکیەکەمانە بەمەبەستی یەکلاییکردنی پرسە داراییەکان و وەدەستهێنانی مافی مووچەخۆرانی هەرێم.
دواتر سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا حکومەتی هەرێم بڕوای تەواوی بەوە هەیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئابوری هەرێم لە پشت بەستن تەنها بە نەوت و گازەوە بگوازرێتەوە بۆ قۆناخێکی دیكە ئەویش هەمە لایەن کردنی ئابوری و داهاتی هەرێمە.
دووپاتیشی كردەوە مانیفیستۆی کابینەی ئێستای حکومەت ئاماژە بەو پلانەی حکومەت دەکات و کاری باش کراون بۆ بەەروپشێبردنی سێکتەرەکانی تر، وەك پیشەسازی، تەندروستی، پەروەردە، گەشتیاری و سیستەمی بانکی.
ئەوەشی خستەڕوو نیازی حکومەتی هەرێم چاکسازی ڕاستەقینە و گەشەدانە بە ئابوری هەرێم. لەو سۆنگۆیەشەوە داوا لە دۆستانی هەرێم لە بەریتانیا و لە سەرانسەری جیهان كرد لە نزیکەوە کار لەگەڵ هەرێمی كوردستان بکەن و هاریکار بن بۆ ئەوەی سوود لە شارەزاییەکانیان وەربگرین و بتوانین ئابورییەکی تۆکمە دروست بکەین و لە سێکتەرە جیاکاندا هاریکارمان بن و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان هان بدەن بۆ ئەوەی کار لە کوردستان بکەن.
لە لایەکی ترەوە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەەرەوەی حکومەتی هەرێم دەستخۆشی لە نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم کرد لە دەرەوەی ووڵات كە چالاکانە کارەکانیان لە هەموو بوارەکانەوە بەڕیوەدەبەن و توانیویانە ببنە فاکتەری بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و ئەو ووڵاتانە.
پاشان د. ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کەوا لە دوایین 5 ساڵدا هەرێمی کوردستان بە ژمارەیەك تەنگژەوە تێپەڕ بوو کە کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ئابوری هەرێم دروستکرد، لەوانەش بڕینی بودجەی هەرێم، سەرهەڵدانی داعش، دابەزینی نرخی نەوت و دواتریش بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا. دکتۆر ئامانج ڕەحیم تیشکی خستە سەر هەنگاوە گرینگەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەنگژانە و باشترکردنی بارودۆخی ئابوری و دارایی هەرێمی کوردستان و دووپاتی كردەوە پەیڕەوکردنی سیستەمی بایۆمەتریك و یاسای چاکسازی مووچە و یاسای تایبەت بە هاوبەشییەتی کەرتەکانی گشتی و تایبەت، هاوکات کارکردنی بەردەواممان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا هەنگاوی گرینگ بوون لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ دووبارە گەشەدان بە ئابوری هەرێم.
هەر لەم كۆڕبەندەدا کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کودرستان لە بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا ڕێکخستنی ئەو کۆڕبەندە ڕەنگدانەوەی مانیفێستۆی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە کار دەکات لەسەر هەمە چەشنکردنی ئابوری و داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەموو سێکتەرە جیاکان لەخۆیەوە بگرێت. هاوکات تیشکی خستە سەر کار و چالاکیەکان و ئامانجەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کودرستان لە بەریتانیا کە بریتین لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیە دوو قۆڵیەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەریتانیا لە هەموو بوارەکانەوە، بە تایبەتیش بۆ فراوانکردنی پەیوەندیە ئابوریەکان و هێنانی سەرمایەدار و کۆمپانیا بەریتانیاکان بۆ هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد گەشەپێدانی سێکتەری نەوت و گاز لە 10 ساڵی ڕابردوودا گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە تەرکیز بخرێتە سەر سێکتەرەکانی دیكە، بە تایبەتی لەدوای ئەو تەنگژانەی کە ڕووبەڕوویان بووینەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کەوا ژمارەیەك هەنگاوی ستراتیژی نراون بەمەبەستی ڕێگە خۆشکردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ کارکردن لە هەرێم.
باسیلەوەش كرد پرسی برێکزیت بەرەو کۆتایی دەچێت و هەرێمی کوردستانیش بازاڕێکی سەرنجراکێشە و وەبەرهێنەر و کۆمپانیا بەریتانیاکان پێویستە سوود لەو دەرفەتە ببینن و مامەڵە بازرگانیەکانیان لەگەڵیدا زیاد بکەن.
سەبارەت بە گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆش، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ئاشكرای كرد دوو دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی هێڵی ئاسمانی بەریتانیا ئەنجامداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەرێم و بەریتانیا لەم بارەیەوەش پێشوەچوونی باش وەدەستهاتوون و هیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا دەست بەو گەشتە ڕاستەوخۆیانە بکرێن.
هەر لەم ڕی وڕەسمەدا نازم زەهاوی وەزیری کار و وزە و ستراتیژیەتی پیشەسازی لە حکومەتی بەریتانیا لەوتەکەیدا ئاماژەی بۆ پەیوەندیەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان كرد و بە مێژوویی وەسف كرد. ئەوەشی خستەڕوو سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسن دۆستی نزیکی گەلی کوردستانە و ڕایسپاردوە سڵاو و ڕێزی بگەینمە گەلی کورد و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردن لە هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی هەرێم بۆ پێشکەوتن و چاکسازی زیاتر.
زەهاوی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا پێویستە بەردەوام بین لە کارکردن بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە ژینگەیەکی ئابوری و وەبەرهێنانی گرینگ لە ناوچەکە.
دواتر د. نەزار نوعمان سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان جەختی لەسەر گرنگی ئەو جۆرە کۆڕبەندانە کردەوە بۆ ئاشناکردنی سەرمایەدار و وەبەرهێنەران بە بارودۆخی هەنووکەیی هەرێم و هاندانیان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێم. بە گرنگیشی زانی کار لەسەر چەند پرسێك بکرێن بۆ ئەوەی بتوانین سەرنجی وەبەرهێنەران ڕابکێشین، لەوانەش ئەنجامدانی چاکسازی ئابوری، هەمەچەشن کردنی ئابوری و داهات و نەهێشتنی ڕێگرییەکان و پێشکەشکردنی کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی.
ماسیۆ زەیس جێگری یاریدەدەری سەرۆکی نووسینگەی کاروباری نێودەولەتی لە وەزارەتی ووزەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا سەرچاوە سروشتیەکانی هەرێم فاکتەری گرینگن بۆ بەرەوپێشبردنی ئابوری و کاریگەری دەبێت لەسەر جۆری پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا. بە پێویستیشی زانی کار لەسەر زیادکردنی بەرهەمەکانی سامانی سروشتیەکان لە هەرێم بکەن، چونکە سەرکەوتن لەو بوارە وا لە وەبەرهێنانی دیكە دەکات ڕوو لە هەرێم بکەن. هەروەها جەختی لەسەر گرینگیدان بە سێکتەری گازی سروشتی لە هەرێم دا و بە باشی زانی عیراق پشت بە بەرهەمی گازی سروشتی هەرێم ببەستێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لەو ووڵاتە.
جەیمس سۆڕنتن کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ووڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان، بە تایبەتیش لە وەزارەتی پێشمەرگە پشتگیری بۆ هەرێمی کوردستان دووپات كردەوە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان ئەوەشی خستەڕوو بەریتانیا حەز دەکات پەیوەندیە بازرگانیەکانی لەگەڵ هەرێم بەهێز بکات و هەموو جۆرە ئاسانکارییەك لەو ڕووەوە پێشکەش بە کۆمپانیاکانمان دەکات.
لە کۆتایی پانێڵی دەستپێکردنی کۆڕبەندەکە، ئەلیستەر بێرت وەزیری پێشووی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە حکومەتی بەریتانیا و کاربەدەست لە دامەزراوەی Global Partners Governance ئاماژەی بەوەدا سێ فاکتەری سەرەکی هەن بۆ بەهێزکردنی ئابوری کە بریتین لە سەقامگیری ووڵات، سەقامگیری ئاسایشی ناوەخۆ و چاکسازی ئابوری. ئاماژەی بەوەش كرد کوردستان ووڵاتێکی دڵڕفێنە و هەر کاتێك سەردانی بکەیت هەستێکی تایبەت لات دروست دەبێت و حەز دەکەیت بە زووترین کات سەردانی بکەیتەوە. ووتیشی هانی کۆمپانیا بەریتانیاکان دەدەم بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
دوای نیوەڕۆش دوو پانێڵی دیكە بەڕێوەچوون سەبارەت بە ڕۆڵی سێکتەری نەوت و گاز لە بەهێزکردنی ئابوری هەمە چەشن و گاز و وزەی نوێکراوە لە ئابوریە هەمەچەشنەکان. پانێڵیستەکان پێکهاتبوون لە ژمارەیەك کاربەدەستی حکومەتی هەرێم و شارەزا نێودەولەتیەکان.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە ڕاوێژکاری باڵای سەربازیى بهریتانیا کرد
بهڕێز جۆن لۆریمهر، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیى بهریتانیا بۆ ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست و باکوورى ئافریکا دووپاتى کردەوە کە بەریتانیا لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعشدا، لە هاوکارى و پشتگیرکردنى هەرێمى کوردستان و عێراق بەردەوام دەبێت.
سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ چوارشەممە 18/11/2020 بهڕێز نێچیرڤان بارزانی، سهرۆکی ههرێمی کوردستان، پێشوازی له بهڕێز جەنەراڵ جۆن لۆریمهر، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیى بهریتانیا بۆ ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست و باکوورى ئافریکا و شاندێکى یاوەرى کرد کە دواى کۆتاییهاتنى ئەرکەکەى، بۆ ماڵئاوایى سەردانى بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستانى کردبوو.
لە دیدارێکدا کە بەڕێز ستیفن هیکى، باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق ئامادەى بوو، دۆخى عێراق و ناوچەکە و پێویستى و گرنگیى هاوکارى و هەماهەنگى و کارکردن بۆ پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکە تاوتوێ کرا و وێڕاى ئەوەى کە بەڕێز لۆریمەر بەردەوامیى هاوکارى و پشتگیریى بەریتانیاى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە، سوپاسى و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ هاوکارى و هاوبەشى و کارکردن لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق دەربرى، سەرۆک نێچیرڤان بارزانیش سوپاسى هاوکارى و پشتگیریى بەریتانیاى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ جەنەراڵ لۆریمەر خواست.
دوایین پێشهاتەکانى شەڕى تیرۆر و بەرەنگاربوونەى داعش، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆى چارەسەکردنى کێشەکانیان، تێپەڕاندن و پەسەندکردنى یاساى پڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجە لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، دۆخى ئەمنیى سنوورەکانى هەرێمى کوردستان و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبهش، بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەشداریی لە (کۆڕبەندی ئابووری کوردستان لە لەندن) کرد
قوباد تاڵەبانی:
•ئامادەییمان نیشانداوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە ئیدارەدانی نەوت و خاڵە سنووریەکان
•کشتوکاڵ یەکێکە لە پایە گرنگەکانی ئابووریمان و لە پێشینەی کارەکانمانە بۆ گەشەپێدانی ئابووری.
• ژینگەیەک فەراهەم دەکەین بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت بتوانێ باشتر کاری خۆی بکات.
• کاری ئێمە ئەوەیە بەباشترین شێوە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک بکەین.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: هەمەجۆرکردنی ئابووری لە پێشەنگی كارەكانی حکومەتی هەرێمە و ئامادەیی خۆشمان نیشانداوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی نەوت و خاڵە سنوورییەکان و وردبینی كردن لە داهاتی شەش ساڵی ڕابردوودا.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ 17/11/2020، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەشداری لە (کۆڕبەندی ئابووری کوردستان لە لەندن) کرد، کە ئەمساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.
لە وتەیەکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، باسی لە تەحەدا ئابوورییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرد و پلانەکانی حکومەتی بۆ ڕووبەرووبوونەوەیان خستەڕوو لەگەڵ چاکسازییە جۆراوجۆرەکان بە ئاڕاستەی دەربازبوون و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا.
ئاماژەی بە کاریگەرییە خراپەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان و جیهان دا و رایگەیاند : حکومەتی هەرێم كاردەكات بۆ ئەوەی سیاسەتی ئابووری خۆی لە پشتبەستن بە نەوتەوە بگۆڕێت بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار.
سەبارەت بە گەشەپێدانی کشتوکاڵ، قوباد تاڵەبانی وتی: "هەندێ هەنگاوی جددیمان ناوە بۆئەوەی جوتیارانمان کەمتر پشت بە حکومەت ببەستن، ئەمەش لەڕێگای هاندانی کەرتی تایبەت هەتا بتوانن رۆڵی گەورەتر بگێڕن لە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمەکەمان. لەبری پشت بەستن بە بەغدا هەتا گەنمی جوتیارانی کوردستان بکڕێت و دواتریش پارەکەیان نەدات، ئێمە بەم دواییانە هاوبەشیمان کردووە لەگەڵ کەرتی تایبەت بۆئەوەی ڕاستەوخۆ گەنمی خۆمان لەناوخۆدا بەبازاڕ بکرێت."
ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم دەستپێشخەرییە نەک تەنها دەستەبەری دەدات بە جوتیاران، بەڵکو بە هەزاران هەلی کاریش دەڕەخسێنێت، هەروەها پێداویستی نەک هەر بازاڕی کوردستان بەڵکو بازاڕە گەورەکە کە عێراق و ناوچەکەیە پڕدەکاتەوە بە گەنمی کوردستان.
راشیگەیاند: "یەکێکی تر لە گرنگیدانەكانمان، کە بەشێکە لەو نەخشەڕێگایەی بەم دواییانە بۆ وەبەرهێنان دەستمان پێکردووە، ئەنجامدانی وەبەرهێنانێکی بەرچاوە لە بواری پیشەسازییە کشتوکاڵیەکان. ئەمانە هەنگاون بەرەو ئابووریەکی تەندروستتر، هەلی کاری زیاتر و ئاسایشی خۆراک. بەم زووانەش، بەردی بناغەی کارگەیەکی شەکر دادەنێین، کە دووبارە دەبێتە هۆی دابینکردنی هەلی کاری زیاتر و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی".
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا حکومەت لە هەوڵدایە ژینگەیەکی گونجاو و سەقامگیر بۆ کەرتی تایبەت دابین بکات بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ پڕۆژەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. هەروەها ئاشکراشی کرد بەم زووانە گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاسایەکی نوێی چاکسازی خانەنشینی دەکەن کە دەبێتە هۆی هاندانێکی باشتر بۆ ئەوانەی لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن.
قوباد تاڵەبانی باسیشی لە تۆمار کردنی مووچەخۆران کرد لە سیستەمی بایۆمەتری و ئەوەی خستەڕوو داتاکانی سیستمەکە بەکاردەهێنین بۆ ڕێکخستنەوەی قەبارەی حکومەت و تا ئێستا ناوی 16 هەزار و 500 مووچەخۆر ئاشکرا کراوە کە بە شیوازێکی نایاسایی زیاتر لە مووچەیەکیان وەرگرتووە.
جێگری سەرۆکی حکومەت سەبارەت بە سەرپێخستنی پڕۆژەی خزمەتیش رایگەیاند "ئێمە لە پرۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکومەتداین بۆ باشتر رێکخستنەوەی خزمەتگوزارییە حکومییەکان و کەمکردنەوەی رۆتین و بنەبڕکردنی گەندەڵی، هەر کاتێکیش ئەم ئامانجە بەدیهات، ئەوکاتە بەشێک لە خزمەتەکان دەکەین بە ئۆنلاین،" هەروەها وتیشی: "سەرقاڵی داڕشتنی رێکار و ڕێنمایی نوێین بۆ رێکخستنەوەی پرۆسەی تۆماری کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی بتوانرێت کۆمپانیایەک لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا تۆمار بکرێت کە لە ئێستادا ٢٦ رۆژی پێویستە."
لە بەشێکی تری وتەكەیدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا كرد وتی: "چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانمان لەگەڵ بەغدا وەک یەکێک لە ئەركە لەپێشینەكانمان دەمێنێتەوە، ئامادەیی خۆمان نیشانداوە بۆ رێککەوتنێکی گشتگیر لەسەر بەڕێوەبردنی نەوت و گاز، ڕازی بووین بە هاوبەشیکردن و هەماهەنگی لەسەر بەڕێوەبردنی خاڵە سنوورییەکان و ئامادەین بۆ قسەکردن لەسەر خەرجییەکان و وردبینی لە داهاتی شەش ساڵی ڕابردوو. هەموو داوایەکی دەستووری و بەجێ کە لێمان کرابێ قبوڵمان کردووە، بۆیە هیچ پاساوێکی تر نەماوەتەوە بۆ بەردەوامبوون لە راگرتنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە."
نازم دەباغ بەشداریی لە کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانى لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) ـ "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و "سەلام عارف روشدی" جیگری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بەشداریان لە کۆبوونەوەی "قوباد تاڵەبانى" جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکان کرد.
"قوباد تاڵەبانى" جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەمە 17 تشرینی دووەمی 2020، لە دیدارێکدا لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکان و ئاژانسەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەرێمى کوردستان، لێكەوتەكانی تێپەڕاندنی یاسای قەرزيی ڕوونکردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە شێوەى ئۆنلاین بەڕێوەچوو، "قوباد تاڵەبانى" پوختەیەکى لەسەر لێکەوتە خراپەکانى تێپەڕاندنى یاسای قەرز لە پەرلەمانى عیراق بەبێ بەشداریکردنى پێکهاتەى کورد و پشت بەست بە پرەنسیپى زۆرینە و کەمینە پێشکەش کرد.
هەروەها روونیکردەوە، کات و چۆنییەتى تێپەڕاندنى یاساکە کێشەى بۆ رێککەوتنە کاتییەکەى بەغدا و هەرێمى کوردستان دروست دەکات کە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بووە.
ئەوەشى خستەڕوو؛ لە ئەمساڵدا بەغدا لە مانگەکانى ئایار و حوزەیران و تەموز هیچ پشکێکى دارایی تەرخان نەکردووە بۆ هەرێمى کوردستان و ئەگەر تا کۆتایی ئەمساڵیش کێشە و لەمپەر هەبن، ئەوە نیوەى ساڵەکە هەرێم بەبێ شایستەى دارایی دەمێنێتەوە لە کاتێکدا ئەوەشى نێردراوە پشکى تەواوەتى نەبووە و بڕێکى کەم بووە.
"قوباد تاڵەبانى" باسى لەوەشکرد یاساى قەرزیى فیدراڵى دوو لایەنەیە؛ دەکرێت بە ڕەشبینى لێک بدرێتەوە ئەگەر ئەم جۆرە مامەڵە تاکلایەنە بگوازرێتەوە بۆ یاساى بودجە. دەشكرێت لایەنى باشیشى هەبێت، ئەگەر ببێتە هۆى گەڵاڵەكردنی رێککەوتنێکى درێژخایەن لە بوارى بەرێوەبردنى نەوتدا.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رەخنەى لە کاردانەوەى توندى هەندێک لایەنى سیاسى عێراقى دەسەڵاتدار بەرامبەر هەرێمى کوردستان گرت و لایەنە خراپەکانى بە کارهێنانى دژایەتیی کوردستانى روون کردەوە وەک کارتى کۆکردنەوەى دەنگ لە وەرزى هەڵبژاردن و باسى لەوە کرد ئەوە مەترسى لەسەر پێکەوەژیان و پەیوەندیى پێکهاتەکانى عێراق دروست دەکات و بێبەشکردنى هەرێمیش لە شایستەى دارایی کێشەى زۆریى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسى لە عێراقدا دروست دەکات.
پاشان نوێنەرانى چەند وڵاتێک پرسیار و روونکردنەوەى خۆیان ئاراستەى هەر یەک لە بەڕێزان جێگرى سەرۆکى حکومەت و بەرێز "سەفین دزەیى" بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە کرد و ئەوانیش لاى خۆیانەوە روونکردنەوەى پێویستیان پێشکەش کرد و ئامادەیی هەرێمیان پیشاندا بۆ رێککەوتن لەسەر هەموو پرسە هەڵپەسێردراوەکانی. باسیان لەوەشکرد هەرێمى کوردستان لە هاووڵاتیانى عێراق هەڵاواردە کراون، لەکاتێکدا ئەوان بەپێى یاسا و دەستور مافى خۆیان لە داهاتى عێراق هەیە.
لە دیدارەکەدا، بەڕێزان "سەفین دزەیى" بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە و دکتۆر "جوتیار عادل" وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان و "دابان شەدەڵە" جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە و هەروەها نوێنەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وڵاتانی دەرەوە بەشداربوون.
"نەسروڵڵا رەشنوودی" سەرکونسولی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، لە پەیامێکدا بە بۆنەی کۆچی دوایی دکتۆر "فرسەت سۆفی" پارێزگاریی هەولێر، سەرەخۆشی لە بەرپرسانی بەڕێزی هەرێمی کوردستان و بنەماڵەیی هێژای ئەم خوالێخۆشبووە کرد.
دەقی پەیامی سەرکونسولی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بەم چەشنەی خوارەوەیە:
بە ناوی خودا
اناالله و انا الیە راجعون
کۆچی دوایی دکتۆر "فرسەت سۆفی" پارێزگاریی هەولێر کە لە کەسایەتییە زانستی و سیاسەتوانەکان بوو، لە بەرپرسانی بەڕێزی هەرێمی کوردستان و بنەماڵەیی هێژای ئەم خوالێخۆشبووە و هەروەها کەسووکاریان سەرەخۆشی دەکەم و لە خودای دلۆڤان، پلە و پایەی بەرز بۆ ئەم خوالێخۆشبووە و سەبر و ئارامیی بە کەسووکاری بەڕێزیان داواکارم.
"نەسروڵڵا رەشنوودی"
سەرکونسولی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر
More...
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد