نازم دەباغ: پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەمیشە باش بووە

 

  "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی "ژیان" گوتی: پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەمیشە باش بووە و بەرەو باشتربوونیش ڕۆیشتووە.

 

 تەلەڤیزیۆنی ژیان: لە 3ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئەمەریکا بەڕێوەچوو، بەڵام تا ئێستا لە لایەن "دۆناڵد تڕامپ" پشتڕاست نەکراوەتەوە، هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا پەیوەندیی بە وڵاتانی ئەورووپی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها ناوچە هەرێمایەتییەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە؛ بە تایبەتی وڵاتێکی وەکوو ئێران کە لە سەردەمی "دۆناڵد تڕامپ"دا ئەمەریکا لە ڕێککەوتەنامەی 1+5 کشایەوە و چەند ساڵێک دەبێت کە ئابڵۆقەی ئابووریی لەسەر ئەم وڵاتە هەیە. لەمەبەدواوە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لەگەڵ یەکتری چۆن دەبێت؟ و هەروەها کاریگەرییەکانی ئەم هەڵبژاردنانە لەسەر هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بە چ شێوەیەک دەبیت؟ لەسەر ئەم بابەتانە لەگەڵ "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، گفتووگۆ دەکەم. زۆر سپاست دەکەم مامۆستا کە میوانمانی.  

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران: سپاس بۆ ئێوەش، داوای سەرکەوتنان بۆ دەخوازم.

 

 

 

ژیان: با لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە دەستپێبکەین، ئێران بە شێویەکی گشتیی چۆن دەڕوانێتە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ئێران، لەسەر ئەم هەڵبژاردنانە سەرنجی چییە؟   

 

نازم دەباغ: دیارە مەسەلەی ئەو هەڵبژاردنانە شتێکی نوێی نییە و بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی هەر وڵاتێکی هەڵبژاردن هەیە و هەموو هەڵبژاردنەکانیش بە کەسانی تازە دەسپێردرێت یا ئەوەی کە بۆ خولی دووهەمیش هەڵدەبژێردرێنەوە. کە لە خولی پێشووی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا "دۆناڵد تڕامپ" هەڵبژێردرا و لەم خولەشدا "جۆ بایدێن" دەستنیشانکرا و سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لێرەدا هەر سەرۆک کۆمارێک دێتە سەرکار، دوو جۆر سیاسەت هەیە، سیاسەتێک هەیە کە بە مەلەفی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ڕووی سیاسەت و ئیستراتیجی لەگەڵ وڵاتانی دیکە چەسپێندراوە، دیارە نیسبەت بە ئێرانیش بە هەمان شێوە. بۆیە من پێموایە هەڵبژاردنی "جۆ بایدێن" لە ئەمەریکا مومکینە شتێکی ئەوتۆ نەگوڕێت لەو سیاسەتەی کە ئێران بەرانبەر بە تڕامپ و هەروها برانبەر بە "جۆ بایدێن" ڕچاویی دەکات، بەڵام پێشبینی دەکرێت کە کەسانی تازە، سیاسەتی نوێی و جێبەجێکاریی ئەم وڵاتانە دەبینن؛ بۆیان هەیە شێوازیی سیاسەتەکەیان شێوازێکی نەرمتربێت یا باشتربێت لەویدیکە. کوماری ئسلامی ئێران لەو ڕوانینەوە دەڕوانێتە سیاسەتی ئەمەریکا کە سیاسەتێکی نەگۆڕیی هەبێت، بەڵام بۆی هەیە شێوازیی کارپێکردنی بەو یاسا و بڕیارانەی کە هەیە لەگەڵ ئەوەی پێشووی خۆی جیاواز بێت.

 

 

 

ژیان: یانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێی وایە کە بە هەڵبژاردنی "جۆ بایدێن"، سەرۆک کۆماری نوێ ئەم وڵاتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا ئاسایی بکاتەوە؟

 

نازم دەباغ: کۆماری ئیسلامی ئێران، پێی باشە "جۆ بایدێن" بە سیاسیەتێکی تازەوە و مامەلەکردن لەگەڵ ئێران، بێتەپێشێی. واتە ئەگەر بێتە پێشێی و شێوازیی تازەی هەبێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 1+5 کە کاتی خۆی ئەمەریکا لە سەردەمی "باڕاک ئۆباما" ڕێککەوتوون و واژۆی لەسەر کردووە، هەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەو ئەساس و بنەمایە، واتە "بەرجام" کە پێکەوە بوویان و جارێکی دیکە وتووێژی لەسەر بکرێتەوە بۆ شێوازیی جێبەجێی کردن و لە لایەکی دیکەشەوە بۆ پتەوکردنی جێبەجێکردنەکە. واتە چاوەڕوانی سیاسەتی تازە دەکرێت، ئەگەر نا بە پێی ڕاوبۆچوونەکانی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێیان وا نییە تا نەکەوێتە کاری جێبەجێیکردن ئەو دەنگە بدەن کە "جۆ بایدێن" لە تڕامپ باشتر بێت یا خود تڕامپ لە "جۆ بایدێن" خرابتر بێت. بەڵام ئەوەی کە لە "جۆ بایدێن" دەبیندرێت بە پێی ئەو سیاسەت و پەیوەندیانەی کە لەگەڵ زۆرینەی سەرۆک کۆمارەکان و سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی دنیا و بە تایبەتی ئەورووپا کردوویەتی، کە شەریکێکی گرینگی ئەمەریکان کە تڕامپ لە سەردەمی خۆیدا ئەوانی تا ڕادەیەک خستبۆ ئەولاوە، بەڵام ئێستاکە دەکرێت ئەو هاوکارییە کە هەموو لەگەڵ یەکتری نیشانی دەدەن، بتوانن لەسەر ئەو بنەمایە بۆ چەسپاندنی ئەمن و ئاسایش لە دنیادا و بە هاوکاریی یەکتری کاربکەن. هەمووشمان دەزانین کە ئەورووپا بە گشتیی تا ئێستا کە لە ڕێککەوتنی "بەرجام" و وتووێژەکانی 1+5 و ئەو ئەنجامەی کە بەدەستیانهێنا داواکارە کە هەر دوولا پابەندبن و جێبەجێی بکەن.      

 

 

 

ژیان: ئەگەر بە فەرمی ڕاگەیێندرا کە "جۆ بایدێن" سەرۆک کۆماری ئەمەریکایە، ئەم هیوایە لە ناو دەسەڵاتدارانی ئێراندا هەیە کە ڕێکەوتەنامەی "بەرجام" جارێکی دیکە زیندوو بکرێتەوە یا چ بابەتێکی دیکە هەیە کە پەیوەست بێت بە بەرژەوەنییەکانی ئێران بۆ ئەوەی کە لەگەڵ ئەمەریکادا تاوتوێی بکەن؟

 

نازم دەباغ: ئەوەی کە من هەستی پێدەکەم کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ڕێککەوتندایە بەڵام لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنەی کە پێشتر ئەنجامدراوە و هەروەها دەکرێت هەموو لایەک پێی پابەندبن. کە تا ئێستاش ئەو پابەندبوونە لە لایەن ئەورووپاشەوە دڵنیایی پێدەدرێت کە پێویستە جێبەجێی بکەن. دیسان دەڵێمەوە ئێران، هیچ کاتێک ئومێدی لەو ئامانجانە نەبڕیوە کە لە ڕۆژگارێکدا بتوانێت ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێی بکرێت، بەڵام تەسلمیش نەبووە. بەو هەموو خواستە و بەو هەموو گوشار و سەختییەی کە تڕامپ لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردیی و دەریشکەوت هەموو ئەو گوشارانەی کە دەیکات مومکینە تا ڕادەیەک هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە زەرەرمەند بن یا تووشی ئەزییەت بن، بەڵام نەیانتوانی ئەوەی کە مەبەستیان بوو چۆک بە کۆماری ئێسلامی ئێران دابدەن بۆ هەموو خواستەکانی خۆیان و ئێران جێبەجێی بکات. واتە باشترین ڕێگا کە لە لایەن زۆر لایەنەوە جەختیشی لەسەر دەکرێتەوە، وتووێژکردن لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر، نەک لەسەر بنەمای مەرج سەپاندن بەسەر یەکتریدا. کە تا ئەم ساتە کۆماری ئیسلامی ئێران مەرجەکان ڕەتدەکاتەوە.  

 

 

 

ژیان: ئێستا هیوای ئەوە ماوە کە ئەو ڕێککەوتنە تازە بکرێتەوە یا بەربەستی نوێی دروست بوون؟ بۆ نموونە لە ماوەکانی ڕابردوودا ئەو هێرشانەی کە دەکرانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، ئەمەریکا ئێرانی بەم کارە تۆمەتبار دەکرد. ئەمانە نەبوون بە بەربەستی نوێی بۆ ئەوەی کە جارێکی دیکە ئێران و ئەمەریکا لەسەر مێزی گفتووگۆ دابنیشنەوە؟   

 

نازم دەباغ: نا من بە پێچەوانەی دەبینم، مومکینە زۆریەک لەو گوشار و ڕووداوانە کە لە ناوچەکە ڕوودەدات جاری واهەیە دەبێت هۆکارێکی دیکە بۆ سیاسەتێکی تازە و بە گشتیش "جۆ بایدێن" جەخت دەکاتەوە و دەڵێت؛ پێویستە ئێمە ئەمەریکا بخەینەوە ئەو دۆخەی جاران کە پلە و پایە و گرینگی و ڕۆڵیشی لە چەسپاندنی ئەمن و ئاسایش لە دنیادا هەبێت و خۆشتان دەزانن یەکێک لە کێشە گەورەکان کە لە نێوان ئێران و ئەمەریکا گرینگە ئاڵووگۆڕیی تاوان لە یەکتریدا دەکەن بۆ مەسەلەی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکەدا. واتە ئەگەر ئەوان بیانەوێت ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە و دنیاش تا ڕادەیەک ئەوەی کە پەیوەندیی بەو دروشمەوە هەیە یا بەو تاوانانەیە کە دەخەنە وەباڵی یەکتریی ئەوەی کە ئێران دەیەوێت شۆڕشی ئیسلامی هەناردەی دەرەوە بکات کە واتە ئێران دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی ئەم ڕێگایە بگرێت لەو کارە تیرۆریستیانەی ئەنجام دەدرێت و تاوانەکەشی دەخرێتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام کوردەواریی خۆمان دەڵێت چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت واتە هەم ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپی و هەروەها ئێران، دەبێت هەموویان لەو ئاستە بن کە بتوانن ئەم کەشووهەوایە بڕەخسێنن کە بە نییەتێکی خاوێنەوە دەتوانن جارێکی دیکە ئەمن و ئاسایش بۆ ناوچەکە و خەڵکی ناوچەکە بگەڕێننەوە و هەموو پێکەوە پارێزگاریی بکەن لە چەسپاندنی ئەو ئەمن و ئاسایشەدا.             

 

 

 

ژیان: ئەگەر باس لە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەیت، ئێستاکە پەیوەندییەکانی دوو لایەن چۆنە؟  

 

نازم دەباغ: پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەمیشە باش بووە و بەرەو باشتربوونیش ڕۆیشتووە، دیارە بە پێی هەندێک باروودۆخ، جاری واهەیە عادەتەن بەرز و نزمییەک وەکوو هەموو پەیوەندییەکی وڵاتانی دنیا لەگەڵ یەکتریدا دێتە پێشێی. بەڵام ئەوەی کە نەگۆڕاوە ئەوەیە کە جەختکردنەوە و دڵنیاییدان بەوەی کە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی یەکپارچەیی عێراق و دەستووری هەمیشەیی ئەم وڵاتەدایە و بە گرینگیش دەزانرێت، لەو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و ... . 

 

 

 

ژیان: یانی ئێستا هاتووچۆکردن لە نێوان شاندەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێراندا بوونی هەیە؟ وەفدەکانیان سەردانی یەکتریی دەکەن؟

 

نازم دەباغ: بەڵێ سەردانی یەکتریی دەکەن و لە نزیکەوە ئێمە وەکوو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لە زۆر کات و بواردا زۆر جار، پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ڕاوێژ و هاتووچۆی لەگەڵ یەکتریی بکەین و هەروەها بەرپرسانی تایبەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەی کە من بیانبینم زووبەزوو لە گەشت و سەفەردان بۆ هەرێمی کوردستان. جگە لەوش، هەر وەکوو چۆن هەرێمی کوردستان لە تاران نوێنەری هەیە و هەموو لایەنە سیاسییەکانیشی تێدایە هەر بەم پێیەش کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی کونسوڵخانەی هەیە و ئەو کونسووڵخانانە لەگەڵ داموودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی لایەنە سیاسییەکان لە پەیوەندیدان.   

 

 

 

ژیان: تا ئەو کاتەی کە "قاسم سلێمانی" فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لە ژیاندا مابوو، باس لەوە دەکرا کە پەیوندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان زۆر باش بوو، ئێستاکە کە ئەو نەماوە، "ئیسماعیل قائانی" لە جیاتی ئەو هاتۆتە سەر کار، پەیوەندییەکانیان چۆنە؟ ئایا پێتان وایە "ئیسماعیل قائانی" توانیبێتی هاوشێوەی "قاسم سلێمانی" لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەڵسووکەوت بکات؟ 

 

نازم دەباغ: من پێموایە ئاڵووگۆڕێکی ئەوتۆ ناکرێت، چون لێرە کەسەکان وەکوو فاکتەرێکی ئەساسی کە ڕۆڵ دەبینن لە چوارچێوەی ئەو بەرنامە و سیاسەتەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران، بە سەرپەرەشتی رێبەری ئەم وڵاتە و هەروەها دەزگا تایبەتمەندییەکانی دیکە بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەو ڕۆڵە دەبینن و ئاغای "ئیسماعیل قائانی" لە دەسەڵات و پەیوەندییەکانی شتێکی کەم نییە لە سەردار "قاسم سلێمانی" کە ڕاستە بە هۆی تەمەن و کارکردنی دۆستایەتی و پەیوەندییەکانی ئەو لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بوو، بەڵام ئەوەی من پێدەزانم ئەویش کەمتر نییە و سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەو سەردانەشیدا کە ماوەیەکی زۆر دوور نییە و لە مانگی ڕابردوودا ئەنجامدرا بانگهێشتی زۆر یەک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، لەوانە: سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و کەسانی دیکەشی کردووە کە لە کاتێکی دیاریکرا و گونجاودا بۆیان هەیە کە سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن.        

 

 

 

ژیان: ئەو سەردانانەی کە باست کرد "ئیسماعیل قائانی" هاتۆتە هەرێمی کوردستان، زیاتر بە چ مەبەستێک بووە؟

 

نازم دەباغ: ئاغای "ئیسماعیل قائانی" کە هاتۆتە هەرێمی کوردستان هەم لە ڕێگای بەغداوە و هەمیش بە ڕاستەوخۆ هاتۆتە هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی بە هەموو ئەو بابەتانە هەیە کە لە عێراقدا تێپەڕدەبێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە و هەر وەکوو لە ڕابردووشدا کراوە کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان پێویستیان بە ڕاوێژ و ئاڵووگۆڕیی و بیرووڕا گۆڕینەوە هەبووە، بۆیە لە زۆر کاتدا لە جیاتی پەیام ئاڵووگۆڕ بکرێت، بەڵکوو ڕاستەوخۆ نوێنەرە تایبەتەکانیان یا خۆیان سەردانی بەغداد و هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەمبارەیەوە لەگەڵ یەکتریی وتووێژیان کردووە. تا ئێستاکەش ئەوەی کە من گوێبیستی بووم، هەر دوولا ڕازییبوون لەم سەردانانەی کە کراوە.

 

 

 

ژیان: تێڕوانینی "ئیسماعیل قائانی" بۆ هەرێمی کوردستان چۆنە؟

 

نازم دەباغ: تێڕوانینی ئەو هەمان تێڕوانینی ڕابردووە بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێبازەی کە لە ڕابردوودا هێڵی بۆ کێشراوە و ئەویش لەسەریی دەڕوات بۆ جێبەجێیکردنی. 

 

 

 

ژیان: پەیوەندیی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لەمساڵدا چۆنە؟ پێتان وایە کە لەچاو ساڵانی ڕابردوودا ئەم پەیوەندییە هەڵکشاوە یا داکشاوە؟

 

نازم دەباغ: پەیوەندیی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لەمساڵدا هەم هەڵکشاوە و هەمیش داکشاوە، ئەگەر بێینە سەر ڕوانگە و دیدی ئیستراتیجی لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕووی لە هەڵکشان بووە، بەڵام هەر وەکوو بۆخۆتان دەزانن پەتای کۆڕۆنا گرفتێکی هێناپێشێ کە هۆکارێکی خراپ بوو بۆ کەمکردنەوە و داکشانی چالاکییە بازرگانی، سیاسی، فەرهەنگی، هونەریی و زۆر یەک لە چالاکییەکان، چونکە هاتووچۆکردن لە بەرەوپێشەوەچوونی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا فاکتەرێکی گرینگە. هەر وەکوو دەزانن ئەو هاتووچۆکردنەش لە قۆناغێکی دیارییکراودا سەخت بوو و ئێستاکەش جارێکی دیکە گرفتی بۆ دروست بووە، بەڵام خۆشبەختانە دەتوانین بڵێین کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆشی بێت هەوڵی جیدیداوە بۆ ئەوەی کە چالاکییەکان ڕانەوەستێت و بەڵکوو بەردەوام بێت و هاتووچۆکانیش لە ڕووی بازرگانی، چارەسەریی نەۆخۆش و پێداویستییەکان، بەردوام بێت و دەتوانم بڵێم لە قۆناغێکی دیاریکراودا ژمارەی ئەو کاڵایانەی کە لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بۆ باشووری عێراق ڕوویشتووە لە هەڵکشاندا بووە و لە داکشاندا نەبووە.        

 

 

 

ژیان: هیچ ئامارێکت لایە بڕی قەبارەی بازرگانی لەمساڵدا لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دیاریی بکات؟ 

 

نازم دەباغ: ئەگەر بمەوێت وەکوو خۆی قسە بکەم ئاماریی ڕاست و دروستمان لانییە، چونکە مەبەستمان نەبووە بە دواداچوونی بۆ بکەین و بزانین، زۆر جاریش هەیە ئەم ئامارە، زۆربەی لە خاڵە سنوورییەکانەوە قسەی لەسەر دەکرێت. چونکە بە شێوەیەکی گشتیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، دوو جۆر کاریی بازرگانی هەیە، یەکەمیان ئەو بازرگانییەی کە لە لایەن کۆمپانیا جێی متمانە و باوەڕپێکراوەکان و لە ڕێگای تڕانزیت و بازرگانی فەرمی ئەنجامدەدرێت، ڕێگایەکی دیکەش هەیە کە لە ڕێگای پیلەوەرەوە واتە دانیشتوانی سنوورەوە کە بە شێوازیی تایبەت بە خۆیان و لە ڕێگای کۆڵبەرەوە ئەنجامی دەکەن و ڕێگەپێدراوە. بۆیە ئەگەر مەبەست بێت دەبێت هەر دووکیان کۆبکەیتەوە و ئەو کاتە دەبێت ئامارێکی نیسبی. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەی کە بۆی دەچم و وەکوو خۆم لێکدانەوەی بۆ بکەم مومکینە ئەمساڵەکە لەگەڵ ئەو کێشانەی کە باسمان کرد، تا ئێستا زیاتر لە 3 میلیارد دۆلار بێت.  

 

 

 

ژیان: ئەگەر باسی کێشەکانی عێراق بکەین، لە ئێستادا عێراق یاسای قەرزیی پەسەندکردووە، قەرز دەکات بۆیە کەوتۆتە قەیرانێکی داراییەوە، بۆچوونی ئێران چییە لەسەر ئەو کێشانەی کە بەسەر عێراقدا تێپەڕ دەبێت؟    

 

نازم دەباغ: دیارە عێراقیش وەکوو هەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەشەوە و هەروەها وەکوو هەموو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بە هۆی زۆر هۆکارەوە لەوانە قەیرانی دارایی کێشەی هەبووە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتیانی خۆی، عێراقیش وەکوو پێی دەچێت نزیکەی دوو مانگ دەبێت مووچەی نەداوە، لە دابەزینی نرخی نەوت و هەروەها شێوازیی کارکردن، بۆیە ناچاردەبێت وڵاتێک بیهەوێت ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی خۆی دابین بکات، بە دڵنیاییەوە بەدوای ڕێگەچارە دەگەڕێت و ئەمڕۆکە یەکێک لەو ڕێگەچارەیە ئەوەیە کە پەڕڵەمانی عێراق یاسایەکی دەرکرد بۆ ئەوەی دەسەڵات بدات بە حکومەتی عێراق کە قەرز بکات واتە دابینکردنی پێداویستی و بژێویی خەڵک خۆی لە خۆیدا ڕەنگدانەوەی بۆ چالاکی ئابووری دەبێت کە بۆخۆتان ئێستاکە ئەگەر سەرنجی بدەنێی ئەو ڕۆژانەی کە باس لەو یاسا تازەی قەرز وەرگرتن دەکرێت کە بوودجەی هەرێمی کوردستانی کەوتۆتە ناوەوە تا سنوورێک هەست بە ڕەنگدانەوەی دەکەی لەسەر شێوازیی کارکردن و چالاکی بازرگانی و تەنانەت دەتوانین بڵێین جووڵەی بازرگانیشی لە هەرێمی کوردستان دامرکاندووە.        

 

 

 

ژیان: هەر چەندە ئێران لە قەیرانی دارایی دایە و لە ئێستاشدا قەیرانی دارایی کەوتۆتە حکومەتەکەی کازمییەوە، ئەوەی کە لە ڕابردوودا دەگوترا ئێران دەست دەخاتە ناو کارووباریی عێراقەوە، ئایا پێت وایە لە ئێستاشدا جارێکی دیکە دەستێوەردان دەکات لە کارووبارەکانی عێراق؟ چونکە لە پەڕڵەماندا هەوڵێک هەیە بۆ لابردنی سەرۆکی پەڕڵەمان.     

 

نازم دەباغ: من نازانم مەسەلەی دەستێوەردان بەو مانایەی جەنابت باسی دەکەی من بەڵگەم لەلا نییە کە بڵێم ئێران لە کارووباریی عێراق دەستێوەردان دەکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە عێراق لە قۆناغێکدایە حەسوودی پێنابردرێت و کێشە و گرفتی زۆرە و چاویشی لەوە هەیە کە کەسێک دەستی بگرێت و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاوکاریی و ڕێنمایی بکات. ئەمە بەشێکییەتی، بەشێکی دیکەشی باسمان کرد کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەر کێشە و گێروگرفتێکی هەبێت ئەوەی کە بیریی لێدەکاتەوە کە یەکەم لە ناوخۆی چارەسەریی بۆ بدۆزێتەوە و دووهەم بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت کە فاکتەرەکانی دەورووبەریی خۆی هەوڵبدات بگونجێنێت لەگەڵ باروودۆخی ناوخۆی بۆ ئەوەی کە ئەویش سوودی لێوەربگرێت، واتە لە عێراق ئەگەر کێشەیەک هەبێت و ئەو کێشەیە بە قەرز چارەسەر بکرێت وەکوو ئەوەی کە باسمانکرد بوونی داهاتی هاوڵاتیان کە مووچەیە بازاڕ زیندوو دەکاتەووە. کە بازاڕیشی زیندوو کردەوە عێراق لەو وڵاتانە نییە بەرهەمی ئەوەندە زۆر بێت بتوانێت کەلووپەلی ناوخۆی بۆخۆی کەڵکی لێوەربگرێت و هاوڵاتیانی سوودی لێببینن، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ هێنانی کەلووپەل لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، کە یەکێک لەو وڵاتانەی کەلووپەل بۆ عێراق دەنێرێت، ئێران و ئەویدیکەش تورکیایە. بۆیە من پێموایە لەو چوارچێوەیەدا مومکین خاونی پێشنیاربێت و ئەو پێشنیارانە هۆکاربێت بۆ بووژاندنەوەی ژێرخان و بواریی ئابووریی لە عێراقدا.   

 

 

 

ژیان: ناوبەناو ئێران ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان تۆپباران دەکات، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، سەبارەت بەو تۆپبارانەوە هیچ نیگەرانی خۆی گەیاندووە؟ ئێرانیش کە تۆپبارانەکان دەکات بۆخۆی بیانوویەکی هەیە و دەڵێت بە هۆی جمووجۆڵی هێزە ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێرانە. ئەوانیش هێچ نیگەرانییەکیان بە ئێوە گەیاندووە؟    

 

نازم دەباغ: لە کاتی خۆیدا زۆرمان قسە لەسەر ئەوە کردووە، بەڵام دەتوانم بڵێم خۆشبەختانە ئەمساڵ لە هەموو ساڵێک کەمتربووە، بە پێچەوانەوە لە هەموو ساڵەکان زیاتر تورکیایە، بۆیە مەسەلەی نیگەرانی دروستبوون لە نائارامی لە سنوورەکان بە دڵنیاییەوە هەر دوولا پەرێشان دەکات هەم  حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەم کۆماری ئیسلامی ئێران. چونکە بوونی کێشەی نائەمنی و شەڕ و پێکدادان و تۆپباران، هۆکارێک دەبێت بۆ سستی چالاکی ئابووریی و هاتووچۆکردن، بۆیە هەر دوولا بە پەرۆشەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەن.      

 

 

 

ژیان: ئەو بیانووەی ئێران یانی بە دروست دەزانن کە دەڵێن جمووجۆڵی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانە بۆیە تۆپباران دەکەین؟ 

 

نازم دەباغ: من هەموو هۆکارێک بە دروست دەزانم کە زەرەر لە ئاسایشەکەم بدات و ئەو مەسەلەیە تەنیا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران نییە و من ناتوانم لێرەوە بڵێم ئێران حەقە ئەوە دەکات، ئێمە هەمیشە داوای ئەوە دەکەین کە کۆماری ئیسلامی ئێران بتوانێت لە ڕێگای سیاسی و کفتووگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کێشە سنوورییەکان وەلاوەبنێن و لایەنە سیاسییەکانی ئێرانیش کە لە هەرێمی کوردستان ژیان بەسەر دەبەن و لەوێی کار و چالاکیان هەیە، ڕچاویی باروودۆخی هەرێمی کوردستان بکەن. هەر وەکوو چۆن ئێستاکە تورکیا دوادا دەکات، وڵاتانی دنیاش داوا دەکەن، کە واتە لە کاتێکدا ئەگەر بەڕاستی شێوەیەکی بەرچاو لە چالاکییەکان بۆ دژایەتی کۆماری ئیسلامی لە سنوورەکان نەبێت، ئەو کاتە ئێران ماف بە خۆی دەدات وڵامدانەوەی هەبێت. بەڵام ئەگەر چالاکییەکان نەبێت و ئێران لە خۆیەوە پەلاماریی دێیەکانی هەرێمی کوردستان بدات و ببێتە مایەی دەربەدەریی خەڵکی مەدەنی ئێمە ئەوە مەحکووم دەکەین. 

 

 

 

ژیان: پێتان وایە ئێران لە خۆیەوە وادەکات یا بیانوویەکی هەیە بۆ ئەوەی کە بیکات؟

 

نازم دەباغ: تا ئێستا ئەوەی ئێمە بیستوومانە ئەوەی کە تۆ پێی دەڵێی بیانوو ئێمە پێی دەڵێین هۆکار، چونکە بیانوو ئەوەیە شتێک نەبێت و بەڵام بیکەی بە بیانوو، بەڵام هۆکار شتێک ڕوودەدات، بۆ نموونە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی ڕوودانی مەسەلەیەک دەکرێت کە فڵانی و فڵانی لە سنوورەکان خۆ دەردەخەن و چالاکی ئەنجام دەدەن و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو بەڵگانە، دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئێران دەڵێت من تۆپباران دەکەن. بەڵام تا ئێستا ئەوەی کە ئێمە پێمانزانیوە گلەیی دوولایەنە هەبووە، گلەیی هەبووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چالاکی هەندێک لایەن بۆ ورووژاندنی تۆپبارانکردن کە هیچ سوودێکی لێنابەن، بێجگە لەوەی کە هەرێمی کوردستان و دێیەکانی هەرێمی کوردستان زەرەمەندبوون. بەڵام من ئەم مەسەلەیەی کە جەنابت دیورووژێنی دەتوانم بڵێم مومکینە پێویست نەکات، چونکە ماوەیەکی یەگجا زۆرە ئێمە وەکوو نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، ئەو هەواڵ و پەیامانەمان پێنەگەیشتووە، بڵێین لایەنێکی سیاسی کوردی ئێرانی لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، چالاکی ئەنجامداوە و بۆتە هۆکاریی تۆپبارانکردن. بەڵام بۆ نموونە ناوەناوە و لە هەندێک شوێندا دەبینین ڕودواو هاتۆتە پێشێ و مومکینە لە ڕێگای ڕۆیشتندا لە یەک هەڵپڕژابن یا تووشی یەکتربووبن، ببێتە مایەی ئەوەی کە تەقە و پێکدادان ببێت و تۆپباران بکرێت. خۆشبەختانە دەتوانم بڵێم لەچاو ساڵانی پێشوو زۆر زۆر کەمە.      

 

 

 

ژیان: ناو بە ناو هێزە ئەمنییە چەکدارە ئێرانییەکان لەسەر سنوور، تەقە لە کۆڵبەرانی کورد دەکەن، ئەم کێشانە بە کوێی گەیشتوون، هیچ قسە لەمبارەیەوە دەکرێت؟

 

نازم دەباغ: حەقیقەتێک هەیە کە دەبێت ئێوە بیزانن، ئەو حەقیقەتەی کۆڵبەر چییە و ڕێگای کۆڵبەر لە چ شوێنێکە؟ دیارە ئێمە لەگەڵ ئەوە نین، هیچ هاوڵاتییەک لە ڕێگای بژێویی ژیانی خۆیدا بە گوللە بگوژرێی و ڕێگای لێبگیرێت. بەڵام یاسایەک داندراوە کە پێی دەگوترێت "یاسای کۆڵبەریی" و ئەگەر بێیە سنوورەکان ئەو ڕێگایە بە چاویی خۆت دەیبینی، نە کەسێک و نە 10 کەس و نە 100 کەس، بەڵکوو بە هەزاران کەس لە بەیانییەوە تا ئێوارێی لەو ڕێگایەوە بە شاخەکاندا بە کۆڵ کاڵا دێنن بۆ ئەودیو و بۆئەمدیو، بەڵام هەندێک ڕێگا هەیە، کە پێی دەگوترێت ڕێی قاچاخ، قاچاخ بە مانای ئەوەیە لەو ڕێباز و ڕێیە لادەدات کە بۆی داندراوە، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە سەر سنوورەکان و لەو شوێنانە پۆلیسی ئەمنی و هێزی ئینترازمی داناوە و کەمینی هەیە، کەمین بۆ کێی؟ بۆ ئەو کەسانەی کە بە قاچاخ لەو شوێنانە هاتووچۆ دەکەن، جا چ بۆ چالاکی بیەوێت بێت بۆ ئێران، جا چ بۆ هێنانی شتی قاچاخ بێت، بەڵام سنووری فەرمی نییە، بۆیە کە دەنگیان دەدەن و تەقەی لێسازدەبێت، لە ئەنجامدا ئەو کەسانە بە بێتاوانی دەکوژرێن، یا هەندێکیش هەیە ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ ئەو کاڵایەی کە بە کۆڵێوەیەتی کاڵای قاچاخە، واتە ئەو شتەی کە ئەو ناتوانێت بە کۆڵ بە ڕێگا دیاریکراوەکەدا بیهێنێت، بۆخۆی دەچێت بە کۆڵ بە لاڕێیەکەدا دەیهێنێت. بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا کوشتنی کۆڵبەر لە پێناویی دابینکردنی بژێویی ژیانی خۆیدا کارێکی ڕەوا نییە، بەڵام ئومێدیش دەکەین و داواکاریشین کۆڵبەرەکانیش هەوڵبدەن، کە خۆیان نەدەنە ئەو ڕێگایانە و جارێکیشی دیکە دەیڵێم، یەکەم کۆڵبەرەکان کارتیان هەیە، دووهەمیشیان ئەکەر سەیربکەی، ئێوارێی دادێی بە ڕێچکە و بە هەزاران کۆڵبەر بەدوای یەکتریی دەکەون و بارەکانیان دەهێنن و بارەکانیشیان لە ناو شارەکانی ئێران دەفرۆشن. واتە کۆڵبەریی سەرەکی ڕێی لێنەگیراوە، بەڵام ئەو کۆڵبەرەی کە بە ڕێگا قاچاخەکەدا دەڕوات ڕێی لێگیراوە.       

 

 

 

ژیان: ماوەی 21 ساڵە جەنابت نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانی، زۆربەی نوێنەرەکانی حکومەتی هەرێم لە وڵاتان گۆڕدراون، چۆنە تا ئێستا لەو پۆستەدا ماویتەوە؟ 

 

نازم دەباغ: سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەم، کە تا ئێستا ئەو متمانەیەیان بە من هەبووە، کە توانیومە وەکوو نوێنەرێک کار بکەن، چونکە جیاوازیی هەیە، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ڕێکخستنی پەیوەندییەکاندا نوێنەرایەتییەکی تایبەتمەندە، توانیمانە تا ئێستا هۆکاربین بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پتەوکردنی پەیوەندییەکان. هەر لە کاتێکیشدا پێویست بکات بگوڕدرێم و ئەو ئەرکەی کە لەسەر شانمە وەکوو پێویست لە خزمەت نەتەوەکەم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنم، ئەوە تەمەنم بۆتە 72 ساڵ، مومکینە پێمەوە دیارنەبێت؛ بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوە هەر وەکوو ئاماژەت پێدا 21 ساڵە لە تارانم و نزیکەی 35 ساڵیشە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دواییش حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەم، بە دڵنیاییەوە ئەگەر حیزبەکەم گلەیی لێمهەبوایە، یان حکومەتەکەم لێم ناڕازیی بوایە یا تەنانەت حکومەتەکە و حیزبەکەشم لێم ڕازیی بێت، ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران لێم ناڕازی بێت کە کەسێک بم مایەی کێشە و گرفت بوومایە و نەمتوانایە کێشەکان چارەسەر بکەم، بە دڵنیاییەوە دەیتوانی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بکات کە نوێنەرەکەتان بگوڕن.

 

 

 

ژیان: زۆر سپاست دەکەم مامۆستا "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، کە میوانمان بووی.

 

نازم دەباغ: منیش زۆر سپاستان دەکەم.

 

 

 

لینکی چاوپێکەوتن:

 

https://www.facebook.com/ZhyanMedia/videos/3511896862234560/

 

 

 

Read کد خبر: 2421

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی