باڵیۆزانی ئەمەریكا و بەریتانیا پشتگیریی خۆیان بۆ دیالۆگی هەولێر و بەغدا دەردەبڕن

  • یەک شەممە, 31 ک دووەم 2016

ئێوارەی ئەمرۆ یەكشەممە 31 - 1 - 2016 شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەردانی هەردوو باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بەریتانیای لە بەغدا كرد و لەگەڵ بەرێزان باڵیۆز و بەرپرسانی دیپلۆماسیی ئەمەریكی و بەریتانی كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكاندا تیشك خرایە سەر ئەنجامی كۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدرال و داكۆكی لە هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لە بواری سەربازیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و نەهێشتنی مەترسییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی كرایەوە. هەروەها جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆ و دیالۆگ و دیدار و كۆبوونەوەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق فیدرال كرایەوە بۆ چارەسەركردنی تەواوی ئەو كێشە و گرفتانەی لە نێوان هەولێر و بەغدادا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.

 

شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەردوو دیدارەكەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكی و بەریتانی داوایان كرد كە هەردوولا هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی وڵاتەكانیان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوی شەڕی داعش و هاوكارییكردنی نزیكەی ملیۆنێك و هەشتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان كە لەم دۆخەدا بوونەتە بارقورسییەكی زۆر بۆ حكوومەتی هەرێم بە تایبەتی كە هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی قەیرانی دارایی ئێستادا، لە ژێر بارێكی سەخت و قورسدایە.

 

لە كۆبوونەوەكاندا هەردوو لایەنی ئەمەریكی و بەریتانی خۆشحاڵی و پشتگیریی خۆیان بۆ بەردەوامیی دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا پیشان دا و جەختیان لە بەردەوامیی ئەو كۆبوونەوە و دیالۆگانە كردەوە. هەروەها دووپاتیان كردەوە كە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆئەوەی هەرێمی كوردستان پشتگیریی وڵاتانی هاوپەیمانیی دژی داعش و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی بەدەست بهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا و بە تایبەتیش پشتگیریی سەربازیی بۆ پێشمەرگە و هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستان بۆ چۆنییەتی تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا كە ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە.

Read کد خبر: 1775

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی