نازم ده‌باغ: بارزانی هاوکاری به‌رهه‌م ده‌کات/ رۆڵی ئه‌رێنی و کاریگه‌ری به‌رهه‌م ساڵح له‌سه‌ر یه‌کگرتویی و ئاسایشی عێراق

نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران، دژایه‌تییه‌کانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بۆ سه‌رۆک کۆماری به‌رهه‌م ساڵح به کیشمه‌کیشمێکی ئاسایی جیهانی سیاسه‌ت ده‌زانێت و ده‌ڵێت: ئه‌م دوو که‌سایه‌تییه هاوکاری یه‌کتر ده‌که‌ن.

 

به پێی راپۆرتی به‌شی نێوده‌وڵه‌تی ئاژانسی تسنیم، ئێواره‌ی سێ‌شه‌ممه ٢١٩ ئه‌‌ندام په‌رله‌مانی عێراق به ده‌نگی خۆیان به‌رهه‌م ساڵح کاندیدی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان‌یان وه‌کوو سه‌رۆک کۆماری ئه‌و وڵاته هه‌ڵبژارد. فوئاد حسێن کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان رکابه‌ری به‌‌رهه‌م ساڵح بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا. ئه‌مه بۆ یه‌که‌م جار بوو که دوو حزبی گه‌وره‌ی کورد به‌جیا کاندیدیان بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق پێشکه‌ش ده‌کرد. بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی کاریگه‌رییه‌کانی هه‌‌ڵبژاردنی به‌رهه‌م ساڵح له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و داهاتووی ئاڵوگۆڕه‌کانی هه‌رێمی کوردستان وتووێژێکمان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری هه‌رێم له تاران ئه‌نجام داوه که له خواره‌وه ده‌یبینن.

نازم ده‌باغ سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی به‌رهه‌م ساڵح وه‌کوو سه‌رۆک کۆماری عێراق و کاریگه‌ری ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسی ئه‌م وڵاته به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌‌ڵێت: دوای به‌‌ڕێوه‌جوونی راپرسی سه‌ربه‌خۆیی که ساڵی رابردوو له هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو و تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ساڵه‌‌ی سه‌رۆک کۆماری فوئاد مه‌عسوم، وڵات پێویستی به ئاڵوگۆڕ بوو. له‌م بارودۆخه‌دا به‌‌رهه‌م ساڵح وه‌کوو سه‌رۆک کۆماری نوێی عێراق له هه‌‌لومه‌رجێکی دیموکراتیک‌دا هه‌‌ڵبژێردرا. به‌رهه‌م ساڵح له رووی سیاسییه‌وه درێژه‌پێده‌ری خوالێخۆشبوو جه‌لال تاڵه‌بانی‌یه، به‌‌رهه‌م له چوارچێوه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌دا ده‌توانێت رۆڵێکی گرنگ و کاریگه‌ر ببینێت له پێناو یه‌کگرتوویی، دابین‌کردنی ئه‌من و ئاسایش و خوشگوزه‌رانی خه‌ڵک و په‌یوه‌ندی عێراق و وڵاتانی دراوسێ گه‌شه پێ بدات. به دڵنیاییه‌وه، ئه‌م هه‌نگاوه گرنگه به هاوکاری هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان ده‌کرێت و به‌و ناسینه‌ی له به‌‌رهه‌م ساڵح هه‌مه ئه‌و توانای گه‌یشتن به‌م ئامانجانه‌ی هه‌یه.

جیاوازییه‌کان ئاساییه

نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران سه‌باره‌ت به دژایه‌تی مه‌سعود بارزانی بۆ سه‌رۆکایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح و ئه‌گه‌ری هاوکاری نێوان پارتی و سه‌رۆک کۆماری نوێ ده‌ڵێت: ئه‌م جیاوازییانه له جیهانی سیاسه‌تدا کیشمه‌کیشمی ئاساییه. له جیهانی سیاسه‌تدا، هه‌ندێ جار بۆ گه‌یشتن به شتێک، پلان و سیاسه‌ت و هه‌نگاوی تایبه‌ت ده‌نرێت، به‌ڵام جاری وا هه‌یه ئاکامه‌که‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شته‌یه که به‌رپرسان و پلان‌دانه‌ران چاوه‌ڕوانی ده‌که‌ن، وه‌کوو کاندید کردنی که‌سێک بۆ سه‌رۆکایه‌تی کۆمار له لایه‌ن پارتییه‌وه.

هاوکاری مه‌سعود بارزانی و به‌رهه‌م ساڵح

ئه‌و له درێژه‌دا ده‌ڵێت: که‌سایه‌تی کاک مه‌سعود بارزانی به شێوه‌یه‌که کاتێک به‌رژه‌وه‌ندی کورد بخوازێت که هه‌ڵویستێکی نوێ بگرێت، ١٠٠٪ ئه‌مه ده‌کات و بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی کورد هاوکاری به‌رهه‌م ساڵح ده‌کات. لێره‌دا ده‌بێت بڵێم که پارتی و یه‌کێتی و یان هه‌ر لایه‌نێکی دیکه مادامێک پابه‌ندی ده‌ستووری عێراق بن و له چوارچێوه‌ی ئه‌م یاسایه‌دا کاندیدی لایه‌نێک هه‌ڵبژێردرێت، ده‌بێت پێکه‌وه هاوکار بن و هاوکاری یه‌کتر بکه‌ن. کاتێک به‌رهه‌م ساڵح یان حکومه‌تی هه‌ڵبژێردراو خاوه‌ن پرۆژه‌یه‌ک بن که له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا مافی کورد بپارێزێت، کێ ده‌توانێت دژایه‌تی بکات؟ بۆیه بۆ به‌‌رهه‌م ساڵح و مه‌سعود بارزانی باشتر وایه که له‌م پرۆژه‌دا هاوبه‌ش بن. به‌ڕای من ئه‌م دوو که‌سایه‌تییه هاوکاری یه‌کتر ده‌که‌ن.

پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی کوردی

ئه‌م سیاسه‌تمه‌داره کورده‌ی عێراق له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا که "ره‌وتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا به‌ره‌و چ ئاڕاسته‌یه‌ک ده‌روات؟" ده‌ڵێت: ئێمه ئه‌زموونی زۆرمان له‌م بواره‌دا هه‌یه. کێشه‌کانی رابردوو تا شه‌ڕ و پێکدادانیش رۆیشت به‌ڵام ئه‌م کێشانه چ له رێگای وڵاتانی دراوسێ یان له رێگای دانوستان و وتووێژی نێوان هه‌رێم و  به‌‌غدا چاره‌سه‌ر کران، چونکه هه‌ندێ جار بارودۆخێک دێته ئاراوه که پاراستنی ماف و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان له به‌رژه‌وه‌ندی حزب و که‌سایه‌تییه کوردییه‌کان گرنگتره و به‌م پێیه، حزبه کوردییه‌کان پێکه‌وه کار و هاوکاری ده‌که‌ن.

زاڵبوونی خواستی هاوکاری

نازم ده‌باغ له کۆتایی‌دا وێرای ئاماژه به ئه‌و پێشوازییه گرنگه‌ی له ئاستی ناوچه‌ی و جیهانیدا له به‌رهه‌م ساڵح کراوه سه‌باره‌ت به کاریگه‌ری که‌سایه‌تی ئه‌و له‌سه‌ر ره‌وتی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی عێراق ده‌ڵێت: هه‌ر سیاسه‌تمه‌دارێک که خاوه‌ن په‌یوه‌ندی باش و رابردوویه‌کی گه‌ش بێت و هه‌ڵگری پلانی تایبه‌ت بۆ ئاوه‌دانی و خوشگوزه‌رانی وڵات و خه‌ڵک بێت، به دڵنیاییه‌وه پشتیوانی زیاتری لێده‌کرێت. عێراق بۆ ئاوه‌دانی و بوژاندنه‌وه‌ و نه‌‌هێشتنی ئاسه‌واره‌کانی شه‌ر پێویستی زۆری به یارمه‌تی و هاوکاری وڵاتانی جیهان هه‌یه. له ساڵانی رابردوودا بینیمان که عێراق هاوکاری و هاوپه‌یمانی باشی له‌گه‌ڵ دراوسێکانی بووه، پێم وایه له سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تی کۆماری به‌رهه‌م ساڵح‌دا ئه‌م سیاسه‌ته درێژه‌ی ده‌بێت بۆیه من به داهاتوو گه‌شبینم چونکه ئێستاکه له نێوان کورد و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێکهاته‌کانی عێراق خواستێکی باشی هاوکاری و هاوئاهه‌‌نگی له ئارادایه.

 

Read کد خبر: 2142

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی