لەبەغدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەیاد عەلاوی كۆبووەوە

  • یەک شەممە, 30 ت دووەم 2014

لەبەردەوامی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 30ـی نۆڤەمبەری 2014 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەلایەن بەڕێز د.سەلیم جبووری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە پێشوازی كرا.

لە دیدارێكدا سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەخێرهاتنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری كرد و هیوای خواست سەردانەكەیان بۆ بەغدا ببێتە مایەی چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانەی لەنێوان بەغدا و هەولێر بەهەڵواسراوی ماونەتەوە.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پێشوازی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد و دووپاتیكردەوە كە ئەوان بەنیازی چارەسەركردنی كێشەكان هاتوونەتە بەغدا و ئامادەن لەسەر بنەمای واقعبینی بۆ كێشەكان؛ هەموو كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەربكەن. خۆشحاڵی خۆیشی نیشاندا كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان؛ كەشێكی تازەی ئەرێنی لەبەغدا بەدی دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشدا عیراق لەبارێكی خراپدایە و تیرۆریش سەلماندی كە جیاوازی لەنێوان هیچ پێكهاتەیەك ناكات و هەمووان دەكاتە ئامانج؛ بۆیە پێویستە هەمووان بەیەكەوە رووبەڕووی ببینەوە. دووپاتیشیكردەوە كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر؛ هەرێمی كوردستان ئامادەی هەموو هاوكاری و هەماهەنگیەكە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عیراق و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك لە سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عیراق دوای بەخێرهێنانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، باسیان لە ڕەوش و كێشەكانی ئەمڕۆی عێراق كرد و جەختیان لە چارەسەركردنی كێشەكان كردەوە بەشێوەیەك كە لەبەرژەوەندی عیراق و هەرێمی كوردستاندا بێت. هەروەها سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە بەهانای ئاوارە و پەنابەرانەوە چوون و هاوكاری و كۆمەكیان پێشكەشكردوون و لەوبارەوە هەرچی پێویست بووبێت ئەنجامیانداوە.

 


بەڕێز نێچیرڤان بارزانیش دووپاتیكردەوە كە خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرچی لەتوانایاندا بێت بۆ ئاوارە و پەنابەران كردوویانە و دەیكەن و بەردەوامیش دەبن. هەروەها داوای لێبوردنی كرد ئەگەر هەر كەم و كوڕییەك لە بەهاناوەچوون و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا بۆ ئاوارە و پەنابەران هەبووبێت و هەمووانی دڵنیاكردەوە كە ئەوەی لەتوانادا بێت بۆ یارمەتیدان و هاوكاری ئاوارەكان؛ كەمتەرخەمی ناكرێت.

 

 

داوی ئەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەلایەن بەڕێز د.ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عیراقەوە پێشوازی كرا.
لە دیدارێكدا وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆك وەزیران و شاندی یاوەری، تیشك خرایە سەر ڕەوشی ئەمنی و سیاسی ئەمڕۆی عێراق و بەتایبەت ئەو هەڕەشانەی كە تیرۆر بۆ سەر هەموو پێكهاتەكانی عێراق بە بێ‌ جیاوازی دروستیكردووە. لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كرا و هەردوولا چارەسەركردنی كێشەكانیان دووپاتكردەوە بەشێوەیەك لە بەرژوەندی هەرێم و بەغدا دا بێت.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بگاتە چارەسەر.

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 976

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی