سه‌رى ساڵى ئاشووریى بابلى و جه‌ژ‌نه‌كانى ئه‌كیتۆ، به‌ گه‌رمى له‌ ته‌واوى خوشك و برایانى ئاشوورى، كلدانى و سریانى له‌ كوردستان، عیراق و ته‌واوى جیهان پیرۆز ده‌كه‌ین. هیواى ساڵێكى خۆش، ئارام و پڕ له‌ كامه‌رانییان بۆ ده‌خوازین.

هیوادارین جه‌ژنى كۆتاییهاتنى هه‌موو ناخۆشییه‌كان و شكاندن و له‌ناوبردنى تیرۆرستان بێت، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو خوشك و برایانى ئاواره‌ى مه‌سیحى و ته‌واوى ئه‌و ئاوارانه‌ى له‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینه‌كان‌، ناچار بوون ماڵ و حاڵى خۆیان جێبهێڵن، به‌ سه‌ركه‌وتوویى و سه‌ربه‌رزانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان.

تیرۆرستان به‌ تاوانكارییه‌كانیان گورزێكى گه‌وره‌یان كه‌لتوورى پێكه‌وه‌ژیانى پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ داوه‌، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ لانكه‌ى ئارامى لێبورده‌یى و پێكه‌وه‌ژ‌یانى ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى ده‌مێنێته‌وه‌ و ڕۆڵه‌كانى كورستانییان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیانه‌وه‌، تیرۆرستان له‌ناو ده‌به‌ن و سه‌رده‌كه‌ون.

دووباره‌ سه‌رى ساڵى ئاشووریى بابلى و جه‌ژ‌نه‌كانى ئه‌كیتۆ له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆز ده‌كه‌ین، هیوادارین جه‌ژنه‌كانى داهاتوومان له‌ سایه‌ى سه‌ركه‌وتن و ئاشتى و ئارامى و سه‌قامگیرییه‌كى یه‌كجاریدا بكه‌ینه‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
31.3.2016  

 

 

 

 

 

له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكى دژواردا تێده‌په‌ڕێت و له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ مه‌ترسیدارترین دوژمنانى مرۆڤایەتى له‌ شه‌ڕێكى قورسدایه‌ و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و قه‌یرانى سه‌خت به‌رۆكى خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى گرتووه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌ندێ شوێنى هه‌رێمى كوردستان خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كان، توندوتیژییان لێ دەكه‌وێته‌وه‌ و هاووڵاتیان و كارمه‌ندانى حكوومى تیادا ده‌بنه‌ قوربانى.

دڵگرانى و ناڕه‌حه‌تیى خۆمان به‌رامبه‌ر به‌ دروستبوونى پشێووى و كه‌وتنه‌وه‌ى قوربانیان ده‌رده‌بڕین، داواش له‌ هه‌موو خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵك و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ شێوازێكى ئارام و شارستانیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ و ڕووداوه‌كاندا بكه‌ن و هیچ لایه‌كیان نه‌بنه‌ هۆى ئاڵۆزبوونى زیاتر و به‌ هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵى ئارامكردنه‌وه‌ و كۆنترۆڵكردنى دۆخه‌كه‌ بده‌ن.

داوا له‌ هه‌موو هێزه‌كانى ئاسایش و پۆلیس و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانیش ده‌كه‌ین كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌ر و ماڵى هاووڵاتیان و داموده‌زگا حكوومى و حزبییه‌كان، هه‌روه‌ك داوا له‌ ته‌واوى ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن ده‌كه‌ین كه‌ به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و فاكته‌رى ئارامكردنه‌وه‌ بن.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
9-10-2015

 

 

 

 

به‌ توندى ئیدانه‌ى ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ین كه‌ دوێنێ ئێواره‌ گربوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌ریى HDPى له‌ چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌كانى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا له‌ شارى دیاربه‌كر كرده‌ ئامانج و تیایدا چه‌ند هاووڵاتییه‌ك گیانیان له‌ ده‌ست دا و به‌ ده‌یانى دیكه‌ش بریندار بوون. وێڕاى پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌میمان له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى قوربانیان، هیواى زووچاكبوونه‌ش بۆ برینداران ده‌خوازین.

هیوادارین هه‌موو لایه‌نه‌كان دان به‌ خۆیاندا بگرن، ڕێكاره‌ یاساییه‌كان بگه‌نه‌ ئه‌نجام و ئه‌م كاره‌ ترسنۆكه‌ نه‌بێته‌ هۆى كاردانه‌وه‌ى نابه‌رپرسانه‌ و له‌ دوایین ڕۆژانى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژارندا، كه‌شى گشتى و به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى ده‌نگدان نه‌شێوێنێت.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
6-6-2015 

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 22-2-2015، كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و تیمى كوردستان له‌ به‌غدا، له‌ ته‌لارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ هه‌ولێر ساز كرا.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌ره‌تا په‌یامى ڕێز و پێزانینى ئاراسته‌ى خۆڕاگریى پێشمه‌رگه‌ و به‌رگه‌گرتنى فه‌رمانبه‌ران و تێكڕاى چین و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى كرد، كه‌ له‌م دۆخه‌ هه‌ستیار و قورسه‌ داراییه‌د‌ا خۆڕاگرن و پشتیوانیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕوونكردنه‌وه‌ى ته‌واوى ده‌رباره‌ى دوایین ڕێككه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالى عیراق پێشكه‌ش كرد و ته‌واوى پابه‌ندیى خۆى به‌ جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ دووپات كرده‌وه،‌ كه‌ بووه‌ته‌ یاساى بودجه‌ى فیدرالى بۆ ساڵى 2015.

ئه‌وه‌ش ڕوون كرایه‌وه‌ له‌ لایه‌ك هه‌ندێ گرفتى ته‌كنیكى و لێكنه‌گه‌یشتن هاتۆته‌ به‌رده‌م ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه كه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرال كار ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنیان، له‌ لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى له‌ عیراقدا هه‌ن كه‌ نایانه‌وێت نێوانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرال باش بێت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ كرا كه‌ نوێنه‌رانى كورد له‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌تى فیدرال ڕۆڵى ته‌واوى خۆیان گێڕاوه‌ و ده‌گێڕن له‌پێناو پابه‌ندبوونى هه‌ردوولا به‌ ڕێككه‌وتنى نێوان هه‌ردوو حكوومه‌ت و به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند كه‌ له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ڕێگه‌چاره‌یه‌كى هاوبه‌ش و ده‌رچوون له‌ گرفته‌ ته‌كنیكییه‌كان و ڕه‌واندنه‌وه‌ى لێكنه‌گه‌یشتنه‌كان، ئاماده‌ن سه‌ردانى به‌غدا بكه‌نه‌وه‌ و له‌وڕووه‌شه‌وه‌ تیمیكى له‌ وزیره‌ كورده‌كانى حكوومه‌تى فیدرال ڕاسپارد تا گفتوگۆكانیان ڕاشكاوانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق ده‌ست پێبكه‌ن.

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و نوێنه‌رانى كوردستان له‌ به‌غدا باسیان له‌ گرنگیى جێبه‌جێكردن و پابه‌ندبوون به‌ یاساى بودجه‌ى 2015ه‌وه‌ كرد و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند كه‌ داواكاره‌ حكوومه‌تى فیدرال به‌پێى یاساى بودجه‌ى ساڵى 2015، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ماف و پشكى هه‌رێمى كوردستان بكات.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا زیاتر له‌ پلانێك بۆ چۆنیه‌تیى دابینكردنى مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانبه‌ران تاوتوێ كرا و بڕیار درا ئه‌وله‌ویه‌تى هه‌ره‌ له‌پێشى حكوومه‌ت، دابینكردنى به‌په‌له‌ى مووچه‌ بێت. هه‌روه‌ها بڕیار درا ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ده‌وریى هه‌ردوو مانگ جارێك درێژه‌یان هه‌بێت و لیژنه‌یه‌كیش بۆ هه‌ماهه‌نگیى خێرا له‌ نێوان هه‌ردوولادا پێكهێنرا.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 16/2/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی وەزارەتی كارەبای كرد و سەرەتا لە كۆبوونەوەیەكدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانیش ئاماده‌ى بوو، لەگەڵ بەڕێز وەزیری كارەبا، دەربارەی كێشە و گرفتەكانی كەرتی كارەبا و پێداویستییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان له‌م بواره‌دا گفتوگۆیان كرد و بۆ دابینكردنی پێویستیی هەرێمی كوردستان لە وزەی كارەبا، تیشك خرایه‌ سه‌ر هاوكاریی زیاتری سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەگەڵ وەزارەت.

پاشان لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا كە ژمارەیەك لە به‌رپرسان و ڕاوێژكارانی سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی كارەبا لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی گەرمیان ئامادەى بوون، به‌ڕێز د. عه‌بدولسه‌تار بابه‌كر وه‌زیرى كاره‌با خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و جێگره‌كه‌ى و شاندى یاوه‌ریان ده‌ربڕى و هیواى خواست كه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ ببێته‌ هۆى پشتگیرییه‌كى زیاترى سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ وه‌زاره‌تى كاره‌با و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و گرفته‌كانى، ئینجا بە تێروتەسەلی باس لە كێشە و گرفتەكان و پێدوایستییەكانی سێكتەری كارەبا لە هەرێمی كوردستان كرا و لە هەمان كاتدا چۆنییەتیی چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبا خرانە ڕوو.

له‌ وته‌یه‌كدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە ئەم سەردانەیان بۆ وەزارەتی كارەبا و دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز وەزیری كارەبا و بەرپرسانی وەزارەت بۆ دووپاتكردنەوەی پشتگیریی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە لە وەزارەت و بەڕێز وەزیری كارەبا و حزبه‌كه‌ى "یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان" كە ماوەی ڕابردوو ببوونە ئامانجی هەڵمەتێكی زاڵمانه‌ى فراوانی سیاسى و میدیایی.

هەروەها دووپاتی كردەوە كە ئەو كێشە و گرفتانەی لە سێكتەری كارەبادا هەن، كێشە و گرفتی ئەمڕۆ و دوێنی نین و بە تەنیا كێشە و گرفتی بەڕێز وەزیری كارەبا نین كە ماوەیەكی كەمە پۆسته‌كەی وەرگرتووە، بەڵكو كێشەی كۆن و كەڵەكەبووی پێشترن و بەرلەوەی لە ئەستۆی بەڕێز وەزیری كارەبا و وەزارەتی كارەبادا بێت، بەرپرسیاریه‌تیی یەكەمی ئەم كێشانە لە ئەستۆی حكوومەت و بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی سەرۆكایەتیی حكوومەت و سەرۆك وەزیران خۆیدایە.

ئاماژەی بەوەش كرد كە بەهۆی بەرەوپێشچوونی بەردەوامی شار و شارۆچكە و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانه‌وه‌، ڕۆژانە پێداویستیی كارەبا لە هەرێمی كوردستان زیاد دەبێت و ڕادەی خواست لەسەر كارەبا بەردەوام لە زیادبووندایە، بۆیە ئاساییە كە كێشە و گرفت لە سێكتەری كارەبادا هەبێت و لەگەڵ ئەمەشدا حكوومەت و وەزارەتی كارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەكان خوازیارن و لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی كێشە و گرفتەكانی كارەبا چارەسەر بكەن و پێداویستییەكانی ئەم سێكتەرە دابین بكەن.

باسیشی لەوە كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە بڕی سێ‌ ملیارد دۆلار تەنیا بۆ پشتگیریی كەرتی كارەبا خەرج دەكات و داكۆكی لەوە كردەوە كە زیادەڕۆییەكى زۆر له‌ به‌كاربردن و خەرجكردنی كارەبادا هەیە و سوپاسی وەزارەتی كارەبا و بەڕێوەبەرانی گشتیی كارەبای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتی كرد كە بەردەوام لە هەوڵی باشكردنی ڕەوشی كارەبادان.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیران بە دوور و درێژی گوێبیستی كێشە و گرفت و پێداویستییەكانی كەرتی كارەبا بوو كە لە لایەن بەڕێزان بەڕێوەبەرانی گشتیی كارەباوه‌ لە هەرسێ‌ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی گه‌رمیانه‌وه‌ پێشكەش كران. لای خۆیەوەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سوپاسی وەزارەتی كرد كە زۆر هەنگاوی ناوە بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە و كارەبای گەیاندۆتە زۆربەی ئەو شوێنانه‌ى پێشمەرگە پێویستییه‌تى و ئاماژەی بەوە كرد كە وێڕاى ئەم خزمەتگوزاریە، پۆلیسی كارەباش بەشداری لە شەڕی دژی داعشدا كردووە.

لە كۆتاییدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كۆبوونەوەكە زۆر سوودمه‌ند بوو كە تیایدا بیرۆكەیەكی ڕوونیان لەسەر كێشە و گرفت و پێداویستییەكانی سێكتەری كارەبا دەستكەوت و چەندین سەرنج و پێشنیازی باش بۆ چۆنییەتیی چارەسەركردنی كێشەكان خرانە ڕوو و دووپاتی كردەوە بە پلەی یەكەم چارەسەركردنی كێشەی كارەبا بە دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ دەبێت، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت و ئەلتەرناتیڤی یەكەمیش دەكرێت گازی سروشتی بێت كە حكوومەت لە بەرنامەیدایە و بەردەوام هەوڵ دەدات بۆئەوەی وەك ئەلتەرناتیڤێكی وزە بە گشتی و بەتایبەت كارەبا لە زۆر بوار و له‌ قۆناغەكاتی داهاتوودا بیخاتە خزمەت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ڵامى پرسیارى رۆژنامه‌نووسانى دایه‌وه‌.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2015/1/28، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ ساڵی تازه‌دا ساز كرا.

له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ده‌رباره‌ی دوایین ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند: لێكنه‌گه‌یشتنێك له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌ و حكوومه‌تی عیراق پێی وایه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێ ڕێژه‌یه‌كی زیاتری نه‌وت له‌وه‌ی كه‌ له‌سه‌ری ڕێككه‌وتووین بداته‌ به‌غدا، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ ڕاشكاوی گوتوومانه‌، له‌ تواناشماندا بێت، له‌و ڕێژه‌یه‌ زیاتر ناده‌ین كه‌ له‌سه‌ری ڕێككه‌وتووین، جگه‌ له‌مه‌ له‌ ڕووی ته‌كنیكیشه‌وه‌ ناكرێت، چونكه‌ ژێرخانی پێویست بۆ نارنى زیاتر نییه‌. وێڕاى ئه‌وه‌ش جه‌ختى‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ و له‌ كاتى خۆیدا، ئه‌و ڕێژه‌یه‌ى‌ له‌سه‌رى ڕێككه‌وتوون، ده‌نێرێت. هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم خوازیاره‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال بگاته‌ چاره‌سه‌ری و به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ پابه‌نده‌.

ده‌رباره‌ی دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستانیش، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ی دارایی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، بۆیه‌ حكوومه‌ت ناچاره‌ هه‌ندێ ڕێكاری تایبه‌ت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ بگرێته‌ به‌ر. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ حكوومه‌تدا پێكه‌وه‌ن و پێكه‌وه‌ بڕیار ده‌ده‌ن، كه‌چی له‌ ڕاگه‌یاندندا وا ده‌رناكه‌وێت، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆده‌بینه‌وه‌ و تاوتوێی دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ین.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پیرۆزبایی له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ كرد و ده‌ستخۆشی له‌ پێشمه‌رگه‌ كرد، هه‌روه‌ها هاوده‌ردی و هاوخه‌می له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری شه‌هیدان ده‌ربڕی. پیرۆزباییی ڕزگاركردنی كۆبانێشی كرد و سوپاسی هه‌ڵوێستی توركیا و به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیای كرد، كه‌ ڕێگه‌ی دا هێزی پێشمه‌رگه‌ و چه‌كی قورس له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بگاته‌ كۆبانێ و ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ به‌دی بێت.

دوای ئه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زیری دارایی و ئابووری، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر دۆخی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كرد و له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ په‌سه‌ند كرا، بۆ ئه‌وه‌ی بنێردرێته‌ په‌رله‌مانی كوردستان. له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زیری دارایی و ئابووری تیشكی خسته‌ سه‌ر ڕێژه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و به‌رنامه‌ و پلانی وه‌زاره‌تی بۆ چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی دارایی و جێبه‌جێكردنی پلانی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و زیادكردنی داهاته‌كانی له‌م دۆخه‌دا، خسته‌ ڕوو.

پاشان پڕۆژه‌یاسای ده‌سته‌ی نیشته‌جێبوون له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق، خرایه‌ ڕوو و دوای گفتوگۆ و خستنه‌ڕووی چه‌ند سه‌رنج و تێبینییه‌ك، بڕیار درا لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی تایبه‌ت ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌یاسایه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن و بۆ په‌سه‌ندكردن بهێنرێته‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران. به‌پێی پڕۆژه‌یاساكه‌،‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ سیاسه‌تی نیشته‌جێكردنی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند ستراتیژێكی ڕوون له‌سه‌ر بنه‌مای پێداویستییه‌كانی هه‌رێم داده‌ڕێژێت و بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانی، سوود له‌ بانك و دامه‌زراوه‌ داراییه‌كان و وه‌به‌رهێنانى‌ بیانی و ناوخۆیی وه‌رده‌گرێت، به‌ جۆرێك كه‌ له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كان و سنوورداریی توانای داراییی كه‌مده‌رامه‌تان بگونجێت.

له‌ بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕاپۆرتی لیژنه‌ی ناساندنی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی و پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه، له‌ لایه‌ن به‌ڕێز وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانه‌وه‌‌ پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرا و تیایدا باس له‌و كار و چالاكییه‌كانه‌ كرا كه‌ له‌ ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا، بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌م كه‌یسه‌ ئه‌نجام دراون. هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر سه‌ردان و دیداره‌كانی لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ داموده‌زگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و پێشكه‌شكردنی به‌ڵگه‌ و دۆكیوومێنته‌كان له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر ئێزدییه‌كاندا هاتوون‌. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش ده‌ستخۆشی له‌ لیژنه‌كه‌ كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست، هه‌موو پشتگیرییه‌كی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیشی بۆ لیژنه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌.

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 1-2-2015، له‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شى سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێم، له‌گه‌ڵ تیمى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا له‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى عیراقى فیدارل، ساز كرا.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، ده‌ستخۆشى له‌ په‌رله‌مانته‌رانى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى فیدرال كرد كه‌ كاتى ده‌نگدان له‌سه‌ر بودجه‌ى عیراق، ڕۆڵێكى باشیان گێڕا و بۆ ده‌نگدان و په‌سه‌ندكردنى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى فیدرالى 2015‌، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى باشیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستاندا كرد و پرۆسه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان و عیراق بوو، به‌ڕێوه‌ چوو. بۆ ئه‌مه‌ش به‌ ناوى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ هه‌موو په‌رله‌مانته‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عیراقى فیدرال كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زیره‌ په‌یوه‌نداركان و نوێنه‌رانى تیمى كوردستان له‌ به‌غدا، له‌ حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كانى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عیراقى فیدرال ئاماده‌ى بوون، به‌ تێروته‌سه‌لى ورده‌كاریى دوایین ڕێككه‌وتنى نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عیراقى فیدرال له‌باره‌ى دۆسیاى نه‌وته‌وه‌ تاوتوێ كرا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، وه‌ڵامى پرسیار و تێبینییه‌كانى نوێنه‌‌رانى كوردستانیان له‌ به‌غدا، دایه‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ داكۆكى له‌سه‌ر گرنگیى هه‌بوونى به‌رده‌وامى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوان سه‌رۆكایه‌تى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێم و نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا كرده‌وه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بڕیار درا له‌ هه‌ردوولا دوو لیژنه‌ى تایبه‌ت پێك بێن و دواتر پێكه‌وه‌ ده‌سته‌یه‌كى هاوبه‌شى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى پێك بێنن و بڕیار له‌سه‌ر دانانى میكانیزمێك بۆ چۆنیه‌تیى هه‌ماهه‌نگیى به‌رده‌وامى نێوانیان بده‌ن، تا به‌رده‌وام زانیاریى پێویست له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بده‌نه‌ یه‌كتر و نوێنه‌رانى كوردستان له‌ به‌غدا له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانى حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى فیدرال و سه‌رۆكایه‌تیى كۆمار، بتوانن كارى باشتر بۆ خزمه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى دوایین ڕێككه‌وتنى هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرال له‌سه‌ر پرسى نه‌وت كرده‌وه‌ و به‌ ڕێككه‌وتنێكى گرنگیان بۆ تێپه‌ڕاندنى یاساى بودجه‌ى 2015ى عیراقى فیدرال له‌ قه‌ڵه‌م دا. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، دووپاتى كرده‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى ڕێككه‌وتنه‌كه‌یه‌ و بۆ هه‌ر ناڕوونییه‌كیش ئه‌گه‌ر‌ هه‌بێت، هه‌روه‌ها بۆ گفتوگۆ له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانى دیكه، له‌ ماوه‌یه‌كى داهاتووى نزیكدا، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى شاندێكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، دووباره‌ سه‌ردانى به‌غدا ده‌كاته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى فیدرال و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌ عیراقییه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌.

یادی ڕۆژی لەدایكبوونی حه‌زره‌تی موحه‌ممه‌د پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (دروودی خوای لێ بێت)، بە گەرمی لە سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و عیراق و سەرانسەری جیهان پیرۆز دەكەین، له‌ خوای مه‌زن و پەروەردگار داواكارین ئەم بۆنە پیرۆزە بكاتە سه‌ره‌تای قۆناغێكی دیكە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری و بەردەوامبوونی پێكەوەژیانی ئاشتیانە لەنێو پێكهاتەكانی گەلەكەمان و ته‌واوی مرۆڤایه‌تیدا.

گەلى کوردستان شانازى دەکات کە هەر لە دێرزەمانەوە خۆى لە توندوتیژى و تایەفەگەرى و ڕەگەزپەرستى بەدوور گرتووە و هەمیشە هەوڵى چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی ئاشتى و پێکەوەژیان و لێبوردەیى له‌نێو پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستاندا داوه‌. هیوادارین ئه‌م یاده‌، له‌گه‌ڵ خۆیدا ئاشتی و ته‌بایی و پته‌وكردنی بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیان بۆ كوردستان و ناوچه‌كه‌ و جیهان بێهنێت و دووبارە جەژنی لەدایكبوونی پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) لە هەموو موسڵمانان پیرۆز بێت.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
2015/1/2

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی