به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد و گه‌لانی ناوچه‌كه‌ كرد، تیایدا پیرۆزبایی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌ هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ ده‌كات كه‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌گێڕن، ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

په‌یامی جه‌ژنی نه‌ورۆز

به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌، جوانترین پیرۆزبایی و جه‌ژنه‌پیرۆزه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد و هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ ده‌كه‌م، كه‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌گێڕن، به‌تایبه‌تی گه‌لانی ئێران كه‌ نه‌ورۆز یه‌كێكه‌ له‌ هاوبه‌شییه‌كانی نێوان گه‌لی كوردستان و گه‌لی ئێران. هیوادارم ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته‌ جه‌ژنی ئاشتی و ئارامى بۆ هه‌موو ناوچه‌كه‌مان.

جه‌ژنی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان پیرۆز ده‌كه‌م. جه‌ژنی هه‌موو ئه‌و بنه‌ماڵه‌ كورده‌ ئێزدیانه‌ پیرۆز ده‌كه‌م، كه‌ هێشتا كه‌سوكاره‌كانیان له‌ ده‌ست داعشدا ماون و هیوادارین جه‌ژنی داهاتوو ئه‌وانیش له‌ كوردستان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بن.

جه‌ژنی یه‌ك به‌ یه‌كی هه‌موو پێشمه‌رگه‌ خۆڕاگر و ئازاكانی كوردستان پیرۆز ده‌كه‌م و پێیان ده‌ڵێم: ئێوه‌ به ‌سه‌ركه‌وتنتان به‌سه‌ر داعشدا، نه‌ورۆزتان به‌ ئازایه‌تی و داستانێكی دیكه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد.

به‌داخه‌وه‌ شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی؛ كاریگه‌ریی نه‌رێنى له‌سه‌ر دۆخى هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى دروست كردووه‌، به‌ڵام دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ هه‌موو گه‌لی كوردستان كه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ش تێده‌په‌ڕێنین، تیرۆر ده‌شكێنین و كوردستان له‌ پێشكه‌وتن به‌رده‌وام ده‌بێت.

به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی تازه‌ی كوردییه‌وه‌، هیوادارم‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی كوردستان پێكه‌وه‌ دابنیشن و هه‌موو كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ قۆناغی داهاتوو پێویستی به‌ یه‌كڕیزییه‌كی زۆره‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی سه‌ركه‌وین، كوردستان بپارێزین و ده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ گه‌له‌كه‌مان به‌ده‌ست بهێنین.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
20ى ئازارى 2016

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15.9.2015، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ساز كرا.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌سپێكردنى ساڵى خوێندنى نوێى 2015 – 2016ى پیرۆز كرد و هیواى سه‌ركه‌وتن و ساڵێكى ئارامى خوێندنى خواست.

له‌ بڕگه‌ى یه‌كه‌مى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ڕاپۆرتێكى ده‌رباره‌ى دوایین زانیارى و پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تیرۆر و سه‌ركه‌وتنه‌ به‌رده‌وامه‌كانى پێشمه‌رگه‌ پێشكه‌ش كرد و تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌و زیانانه‌ى به‌ر تیرۆرستانى داعش كه‌وتووه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ به‌رامبه‌ر هێز و وره‌ى به‌رزى پێشمه‌رگه‌دا‌ شكست ده‌خۆن و له‌ پاشه‌كشێى به‌رده‌وامدان.

هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ دواى پازده‌ مانگ له‌ شه‌ڕى دژ به‌ تیرۆرستان، ئێستا پێشمه‌رگه‌ ئه‌زموونى زیاترى وه‌رگرتووه‌ و به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌تى پشتگیریى ئاسمانى، به‌ وره‌یه‌كى به‌رزه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى تیرۆر ده‌بێته‌وه‌. كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و پێداویستیى پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕى دژى تیرۆریشى خسته‌ ڕوو.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌ز‌یران ڕێز و پێزانینى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى بۆ پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ئه‌و قاره‌مانیه‌تى و قوربانیانه‌ دووپات كرده‌وه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ خاك و هاووڵاتیانى كوردستان ده‌یده‌ن. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند هه‌فته‌ى داهاتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تى لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت ده‌رباره‌ى داواكارى و پێداویستییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و ئه‌م ڕاپۆرته‌ى به‌ڕێز وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ساز ده‌كرێت.‌
ئینجا به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى، چه‌ند زانیاریه‌كى سه‌باره‌ت به‌ داهاتى پێشبینیكراو بۆ مانگه‌كانى داهاتووى ساڵى 2015 و ئه‌وله‌ویه‌تى خه‌رجییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى پێشكه‌ش كرد كه‌ دابینكردنى مووچه‌ له‌ ڕیزى پێشه‌وه‌ى ئه‌م ئه‌وله‌ویه‌ته‌‌یه‌ و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ل دابینكردنى سه‌رچاوه‌ى داراییى پێویست، مووچه‌ دابه‌ش بكرێت و مووچه‌ى هیچ كه‌سێك وه‌ك مافێكى یاساییى فه‌رمانبه‌ران نافه‌وتێت.

هه‌روه‌ها ‌باسێكى ده‌رباره‌ى ڕێنماییى وه‌زاره‌تى داراییى عیراقى تایبه‌ت به‌ وه‌رگرتنى باج و گومرك پێشكه‌ش كرد و تیشكى خسته‌ سه‌ر كاریگه‌ریى ئه‌م ڕێنماییه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێ بكرێن. له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیارى دا كه‌ لیژنه‌یه‌ك به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى پێك بێت تا دیراسه‌ى ئه‌و ڕێنماییانه‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى كاتێك بڕیارى جێبه‌جێكردنى ئه‌و ڕێنماییانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان درا، ڕه‌چاوى تایبه‌تمه‌ندى و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكرێت.

له‌ بڕگه‌یه‌كى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زیرى پلاندانان باسێكى ده‌رباره‌ى كێشه‌كانى جێبه‌جێكردنى گرێبه‌سته‌ گشتییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و بابه‌تى ڕێنماییه‌كانى ئه‌م بواره‌ پێشكه‌ش كرد كه‌ وه‌زاره‌تى پلاندانان به‌ هه‌ماهه‌نگیى بانكى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ڕێگه‌ى لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شى وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانه‌وه‌ ئاماده‌ى كردووه و كاتێك وه‌زاره‌ت ئه‌و ڕێنماییانه‌ ده‌رده‌كات، پێشكه‌وتن و شه‌فافییه‌ت له‌ بوارى گرێبه‌سته‌كاندا، دێنێته‌ ئاراوه‌‌.

له‌ بڕگه‌یه‌كى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ڕێز وه‌زیرى بازرگانى و پیشه‌سازى، بابه‌تێكى په‌یوه‌ندارى به‌ به‌ڕێوه‌بردنى پرۆسه‌ى كڕێنه‌وه‌ى گه‌نمى خۆماڵیى جووتیارانى كوردستان و به‌شى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى له‌ خه‌رجییه‌كانى حاكیمه‌ به‌پێى یاساى بودجه‌ى عیراقى فیدرال پێشكه‌ش كرد. تیایدا تیشكى خسته‌ سه‌ر پێشبینیى پێداویستیى به‌شه‌خۆراكى هاووڵاتیان بۆ ساڵى 2016 و بودجه‌ى پێویست بۆ ئه‌و پێداویستییانه‌ و وه‌زاره‌ت ڕاسپێردرا بۆ چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌، ئاماده‌كارى بكات.

له‌ كۆتاییى كۆبوونه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ پرسى كۆچ بۆ ده‌روه‌ى وڵات، به‌ڕێزان وه‌زیرى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و وه‌زیرى ڕۆشنبیرى و لاوان، چه‌ند زانیارى و داتایه‌كیان خسته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌ن و له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌ت ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ هه‌ند وه‌رده‌گرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ ماوه‌یكى نزیكدا به‌ به‌شداریى لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان و پسپۆڕانى بیانى، كۆنفرانسێك ساز ده‌كات بۆ ئاماده‌كردنى پلانى پێویست له‌مباره‌یه‌وه‌.

ده‌رباره‌ى چاكسازیش ڕایگه‌یاند كه‌ چاكسازى به‌شێكه‌ له‌ به‌رنامه‌ى حكوومه‌ت و پێشتریش به‌تایبه‌تى له‌ كاتى دروستبوونى قه‌یرانى داراییدا، هه‌نگاوى جددى بۆ چاكسازى ناوه‌ و له‌ هه‌نگاونان بۆ چاكسازى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى واقعى و به‌پێى پڕۆژه‌یه‌كى تۆكمه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانیش تیشكى خسته‌ سه‌ر هه‌نگاوه‌كانى حكوومه‌ت بۆ چاكسازى و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ دواى ئه‌وه‌ى لیژنه‌یه‌كى پسپۆڕ له‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌نداره‌كان، سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى و داتاى پێویستن بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ى بابه‌تى مووچه‌ و ده‌رماڵه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى دادپه‌روه‌رى و له‌ چوارچێوه‌ى یاسا و ڕێنماییه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ پڕۆژه‌ى چاكسازى و پێداچوونه‌وه‌ى پێدا ده‌كرێت.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27/7/2015 كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی كرد له‌ فرانك به‌یكه‌ر باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و ئه‌نكس مه‌كی كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ كرا له‌ باره‌ی دوایین پێشهات و رووداوه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ سه‌رجه‌م كێشه‌و گیرگروفته‌كان به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن.

ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پرسی جه‌نگی تیرۆر و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، له‌مباره‌یه‌وه‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا سه‌رسامی خۆی به‌ قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌م جه‌نگه‌ ده‌ربڕی و پاڵپشتی و پشتیوانی وڵاته‌كه‌شی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ربڕی و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ بازنه‌ی هاوكارییه‌كان فراوانتر بكرێت.

په‌یوه‌ست به‌ جه‌نگی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و پێویستیشی به‌ هاوكاری زیاتر هه‌یه‌.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاته‌كان خرایه‌ به‌رباس، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی كورد و ئاینده‌ی كوردستان له‌به‌رچاو بگرن و سازان له‌سه‌ر پرسه‌كان بكه‌ن دوور له‌ هه‌ر جۆره‌ بارگرژییه‌كی حزبی، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ كورد هاتۆته‌ دی پێویستی به‌ پاراستنه‌و ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌ یه‌كڕیزی لایه‌نه‌كان ده‌كرێ".

لای خۆشیه‌وه‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق گوتی"پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌مووتان به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌تان بپارێزن و ئه‌و بارودۆخه‌ی بۆ كورد هاتۆته‌ پێش نه‌یكه‌نه‌ قوربانی ململانێ حزبیه‌كانتان".

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌داو له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌ردوولا به‌پێویستیانزانی جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كان ببێته‌ كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان".

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 29/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ئێگهارد برۆس باڵیۆزی ئەڵمانیای فیدراڵ لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارێكدا بەڕێز برۆس خۆشاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسی ڕەوشی سیاسیی عێراقی بە شێوەیەكی گشتی و كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ كرد و هیوای خواست كێشەكان له‌ ڕێگەی دیالۆك و گفتوگۆوه‌ چارەسەر بكرێن، سیستمی فیدرالیشی بە باشترین سیستمی دەسەڵات بۆ عێراق زانی.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری كرد و جەختی لەوە كردەوە كە ئه‌ڵمانیا لە هاوكارییكردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش بەردەوام ده‌بێت و سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە سەرەڕای ئەو بارە قورسە داراییەی كەوتۆتە سەر شانیان، پێشوازییان لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كردووە و بە شێوەیەكی زۆر باش پێداویستی و جێگەی حەوانەوەیان بۆ دابین كردوون.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە خوازیارن كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێن و ئامادەییی خۆیشی دەربڕی كه‌ بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لەگەڵ بەغدا، بە تایبەتی لە بوارەكانی بودجە و نەوتدا، سەردانی بەغدا بكات. بەڕێزیان ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان بێن و چاودێریی شەفافییەتی ناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە بكەن، ئاماژەی بەوەش دا كاتێك ساڵی دوو هەزار و سێ چوونە بەغدا، بە ئومێدی دروستكردنی عێراقێكی نوێ بوون، بەڵام ئەمە ڕووینەدا.

هەروەها سوپاسی هاوكارییەكانی ئەڵمانیا و وڵاتانی هاوپەیمانیى نێوده‌وڵه‌تى كرد كە لە شەڕی دژی داعشدا پێشكەش بە هێزی پێشمەرگەیان كردووە و هۆكارێك بوون پێشمەرگە لە سەركەوتنەكانی بەرامبەر تیرۆر بەردەوام بێت. هیوایشی خواست لە هەردوو بواری مرۆیی و سەربازییەوە زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی بتوانن لە هەردوو بوارەكاندا باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە خەڵك و خاك و ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بكەن.

لە بارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانیشه‌وه‌ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، بەرێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتى كردەوە كە هەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەیە باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، لەسەر بنەمای بەرژوەندیی هاوبەش هەبێت.

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

هاوكاتی پێشوازیكردن له‌جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆزو ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆز بۆ یه‌كتری، به‌پێویستی ده‌زانم جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ی خۆم ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م موسوڵمانان به‌گشتی و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان به‌تایبه‌تی بكه‌م و چه‌پكه‌گوڵی سه‌ربه‌رزی و سه‌رفرازی بده‌م له‌یه‌خه‌ی خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان.

ئاشكرایه‌ ئه‌م جه‌ژنی ره‌مه‌زانه‌ هاوكاتی چه‌ندان گۆڕانكاری گه‌وره‌یه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا، كه‌ گه‌لی كوردمان له‌و هاوكێشانه‌دا كاراكته‌ری سه‌ره‌كییه‌و له‌جه‌نگی روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆردا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نموونه‌ی هێزی قاره‌مان و خۆڕاگری ناوچه‌كه‌یه‌و به‌نه‌به‌ردی و قاره‌مانێتییه‌كانی توانیویه‌تی به‌جیهان بڵێ به‌گیان و خوێن له‌هه‌وڵداین تا بۆ دنیای بسه‌لمێنین ئێمه‌ین گه‌لی ئازادیخوازو دیموكراسیخواز له‌ناوچه‌كه‌، هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موومان یه‌كڕیزو كۆده‌نگ بین بۆ گه‌یشتن به‌ئاواته‌كانمان، ئه‌ویش ته‌نها له‌ڕێگای یه‌كڕیزی ده‌بێت و پێویسته‌ له‌مكاته‌ چاره‌نووسسازه‌دا ململانێكانمان وه‌لابنێین و نموونه‌ی ته‌بایی و یه‌كڕیزی بین بۆ ناوچه‌كه‌.

جارێكی ترو به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز وێڕای پیرۆزبایی گه‌رمم له‌هه‌موو لایه‌ك به‌گرنگی ده‌زانم جه‌خت له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ گه‌لێكی یه‌كڕیزو كۆده‌نگ بین بۆ گه‌یشتن به‌خه‌ونه‌ له‌مێژینه‌ییه‌كانمان.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

دوێنێ سه‌رۆكی فره‌نسا، فره‌نسوا هۆلاند، له‌ كۆشكی ئه‌لیزێ له‌ پاریس پێشوازی له‌شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد، كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، مسته‌فا سه‌ید قادر بوو به‌ یاوه‌ری ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی مه‌یدانی به‌ره‌كانی جه‌نگ و به‌رپرسانی وه‌زاره‌ت.

مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی زیاره‌تی شاندی كوردی بریتی بوو له‌ داواكردنی چه‌ك وته‌قه‌مه‌نی و هاوكاریی سه‌ربازی زیاتر له‌ فره‌نسا، به‌تایبه‌تی چه‌كی قورستر له‌وه‌ی ئستا به‌ده‌ستی ده‌گات و زیادكردنی ئاستی مه‌شقكردن به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌.

دوای روونكردنه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌مڕۆی به‌ره‌كانی شه‌ڕ دژ به‌ رێكخراوی تێرۆریستی ده‌وله‌تی ئیسلامی، ناسراو به‌ داعش،  بۆ لایه‌نی فره‌نسی، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ووتی، ”ئێمه‌ پێویستیمان به‌ چه‌كی پێشكه‌وتوو هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و دووژمنه‌ی له‌ناوببه‌ین كه‌ له‌ مانگی كانونی دووه‌می ئه‌م ساڵ چه‌ندین هاوڵاتی فره‌نسی له‌ پاریس كوشت و به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ هاوڵاتیانی ئێمه‌یان كوشتووه‌و مه‌ترسین له‌سه‌ر ئێمه‌و هه‌موو جیهان.“

 

شایانی باسه‌ كه‌ جگه‌ له‌ سه‌رۆكی فره‌نسی، وه‌زیری به‌رگری، ژان ئیڤ لودریان وسوپاسالاری تایبه‌تیسه‌رۆكی فره‌نسی، جه‌نه‌رال پوژاس و ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژكارانی سه‌رۆكایه‌تی ئاماده‌بوون له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌.

سه‌رۆكی فره‌نسا تێگه‌یشتنی خۆی ده‌ربڕی بۆ پێویستی پێشمه‌رگه‌ به‌ چه‌ك وته‌قه‌مه‌نی پێشكه‌وتووتر وبه‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دا كه‌ هه‌وڵێكی زۆر بدات بۆ جێبه‌جكردنی داواكارییه‌كانیان.

دوای گوێ گرتن له‌ پێداویستییه‌كانی شاندی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌، فرانسوا هۆلاند ووتی، “پێده‌چێت كه‌ بارودۆ‌خه‌كه‌ ‌په‌له‌ بێت وداوا له‌ وه‌زیری به‌رگریده‌كه‌م كه‌ دیراسه‌تی داواكاریه‌كان بكات بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چۆن به‌ زوویی ئه‌و كاره‌ جێبه‌جێبكه‌ین”. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند كه وه‌زیری به‌رگری فره‌نسا دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی تر‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی شاندی سه‌ربازی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فره‌نسی ‌ده‌ستپێشخه‌ری فه‌یله‌سوف ونووسه‌ری فره‌نسی، بێرنارد هێنری لێڤی بوو كه‌ له‌ مانگی شوباتی رابردوو سه‌ردانی به‌ره‌كانی شه‌ڕی كرد وبه‌ڵێنیدا كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی ووڵاته‌كه‌ی قسه‌بكات بۆ به‌ده‌ستهێنانی یارمه‌تی سه‌ربازی زیاتر بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.

دوای كۆبوونه‌وه‌ی شاندی كوردی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فره‌نسا، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تی ناسراوی فره‌نسی ودۆستانی كوردستان و نوسه‌رو رۆشنبیرانی فره‌نسی و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌ فره‌نسا، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ وبه‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌كان، پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ی زیاره‌ته‌كه‌یان و بارودۆخی ئیمرۆی جه‌نگ دژی تێرۆریزم پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووانكرد.

 

پێشتریش، سیمینارێك بۆ وه‌زیری كاروباری پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌كرا له‌ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ شرۆڤه‌كاران وپسپۆرانی په‌یمانگه‌ی فره‌نسی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌ یه‌ك له‌ ناوه‌نده‌ گرنگه‌كانی شرۆڤه‌یه‌ ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ فره‌نسا.

هه‌ر هه‌مان رۆژی چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فره‌نسا، شاندی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانی په‌یمانگای خوێندنی باڵا بۆ به‌رگری نیشتمانی كرد كه‌ یه‌ك له‌ گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی خوندنی پیشه‌ی سه‌ربازییه‌ له‌ فره‌نسا و ئه‌فسه‌ری پله‌ به‌رز لێیدا ئاماده‌ده‌كرێت. شاندی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ پێشوازی لێكرا و له‌و نووسینگه‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌ كه‌ ناپلیۆن بۆنابارت و مارشال ژۆفر، كه‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌موو هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان بوو له‌ جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا، كاریان لێكردبوو.

له‌ دوا رۆژی زیاره‌ته‌كه‌ی، شاندی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ گروپی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی فره‌نسی كۆبۆوه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن پیێر لولوش سه‌رۆكایه‌تی لێده‌كرێت، كه‌ كۆنه‌ وه‌زیری فره‌نساو به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حزبی ئۆپۆزیسیۆنی ده‌سته‌راسته‌ كه‌ نیكۆلا ساركۆزی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی بارودۆخی سیاسی وسه‌ربازی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شكرد، به‌تایبه‌تی بارودۆخی به‌ره‌كانی شه‌ڕ دژ به‌ داعش. پیێر لولوش جه‌ختی له‌وه كرد كه‌ وه‌ك سه‌رۆكی گروپه‌كه‌و وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنی فره‌نسی پشتیوانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن له‌ شه‌ریان دژ به‌ تێرۆریزم.

شایانی باسه‌ كه‌ شاندی سه‌ربازی هه‌رێمی كوردستان بۆ فره‌نسا هه‌روه‌ها پێكهاتبوو له‌ لیواء سیروان بارزانی، فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری ٦، لیواء عه‌زیز وه‌یسی، فه‌رمانده‌ی هێزی زێره‌ڤانی، عه‌مید روكن سالار ابراهیم صابر، جیگری به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی ئۆپه‌راسێۆنی هاوبه‌ش، عه‌مید روكن هه‌ژار عمر هه‌ژار، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندیه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌، عه‌مید روكن به‌ختیار محه‌مه‌د صدیق، فه‌رمانده‌ی لیوای 16، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 29/3/2015 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ژان ئاسڵ بۆرن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و كاروباری یه‌كێتی ئه‌وڕووپای لوگزەمبۆرگ و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌م دیداره‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوگزەمبۆرگ ستایشی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كرد و پێزانینی خۆشی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر ئه‌و یارمه‌تییه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شی ئاواره‌كانی كردووه‌ و رایگه‌یاند، جیهان به‌ڕێزه‌وه‌ سه‌یری ڕۆڵی كوردستان له‌ حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان و پاراستنی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كان ده‌كات. هه‌روه‌ها ستایشی ئه‌و سه‌قامگیری و پێشكه‌وتنانه‌ی كرد، كه‌ كوردستان به‌خۆیه‌وە بینیوویەتی‌ و پابه‌ندی بنه‌ماكانی دیموكراسی و پێوه‌ره‌كانی مافی مرۆڤ بووه‌. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌وه‌شی به‌ سه‌رۆك بارزانی راگه‌یاند، كه‌ لەنێو وڵاتانی ئەورووپاییدا مەیلێكی زۆر هه‌یه‌ بۆ یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی سه‌ربازی و هاوكاری مرۆییه‌وه‌، وڵاته‌كە‌شی له‌ پشتیوانی و هاوكاری مرۆیی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و رایشیگه‌یاند، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وڵاتی ئه‌ڵمانیادا ئاماده‌ی چاره‌سه‌ركردنی پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كان و دابینكردنی پێداویستی پزیشكین.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوگزەمبۆرگ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ له‌ ئه‌وڕووپادا رێزێكی زۆر بۆ پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ و رایگه‌یاند، ئێمه‌ باش له‌و ئه‌ركه‌ قوڕسه‌ ده‌گه‌ین، كە پێشمەرگە بەجێیگەیاندووە به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌بوایه‌، داعش نه‌ده‌شكا. ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌ته‌نها شه‌ڕی كوردستان نییه‌ و چونكه‌ داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ هه‌مووان بۆیە ده‌بێ به‌ هه‌موو لایه‌ك روبه‌ڕووی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ جیهانییه‌ ببینه‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی سوپاسی هه‌ڵوێستی وڵاتانی دۆستی هه‌رێمی كوردستانی كرد و رایگه‌یاند هه‌رچه‌نده‌ كوردستان له‌ شه‌ڕێكی قورسدا بوو، به‌ڵام یارمه‌تیدانی ئاواره‌كانی به‌ ئه‌ركێكی نیشتمانی و مرۆیی زانی و له‌و ئه‌ركه‌یشدا به‌رده‌وام ده‌بێت. سەرۆك بارزانی جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ شانازییه‌وه‌ شه‌ڕی تیرۆریستان ده‌كات و توانیشی ئوستوره‌ی داعش بشكێنێ و دووپاتی كردەوە داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك و روبه‌ڕووبونه‌وه‌یشی ته‌نها به‌ ڕێگەی سه‌ربازی ناكرێ، به‌لكو ده‌بێ له‌ڕووی فكریشه‌وه‌ شه‌ڕی بكرێ و سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی وشك بكرێن. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ نابێ رێگه‌ بدرێ تیرۆریستان له‌ وڵاتانی ئه‌وڕووپادا ئازادییه‌كان بۆ مەبەستی ئاسانكاریی كاری تیرۆریستی بەكار بهێنن.

بارودۆخی سیاسی و قه‌یرانه‌كانی ناوچه‌كه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو، له‌وباره‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ گه‌لی كوردستان خاوه‌نی كولتووری پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌ییه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته‌ به‌شێك له‌و ململانێ تایفییه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌ ئارادایه‌، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ تیرۆر و فه‌رهه‌نگی توندڕۆیی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێ جێ پێی خۆی له‌ كوردستان بكاته‌وه‌. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ رێككه‌وتنێك لە نێوان هەردوولا هه‌یه‌ و لایه‌نی كوردستانی پێوه‌ی پابه‌نده‌ و چاوه‌ڕێی جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه‌.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانی لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی دا. بۆ بینی لێدوانه‌كه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌.

 

 

 

 

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ١٩-٢-٢٠١٥، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز ئه‌حمه‌د داوودئۆغلو سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیاوه،‌ پێشوازییان لێكرا.

له‌ دیدارێكدا‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا، بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و عیراق و شه‌ڕی دژی داعش، سه‌ركه‌وتن و پێشڕه‌وییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و شكستی به‌رده‌وامی تیرۆرستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و دوایین ڕێككه‌وتنی هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عیراق و كار و وه‌به‌رهێنانه‌كانی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان خرانه‌ به‌ر باس و هه‌ردوولا داكۆكییان له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان و بره‌ودانی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا، به‌ تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانی وزه‌، ئابووری و بازرگانیدا، كرده‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا شاندی یاوه‌ری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیرانی دارایی و ئابووری، سامانه‌ سروشتییه‌كان و پلاندان، ئاماده‌ بوون. دوای ئه‌وه‌ش شاندی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و هه‌ولێر گه‌ڕایه‌وه‌.
 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی