بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2025، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێم و گشت کوردستانییان دەکەم  و هیوای شادی و خۆشگوزەرانی و ساڵێکی پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان دەخوازم.

سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە بە داخەوە بە هۆی کێشە دروستکردن و نەناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، مووچەخۆرانی هەرێم، ساڵێکی دارایی سەختی دیکەیان بەڕێکرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە ئەم کێشەیە لە سالی داهاتوو، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت.  
هەروەها ئومێدەوارین، لە زووترین کاتدا،  گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەنجام بگات و لە سەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی حکومەتێکی یەکگرتووی بەهێز و سەرتاسەری دروست بکرێت، کە لە ئاست ئەرک و ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوودا بێت و بێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات.

ساڵی نوێ لە هەموو لایەک پیرۆز بێت و هیوادارم ساڵی ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی بێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/12/31

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2024/december/پەیامی-سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-بە-بۆنەی-سەری-ساڵی-نوێی-زایینی2025/

 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 1/12/2024، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌ولێر، به‌شداریی له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌یه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی زانكۆی ئه‌مه‌ریكیی كوردستان كرد.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ به‌رپرسانی حزبی و حكوومی، باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ئه‌كادیمیست ئاماده‌ی بوون، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

ئامادەبووانی بەڕێز،
ئێواره‌تان باش،
ده‌مه‌وێ به‌خێرهاتنی هه‌موو میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان بكه‌م، باڵیۆزه‌كان، كونسوڵانی وڵاتان له‌ هه‌ولێر، هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه‌ له‌م شه‌وه‌دا له‌گه‌ڵماندا به‌شدارن، به‌خێرهاتنێكی گه‌رمیان ده‌كه‌م، به‌خێرهاتنی هه‌موو میوانانی ئازیز ده‌كه‌م، به خێر بێن سه‌ر چاو.
به‌خێرهاتنێكی تایبه‌تیی قه‌داسه‌تی مار ئاوا ده‌كه‌م كه‌ ئه‌ویش ئه‌مشه‌و له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا له‌گه‌ڵماندا به‌شداره‌، زۆر به‌ خێر بێی.

خۆشحاڵم که‌ ئەم ئێواره‌یه‌ له‌ ڕێوره‌سمى دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی ئەمه‌ریکیی کوردستان به‌شدارم. به‌ گه‌رمی پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی لەم دامەزراوە ئەکادیمییە پێشكه‌وتووه‌ ده‌که‌م کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، بیرۆکەیەکی تازه‌ى بۆ گۆڕینی سیستەمی خوێندن و فێركردن لە هەرێمی کوردستان و به‌ره‌و باشتربردنی، بەرجەستە کردووە.

پەروەردە و فێركردن تەنها ئامرازێک نییە بۆ پەرەپێدانی تاکەکان، بەڵکو هێزێکە کە دەتوانێت کۆمەڵگەکان بنیات بنێت و داهاتوویەکی گەشاوە بۆ وڵاتان و میلله‌تان دروست بکات. ساڵی ٢٠١٣، كه‌ برای به‌ڕێزم کاک مه‌سروور بارزانی بیرۆکەی دامەزراندنی زانکۆکه‌ی له‌گه‌ڵ من باس كرد كه‌ ئه‌و كات سه‌رۆكی حكوومه‌ت بووم، به‌ خۆشحاڵييه‌كی زۆره‌وه‌ پێشوازیم له‌ بیرۆكه‌ی جه‌نابی كرد. ئه‌مه‌ به‌ ته‌واوى له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕوايه‌مدا كۆك بوو كه‌ گرنگه‌ دامەزراوەی فێركردن و خوێندنى زانكۆيى له‌ ئاستی جیهانیدا، بنيات بنێين.

زۆر سوپاسی هەوڵە به‌رده‌وامه‌کان و ڕوانگه‌ی بەڕێزیان ده‌كه‌م، سوپاسی ئەنجوومەنی ئەمینداران، سه‌رۆکایه‌تیی زانکۆ و ئەندامانی دەستەی وانەبێژ ده‌که‌م کە له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی ڕابردوو، بە دڵسۆزی و دیدێکی ژیرانه‌، ڕووبەڕووی ئاڵنگارى و کێشەکان بوونەتەوە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کاروانی زانکۆ، بۆ گه‌يشتن به‌ ئامانجه‌ باڵاکانی.

ئامانجى دامه‌زراندنى زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان، لە سەرەتاوە ڕوون بوو:
بريتيى بوو له‌ بنیاتنانی دامەزراوەیەک کە ببێتە نموونەیەکی باڵای ئەکادیمی و چرایەک بۆ زانست و بۆ داهێنان. ببێته‌ ئیلهامبەخش بۆ نەوەکانی داهاتوو. به‌شدار بێت له‌ ئاماده‌كردنى ئه‌و نه‌وه‌يه‌دا كه‌ تواناى ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانى هه‌بێت. نه‌وه‌يه‌ك‌ بتوانێت ئامرازەکانی سەرکەوتن لە جیهانێکدا ده‌سته‌به‌ر بكات کە زۆر خێرا دەگۆڕێت و ئه‌وه‌مان لێ ده‌خوازێت به‌رده‌وام خۆمان له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنه‌کانیدا نوێ بکه‌ینه‌وه‌؛ تا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕۆین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاروانی پێشكه‌وتنی گه‌لان دانه‌بڕێین.

به‌ڕێزان،

لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، زانکۆی ئەمه‌ریکیی کوردستان دەستکەوتی بەرچاوی بەدەست هێناوە کە وايكردووه‌ ببێته‌ نموونەیەکی ديار بۆ کوالێتیی خوێندن له‌ كوردستان و عێراق. لەوانه‌:

• يه‌كه‌م دامه‌زراوه‌ى خوێندنى باڵايه‌ له‌ عێراق كه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ چه‌ندین قۆناغى گرنگى پرۆسه‌ى به‌ده‌ستهێنانى متمانەی ئەکادیميی نێوده‌وڵه‌تى تێده‌په‌ڕێنێت. ئه‌مه‌ش پابه‌نديى به‌رده‌وامى زانكۆ به‌ پێشكه‌شكردنى خوێندن به‌ كوالێتييه‌كى به‌رز، نيشان ده‌دات. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ سه‌ربه‌خۆييى زانكۆ زۆر گرنگه،‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن تايبه‌ت و جياواز بن و جێى متمانه‌ى ئه‌كاديميى نێوده‌وڵه‌تى بن.

• ئه‌وه‌ى كاك مه‌سروور له‌ قسه‌كانی خۆیدا باسى كرد كه‌ ٧٠٪ی قوتابيانى زانكۆ، به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان به‌خشينيان بۆ كراوه‌، (سكووله‌رشيپ‌)، مايه‌ى ڕێز و ده‌ستخۆشييه‌. سوپاس و پێزانين بۆ هه‌موو ئه‌و خێرخوازانه‌ و هه‌موو ئه‌و كه‌س و لايه‌نانه‌ی كه‌ هاوكار بوون و هاوكاریی زانكۆیان كردووه‌ و ده‌یكه‌ن، بێگومان چاومان له‌وه‌یه‌ كه‌ زیاتریش بیكه‌ن. پشتگيريى ئه‌و به‌ڕێزانه‌، واى كردووه‌ دەرفەت بۆ قوتابيانى پێکهاتە جیاوازەکانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بڕەخسێت تاوه‌كوو بتوانن له‌و زانكۆ‌ پێشكه‌وتووه‌ درێژه‌ به‌ خوێندنی خۆیان بده‌ن. دووباره‌ سوپاستان ده‌كه‌م، هيوادارم به‌رده‌وام بن و خه‌ڵكى ديكه‌ش ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رييه‌ بكه‌ن.

ده‌ستكه‌وتێكى ديكه‌ى زانكۆ، دامەزراندنی تیمی کاری پەروەردەيه‌ لە ساڵی ٢٠١٩، کە بووەتە پلاتفۆرمێکی کاریگەر بۆ پێدانی پێشنیار بۆ پەرەپێدانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمى كوردستان. به‌ ته‌واوى له‌گه‌ڵ بيرۆكه‌ى دامه‌زراندنى ئه‌م تيمه‌دا بووم و هه‌موو پشتگيرييه‌كم پێشكه‌ش كردن.

ئامادەبووانی خۆشەویست،

لە ڕێگەی پەروەردە و فێركردنه‌وە، دەتوانین کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، ئابوورییەکی بەهێز و داهاتوویەکی ڕۆشن بنیات بنێین کە شایستەی قوربانیدانی ئەم گەلە خۆڕاگره‌ بێت. چیرۆکی سەرکەوتنی زانکۆی ئه‌مه‌ریکیی کوردستان، تەنها دەستکەوتێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پەیامی هیوایە بۆ هەموو گەنجان‌‌‌ لە هه‌رێمى کوردستان و عێراق.

بۆيه‌ سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، كار و هه‌وڵى ئێمە لە هه‌رێمى كوردستان بۆ پەرەپێدانی سیستەمی پەروەردە و فێركردن هێشتا کۆتایی نەهاتووە. زۆر شت هەیە کە دەبێت بەدەست بهێنرێت بۆ دڵنیابوون لە داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ گەنجانمان. گرنگترینيان:

• پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەکانی سەدەی بیست و یەک بگونجێن و قوتابيان ئامادە بکه‌ن بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ بازاڕی کاری ناوخۆ و بازاڕی جیهانی.

• بەهێزکردنی ژێرخانی ئەکادیمی، بۆ دڵنیابوون لە کوالێتيی به‌رزى پەروەردە و فێربوون لە هەموو دامەزراوەكانى پەروەردە و فێركردن له‌ هەرێمى كوردستان.

• وەبەرهێنان لە کادیری وانەبێژ لە ڕێگەی دابینکردنی بەرنامەی ڕاهێنانی بەردەوام بۆ پەرەپێدانی لێهاتوویی و بەهێزکردنی کارامەیييان.

• هه‌روه‌ها به‌هێزبوونى زانكۆكانمان به‌ شێوه‌يه‌ك له‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و له‌ جيهانه‌وه‌، قوتابيان بێن و ڕوويان تێ بكه‌ن.

سوپاس و پێزانين بۆ هەموو ئەوانه‌ى کە بەشدارییان لە دامەزراندن و پشتگیريی ئەم زانکۆیە پێشكه‌وتووه‌دا كردووه‌. سوپاس و پێزانين بۆ هەموو ئەوانەی کار دەکەن بۆ باشترکردنی سیستەمی پەروەردە و فێركردن لە هه‌رێمی کوردستان.

هه‌موو لايه‌ك دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ کە كۆڵ ناده‌ين و پێكه‌وه‌ بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زیاتر و کردنی کوردستان بە ناوەندێکی هەرێمی بۆ پێشكه‌وتنى ئەکادیمی و داهێنان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان. كوردستانێك كه‌ گه‌نجه‌كانى بتوانن داهاتوويه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانمان بنيات بنێن.

گه‌لى كوردستان، دايكوباوک و باپیرانى ئه‌و قوتابيانه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ زانكۆ باشه‌كانى وه‌ك زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان ده‌خوێنن، چه‌ندين ده‌يه‌، ئازار و مه‌ينه‌تيى زۆريان چەشتووە، گیانی خۆیان بەخت کردووە، بۆ ئەوەی ئەم ئازادییەى ئه‌مڕۆمان بۆ بێته‌دى. ئەوان وه‌ك نه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ، دەرفەتی خوێندنیان نەبوو، بەڵام خەباتیان کرد بۆ ئەوەی نه‌وه‌ى داهاتوويان بتوانن ئەمڕۆ لە قوتابخانه‌ و زانكۆیه‌كی وه‌كو زانكۆی ئه‌مه‌ریكیی كوردستان بخوێنن.

ئەم ئازادییە، بەرهەمی ڕه‌نج و قوربانیدانی ئەوانە. ئەرکی ئێمە هه‌موومانه‌، داهاتوویەک بنیات بنێین کە شایستەی خه‌باتى ئەوان و خەونەکانیان بێت. ده‌بێ نه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ئەم دەرفەتە بەکار بهێنێ، بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئەوان و بنیاتنانی کوردستانێکی به‌هێز و پێشكه‌وتوو. بۆيه‌ هه‌ميشه‌ به‌ ڕێز و به‌ شكۆوه‌ ياديان ده‌كه‌ينه‌وه‌، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گيانى پاكيان داده‌نوێنين.

پیرۆز بێت دەیەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی زانکۆی ئەمه‌ریکيی کوردستان، پیرۆزبایی له‌ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌م كاروانه‌دا به‌شدار بوون و كاریان كردووه‌. قسه‌كانم ته‌واو نابێت ئه‌گه‌ر پیرۆزباییه‌كی تایبه‌تیش له‌ ڕانیا خان و هه‌وڵه‌كانی نه‌كه‌م كه‌ به‌رده‌وامن بۆ پشتگیریی زانكۆ.
هه‌موو لایه‌كیشتان به‌ خێر بێن سه‌رچاو
ئێواره‌یه‌كی خۆش.

زۆر سوپاس..

 

https://presidency.gov.krd/sarok-nechyrvan-barzany-bashdaryy-la-reorasmy-damazrandny-zankoy-aamarykyy-kordstanda-krd/

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 1/12/2024، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی سەدساڵەی لەدایكبوونی زانای گەورەی كورد و جیهانی ئیسلامی، پرۆفیسۆر دكتۆر مستەفا زەڵمیدا كرد كە لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر لەلایەن كۆڕبەندی هزری ئیسلامی و ڕێكخراوی ڕۆشنبیریی مستەفا زەڵمی-یه‌وه‌ ڕێكخرابوو.

لە ڕێوڕەسمەكەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی، حكوومی، كەسایەتی ئەكادیمی، زانا و مامۆستایانی ئایینیی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، نوێنه‌رانی ئه‌زهه‌ری شه‌ریف و كەسوكاری پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی ئامادەی بوون، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌يانيتان باش،

هه‌موو لايه‌كتان به‌ خێر بێن. به‌خێرهاتنێكى تايبه‌تى ميوانانى به‌ڕێز له‌ ئه‌زهه‌رى شه‌ريفه‌وه‌ ده‌كه‌م كە ئەمڕۆ تەشریفیان هێناوە و لەگەڵ ئێمە لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدارن، زۆر بە خێر بێن سەر چاوان. خۆشحاڵين كه‌ له‌م ديدار‌ و ڕێوڕه‌سمه‌دا بۆ يادى سەدساڵه‌ی له‌دايكبوونى پیاوێكی تایبەت، زانای گه‌وره‌ی كورد و جیهانی ئیسلامی، پرۆفیسۆر دكتۆر مستەفا زەڵمی، هەموو لایەك له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌شدارن، بە خێر بێن.

خوالێخۆشبوو زه‌ڵمى، تەنها زانا و بیرمەندێك نەبوو، بەڵكو هێمای چاكسازی و نوێكردنەوە بوو لە بیری ئیسلامی و یاسادا. ئەم پیاوە كە بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی دادپەروەر و مرۆڤانەتر ژیا، توانی بەها ئایینییە جێگیرەكان و پێداویستییەكانی سەردەمی نوێ، پێكه‌وه‌ كۆبكاتەوە، به‌وه‌ش كارێكى مه‌زنى ئه‌نجام دا.

دكتۆر مستەفا خاوەن دیدێكی چاكسازيی گشتگیر بوو لەسەر بنەمای باوەڕێكی قووڵ بەوەی كە ئايينى ئیسلام ڕێگر نییە لە بەردەم پێشكەوتندا، بەڵكو هێزێكی پاڵنەرە بۆ گەشەكردن و نوێبوونەوە. باوەڕی وابوو كە یاساكان جێگیر نین، بەڵكوو ئامرازێكن بۆ خزمەتی مرۆڤ، بۆيه‌ دەبێت گەشە بكەن، تاكوو لەگەڵ پێداویستیی گۆڕانكاریی گەلاندا بگونجێن.

دكتۆر زەڵمی خوێندنەوەیەكی نوێ و ڕۆشنگەرانه‌ى بۆ دەقە شەرعییەكان پێشكەش كرد. جەختی لەوە دەكردەوە كە ئیجتیهاد نابێت بوەستێت و تێگەیشتنی ڕووكەشانه‌ی دەقەكان، لەوانەیە ببێتە هۆی ڕێگری لە پێشكەوتنی كۆمەڵگەكان. پێی وابوو ئیسلام چونكه‌ ئایینی بەزەیی و دادپەروەرییە، بە هیچ شێوه‌يه‌ك ستەم و جیاكاری، قبووڵ ناكات.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

پێشتر هه‌م به‌رهه‌مه‌كانى، هه‌م ده‌رباره‌ى مامۆستا زه‌ڵمى خوێندبوومه‌وه‌. ده‌مزانى ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بيكه‌ين، بێ هاوكارى و پشتگيريى ئه‌و، هيچ ئاسان نابێت. بۆيه،‌ هەروەكوو مامۆستا محەمەد شەریف گوتی، له‌ یه‌كه‌م دیدارم له‌گه‌ڵ جه‌نابياندا له‌ 12ى ته‌ممووزى ساڵی 2007، داوام لێ كرد كە له‌ كوردستان بمێنێته‌وه‌.

بوونی ئه‌و، زۆر پێویست بوو بۆ گۆڕانكاريی گه‌وره‌ له‌ یاسای باری كه‌سيیدا. به ‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر به‌شداریی كرد له‌ گۆڕینی تێگه‌یشتنه‌ هه‌ڵه‌كان سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی وه‌ك: خه‌ته‌نه‌كردنی ئافره‌تان، ته‌ڵاق، كوشتنی ژنان و فره‌ژنی، ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆیه‌كی فیكری و فیقهيی به‌رهه‌مداره‌وه‌.

هه‌مان ساڵ به‌ سه‌رپه‌رشتيی به‌نده‌ و به‌ سه‌رۆكایه‌تيی دكتۆر زه‌ڵمی و ئه‌ندامێتی (10) شاره‌زاى په‌یوه‌ندیدار، ده‌ست به‌ ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ياسا‌ی هه‌مواركردنی یاسای باری كه‌سیی كرا. ماوه‌ی زیاتر لە (8) مانگ كاریان له‌سه‌ر كرد و له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان زه‌مينه‌سازيیان كرد.

له‌ كۆتاييدا به ‌شێوه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌قی قورئانی پیرۆزدا بگونجێت، ئاماده‌ كرا؛ ئينجا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی كوردستانیش په‌سه‌ند كرا. گۆڕانكارییه‌كان گەورە بوون، بێگومان، به‌بێ تێگه‌یشتنی قووڵی مامۆستا زه‌ڵمی بۆ قورئانی پیرۆز و فیقهـ‌، ئه‌مه‌ جێبه‌جێ نه‌ده‌بوو. هه‌روه‌ها ئه‌و ڕۆڵى سه‌ره‌كيی گێرا بۆ باوه‌ڕپێهێنانی زانایانی ئایینی له‌ گرنگيی ئه‌م گۆڕانكاریيه‌ و پشتگیریكردنیان.

مامۆستا زه‌ڵمی جووڵانه‌وه‌یه‌كی فیكریی گه‌وره‌ی دروست كرد له‌سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتنی مرۆڤانه‌ بۆ ئیسلام، دوور له‌و نه‌ریته‌ كۆنانه‌ى كه‌ بە هیچ شێوەیەك په‌یوه‌ندیيان به‌ ئايينه‌وه‌ نەبوو. بۆيه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی، به‌رده‌وام قه‌رزاری به‌خشینه‌ زانستی و فیكرییه‌كانى مامۆستايه‌.

هه‌ميشه‌ بێ كۆڵدان، لەگەڵ پیاوانی ئایینی، ئەكادیمییەكان و یاسادانەران و سياسه‌تمه‌داران كاری ده‌كرد بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگییەك لەنێوان بەها ئیسلامییەكان و پێداویستییە هاوچەرخەكاندا. ئەركەكه‌ى قورس بوو، بەڵام یاسایەكی به‌رهه‌مهێنا كە هاوسەنگییەكی وردی لەنێوان پاراستنی بەها كولتووری و ئایینییەكان و دەستەبەركردنی دادپەروەری و یەكسانيدا بۆ هەمووان، پێكهێنا.

ئەم یاسایە تەنها دەقێكی یاسایی نەبوو، بەڵكوو ڕەنگدانەوەی فەلسەفەی دكتۆر زەڵمی بوو كە ستەمی ڕەت كردەوە و مرۆڤسالارى و شكۆى مرۆڤى بەهێز كرد. ئه‌و، هه‌ميشه‌ جه‌ختى له‌ ڕێزگرتن و شكۆمه‌نديى مرۆڤ كردووه‌ته‌وه‌.

بەڕێزان،

دكتۆر زەڵمی، پێی وابوو كە بەهێزكردنی ئافرەت تەنها مەسەلەیەك نييه‌ په‌يوه‌نديى به‌ مافه‌وه‌ هه‌بێت، بەڵكوو فاكتەرێكی سەرەكییە بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی بەهێز و سەقامگیر. بۆيه‌ یەكێك بوو لە یەكەم بەرگریكارانی پرسى ئافرەت و مافه‌كانى لە هه‌رێمى كوردستان.

بە شێوەیەكی بەرچاو بەشداريی كرد لە دەركردنی یاسای سزادانی هەموو جۆرەكانی توندوتیژی دژی ئافرەتان. یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژيی خێزانی كە لە ساڵی ٢٠١١ دەرچوو، ئەنجامێكی ڕاستەوخۆی هەوڵە فیكری و یاسایيیەكانی دكتۆر بوو.

هه‌ميشه‌ جەختی لەوە دەكردەوە كە توندوتیژی دژی ئافرەتان، تەنها كێشەیەكی تاكەكەسی نییە، بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر كۆمەڵگە بە شێوەیەكی گشتی. پێی وابوو كە بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ژن، هەنگاوێكی بنەڕەتییە بەرەو بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی هاوسەنگ و دادپەروەر.

دكتۆر مستەفا ده‌يزانى كە چاكسازيی له‌ بوارى ياسادا، تەنها به‌ گفتوگۆى قووڵ و هاوكاريی نێوان لایەنە جیاوازەكان، بەدیدێت. باوەڕی وابوو كە شەریعەتی ئیسلام و یاسای مۆدێرن دژ بەیەك نین، بەڵكوو دەتوانن پێكەوە كار بكەن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەكسانی، له‌وپێناوه‌شدا ڕه‌نجێكى زۆرى دا و ئه‌ركێكى مه‌زنى جێبه‌جێ كرد.

فەلسەفەكەی لەسەر ئەوە بنیات نرابوو كە ئایین سەرچاوەی ئیلهامی ئەخلاقی و دادپەروەرییە، لەكاتێكدا، یاسا دەبێت ئامرازێكی پراكتیكی بێت، بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ڕێكخستنی پەیوەندییەكان، لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگەدا.

ئامادەبووانی بەڕێز،

میراتی دكتۆر مستەفا زەڵمی، تەنها كتێب و یاسا نین، بەڵكو پەیامی ئومێدە بۆ نەوەكانی داهاتوو. ئه‌و، فێری كردین كە ئیجتیهاد و كاری بەردەوام، تاكه‌ ڕێگەن بۆ بەدیهێنانی پێشكەوتن. ئه‌وه‌ى سه‌لماند كه‌ ئاستەنگەكان ڕێگر نین، بەڵكو پاڵنەرن بۆ داهێنان و نوێگەری.

دكتۆر زەڵمی، ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەوە لە ژیانیدا، بەڵام نموونەی ئازایەتی و پێداگری بوو. لە توێژینەوەكانییەوە تا چاكسازییه‌كانى له‌ یاسادا، هەمیشە پابەند بوو بە خزمەتی زانست و كۆمەڵگە. بۆيه‌ ژیانی ئه‌و، سەرچاوەی ئیلهامه‌ بۆ هەموو ئەوانەی هەوڵی بنیاتنانی داهاتوویەكی باشتر بۆ گەلەكەیان دەدەن.

وەك لە یەكێك لە نووسینەكانیدا دەڵێت: "زانستى ڕاستەقینە ئەوەیە كە خزمەتی مرۆڤ دەكات و بەرزی دەكاتەوە، هەر زانستێك ئەمە بەدینەهێنێت، زانستێكی ناتەواوە."

ئێمە لە هەرێمی كوردستان پابەندین بە بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێگەیەی دكتۆر زەڵمی كێشاویه‌تى. بەردەوام دەبین لە كاركردن بۆ بەهێزكردنی دادپەروەريی كۆمەڵایەتی، پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و دڵنیابوون لەوەی كە كوردستان لانه‌يه‌ك بێت بۆ لێبوردەیی و پێكەوەیی.

بەردەوام دەبین لە كاركردنى جددی، بۆ دڵنیابوون لەوەی كە میراتە فیكری و یاساییيەكەی لە كۆمەڵگەكەماندا، به‌ زیندوويى بمێنێته‌وه‌. ڕێنیشاندەرمان دەبێت لە بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی كە ڕێز لە فرەیی دەگرێت و بەها مرۆیيیەكان، بەهێز دەكات.

بەڕێزان،

میراتی دكتۆر زەڵمی لە سنوورەكانی كوردستان و عێراق تێپه‌ڕيوه‌. دیدە فیكری و چاكسازییەكانی، تەنها ناوخۆیی نەبوون، بەڵكوو بوونە سەرچاوەی ئیلهام بۆ جیهانی ئیسلام و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش لە ساڵى 2013 له‌لايه‌ن شێخى ئه‌زهه‌رى شه‌ريفه‌وه‌، خه‌ڵات كرا.

ئه‌و تەنها پیاوێكی زانست نەبوو، بەڵكو هەڵگری پەیامی مرۆیيی گەورە بوو: پەیامی دادپەروەری و لێبوردەیی كە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر كاتێك، ئێمە پێویستمان پێیەتی. سەلماندی كە زانست و كاری بەردەوام، دەتوانێت ببێتە هێزی گۆڕانی ڕاستەقینە بۆ چاكه‌. ئەمڕۆ، كه‌ لێرە وەستاوین، ته‌نيا بۆ یادكردنەوەی خۆى و ميرات و دەستكەوتەكانی نييه‌، به‌ڵكوو بۆ نوێكردنەوەی پەيمانیشمانه‌ بە بەرەوپێشبردنی پەیامەكەی.

ده‌ستخۆشى له‌ ڕێكخه‌رانى ئه‌م ديداره‌ ده‌كه‌م. زۆر سوپاس بۆ ماندووبوون و كارى دڵسۆزانه‌يان. سوپاس و پێزانين بۆ هەموو ئەوانەی بەشدارییان كرد لە زیندووڕاگرتنی یادی ئەم زانا بەڕێزە.

هه‌موو لايه‌كتان به‌ خێر بێن.

هه‌ر زيندوو بێت يادى خوالێخۆشبوو پرۆفيسۆر دكتۆر مسته‌فا زه‌ڵمى.

زۆر سوپاستان ده‌كه‌م،
هيواى ڕۆژێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم..

https://presidency.gov.krd/sarok-nechyrvan-barzany-dktor-zhlmi-tanha-zana-o-byrmandek-naboo-hemay-chaksazy-o-noekrdnaoa-boo-la-byry-ayslamy-o-yasada/

 

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 2024/12/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ كێڤن لێيهى، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، کرد.

لە کۆبوونەوه‌يەکدا که‌ به‌ڕێز وه‌زیری کاروباری پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ی بوو، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنييان لە عێراق و سووریا تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی پاشماوەکانی داعشدا، جه‌ختيان له‌ پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگيی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتيدا، كرده‌وه‌.

سەرۆک نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى داكۆكى لەسەر گرنگيی بەردەوامبوونی پشتگیريی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی بۆ عێراق، ستایشی هەماهەنگيی هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان کرد، هه‌روه‌ها هاوکاريی بەردەوامى نێوان هەموو لایەنەکانى، به‌ کلیلی بەهێزکردنی ئاسایش لە عێراق، له‌قه‌ڵه‌مدا.

لاى خۆیەوە، ژەنەراڵ لێيهى، ستايشى ڕۆڵى هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی لە شەڕی دژەتیرۆردا کرد و پابەنديی هێزەکانی هاوپەیمانانى بۆ بەردەواميی پشتگیری له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سەقامگیری و نه‌هێشتنى مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش.

داكۆكى له‌ بەردەوامبوونی هەماهەنگی و ڕاوێژکردنی هاوبەش بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی ئێستای ناوچەکە و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

https://presidency.gov.krd/shrok-nechervan-barzani-lhghl-farmanday-hezakany-haopaymaney-neodaolaty-koboohoh/

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2024/12/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز يان شنايداوف، باڵيۆزى نوێى چيك له‌ عێراق، وێڕاى پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى، هه‌موو پشتگيرييه‌كى خۆى و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى، ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز باڵيۆزى نوێى چيك، خۆشحاڵيى خۆى به‌ سه‌ردانى بۆ هه‌رێمى كوردستان نيشان دا و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت، بۆ ئه‌وه‌ش كار ده‌كه‌ن له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بره‌وه‌ به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان بده‌ن.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى عێراق و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێز كونسوڵی گشتيى چيك له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ى بوو.

https://presidency.gov.krd/shrok-nechervan-barzani-peshoazyy-lh-baleozi-noei-chek-krd/

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/12/4 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عەبدوڵڵا مەتەر خەمیس ئەلمەزرووعی، باڵیۆزی نوێی ئیمارات لە عێراق، پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى لێكرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌كى خۆى و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى، دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆیەوە، به‌ڕێز باڵيۆزى ئيمارات سڵاو و ڕێزی سه‌رۆکی ئیمارات جه‌نابی شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نه‌هیانی گه‌یانده‌ سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی، هه‌روه‌ها ستايشى پەیوەندییە بەهێزەکانی وڵاتەکەی له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا کرد و جەختی لە پابەنديی ئیمارات بۆ بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییه‌كانى، به‌تايبه‌تى له‌گه‌ڵ هەرێمی کوردستاندا، کردەوە.

له‌ دیداره‌که‌دا به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان سڵاو و ڕێزی بۆ جه‌نابی سه‌رۆکی ئیمارات نارد و سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیریی به‌رده‌وامی ئیمارات له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان دووپات کرده‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌ردوولا ده‌رباره‌ى فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش لە بوارە جیاکاندا، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

دوايين پێشهاته‌کانى ناوچه‌كه‌، به‌تايبه‌تى دۆخى سووريا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.

https://presidency.gov.krd/shrok-nechervan-barzani-peshoazei-lh-baleozi-noei-aemarat-krd/

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بۆ ماڵئاوايى و به‌بۆنەی‌ دواییهاتنی ئه‌ركەکەیه‌وه‌، پێشوازیی له‌ به‌ڕێز ميكيلێ كامێرۆتا، كونسوڵى گشتيى ئيتاڵيا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ ديدارێكدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى ئه‌رك و هه‌وڵه‌كانى بۆ بره‌ودانى په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا كرد، هه‌روه‌ها هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى تازه‌يدا بۆ خواست.

لاى خۆيه‌وه ‌به‌ڕێز كامێرۆتا، سوپاسى پشتگيريى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى كرد كه‌ يارمه‌تيده‌ر بوون بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى. هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان، كرده‌وه‌.

https://presidency.gov.krd/shrok-nechervan-barzani-sopasi-konsoli-gshtei-aetalea-dhkat/

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2024/12/7 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى به‌ڕێز ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا، له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ك له‌ سه‌رۆك و ڕێبه‌رانى جيهان له‌ پاريس، بەشداريی لە ڕێوڕەسمی دووبارە کردنەوەی كاتێدرالى مێژوویيی نۆتردامدا کرد.

بانگهێشت و بەشداریکردنی سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، نيشانه‌ى دۆستايه‌تى و په‌يوه‌نديى پته‌وى نێوان فه‌ره‌نسا و هه‌رێمى كوردستانه‌، هه‌روه‌ها گرنگيى ڕۆڵ و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ و په‌يوه‌ندييه‌ ديپلۆماسييه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كاندا نيشان ده‌دات.

جگه‌ له‌ په‌يوه‌نديى ديپلۆماسى، هاريكاريى هاوبه‌شى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى كولتووريدا، بوارێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانی هه‌ردوولايه‌. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ چه‌ندين بوارى چالاكييه‌ ڕۆشنبيرييه‌كان و شوێنه‌واردا، له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌ فه‌ره‌نسييه‌كاندا، هاوكاريى نزيكيان هه‌يه‌.

هه‌ر له‌باره‌ى به‌شداريكردنييه‌وه‌ له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ په‌يامێكدا له‌سه‌ر تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تیى ئێكس، ده‌ڵێت: ئه‌م ئێواره‌يه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن و سه‌ركرده‌كانى ديكه‌ له‌ پاريس، به‌شداريم له‌ ڕێوڕه‌سمى دووباره‌ كردنه‌وه‌ى كاتێدرالى ناودارى نۆتردامدا كرد. ئه‌م ڕووداوه‌ مێژوويييه،‌ موكوڕيمان له‌سه‌ر پاراستنى ميراتى هاوبه‌شى مرۆڤايه‌تيمان نيشان ده‌دات. پيرۆزبايى له‌ هاوڕێم سه‌رۆك ماكرۆن ده‌كه‌م بۆ ئه‌م كاره‌ ناوازه‌يه‌.

دواى کۆتاییهاتنی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى وڵاتان، له‌ كۆشكى ئێليزێ ئاماده‌ى ئێواره‌خوانێك بوو كه‌ سه‌رۆك ماكرۆن بۆ ميوانان و به‌شدارانى ڕێوره‌سمه‌كه‌، ئاماده‌ى كردبوو.

https://presidency.gov.krd/shrok-nechervan-barzani-bhshdarei-lh-doobarh-krdnhohi-katedarli-notrdamda-krd/

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی