ده‌قى وتارى نێچیرڤان بارزانى لە رێوڕەسمی كۆچی دوایی سەماحەتی موحسین ئەلحەكیم

  • شەممە, 24 ک دووەم 2015

ئامادەبووانی بەڕێز،
میوانەكانی پایتەختی هەرێمی كوردستان..
سەرەتا بەخێرهاتنی هەموو لایەكتان دەكەم بۆ ئامادەبوونتان لەم ڕێوەڕەسمەدا كە بۆ كەسایەتییه‌كى زۆر خۆشه‌ویسته‌ لاى كورد و مایه‌ى ڕێزە. بە خێر بێن بۆ ڕێوڕەسمی یادی كۆچى دواییى زانا و مەرجەعی گەورەى شیعه‌، ئایه‌توڵڵا سەید موحسین ئه‌لحەكیم. دەستخۆشی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عیراق دەكەین، كە لەم بارودۆخە هەستیار و گرنگەدا، ڕێوڕەسمێكی بەم شێوەیەی لە هەرێمی كوردستان، ساز كردووە.

ئێستا لە كوردستان و لە زۆر جێگەی عیراق، ڕۆڵە دڵسۆزەكانی كوردستان و عیراق، دژی تیرۆر لە شەڕێكی سەختدان. ماوەیەكە، ڕۆژانە خوێنێكی زۆر بۆ ڕزگاركردنی شار و ناوچەكانی عیراق لە تیرۆریستانی داعش، دەدرێت. ئێمە لێرەوە دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی پێشمەرگە و سوپای عیراق و هەموو ئەو خۆبەخشانە دەنێرین، كە لەپێناو دوورخستنەوەی تیرۆر، گیانی خۆیان بەخشی. دڵنەواییش بۆ كەسوكاریان و زووچاكبوونەوە بۆ بریندارەكانمان، لە خوای گەورە داواكارین.

بۆ بەرگریكردن لە وڵات و پاراستنی دیموكراسی، لەم شەڕەدا جارێكی دیكە خوێنی گەلی كوردستان، لەگەڵ خەڵكی شوێنەكانی دیكەی عیراقدا تێكەڵ بووە، جارێكی دیكەش دەركەوت كە پێویستە هەمیشە هاوكار و پشتیوانی یەكتر بین.
بەڕێزان..
گەلی كورد هەمیشە زۆر بەڕێزەوە یادی هەڵوێستە نیشتمانی و دۆستانەكانی بنەماڵەی بەهەشتی (ئایه‌توڵڵا سەید موحسین ئه‌لحەكیم) و مەرجەعییەتی شیعە لە عیراق بەرامبەر گەلی كورد دەكاتەوە و هیچ كاتێك ئەو هەڵوێستانە لەبیر ناكات. هەروەها سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم، لەو باوەڕەدان كە درێژەدان بەو هەڵوێستانە بەرامبەر یەكترى، دەمانگەیه‌نێتە چارەسەری هەموو كێشەكان، بە شێوەیەكی دوور لە گرژى و توندوتیژى. هەر بۆیەش ئەنجامدانی ئەم ڕێوڕەسمە لە كوردستان و بەبیرهێنانەوەی ئەو هەڵوێستە جوانانە، نەك هەر یادكردنەوەی هەڵوێستە مێژووییەكانن، بەڵكو هاندەری گەورەن بۆ دروستبوونی هەڵوێستی هاوشێوەی تازە، لە نێوان كورد و شیعە و هەموو پێكهاته‌كانى تر له‌ عیراقدا.

گەلی كوردستان هەمیشە زۆر بە ڕێز و وەفادارییەوە، دەڕوانێتە هەڵوێستی بەهەشتی ئایه‌توڵڵا سەید موحسین ئه‌لحەكیم، كاتێك ڕۆژی پێنجی تەممووزی ساڵى 1965، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا، فه‌توای حەرامكردنی شەڕی كوردی دەركرد. خوالێخۆشبوو سەید موحسین ئه‌لحەكیم، بەبێ ترس لە دەسەڵاتداران و لە ڕوانگەی باوەڕى ئیسلامی و مرۆڤایه‌تییەوە، فه‌توای دا و گوتی: "كورد و پێشمەرگە برای ئێمەن و ئەوان بۆ نه‌هێتشنى زۆرداری و له‌پێناو مافە ڕەواكانی خۆیاندا تێدەكۆشن، بۆیە شەڕكردن لەگەڵیان حەرامە".

بەڕێزان..
ئەو فه‌توایەی ئایه‌توڵڵا موحسین ئه‌لحەكیم هەڵوێستێك بوو، لە زانایی و قوڵبوونەوەی فراوانی خۆی لە واتای ڕاستەقینەی ئایین و مرۆڤدۆستی سەرچاوەی گرتبوو، چونكە ئه‌و، زانایەكی گەورە بوو و ڕۆڵێكی گەورەی تۆماركراوی زانستی ئیسلامی لە ناوچەكەدا هەیە، هەروەها خاوەن ڕۆڵێكی گەورەیە لە بڵاوكردنەوەی خوێندەواری و ڕۆشنبیری لە ناوچەكەدا.
ئایه‌توڵڵا سەید موحسین ئه‌لحەكیم، بە مانای وشە، زانا و منەورێكی گەورەر بوو. دوای ئەوەی بوو بە مەرجەعی گەورەی شیعە لە نەجەفی پیرۆز، سیستەمی ئیداری بۆ حەوزەی نەجەف دانا، 70 پەرتووكخانەی گشتی لە سه‌رانسه‌رى عیراق دامەزراند، ژمارەیەكی زۆر قوتابخانەی ئایینی لە عیراق كرده‌وه‌، زانستە نوێیەكانی هێنایە ناو پرۆگرامی خوێندنی ئیسلامی و بووژانەوەیەكی گەورەی لە خوێندنی ئیسلامی و شەریعەتدا دروست كرد. ئێمە وەك زانا و كەسایەتییەكی لایەنگری سته‌ملێكراوان تەماشاى دەكەین و هەمیشە لە یاد و بیروەرییه‌كانی خەڵكی كوردستاندا ده‌مێنێته‌وە.

ئامادەبووانی خۆشەویست..
ئەو بناغەیەی ئایه‌توڵڵا سەید موحسین ئه‌لحەكیم داینا، لەناو ئەو بنەماڵەیەدا بەردەوام بوو و بووە بناغەی پەیوەندییەكی زۆر بەهێزی نێوان كورد و شیعە، كە ئێمە هەتاهەتایە هەوڵ دەدەین ئەو پەیوەندییە هەمیشە بە پتەوی بمێنێتەوە. دواى ئه‌ویش شەهیدی میحراب، خوالێخۆشبوو سه‌ماحه‌تى محەممەد باقر ئه‌لحەكیم، هەمیشە باوەڕی خۆی بە پێویستیی نەهێشتنی زۆرداری لەسەر گەلی كوردستان دووپات دەكردەوە و وەك زانایەكی شۆڕشگێڕ، ڕۆڵێكی گەورەی لە كۆكردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی عیراقیدا، بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام هەبوو. كۆنگرەی (پشتیوانیی گەلی عێراق – موتمر نصرة الشعب العراقی) له‌ ساڵی 1986 لە تاران، نموونەیەكی ئەو كار و تێكۆشانەی ئەو بوو، كە خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی، لەو كۆنگرەیەدا ڕۆڵێكی دیاری لەگەڵ خوالێخۆشبوو محەممەد باقر ئه‌لحەكیم، گێڕا.

دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام و ئێستاش، زۆر پێویستمان بە خوالێخۆشبوو سه‌ماحه‌تى محەممەد باقر ئه‌لحەكیم بوو، بۆ پێكەوەژیان و پێكەوە كۆبوونەوەه‌مان، بەڵام بەداخەوە تیرۆر ئەو زانا گەورە شۆڕشگێڕەی لێ سەندین، كاتێك دواى نوێژی هەینی، لە مه‌زارى ئیمامى عەلی (ڕ.خ)، ساڵی 2003 لە نەجەف، تیرۆر كرا.

دوای ئەویش خوالێخۆشبوو سەید عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لحەكیم، پەیوەندییەكی زۆر گەرم و دۆستانەی لەگەڵ سەركردایەتیی كورد هەبوو. ئێستاش برای خۆشەویستمان، سەید عەممار ئه‌لحەكیم لەسەر هەمان ڕێباز بۆ درێژەپێدان بەو پەیوەندییە بەردەوامە و هەمیشە هەوڵی نەهێشتنی گرژییە سیاسییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا دەدات.

پەیوەندی و ڕێزێكی زۆر لە نێوان خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی و مەرجەعەكانی شیعەدا لە عێراق هەبووە. دوای ئەوەش درێژەدان بەو پەیوەندی و هاوخەباتییە، لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی سەدام، ئەنجامی گرنگی لێ كەوتەوە، ئێستاش زۆر گرنگە ئەو پەیوەندییە بە هەمان شێوە بپارێزین. لەو باوەڕەشداین، ئەو پەیوەندییە هەر بەردەوام دەبێت، چونكە پەیوەندییەكە لەسەر بنەمای بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش بەرامبەر به‌ زوڵم و زۆرداری دروست بووە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باوەڕی بە حیكمەت و زاناییی ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی و زانایانی شیعە هەیە، كە ڕۆڵێكی گرنگ لە دروستكردنی پەیوەندی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراقدا، دەگێڕن. هەروەها دەتوانن ڕۆڵێكی گرنگیش لە خاوكردنەوەی گرژییە سیاسییەكاندا و هاندان بەرەو چارەسەری، ببینن.

هەروەك چۆن دوو ساڵ پێش ئێستا، بە هەوڵی سەید عەممار ئه‌لحەكیم، پەیامی بەڕێز مسعوود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە زانایانی شیعە، یەكێك لەو زانایانەی كە وەڵامی دایەوە، بەڕێز سەید حوسێن ئیسماعیل سەدر بوو، كە بەڕێزیان فەرمووی: پەیوەندیی كورد و شیعە لەسەر بنه‌ما و بناغەی فه‌توای هەردوو خوالێخۆشبوو سەید موحسین ئه‌لحەكیم و محەممەد باقر ئه‌لسەدر بەردەوام دەبن، كە كاتی خۆی فه‌توای حەرامكردنی شەڕی كوردیان دەركردووە.

هەرچەندە هەندێ جار هەندێ دەنگی نەگونجاو لەگەڵ ئەو پەیوەندییە مێژووییە دەردەكەون، بەڵام ئێمە لەو بڕوایەداین كە مێژووی پەیوەندییەكانمان و هوشیاریی خەڵك و لێهاتووییی زانایانی شیعە و سەركردەكانی هەردوولا، ڕێگە بە گەشەكردن و مانەوەی ئەو دەنگە نەگونجاوانە نادەن، كە دەیانەوێت ئەو پەیوەندییە تێك بدەن.

بەڕێزان..
دوای ماوەیەك لە گرژی و ئاڵۆزیی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عیراق، كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ حكوومەتی فیدرال، گەیشتینە ڕێككەوتن. ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنه‌وه‌ پابەندین و هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین كه‌ په‌یوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عیراق باشتر و بەهێزتر ببن.

گەلی عیراق لە لایەن ڕێكخراوی مەترسیداری داعشەوە، ڕووبەڕووی هێرشێكی گەورە و فراوانی تیرۆریستی بووەتەوە، كە ئێستا هەموو جیهان بۆی ئاشكرا بووە، ئەو ڕێكخراوە بۆ سەر هەموو جیهان مەترسییە. ئێمەش لەم ناوچەیەدا دەزانین، ئەو ڕێكخراوە به‌رله‌ هەمووان بۆ سەر عیراق و وڵاتانی ناوچەكە، مەترسییە. لەبەر ئەوەش ئێمە لەو باوەڕەداین كە دەبێت هاوكاری و لێكگەیشتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالى عیراق، لە هەموو كاتێكی دیكە باشتر لێ بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە بەرەنگاری ئەو مەترسییە ببینەوە و بنبڕی بكەین.

ئێمە هەست بە سەختیی باری ئابووریی هەموو گەلی عیراق دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو سەختیەش تێپەڕێنین و بتوانین پێداویستییەكانی هاووڵاتیانمان دابین بكەین و خۆشگوزەرانی هەموو عیراق بگرێتەوە، پێویستە ڕێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال بەهێزتر بكەین و عیراق لەسەر بنەمای هاوبەشی و تەوافوقێكی ڕاستەقینە بەڕێوە ببەین. بۆ ئەم مەبەستەش، پشتگیرى لە حكوومەتی تازەی عیراق، بە سەرۆكایەتیی بەڕێز حەیدەر عەبادی لەپێناو گێڕانەوەی تەوافوق، دەكەین بۆ وڵات.

ئامادەبووان و میوانانی خۆشەویست..
جارێكی دیكە بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ ئامادەبوون لەم ڕێوەڕەسمەدا و سڵاو و دروود بۆ ڕۆحی پاك و گڵكۆی بەهەشتی ئایه‌توڵڵا سەید موحسین ئه‌لحەكیم لە نەجەفی پیرۆز دەنێرم و به‌ ڕۆحی پاكی ئەو و هەموو ئەوانەی ئەویان خۆش دەوێت، دەڵێین: هه‌رگیز زانایی و هەڵوێستە گەورەكانی ئه‌و به‌ڕێزه‌ لەبیر ناكرێت له‌ كوردستان.
زۆر به‌ خێر بێن، زۆر سوپاس.

Read کد خبر: 1126

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی