وەزیری دەرەوەی كەنەدا: بەردەوام دەبین لە پشتگیری كردنی هەرێمی كوردستان

  • پێنج شەممە, 05 ئازار 2015

ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێكەوتی 5/3/2015 بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەى حکومەت لەگەڵ بەڕێز ڕۆبەرت نیكڵسن وەزیری دەرەوەی كەنەدا کۆبووەوە.

لە دیدارێكدا كە كاروان جمال جێگری بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە و برۆنۆ ساكۆمانی باڵیۆزی كەنەدا بۆ عێراق و باڵیۆزى عیراق لە کەنەدا و شاندێكی باڵاى كەنەدی ئامادەبوون باس لە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كەنەدا و بارودۆخى هەرێم و مەترسیەکانى تیرۆرستانى داعش بۆ سەرئاسایشى ناوچەکەو جیهان كرا.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی کەنەدا كردو سوپاسی كرد بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و سوپاسی گەل وحكومەتی كەنەدای كرد بۆ پشتگیری سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە ڕووی مەشق و راهێنان و دابینکردنى كەلوپەلی سەربازی و هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەکانى ناوخۆو پەنابەرانی سوریا كە نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن. بەرێزیان گووتى وەك هەرێمی كوردستان پێویستمان بە هاوكاری زیاتری سەربازی و مرۆیی هەیە، چونکە قەیرانى دارایى و هەڕەشەی تیرۆریستان بەردەوامى هەیە.

بەڕێزیان باسى لە سیاسەتى حکومەتى هەرێم کرد بۆ بونیاتنانى کۆمەڵگایەکى سەقامگیرى پێشکەوتوو و فراوانکردنى پەیوەندیەکانى لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لەسەر بنەماى بەرژەوەندى هاوبەش و سوودى دوولایەنە. لە تەوەرێكی ترى دیدارەكە باس لە ڕێكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كرا ئەوە دووپاتكرایەوە كە حكومەتی هەرێم پابەندە بەجێبەجێ‌ كردنی خاڵەكانی ڕێكەوتنەكە و هەردەم گفتوگۆی بە تاكە ڕێگا زانیووە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپسێردراوەكان. هەروا گووتى حکومەتى هەرێم پابەندە بە یاساى بودجەى عیراق و دەخوازین پشکى هەرێمى کوردستان وەک چۆن لە یاساى بودجەى عیراق ئاماژەى پێکراوە بگاتە هەرێمى کوردستان.


بارودۆخی سوریاو بەردەوامبوونی و قەیرانەكانی ئەو وڵاتە ڕێگە خۆشكەربووە بۆ دروستبوون و بەهێزبوونی گروپە تیرۆریستیەكان كە بوونەتە هۆی نا سەقامیگری لە ڕووی ئاسایش و سیاسی لە ناوچەكەدا كە ئەمەش پێویستی بە هەوڵی نێودەوڵەتی و یەكڕیزی ووڵاتانی هاوپەیمان و ووڵاتانی ناوچەكە بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆرستان و پاراستنى سەقامگیرى ناوچەکە.

فەلاح مستەفا باسى لە ئاستى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى کەنەداى کرد و هیواى خواست وڵاتى كەنەدا ئاستى پەیوەندیەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بباتە قۆناغێکى پێشکەوتووتر و كونسوڵگەری گشتی لە هەرێمی كوردستان بکەنەوە کە کاریگەرى ئەرێنى دەبێت لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەكان لە ڕووی ئابوری و بازرگانی و ئاسانكاری بۆ قوتابیانی هەرێمى كوردستان كە دەیانەوێت لە زانكۆكانی ئەو ووڵاتە بخوێنن و هەروەها ئاڵوگۆڕی شاندەكانی نێوان هەردوولا.

لە بەرامبەردا بەڕێز  ڕۆبەرت نیكڵسن  وەزیری دەرەوەی كەنەدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و سوپاسی ئەو پێشوازیە كرد و ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی بەرزنرخاند لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و هەروەها سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازی کردنى لەو ژمارە زۆرەی ئاوارەو پەنابەران و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆیان.

وەزیری دەرەوەی كەنەدا گووتى باڵیۆزخانەى کەنەدا بۆ عیراق لە نزیکەوە کاردەکات بۆ ئەوەى ئاستى پەیوەندیەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان بگەیەنینە قۆناغێکى پیشکەوتووتر.  ئەوەی دووپات كردەوە كە حكومەتی كەنەدا بەردەوام دەبێت لە هاوكاریەكان لە ڕووی سەربازى بۆ پێشمەرگەو مرۆیی بۆ ئاوارەو پەنابەران . هەروا گووتى حکومەتى کەنەدا پشتگیرى لە خواستەکانى هەرێمى کوردستان دەدات بە تایبەت بۆ بایەخدان بەو ئافرەتانەى لەدەست تیرۆرستانى داعش رزگاریان بووە لەڕووى پەرەپیدانى لایەنى کۆمەڵایەتى و دەروونى.
 

Read کد خبر: 1248

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی