ئەمڕۆ شەممە ٢٨/٣/٢٠١٥ فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازى لە بەڕێز ژۆن ئازلبۆرن وەزیرى دەرەوەى لۆکسمبۆرگ و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە دیدارێکدا کە کاروان جەمال جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەو دلاوەر ئاژگەیی نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەلجیکاو ژماریەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەران لە فەرمانگە ئامادەبوون، جەخت لەسەر بەردەوامى پشتیوانى نێودەوڵەتى بۆ هەرێمى کوردستان و ئاڵوگۆڕى سەردانەکان و پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا کرایەوە.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە پوختەیەکى دەربارەى مێژووى هەرێمى کوردستان و نەهامەتیەکانى چەند دەیەى رابردوو بۆ شاندى میوان خستەڕوو، گووتى هەرچەندە رووبەڕووى زۆر کێشەو ئاستەنگ بووەتەوە، بەڵام لە دەرئەنجامى لێهاتووى سەرکردایەتى سیاسى و خۆڕاگرى گەلى کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکاندا توانیویەتى بگاتە ئەم قۆناغەى ئێستا. هاوکات جەختى لە سیاسەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەسەر بنەماى رێزگرتن و بەرژەوەندى هاوبەش کردەوە.
سەبارەت بە پەیوەندیەکانى هەولێر و بەغدا گووتى هەرێمى کوردستان هەمیشە دەرفەتى داوە بۆ دیالۆگ و چارەسەرکردنى پرسەکان و بەردەوام دەبێ بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن بۆ هاوبەشى کردنى راستەقینە لە دەسەڵات. گووتیشى لە عێرقدا پێویستمان بە شێوازێکى نوێ بۆ پێکەوەژیان هەیەو پێویستە پەیوەندیەکان لەسەر بنەمایەکى دروست دابڕێژرێنەوە.
دواتر هەردوولا باسیان لە بارودۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد لەڕووى سەربازى و ئاسایش. هاوکات باس لە بارودۆخى ئاوارەکانى سوریا و پەنابەرانى ناوخۆ کرا لە هەرێمى کوردستان. فەلاح مستەفا گووتى لەگەڵ ئەوەى هەرێمى کوردستان لەبارودۆخێکى دارایی خراپدایە بەهۆى بڕینى ١٧% بودجەى هەرێم لەسەرەتاى ساڵى رابردووەوە، زیاتر لە ١.٥ ئاوارەو پەنابەرى لەخۆگرتووە. گووتیشى حکومەتى عێراق وەک پێویست بەدەنگ دابینکردنى پێداویستیەکانی ئەو لێقەوماوانەوە نەهاتووە، بۆیە دواى کرد کە ووڵاتى لۆکسمبۆرگ و ووڵاتانى دیکەى جیهان هاوکارى زیاتر پێشکەش بە هەرێمى کوردستان بکەن. لەم رووەشەوە وەزیرى دەرەوەى لۆکسمبۆرگ جەختى لەسەر بەردەوام بوونى ووڵاتەکەى بۆ پێشکەشکردنى هاوکارى مرۆیی بۆ هەرێمى کوردستان کردەوە.
فەلاح مستەفا هیواى خواست کە لۆکسمبۆرگ و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى پشتگیرى لە هێزى پێشمەرگەى کوردستان بکەن کە ئەمڕۆ لەجیاتى جیهانى ئازاد شەڕى تیرۆرستانى داعش دەکات. هاوکات داواى کرد کە مەشق و راهێنان بە هێزەکانى پێشمەرگە بکرێت و پێداویستیە سەربازیەکانیان بۆ دابین بکرێ.
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا فەلاح مستەفا تیشکى خستەسەر ئەو دەرفەت و بوارانەى کە دەکرێ ببنە دەروازەى پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ووڵاتى لۆکسمبۆرگ، ئەوەش بەسوود وەرگرتن لە دەرفەتەکانى وەبەرهێنان و بازرگانى لە هەرێم لە لایەن کۆمپانیاو وەبەرهێنەرانى لوکسمبۆرگ، هاوکات جەخت لەسەر کارکردن بۆ ئاڵوگۆڕى ئەکادیمى و کەلتورى لە نێوان هەردوولا کرایەوە.
هەردوولا کۆک بوون لەسەر بەردەوامى هەوڵەکان بۆ بڕینى سەرچاوە داراییەکانى تیرۆرستانى داعش. هاوکات جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەى کەوا پێویستە لەڕووى کۆمەڵایەتى و فکریشەوە شەڕ دژى تیرۆستان بکرێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە بە ئامادەیوونى وەیزرى دەرەوەى لۆکسمبۆرگ لە لێدوانێکدا بۆ دەزگا راگەیاندنەکانى لۆکسمبۆرگ جەختى کردەوە لەسەر ئەوەى کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە گفتوگۆکانى لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێ بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنى هاوبەش و بەشدارى راستەقینەى لە دەسەڵاتى سیاسى و دابەش کردنى داهات بە شێوەیەکى دادپەروەرانە.
جێگەى باسە سەرلەبەیانى ئەمڕۆ ژۆن ئازلبۆرن وەزیرى دەرەوەى لۆکسمبۆرگ و شاندى یاوەرى لە رێگەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر گەیشتنە هەرێمى کوردستان و لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پیشوازیان لێکرا.