شاندی هەرێمی كوردستان بەشداری لە سێیەمین كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی وڵاتانی كۆمەك بەخش بۆ ئاوارەكانی سوریا لە كوێت کرد

  • سێ شەممە, 31 ئازار 2015

بەمەبەستى هەڵسەنگاندنى رەوشى پەنابەرانى سوریا و کۆکردنەوەى هاوكاری و کۆمەکى زیاتر بۆ پەنابەرانی سوریا، شاندێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە لە چوارچێوەی شاندی عێراق بە سەرۆكایەتی بەڕێز د. ئەیاد عەلاوی جێگرى سەرۆک کۆمارى عیراق بەشداریان لە سێیەمین كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی وڵاتانی كۆمەك بەخش بۆ ئاوارەكانی سوریا لە کوێت کرد كە بە سەرپەرشتی ئەمیری كوێت و بەهاوبەشی لەگەڵ سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سازكرا.

شایانی باسە كۆنفڕانسەكە بە ووتاری میری كوێت شێخ صباح احمد جابر ئەلسەباح دەستی پێكرد كەتیایدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی بەشداربووان و وڵاتانى كۆمەك بەخش و وڵاتانی دراوسێی وسوریا كرد، میرى کوێت بەڵێنی بەخشینی 500 ملیۆن دۆلاریدا و دواتر بەڕێز بان کى موون سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەکان و بەشداربووانی كۆنفڕانس لە ووتارەكانیان رۆڵی وڵاتانی دراوسێی سوریا: عێراق و هەرێمی كوردستان و توركیا و ئەردەن و لوبنان و میسریان بەرز نرخاند و سوپاسیان كردن بۆ پێشوازی كردن لەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی سوریا و پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری و پێداویستی بۆیان.

هاوكات لە میانەی كۆنفڕانسەكەدا تیشك خرایە سەر رەوشی ئاوارەكان و قەیرانی سوریا و بەرپرسیاریەتی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەرامبەر قەیرانی سوریا و پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ سوریا و هاوكات پابەندبوون بە پێشكەش كردنی هاوكاری مرۆیی و تەرخانكردنی بودجەی تایبەت بە پەرەپێدان و بەردەوامیدان بە پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بە ئاوارەكانی سوریا لەو وڵاتانە و لە ناوەوەی سوریا.

 

شایانی باسە ووتاری عێراق لەلایەن بەڕێز ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق  پێشكەش كرا و تیشكی خستە سەر رەوشی  پەنابەرانی سوریا و ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق لە هەرێمی كوردستان و داوای هاوكاری و كۆمەكی زیاتری كرد بۆ ئاوارەكان و هاوكات لەسەر داوای شاندی هەرێمی كوردستان پێشنیاری سازكردنی كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی تایبەتی كرد لەسەر رەوشی پەنابەرانی سوریا و ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق لە هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری عێراق.

لە میانەی كۆنفڕانسەكەدا كە زۆربەی وڵاتانی كۆمەك بەخش ئامادە بوون، جێگری یەكەمی سەرۆك وەزیرانى کوێت و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایانگەیاند كە بەڵێنی بەخشینی بڕی 3.8 ملیار دۆلاری ئەمریكی دراوەو وڵاتە كۆمەك بەخشەكان بەڵنیاندا كە لە سەر هەردوو ئاستی ڕاستەوخۆ و نەتەوە یەكگرتووەكان پابەندبن و بەردەوام بن لە هاوكاریكردن و كۆمەك كردنی وڵاتانی دراوسێی سوریا و پەنابەرانی سوریا بۆ كەمكردنەوەی كەمێك لە ئێش و ئازاری ئەو هاوڵاتیانە.

 

لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەدا فەلاح مستەفا سەرۆکى شاندى هەرێمى کوردستان ژمارەك كۆبوونەوە و دیدارى هاوبەشى لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئەردەن و سەرۆك وەزیرانی لوبنان و عبداللە معتوق راوێژكاری دیوانی ئەمیری كوێت و نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی ئەنجامدا.

 

هەر لە پەراوێزى ئەم کۆنفڕانسە نێودەوڵەتیە بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و شاندى یاوەرى کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان سەلیم پاشا راوێژکار لە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەو هۆشەنگ محمد بەرێوەبەرى پێشکەوتوو لە فەرمانگە  لەگەڵ وەزیرانى دەرەوەى چەند وڵاتێکى بەشداربووى کۆنفڕانس و ژمارەیەک لە ئاژانسى نەتەوە یەکگرتووەکان بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد لەسەر پرسى ئاوارەو پەنابەران لە هەرێمى کوردستان رەوشى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و عیراق و ناوچەکە.

جێگەى باسە دووەم جارە شاندى هەرێمى کوردستان بەشدارى کۆنفڕانسى نێودەوڵەتى وڵاتانى کۆمەک بەخش بۆ ئاوارەکانى سوریا دەکات..

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 1286

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی