هەماهەنگی نێوان پەرلەمان و حکوومەت دووپاتکرایەوە

  • دوو شەممە, 27 نیسان 2015

ئەمڕۆ دووشەممە، 2015/4/27 کۆبوونەوەی ئاسایی هەردوو سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێم بە ئامادەبوونی بەڕێزان د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان سازکرا كە هەریەكە لە بەڕێزان جەعفەر ئیبراهیم ئێمنکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان و مەولود باوەموراد وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئامادەبوون.

لەسەرەتای دانیشتنەکەدا، بەڕێز د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، بەخێرهاتنی شاندی حکوومەتی هەرێمی کرد و هیوای خواست دانیشتنەکە هەنگاوێک بێت بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش لەو پرسە گرنگانەی پەیوەندییان بەژیان و بژێوی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە."

 لە بەشێکی دیكەی وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان باسی لە گرنگی هەماهەنگیی نێوان سەرۆکایەتیی حکوومەت و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد لە کاروباری پرۆژە یاسا و بڕیارەکاندا. هەردوولاش تەبا بوون لەسەر ئەوەی ئەم دانیشتنانە بەردەوامییان هەبێت.

دواتریش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان وەزیرەکان و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد و ئەو پەیوەندییانەی بە هەنگاوێکی درووست زانی بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەدواداچوونی گرفتی هاوڵاتیان.

لە دوا تەوەری دانیشتنەکەشدا گفتوگۆ لەبارەی شەڕی دژی تیرۆریستان و سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبەرەکانی شەڕدا کرا و پێشمەرگە وەک سیمبولی ئازادیی و سەرفرازیی گەلی کورد ناسێنرا.

دوای كۆبوونەوەكەش، هەردوو بەڕێبەڕێزان د. یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە لێدوانیان دایە دەزگاكانی ڕاگەیاندن.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە قسەكانیدا وێڕای سوپاسگوزاری بۆ پێشوازی گەرمی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە شاندەكەیان، هەروەها گوتی : ئەمڕۆ ئێمە بۆ زیاتر تەفعیلكردنی چۆنیەتی پەیوەندی نێوان حكومەت و پەرلەمان،  كۆبووینەوە و ئەم كۆبوونەوەیەش لەچوارچێوەی زنجیرە كۆبوونەوەیەكە كە پێویستە بەشێوەیە كی دەوری بەردەوام بێت بۆ هەبوونی هەماهەنگی زیاتر لەبارەی چۆنیەتی كاركردن لەسەر ئەو یاسایانەی لەپەرلەمان باسیان لێوە دەكرێت، هەروەها بۆ چارەسەركردنی هەر ئەگەر و گرفتێك كەبێنە پێش. بەشێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەی ئەمڕۆمان كۆبوونەوەیەكی باش بوو وهیوادارین بەردەوام بێت.

لای خۆیەوە بەڕێز د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە كرد كە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرۆژە یاساكان وهەماهەنگیی نێوان هەردوولا و بەردەوامی پەیوەندی نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان بوو. ئەوەشی خستە ڕوو كە بڕیاردراوە ئەم كۆبوونەوە دەوریانە بەردەوام ئەنجام بدرێن

 

 

 

 

Read کد خبر: 1304

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی