لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ وڵاتی چیك ڕۆژی سێشەممە 12ـی مایس ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی كۆماریی چیك لە لایەن بەڕێز میلۆس زێمان سەرۆكی كۆماری چیك پێشوازیی لێ كرا و پاش گەییشتنی سەرۆك بارزانی بۆ كۆشكی كۆماری، كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵیی نێوان هەردوو سەرۆك بەڕێوەچوو.
دوای ئەم كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری كۆبوونەوەیەكی دیكەیان لەگەڵ سەرۆك كۆماری چیك ئەنجام دا. لەم كۆبوونەوەیەدا ئاییندەی عێراق و كوردستان و هەروەها شەڕی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و گفتوگۆ و سەرۆكی كۆماری چیك ئەوەی دووپات كردەوە كە وڵاتەكەی بە هەموو توانایەك پاڵپشتی هێزی پێشمەرگ و گەلی كوردستان دەبێت. هەروەها ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كرد بۆ بۆ گەییشتن بە ئازادی و دیموكراسی. سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ نانی نیوەڕۆ لە كۆشكی كۆماری و لەگەڵ سەرۆكی كۆماری چیك بوون.
هەر ڕۆژی سێشەممە 12ـی مایس ـی 2015 شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتبوون لە مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم سەردانی وەزارەتی بەرگریی كۆماری چیكیان كرد و لەگەڵ جێگری وەزیری بەرگری و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی چیك كۆبوونەوە. لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی هەرێم سوپاسی پاڵپشتی و هاوكارییە سەربازییەكانی كۆماری چیكی كرد و هاوكاری و پەیوەندییەكانی هەردوولایش لە بواری سەربازی تاوتوێ كرا كە چۆن بتوانرێ ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییانە فراوانتر بكرێن و بڕیاریش درا شاندێكی تایبەتی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئاییندەیەكی نزیك سەردانی كۆماری چیك بكات.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 13ـی مایس ـی 2015 لە دوایین وێستگەی سەردانیان بۆ كۆماری چیك، سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لە لایەن بوهیسڵاڤ سۆبۆتكا سەرۆك وەزیرانی كۆماری چیك پێشوازییان لێ كرا.
لە دیدارێكدا پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی چیك تاوتوێ كرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە ئەم پەیوەندییانە فراوانتر بكرێن. سەرۆك وەزیرانی كۆماری چیك ئەوەیشی دووپات كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەردەوام بێ لە پشتگیرییكردنی پێشمەرگە و هەروەها هەموو هاوكارییەكیش دەكەن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان سەر بكەوێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بە وردی باس لە بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و هەروەها ئاییندەی كوردستان كرا و هەر دوو لایش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پەیوەندییەكانیان لە هەموو قۆناغ و دۆخێكدا پتەوتر بكرێن.
جێگەی ئاماژەپێكردنە شاندە یاوەرەكەی سەرۆك بارزانی پێكهاتبوون لە مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و دەرباز كۆسرەت ڕەسول وەزیری ئاوەدانكردنەوە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم .