نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی دامودەزگاكانی حكوومەت لە دهۆك بەرز دەنرخێنێت

  • پێنج شەممە, 04 حوزەیران 2015

لە بەردەوامی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگای دهۆك، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێزان پارێزگار و بەڕێوەبەران و بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكان و دامودەزگا حكوومییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان باسیان لە كێشە و گرفتەكانی دامودەزگا خزمەتگوزارییەكانی سنووری پارێزگاكەیان كرد و پێداویستییەكانی ئەو سنوورەیان لە هەموو كەرتە خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو، كارەبا، تەندروستی، پەروەردە، شارەوانییەكان، خۆراك و خواردەمەنی، ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ، ڕێگەوبان و تەواوی كەرتەكان خستە ڕوو.

هەروەها تیشكیان خستە سەر ئەو بارقورسییەی كە لەسەر دامودەزگا كارگێڕی و خزمەتگوزارییەكانی پارێزگای دهۆك لە ئەنجامی شەڕی دژی تیرۆر و هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران، دروست بووە.

لە لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەو كار و خزمەتگوزارییانە دووپات كردەوە كە دامودەزگا حكوومییەكانی پارێزگای دهۆك پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەرانی كردووە و جەختی لەوە كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات پێداویستییەكانی لایەنە پەیوەندارەكانی سنووری پارێزگاكە دابین بكات بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتگوزاریی پێویست پێشكەش بە هاوڵاتیان و ئاوارە و پەنابەران بكەن و دام و دەزگاكانی حكوومەت وەك پێویست كار و ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن.

Read کد خبر: 1357

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی