سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی كوەیت لە هەولێر دەكات

  • شەممە, 06 حوزەیران 2015

ڕۆژی شەممە 6ـی6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عومەر ئەحمەد ئەلكەندەری كونسوڵی كوەیت لە شاری هەولێر كرد.

لە دیدارێكدا كونسوڵی كوەیت لە شاری هەولێر سڵاوی شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئةلجابر ئەلسەباح ئەمیری كوەیتی بە سەرۆك بارزانی گەیاند. هەروەها ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بۆ گەییشتن بە ئازادی نیشان دا و دەستخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی لە دژایەتیكردنی تیرۆردا گێڕاویانە. هەروەها وێڕای جەختكردنەوەی لە دۆستایەتیی و پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی كوردستان و گەلی كوەیت كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە شاری هەولێر بە قۆناغێكی تازەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە قەڵەم دا. ئەوەیشی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە ئەوەی لەدەستی بێت بۆ یارمەتیدانی گەلی كوردستان بیكات.

لە بەرانبەر دا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەی كوەیت نیشان دا و پێشوازیشی لە فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرد. هەروەها ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی كوەیت و ئەوەی خستەڕوو كە گەلی كوردستان لەو نەهامەتییە دەگات كە لەلایەن ڕژێمی بەعس بەسەر گەلی كوەیتدا سەپێندرا بوو. سەرۆك بارزانی باسی لە هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان كرد و ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان نابێتە بەشێك لەو ململانێ تاییفیەی لە ناوچەكەدا لە ئارادایە.

Read کد خبر: 1368

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی