نێچیرڤان بارزانی سەردانی محەمەدی حاجی مەحموود دەكات

  • دوو شەممە, 08 حوزەیران 2015

پێشنیوەڕی ئەمڕۆ 8/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی بەڕێز محەمەدی حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانی لە شوێنی مانەوەی لە گوندی گوڵەخانە لە ناوچەی شارەزوور كرد.

لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆر و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە تایبەتیش پرسی نەوت و پابەند نەبوونی حكوومەتی عێراقی فیدرال بە جێبەجێكردنی دوایین ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵی ساڵی 2015 و هەروەها پرۆسەی سیاسی لە ناوخۆی كوردستان و تەواوی عێراق، تاوتوێ كران.

هەروەها داكۆكی لەسەر گرنگیی یەكڕێزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە بارودۆخی ئەمڕۆدا كرایەوە و هاوهەڵوێستی و یەكڕێزی خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەرامبەر تەحدیاتی ئێستا چ لە شەڕی دژی تیرۆر چ لەو قەیرانە داراییەی كە لە ئەنجامی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان و پابەند نەبوون بە یاسای بوجەی عێراقی فیدراڵەوە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، دووپات كرایەوە.

هەر لە دیدارەكەدا ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنەكانی توركیا هەڵسەنگێنرا و هەردوولا هیوایان خواست كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە خزمەتی تەواوی توركیادا بێت و هاندەرێك بێت بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لەو وڵاتە.

دوای دیدارەكەش لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواناندا، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوازیارە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، بەڵام ئەگەر بەغدا پابەند نەبوو، هەرێمی كوردستان بیر لە ڕێگا چارەی دیكە دەكاتەوە. هەروەها دووبارە هیوای خواست كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا ببێتە هاندەرێك بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لەو وڵاتە.

Read کد خبر: 1376

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی