پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 28/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز تیم كاین سەرۆكی كۆمیتەی هێزە چەكدارەكانی سەناتی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ئەندامانی كۆمیتەی هێزە چەكدارەكان و كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی سەناتی ئەمەریكا پێكهاتبوو.
لە دیدارێكدا بەڕێز كاین خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و مەبەستی سەردانەكەی خستەڕوو كە بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستانە و دەستخۆشیی لە حكوومەت و خەڵك و پێشمەرگەی كوردستان كرد كە جیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش، پێشوازیان لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران كردووە و هاوكاری و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش كردوون.
شاندی میوان نیگەرانیی خۆیشی بەرامبەر پێشڕەوییەكانی تیرۆرستانی داعش و نەبوونی پلانێك بۆ لەناوبردنیان دەربڕی و جەختیان لەوە كردەوە لە دیدارەكانیان لەگەڵ بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی دیكەی عێراق، داوا دەكەن بەشدارییەكی زیاتر بە سوونە بكرێت بۆئەوەی بتوانن بە شێوەیەكی باشتر ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە. لە هەمان كاتدا پشتگیریی خۆیان بۆ نیگەرانییەكانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەغدا دەربڕی و دووپاتیان كردەوە كە پێویستە بەغدا بەپێی رێككەوتن و یاساكان شایستەی هەرێمی كوردستان دابین بكات و بارقورسیی سەر هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی سەناتی ئەمەریكای كرد و هاوكاری و هاریكارییەكانی خەڵك و حكوومەتی ئەمەریكای بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەربازی و مرۆڤییەوە بەرز نرخاند كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر پاشەكشێ كردن بە تیرۆستانی داعش هەبوو و هیوای بەردەوامی هاوكارییەكانی خواست بە تایبەتی لە ڕووی سەربازییەوە.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی داوای لە شاندی میوان كرد لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕۆڵ ببینن بە شێوەیەك ئەو ئەركەی كەوتۆتە سەر شانی بەغدا جێبەجێی بكات. ئاماژەی بەوەش كرد كە هاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە بۆیە داوای كرد هەوڵی جددی بدرێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوكاری رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیە یەكگرتووەكان بكات تا یارمەتی و كۆمەك بگەیەننە ئاوارە و پەنابەران.
ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ڕەوشی پێشكەوتن و گوزەرانی خەڵكی كوردستان و ئەو ئاستەنگانەی لەم قۆناغەدا بۆ هەرێمی كوردستان دروستبوون، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.