ئەمڕۆ شەممە ١٨ـی٧ـی٢٠١٥، لە دووەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە و ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان، سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری ڕۆژهەڵاتی دیجلە، میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە، میحوەری باشیک، میحوەری خازر و بەنداوی موسڵ، بەسەر کردەوە.
لەو بەسەرکردنەوەیەدا سەرۆک بارزانی لەلایەن بەرپرسی میحوەرەکان و فەرماندە مەیدانییەکانی پێشمەرگەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا. سەرۆک بارزانی سەنگەرەکای پێشمەرگەی بەسەر کردەوە و پیرۆزبایی جەژنی لە فەرماندە و پێشمەرگەکان کرد و ڕایگەیاند کە هاتووم جەژنە پیرۆزەتان لێ بکەم و بە فەرزم زانی لە جەژندا لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکان بم.
سەرۆک بارزانی هەروەها داوای لەهێزی پێشمەرگە کرد بەوریاییەوە ئەرکی خۆیان لە پاراستنی کوردستان جێبەجێ بکەن و نابێ ململانێی حزبەکان کاریگەریی لەسەر پێشمەرگە هەبێت، چونکە بوونی ململانێی سیاسی لەناو لایەنەکان ئاساییە و ئەو ململانییە هەرچۆنێک بێت قسەی کۆتایی بۆ گەل دەبێت.
سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند کە ئەوانەی باسی دووئیدارەیی دەکەن دیارە پەند لە مێژوو وەرناگرن، ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی گەلەکەمان بۆ ئەوە نەبووە کوردستان دابەش بکرێت و نابێ بەخەیاڵیش بیری لێ بکرێتەوە و کەس ناتوانێ هەرێمی کوردستان لەت بکات و ئەوەی بە یەک ئیدارەیی و یەکگرتنەوەی کوردستان قایل نییە ئازادە لەوەی شوێنێکی تر بۆ ژیانی خۆی هەڵبژێرێت.
سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند: زۆر سەیرە لەکاتێکدا دەرفەتی زێڕین بۆ کورد ڕەخساوە بۆ سەرکەوتن بەرەو لوتکە، کەسانێک هەبن باسی دوو ئیدارەیی بکەنەوە، دڵنیاشم خەڵکی کوردستان وەڵامی ئەوانە دەداتەوە.
سەرۆک بارزانی هەروەها تەئکیدی کردەوە کە مەینەتی و قوربانیدانی گەلەکەمان بە درێژایی مێژوو بۆ ئەوە نەبووە کورد پاشکۆ و ژێر دەستە بێت، دوژمنانی گەلەکەمان دەستیان لەهیچ تاوانێک نەپاراستووە و هەرچییان پێ کرابێت کردوویانە بەڵام نەیانتوانی ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن، بۆیە ناکرێت چیدیکە گەلی ئێمە لەو مەینەتییانەدا بژیت و بە ئاگری خەڵکی تر بسووتێت. دەبێ بڕوامان بەخۆمان بێت و گەلەکەمان لەو مەینەتییانە ڕزگار بکەن، نابێ غەدر لە قوربانیدانی گەلەکەمان بکەین، ئێمە لەنێوان سەربەخۆیی و پاشکۆبوونداین و هەرگیز پاشکۆبوون هەڵنابژێرین.
سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: بەرلەوەی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ بەڕێوە بچێت پێویستە دڵنیایی بدرێتە پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە کە ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردنی پارێزگاکەیاندا دەبێت و جارێکی تر تووشی نەهامەتی نەبنەوە و نەچەوسێندرێنەوە.
لە درێژەی سەردانەکەیدا سەرۆک بارزانی سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەی لە بەنداوی موسڵ کرد و وێڕای جەژنە پیرۆزە و دەستخۆشیی لە پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ پاراستنی ئەو بەنداوە، ڕێنماییشی دا بە فەرماندەکان کە ئاسانکاریی پێویست بۆ تیمەکانی چاککردنەوە و تیمە تەکنیکییەکان بکەن بۆ ئەوەی کاری چاککردنەوەی پێویست لە بەنداوەکە ئەنجام بدرێت.