"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە کۆنفڕانسی یۆنسکۆ UNESCO لە پاریس نمایشکرا

مەنسوور جیھانی  ـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە کۆنفڕانسی رێکخراوەی جیھانی "یۆنسکۆ" لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا.

لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندیی رێکخراوەی یۆنسکۆ UNESCO و ١٠ ساڵەی کۆنوانسیۆنی پاراستن و بڵاوکردنەوەی کەلتووری، فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston  لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە، "عەباس غەزالی" ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆ، "مایکل ھاوکینز" Michael Hawkins  سەرۆکی خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"، ئەکتەری ناوداری عەڕەبی ـ فەڕەنسی "ھەیام عەباس" Hiam Abbass و ھەروەھا بە ئامادەبوونی ٨٠٠ کەس لە کەسایەتییە تایبەت و میوانە بیانییەکان، رۆژی ١٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە ھۆڵی بارەگای سەرەکی رێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەڕەنسا چووە سەر پەردەی سینما.

ئەم فیلمە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی "تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا پاراستنی جۆری کەلتوورەکان"ی لە ھەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC  ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا"APSA  لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەدەستھێنابوو.

لە دەستپێکی کۆنفڕانسی رێکخراوەی یۆنسکۆدا جێگری سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆ بەخێرھاتنی میوانانی کوردستانی کرد و پەیامی "ئیرینا بۆکۆڤا" Irina Bokova سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆی خوێندەوە، لە بەشێکی ئەم پەیامەدا ھاتووە: ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"Memories On Ston لە یۆنسکۆ  UNESCOنمایش دەکرێت. لە دنیای ئێستادا فیلم، رۆڵێکی زۆر گرینگ و بەھێز لە رووی پەرەپێدانی کەلتوورە جۆراوجۆرەکان، لێکتێگەیشتن، وتووێژ و ھەروەھا پێکھێنانی ئاشتی دەبینێت.

دواتر "مایکل ھاوکینز" سەرۆکی خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"ی ئوستوڕاڵیا بەخێرھاتنی دەرھێنەر و میوانانی ھەرێمی کوردستانی کرد و باسی لە گرینگی خەڵاتی یۆنسکۆی کرد و ھەروەھا باسی "شەوکەت ئەمین کورکی" کرد کە یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٧ بە فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" بۆ بەشی باشترین دەرھێنەر لە خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک" ھەڵبژێردرابوو. و ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١١ بۆ فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" خەڵاتی سیناریۆ و ھەر بەم فیلمە سینەماییە لە ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی یۆنسکۆی وەرگرت.

لە درێژەی ئەم کۆنفرانسەدا "شەوکەت ئەمین کورکی" خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ ئەم بانگھێشتەی یۆنسکۆ و ھەروەھا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی یۆنسکۆ و سوپاسی رێکخراوەی یۆنسکۆ و خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"ی کرد و داوای لە "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە، "عەباس غەزالی" ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستانی کرد کە بێنە سەر سەحنە.

"عەباس غەزالی" کە بە جلووبەرگی کوردیی لە بارەگای سەرەکی رێکخراوەی یۆنسکۆ ئامادەبوو وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی کوردستانی کرد کە چۆن سەرەڕای شەڕەکان، بەردەوام ھەوڵدەدات کە کەلتووری خۆی بپارێزێت و بە تایبەت لە رێگای سینەماوە بەرەو پێشەوەی ببات.

ئەم ئەندامەی پەڕڵەمانی ھەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە شەری کورد دژی گرووپی داعش کرد کە لە جیاتی ھەموو جیھان، کورد دژی تیرۆریستان شەڕ دەکات و کەلتووری خۆی دەپارێزێت.

دوای نمایشی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە بارەگای سەرەکی رێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەڕەنسا "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەر و ھەروەھا "عەباس غەزالی" لەگەڵ بینەران وتووێژیان کرد.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و چەندین خەڵاتی گرینگی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" واتە "رووباری بەخوڕ" RiverRun  لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە کوردییە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە سینەماکاری کورد "حوسێن حەسەن" ئەکتەری سەرەکی و ھەروەھا خەڵاتی باشترین مونتاژ بە سینەماکاری مەھابادی "ئیبراھیم سەعیدی" مۆنتێری ئەم فیلمە بەخشرا.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" کە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی باشووری رۆژھەڵاتی ئەمەریکا دێتەئەژمار، ھەڤدەیەمین خەلی بە نمایشی ١٦٥ فیلم لە دەرھێنەرانی ٣٥ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵندە سینەماییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" و بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمەکان" لە ڕۆژانی ١٦ تا ٢٦ی ئایار / مایۆی ٢٠١٥ لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

 

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.asiapacificscreenacademy.com/2015/06/apsa-winning-film-screens-at-unesco-convention-in-paris-first-2015-jury-members-announced/

http://www.unesco.org/new/en/unesco/events/all-events/?tx_browser_pi1%5BshowUid%5D=31134&cHash=460238e7a3

http://fr.unesco.org/events/projection-memories-stone-shawkat-amin-korki

http://if.com.au/2015/06/11/article/Memories-on-Stone-screened-at-UNESCO/WXLSTKHMXB

 

 

Read کد خبر: 1511

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی