فیلمێکی منداڵانی کۆبانێ و شنگال لە کۆشکی سپی لە ئەمەریکا نمایشکرا

مەنسوور جیھانی  ـ فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی لە کۆشکی سپی لە ئەمەریکا نمایشکرا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"، لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی و لە ھەفتەی مافی مرۆڤ، لە ھۆڵی سەرەکیی کۆشکی سپی لە شاری واشنگتۆن بۆ "باڕاک ئۆباما" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دیپڵۆماتکاران، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

بەھمەن قوبادی" سەبارەت بە ئامانجی لە رێکخستنی پڕۆژەی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" گوتی: لەڕاستیدا ئامانجی سەرەتایی و سەرەکیی لە رێکخستنی ئەم پڕۆژەیە فێرکردنی منداڵان و مێرمنداڵانێک بوو کە لەم ناوچانەدا لە ژێر گوشاری ڕاستەوخۆی شەڕ لەگەڵ داعشدا بوونە و ئەوەی کە بەسەریاندا ھاتووە لە رێگای کامێڕای دەزگا راگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی دنیاوە وێنەگیراوە، بەڵام ھیچ کاتێک لە ڕوانینی خۆیانەوە سەیری ئەم ڕووداوانە نەکراوە و زۆربەی توێیە شاراوەکانی ئەم کارەساتە لە تەپوومژێکی لێڵدا شاردراوەتەوە و مەبەست لەم فیلمە، نیشاندانی ئەم نەبیندراوانەیە لە گۆشە نیگای ئەم منداڵانەوە.

ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە ئەوەیشی خستەڕوو: ھەر چەندە ئەم فێرکاریانە ئاساییە و لە ئاستی وەرگرتن و باروودۆخی ئەم منداڵانەدا بوو بەڵام مەبەست لەوانە، زیاتر لەو لایەنەوە بوو تاکوو ئەم منداڵانە بتوانن ئەم کارەساتە لە ڕوانینی خۆیانەوە بگێڕنەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، ئەمجارە بتوانن خۆیان گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بن و بۆ ئەم مەبەستەش بە ھەر تیمێک لەم منداڵانە دوو کامێڕا و پێداویستیی ئاسایی سینەمایان پێدرا تاکوو چەخماخەیەک بێت بۆ کارەکانی داھاتوویان و بتوانن لە دەلاقەی کامێڕاکانیانەوە بانگھێشتی دنیا بکەن تاکوو ئەزموون و ڕووداوەکانی دەورووبەریان ببینن.

"ژیان لە سنوور" لە ٨ ئێپیزۆد کە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە پێکھاتووە، لەوانە:

ئێپیزۆدی یەکەم بە ناوی "عەشقی شنگاڵ" لە دەرھێنانی "ھازم خوردیدە" ١٣ ساڵە لە

شنگاڵ، ئێپیزۆدی دووەم بە ناوی "بە شوێن ڕاستیدا" لە دەرھێنانی "بەسمە سولەیمان"، ئێپیزۆدی سێیەم بە ناوی "نان و ماست" لە دەرھێنانی "سامی حوسێن سولەیمان" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی چوارەم بە ناوی "فیلمی ئێمە باشترە" لە دەرھێنانی "رۆناھی عێزەالدین" ١٤ ساڵە لە کۆبانێ، ئێپیزۆدی پێنجەم بە ناوی "چاوەکانی باوکم" لە دەرھێنانی "دیار عومەر" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی شەشەم بە ناوی "ئاسمان و دەوا" لە دەرھێنانی "دلۆڤان کێخا"، ئێپیزۆدی حەوتەم بە ناوی "لە ڕێگای نیشتماندا" لە دەرھێنانی "مەحموود ئەحمەد" ١٣ ساڵە لە کۆبانێ و ھەروەھا ئێپیزۆدی ھەشتەم بە ناوی "بە شوێن کوێستاندا" لە دەرھێنانی "زۆھوور سەعید" ١٢ ساڵە لە شنگاڵ.

ئەم ئێپیزۆدانە لە لایەن ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە و لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی ئەم منداڵانە لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە ڕوانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن نمایشکرا و لە داھاتووشدا بە یاوەریی "ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie  خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان نمایش دەکرێت.

 

 

Read کد خبر: 1512

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی