فەلاح مستەفا بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستێکى باڵا پێشوازى لە بەڕێزان بۆرگێ برێندێ و ئیرکسن سوریدە وەزیرى دەرەوە و بەرگرى ووڵاتى نەرویج کرد کە بەمەبەستى پتەوکردنى پەیوەندیە دوولایەنەکانى نێوان هەرێم و ووڵاتەکەیان سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردبوو.
لەدیدارێکدا، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پوختەیەکى سەبارەت بە پەیوەندیە دوولایەنەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ووڵاتى نەرویج پێشکەشکرد و ستایشى رۆڵى حکومەت و هاوڵاتیانى ئەو ووڵاتەشى کرد کە لەکاتى قەیرانەکانى ئەم دواییەى هەرێمى کوردستان و شەرى چەکدارانى داعش بەدەم داواکاریەکانى حکومەتى هەرێم هاتوون.
لەلایەن خۆیەوە، بەرێز بۆرگێ برێندى وەزیرى دەرەوەى نەرویج هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى بەرز نرخاند لە پێشوازیکردنى ژمارەیەکى ئێجگار زۆرى ئاوارە لە ناوچەکانى ناوەوەو دەرەوەى عێراق و پێشکەشکردنى هاوکارى مرۆیی و لۆجیستیەکان بۆیان.
لەم بارەیەوە، بەڕێزیان ئاماژەى بە تەنگەژە ئاسایشى و سەقامگیرى و سیاسى و پەناهەندەبوونى هاوڵاتیانى ناوچەکەدا کە بۆتە پرسێکى جیهانى و نێودەوڵەتى بۆیە لەسەر کۆمەڵگاى نێودەلەوتى پێویستە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ یارمەتى دانى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە. هەر بۆ ئەم مەبەستە، بەڕێزیان ڕایگەیاند کە حکومەتى ووڵاتەکەى برى (١٣) ملیۆن دۆلارى پێشکەش بە حکومەتى عێراقى و هەرێمى کوردستان کردووە بۆ کۆمەک کردنى زیاترى ئەو ئاوارانەى کە روویان لە هەرێمى کوردستان و ناوچەکە کردووە.
هاوکات، بەرێز ییرکسن سوریدە وەزیرى بەرگرى نەرویج ستایشى رۆڵى پێشمەرگەى کوردستانى کرد لە رووبەرووبوونەوەکانیان لە دژى چەکدارانى داعش و پاراستنى ناوچەکە لە هێرشەکانى ئەم گروپە، بۆیە دووپاتیکردەوە کە ووڵاتەکەى بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنى هاوکاریە سەربازیەکانى بۆ هێزى پێشمەرگەى کوردستان.
لە دوایدا، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت ووڵاتى نەرویجى بە هاوبەشى سەرەکى هەرێمى کوردستان زانى و خواستى حکومەتى هەرێمیشى بۆ پتەوکردنى پەیوەندیە دوولایەنەکانى لە هەریەک لە بوارەکانى ئابوورى و پەروەردەیی و ووزە و بنیاتنانى توانا مرۆییەکانى بە گرنگ زانى.
لە کۆتایدا، هەردوو وەزیرەکە جەختیان لە کردنەوەى نووسینگەى نوێنەرایەتى ووڵاتى نەرویج لە هەرێمى کوردستان کردەوە بە مەبەستى بنیاتنانى پەیوەندیەکى پتەو لە نێوان هەردوولادا.