شاندێکی مەجلسی سێناتی (ئەنجومەنی پیران)ی بەلجیکا بە سەرۆکایەتی سیناتۆر (ئەلێن دەێستەکە) سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپای کرد و لە لایەن د. دلاوەر خالد ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێم و ستافی نوێنەرایەتی پێشوازیان لێوە کرا.
لە میانەی دیدارێکدا د. دلاوەر ئاژگەیی وێرای بەخێرهێنانی شاندی میوان خۆشحالی خۆی دەربڕی بۆ سەردانەکە و بە هەنگاوێکی گرنگی زانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی بەلجیکا. تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە لەگەل سیناتۆر دێستەکە و شاندی یاوەری بریتی بوو لە باسکردنی ڕەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان و جەنگی دژی داعش و شەری نێوان تورکیا و چەکدارانی پەکەکە و هەروەها بارودۆخی مرۆیی و ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە کە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە.
لەو میانەدا داوای کرد کە سێناتی بەلجیکا هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ هارکاریکردنی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی حکومەتی بەلجیکا لەم ساتەوەختە دژوارەدا کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێ. هەر لە میانەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی پێشمەرگە کرا و داوا کرا کە بەلجیکا هاریکاری زیاتری سەربازی هێزی پێشمەرگە بکات ئەوەش چ لە ڕێگەی ناردنی چەک و تەقەمەنی راستەوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان.
لە لای خۆیەوە سیناتۆر دێستەکە پشتگیری خۆی بۆ گەل و حکومەتى هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە و بڕیاری دا کە لە گەڵ شاندێکی سێناتی بەلجیکا لە نزیکترین دەرفەت سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن هەروها ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێکهێنانی گروپی دۆستانی کوردستان لە سێناتی بەلجیکا بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندیە دوولایەنەکان لە نێوان هەردوولا و پشتگیری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان