سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 2015/9/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێزان ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و برێت مەكگۆرگ یاریدەدەری جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەریان كرد.
لە دیدارێكدا دوا پێشهاتەكان و بارودۆخی عێراق و ناوچەكە بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و ڕەوشی ئاسایش و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و ئەو شكستانەی تیرۆرستان لەسەر دەستی پێشمەرگە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، خرانە بەر باس و گفتوگۆ. لەمبارەیەشەوە شاندی میوان بەردەوامیی هاوكارییە سەربازییەكانیان بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات كردەوە و جەختیش لەسەر هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان ئەمەریكا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كرایەوە.
لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیشەوە، شاندی میوان پشتگیریی خۆیان بۆ بەردەوامیی گفتوگۆكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا ئەولەویەت بداتە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و هیوایان خواست لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە داهاتوویەكی نزیكدا بگەنە ئەنجامێك.
لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەوڵەكانی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و سوپای ئەمەریكای كرد كە تا ئێستا زۆر بە باشی هاوكاریی هێزی پێشمەرگەیان كردووە، بەڵام بۆ قۆناغەكانی داهاتوو پێویستییان بە پلانێكی تۆكمە و پاڵپشتیی هاوپەیمانان، بە تایبەتی ئەمەریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەبێت، بەمەبەستی ئازادكردنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی تیرۆرستانی داعشدا ماون.
دەربارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە كرد كە گفتوگۆكان بەردەوامن و هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی گونجاو جددین بە شێوەیەك لە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی هەرێمی كوردستان و سەقامگیریی ناوچەكەدا بێت، بە تایبەتی كە ئێستا هێزی پێشمەرگە و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەولەویەت دەدەن بە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش، بۆیە پێویستە بابەتەكانی دیكە كارییگەریان لەسەر ئەو پرسە نەبێت.
بەردەوامیی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا، هەروەها بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دەوروبەر، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.