سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 27\9\2015 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى ده‌ستبه‌ركاربوونى قه‌داسه‌تى گورگیسی سێیەم سڵێوه، پاتریارکی كه‌نیسه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ئاشوورییەکانی جیهان كرد كه له كه‌نسیه‌ى مار یۆحه‌نناى مه‌عمه‌دان له شارۆچه‌ى عه‌ینكاوه‌ى سه‌ر به پارێزگاى هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه هه‌ر یه‌كه له به‌ڕێزان نوێنه‌رى قه‌داسه‌تى پاپاى ڤاتیكان، نوێنه‌رانى كه‌نیسه جیاوازه‌كان، نوێنه‌رانى سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و په‌ر‌له‌مانى عیراق، جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، ژماره‌یه‌ك له وه‌زیران و په‌رله‌مانته‌ران و به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان، كونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى بیانى له هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌یه‌كى به‌رچاوى پیاوانیى ئایینى مه‌سیحى و خه‌ڵكى ناوچه‌كه ئاماده‌یى بوون، به‌بۆنه‌ى ده‌ستبه‌كاربوونیه‌وه، قه‌داسه‌تى پاتریارک له وته‌یه‌كدا گه‌ڕانه‌وه‌ى كورسیى پارتریاركیى كه‌نیسه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى بۆ ڕۆژهه‌ڵات و به‌تایبه‌تى بۆ شارى هه‌ولێر، به ڕووداوێكى گرنگ و بۆنه‌یه‌كى پیرۆز له قه‌ڵه‌م دا.
هه‌روه‌ها تیشى خسته سه‌ر ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له پرسى پێكه‌وه‌ژیانى ئایین و نه‌ته‌وه جیاكان و له‌مباره‌یه‌وه به‌تایبه‌تى سوپاسى به‌ڕێزان جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كرد، كه ڕۆڵێكى گه‌وره‌یان له به‌رگریكردن و پاراستنى مافى پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌بینن. هه‌روه‌ها ڕۆڵى خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى له به‌هاناوه‌چوون و داڵده‌دانى نزیكه‌ى ملیۆنێك و حه‌وت سه‌د هه‌زار په‌نابه‌ر و ئاواره‌ى له هه‌موو پێكهاته ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌رز نرخاند، كه له ئه‌نجامى هێرشه تیرۆرستییه‌كانى داعش ڕوویان له ناوچه ئارامه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردووه.
هه‌ر له وته‌كه‌یدا قه‌داسه‌تى پاتریارك داواى كارى پێكه‌وه‌یى له‌گه‌ڵ كه‌نیسه‌كانى دیكه كرد و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه كه‌نیسه جیاوازه‌كانى مه‌سیحى، ئه‌مڕۆ له هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستییان به كارى پێكه‌وه‌یى و هه‌ماهه‌نگى و هاوكاریى نێوانیان هه‌یه. هه‌روه‌ها هیواى خواست كه ئارامى و ئاوه‌دانى بگه‌ڕێته‌وه عیراق و داواى كرد فره‌ڕه‌نگى و فره‌ئاینى و فره‌نه‌ته‌وه‌یى له عیراق بپارێزرێت، سوپاسى به‌شداریى هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و میوانانه‌یشى كرد له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا به‌شدار بوون.
دواتر له هۆڵى شه‌هید سه‌عد عه‌بدوڵڵا نیوەڕۆخوانێك ڕێكخرا و دوای ته‌واوبوونى، قەداسەتی پارتریارك گۆرگیسی سێیەم سڵێوە پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا باسی لە گرنگیی ڕێوڕەسمەكه كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمەكەدا و ئەو ئامادەكارییانەی بۆ ڕێوڕەسمه‌كە ئەنجامی داون، دەربڕی و سوپاسی بەشداریی نوێنەری بەرێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و كونسڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و هەموو ئامادەبووان لە ڕێوڕەسمەكەدا كرد و هیوای خواست ئاشتی و ئارامی بۆ هەموو عێراق بگەڕێتەوە.
هه‌روه‌ها هیوای خواست هەموو خەڵكی عێراق و بە تایبەتی قوتابیان ئەوانەی لەبەر ئەو بارودۆخەی ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە لە خوێندن دابڕاون، لە ئارامیدا بژین و لەمبارەیەشەوە سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە توانیویەتی بواری خوێندن بۆ ئەو قوتابیانە، بە تایبەت قوتابیانی زانكۆ بگەڕێنێتەوە و لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان هەلی تەواوكردنی خوێندنیان بۆ بڕەخسێنێت.
دواتر نوێنەری پاپای ڤاتیكان وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا جگە لە دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پاتریارکی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری، بەناوی قەداسەتی پاپاوه، هیوای سەركەوتنی بۆ کڵێسا‌ی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری خواست و ئاماژەی بە بارودۆخی سەختی ناوچەكە كرد و هیوای خواست پارتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری ڕۆڵی خۆی لە هەموو بوارەكاندا و بە تایبەت لە ئارامكردنەوەی ناوچەكەدا ببینێت و لەمبارەیەشەوە هاوكاری و پشتیوانیی خۆی بۆ قەداسەتی پارتریارك دەربڕی. هەروەك برایەتی و پێكەوەژیانی هەموو نەتەوە و تایفە ئاینییەكانی بۆ بەردەوامیی ئاشتی لە ناوچەكە، دووپات كردەوە.
دواتر بەڕێز نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە وتەیەكدا جیا لە بەخێرهێنانی میوانان، جەختی لەوە كردەوە كە گەڕانەوەی كورسیی پارتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری بۆ شاری هەولێر گرنگییەكی تایبەتی خۆی هەیە و بە كارێكی مێژوویی وەسف كرد و هەموو پشتگیری و هاوكارییەكی پارێزگای هەولێریشی بۆ سەرخستنی كارەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری دووپات كردەوە.