ڕۆژی چوارشەممە 30ـی 9ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەی مەراسیمی ڕۆژی نیشتیمانیی كۆماری چینی میللی بوو. ئەو مەراسیمە كە لە شاری هەولێر و لە هۆتێل ڕۆتانا بەڕێوەچوو لە لایەن كونسوڵخانەی وڵاتی چین سازدرا بوو و ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی حكوومی و سیاسی و كەسایەتی و دیپلۆماتكار و میوانە بیانییەكان ئامادەی مەراسیمەكە بوون.
لە سەرەتای مەراسیمەكەدا سەرۆك بارزانی پێشانگای فۆتۆگرافیی پڕۆژەی پشتێنەی ئابووریی ڕێگەی ئاوریشمی وڵاتی چینی بەسەر كردەوە و دواتر كونسوڵی گشتیی وڵاتی چین لە هەولێر لە وتەیەكدا بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی و میوانەكانی كرد و لە قسەكانیدا ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی بەها مرۆڤییەكان و هەروەها پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان و بەردەوامبوونی لە پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی دووپاتكردەوە.
پاشان وتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوێندرایەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە گەل و حكوومەتی چین كرد بەبۆنەی ڕۆژی نیشتیمانی و یادی شەستوشەش ساڵەی دامەزراندنی كۆماری چینی میللی. هەروەها داوایشی لە وڵاتی چین كرد كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بن لە هاوكاریكردن و سەرمایەگوزاری و یارمەتیدانی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی كوردستاندا ژیان بەسەر دەبەن.