ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 9/10/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز جۆن ئاڵن نوێنەری تایبەتی باراك ئۆبامای سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی دژی تیرۆرستانی داعش و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد.
سەرەتا بەڕێز ئاڵن مەبەستی سەردانەکەی خستە ڕوو كە بۆ خوداحافیزی هاتبوو چونكە لەم مانگەدا كۆتایی بە ئەركەكەی دێت. دواتر باسی لە بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و بەرەكانی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆرستانی داعش كرد و پێشڕەوی و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند كە توانیویانە بوێرانە و دلێرانە ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە ببنەوە و سەركەوتن بەسەر تیرۆردا تۆمار بكەن و ڕێز و سۆزی ڕای گشتی بەدەست بهێنێت.
هەروەها جەختی لەسەر هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەردوولا و بە تایبەتی بەردەوامیی هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی كۆتایی هەڕەشەی تیرۆر لە ناوچەكەدا بنبڕ بكرێت، جیا لەوەش باس لە هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی كرد.
لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و ستایشی ئەو كار و هەماهەنگییەی بەڕێز ئاڵن -ی كرد كە لە ماوەی كاركردنی لە عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیبووە و ئاشكرای كرد كە هاوكاری و هەماهەنگییەكی زۆر باشی لەگەڵ هەرێم هەبووە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كار و ئەركی نوێیدا.
بەڕێزیان هەروەها دووپاتی كردەوە كە ڕاستە پێشمەرگە لە بەرامبەر تیرۆرستانی داعش سەركەوتنی بەدەست هێناوە، بەڵام شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش گۆڕاوە، بۆیە پێویستە بە شێوەیەكی بەردەوام هاوكاری بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بكرێت و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان هێزی هاوپەیمان و هەرێمی كوردستان و عێراق هەبێت.
گفتوگۆكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و زیاتر بەهێزكردنیان لە سەرجەم بوارەكاند، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
لە دیدارەکەدا هەریەكە لە بەڕێزان سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وتەبێژی حکوومەت، ئامادە بوون.