سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ پارێزگاری نوێ و سه‌رۆك و شاندێکی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا كرد

  • شەممە, 10 ت یەکەم 2015

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ١٠ـی ١٠ـی ٢٠١٥ به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ پارێزگاری نوێ و سه‌رۆك و شاندێکی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا کە بەڕێزان کەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دکتۆر فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم ئامادەی بوون، سەرەتا بەڕێز نوفل العرکوب پارێزگاری نوێی نەینەوا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە و ڕایگەیاند کە زۆر مەبەستی بووە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکات تا وێڕای جەخت کردنەوە لە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەرێم و ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، گوێ لە سەرنج و تێبینییەکانی سەرۆک بارزانی بگرێت.

شاندی میوان جارێکی دیکە به‌ناوی خۆیان و دانیشتووانی پارێزگای نه‌ینه‌وا پێزانینی خۆیان ئاراستەی سه‌رۆك بارزانی و پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ گیانفیدایی و ئازایەتییان لە وەدەرنانی تیرۆریستان. هه‌روه‌ها پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی خۆیان ئاراستەی خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری شه‌هیدان كرد كه‌ به‌ خوێنی خۆیان شكستیان به‌ داعش هێناوه‌ و ڕایانگەیاند کە ئه‌وان قه‌رزداری پێشمه‌رگه‌ن و هیچ كاتێك ئازایەتیی پێشمەرگە له‌ یاد ناكرێت. سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشیان كرد بۆ له‌باوه‌ش گرتن و یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان و جەختیان کردەوە کە تا هەتایە خۆیان بە قەرزداری حکوومەت و خەڵکی کوردستان دەزان و، هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێ پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌كانی پارێزگای نەینەوا‌ تێك بدات.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا، نوفل العرکوب پارێزگاری نوێ و بەشار کیکی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پوخته‌یه‌كیان له‌ کێشە و ئاستەنگەکانی نێوان ئیدارەی نەینەوا و بەغدا و ڕەوشی دانیشتوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و کێشەی ئاوارەکان، پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك بارزانی كرد و داوایان له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد له‌ پاڵپشتیكردنی هه‌موو پێكهاته‌كان به‌رده‌وام بێت.

لە بەرانبەردا به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌خێرهاتنی شاندی میوانی كرد و پیرۆزبایی لە پارێزگاری نوێی نەینەوا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. سەرۆک بارزانی كورته‌یه‌كی له‌ باره‌ی سەرەتای پەلاماری ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش باس كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا کە پێویستە هەموو لایەنەکان تواناکانیان یەک بخەن و ڕێگە نەدەن مەرامی تیرۆریستان بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە بێتەدی و دەبێ دەرکردنی تیرۆریستان ئەولەویەتی هەمووان بێت.

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند كه‌ هەرێم وێڕای ئەو بارگرانی و قەیرانە ئابوورییەی کە هەیە بەڵام به‌پێی توانا پاڵپشتیی لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا ده‌كات. له‌باره‌ی ژیان و گوزه‌رانی ئاواره‌كانیش، سه‌رۆك بارزانی گوتی: چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تی بریتییە لە‌ ڕزگار کردنی ناوچەکانیان و گەڕانەوەی ئاوارە و لێقەوماوان بۆ‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان. هەروەها جەختیشی کردەوە کە دوای وه‌ده‌رنانی داعش ده‌بێ زیاتر بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیان بەهێز بکرێنەوە و نابێ رێگە بدرێت شه‌ڕی داعش ببێته‌ هۆكارێك بۆ دروستكردنی ململانێی نه‌ته‌وه‌یی.

Read کد خبر: 1600

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی