جەلال ساعیدپەناە خەڵاتی فیستیڤاڵی فیلمی "بلاک"ی بەڕڵینی بەدەستھێنا

مەنسوور جیھانی  ـ کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" لە دەرھێنانی "جەلال ساعیدپەناە" خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی ٣٠مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بلاک" لە بەڕڵینی بەدەستھێنا.

کورتە فیلمی چیرۆکی "ڕەش و سپی"Black and white لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "جەلال ساعیدپەناە" و لە بەرھەمھێنانی بەشی سینەمای دھۆک لە ھەرێمی کوردستان، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "گێڕانەوەی ئێکسپێرسیۆنیستی فیلم" لە میانەی ٣٠مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بلاک"ی بەڕڵین لە دوو کاتی جیاوازدا لە وڵاتانی ئەڵمانیا و ئەمەریکا چووە سەر پەردەی سینەماکان و تەوانی خەڵاتی باشترین کورتە بەشی پێشبڕکێی ئەم فیستیڤاڵە بەدەست بێنێت.

کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلمی سنە" بە بەرپرسیارییەتی "سەتار چەمەنی گوڵ" و خاتوو "ڤیدا ساڵحی" کە کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتیی بڵاودەکرێتەوە، لەم خولەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بلاک"ی بەڕڵیندا بە ١١ فیلم و لە بەشی نمایشی تایبەتی "ستاک فیلم" و ھەروەھا بەشی پێشبڕکێی ئەم فیستیڤاڵەدا بەشدارییەکی بەرچاوی ھەبوو.

کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی دنیادا نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "یەک وڵات، یەک فیلم" لە فەڕەنسا، لە بەشی پێشبڕکێی "شەقامەکان"ی بیست و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "میدیاوەیڤ" لە ھەنگاریا، لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی ھیندستان ISFFI، لە حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "زانزیبار" لە تانزانیا، لە سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "تاران"، لە دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاکبانک" لە تورکیا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئێسجاردی" لە ئیتالیا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئیستانبوول" لە تورکیا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "بانکۆک" لە تایلەندا و ھەروەھا چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی دیکە.

ئەم فیلمە بە بەشداریی لەم فیستیڤاڵانە چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستھێناوە، لەوانە: خەڵاتی ئەنستیتۆی گۆتەی ئەڵمانی بۆ باشترین کورتە فیلمی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دھۆک لە ھەرێمی کوردستان، خەڵاتی باشترین فیلم و تەندیسی فیستیڤاڵ بە ناونیشانی باشترین پەیامی "سەبر و خۆڕاگریی" لە بەشی پێشبڕکێی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە ماناییەکانی "فرێسکۆ" لە ئەرمەنیستان، خەڵاتی باشترین وێنەگرتن لە بەشی پێشبڕکێی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "جەیپوور" لە ھیندستان، خەڵاتی دووەمی باشترین فیلم و تەندیسی نوقەریی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی سی و حوتەمین خولی نەتەوەیی و بیستەمین خولی نێودەوڵەتیی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی "دراما" لە یۆنان، خەڵاتی باشترین وێنەگرتن لە بەشی پێشبڕکێی ھەژدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئاوانکا" لە پورتوگال و ھەروەھا دیپڵۆمای فەخری باشترین دەرھێنان لە بیست و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "منداڵان و مێرمنداڵان" لە شاری ئیسفەھان لە وڵاتی ئێران.

 

ستافی ئامادەکردنی کورتە فیلمی "ڕەش و سپی" بریتین لە:

نووسەری سیناریۆ و دەرھێنەر: جەلال ساعیدپەناە، بەرھەمھێنەر: بەشی سینەمای دھۆک لە ھەرێمی کوردستان و جەلال ساعیدپەناە، بەڕێوەبەری بەرھەم: سەتار چەمەنی گوڵ، ئەکتەرەکان: سارینا تەرەقی، سینا فەیزی، کاڵە ڕەشیدی، ئەفشین خدری، مێھدی فەیزی و چەندین ئەکتەری دیکە، وێنەگر: ئەمیر عەلی وەیسی، یاریدەدەری وێنەگر: سیروان خزری، فۆتۆگرافەر: ئیبراھیم عەلیپوور، دەنگدانەر: بەھمەن ئەردەڵان، دەنگھەڵگر: قادر قادری، مونتاژ: لوقمان سوخەنوەر و مەرجان شیرازی، بەرنامەداڕێژ و یاریدەدەری یەکەمی دەرھێنەر: ڤیدا ساڵحی، یاریدەدەری دەرھێنەر: ئەمیر ناھیدی، دیزاینی سەحنە: جەلال ساعیدپەناە، یاریدەدەری یەکەمی سەحنە: سەلاح ساعیدپەناە، بەڕێوەبەری سەحنە: مێھدی خەلیلی، مونشی سەحنە: نەسرین میرەکی، بەڕێوەبەری ئابووری: ساڵح عارف، بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی: مەنسوور جیھانی و مەنووچێھر جیھانی و بەڕێوەبەری تەدارەکات: سادق فەلاحی.

 

 

 

Read کد خبر: 1608

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی