ئێوارەى ئەمڕۆ د. ئۆرسولا ڤۆندەر لین، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بە یاوەرى شاندێک گەیشتە هەولێر و لەلایەن كەریم سنجارى وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و دڵشاد بارزانى نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەڵمانیا پێشوازى لێکرا.
بڕیارە د. ئۆرسولا ڤۆندەر لین سبەی سێشەممە لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حکومەتى هەرێمی كوردستان كۆببێتەوەو هاوکات سەردانى بنکەى مەشقى هێزەکانى پێشمەرگە بکات .
لە 25ی سێپتێمبەری ساڵی 2014 دا، د. ئۆرسولا ڤۆندەر لین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە یەکەم سەردانیدا گەیشتە هەولێر، لەسەردانەکەیدا بەڕێزیان لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان كۆبووەوەو دووپاتیشیکردەوە وڵاتەکەی پشتگیری سەربازی پیشکەشى هەرێمى کوردستان دەكات دژی داعش.
لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2014 دا ئەڵمانیا ناردنی 100 راوێژکاری سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان راگەیاند، بۆ ئەوەی مەشقی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگە بکەن.
لە 12ی مانگی یەکی 2015 دا، واتە ئەمساڵ، ئۆرسولا ڤۆندەر لین، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بۆ دووەمجار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نیشتەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی کوردستان، بەردەوامی شەڕی دژی داعشیان دووپاتکردەوە.
سێیەمن سەردانی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بۆ هەولێر ئاماژەیەکە بە فراوانبوونی پەیوەندییە سەربازییەکانی هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئەڵمانیا، هاوکات دووپاتکردنەوەیەکیشە بۆ هاوکارییەکانی حکومەتی بەرلین بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حكومەتی هەرێمی کوردستان.